سوکایەتیکردن بە ژنان تاوانەو دەبێ ئەنجامدەرانی بدرێنە دادگا!…

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان سەبارەت: …

سوکایەتیکردن بە ژنان تاوانەو دەبێ ئەنجامدەرانی بدرێنە دادگا!

بانگێشتکردن بۆ دادگا بەمەبەستی لێپرسینەوە لەو مەلایانەی سوکایەتی بە ژنان و رێکخراوکانی ژنان دەکەن، هەنگاوێکی ئەرێنی و روو لەپێشە. پەنابردنی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازو رێکخراوەکانی ژنان بۆ پەلکێشکردنی ئەو کۆنەپەرستانەی لەژێر پڕوپاگەندەی ئایینیدا سوکایەتی بە کەسایەتی و کەرامەتی ژنان دەکەن، هەنگاوێکە کە جێگای پشتیوانی سەرجەم  ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگای کوردستانە، هەنگاوێکیشە بە ئاراستەی شلکردنەوەی دەستی دین لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و شەخسیی ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی و توندکردنەوەی خەباتە لەپێناو وەدیهێنانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان.

ئەم دادگاییە و رووبەرووبونەوەی لایەنەکان لە دوو بەرەی دژ بەیەکدا، نمایشێکی بێوێنەی لە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نیشانداین. لەلایەک ریسوایی بەرەی کۆنەپەرستی و درندەیی دژ بەژنان زیاتر خۆی ناساند و لەلایەکی ترەوە گەشانەوەی بەرەی ئینساندۆستی و ئازادیخوازی و جەسارەتی کۆمەڵێك هەڵسوڕاوی بواری مافەکانی ژنانی نیشاندا کەلایەن بەرەی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگاو ژنانی ستەملێکراوی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

ئەم کێشمەکێشە و پرۆسەی بەرێوەچونی ئەم دادگاییە بەردەوامی هەیە. بەرەی ئەو مەلایانەی بە ئاشکرا سوکایەتی بە ژنان دەکەن بەجیا لەوەی سورن لەسەر سوکایەتی کردنەکەیان، لەهەمانکاتدا بەشێوازی چەواشەکاری و درۆ هەڵبەستن تا دەگاتە هەڕەشەو تۆقاندن و نمایشی میلیشیایی دەیانەوێت رەوتی کێشەکەو پرۆسەی دادگاییکردنە بگۆڕن و فەزایەکی نائارام و توندوتیژ بخوڵقێنن!

خولقاندنی فەزای نائارام و بەرێخستنی مارشی تۆقاندن لەبەردەم دادگای هەولێردا لە سایەی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، مانای زیاتر ئاواڵەکردنی دەرگای کۆنەپەرستی و وەستانەوەیە لە بەرامبەر مافەکانی ژنان، هاوکات بەشێکە لە سیاسەتی بەزۆر سەپاندنی کۆنەپەرستی و بێدەنگکردنی جەماوەر بە مەبەستی تێپەڕاندنی پرۆژەی بەیاساییکردنی تاڵانکردنی خەڵک لەژێرناوی  “چاکسازی” دا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندوە.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان بەجیالەوەی بەتوندی هەرجۆرە بانگەشەیەکی شەڕەنگێزی و کۆنەپەرستانە سەرکۆنە دەکات لە دژی ژنان و ئەو هەڵسوڕاوانەی کە بە نوێنەرایەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە پرۆسەی دادگایی کردنی (مەلا مەزهەر)دا بەشدارن، لەهەمانکاتدا لە ریزی پێشەوەی خەبات و بزوتنەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا رادەوەستێ و بێدوودڵی پشتیوانی لەو هەڵسوڕاوانە دەکات کە بە رێگایەکی مەدەنی و یاسایی دەیانەوێ پێش بە سوکایەتیکردن بە ژنان بگرن.

ئەم سوکایەتیە تاوانەو رێپێنەدراوەو دەبێت بە یاسا بەری پێ بگیرێت وئەنجامدەرانی سزای یاسایی بدرێن. هاوکات ئەوە رادەگەیەنین کە ئەرکی وەزارەتی ناوخۆو هێزەکانی ئاسایشی هەولێرە ئارامی پرۆسەی دادگایی و هۆڵی ناوەوە و دەرەوەی دادگا بپارێزن. سەلامەتی گیان و کەرامەتی ئەو هەڵسوڕاوانە لە ئەستۆی ئەوانە و هەرجۆرە دەستدرێژیەك بۆسەر ئەوان لەلایەن کۆنەپەرستانەوە، ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆی پارتی وەکو دەسەڵاتداری شاری هەولێر.

بژی بزوتنەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان

شوباتی/٢٠٢٠

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *