ئێوارەی ئەمڕۆ ٩-٢-٢٠٢٠ عادل رحیم فتاح ناسراو بە مامۆستا عادل، یەکێك لە بەرجەستەترین سیماکانی بەرەنگاری دژی رژێمی دڕندەی بەعس و تێکۆشەرێکی مارکسیست و پشتوپەنایەکی دڵسۆزی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، دوای بەرەنگاریەکی بێوێنە لەگەڵ نەخۆشیدا لە باوەشی خێزانەکەیدا لە تەمەنی (٧٠) ساڵیدا بۆ هەتا هەتایە چاوەکانی لێکناو جێی هێشتین.
مامۆستا عادل وەکو گەنجێكی ناڕازی لە ستەم و چەوسانەوەو نایەکسانی، سەرەتای کاری سیاسی رێکخراوەیی لەناو کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستاندا دەست پێدەکات و بەهۆی چالاکی و هەڵسوڕانیەوە لە مانگی 5 ساڵی ١٩٧٧دا دەکەوێتە بەر شاڵاوی دەزگا سەرکوتگەرەکانی رژێمی بەعس و لەگەڵ کۆمەڵێك هاورێیدا کە جەبار مستەفا و ئازادی مەلا یان لەناودا دەبێت دەستگیردەکرێت.
دوای چەند مانگ لە ئەشکەنجەی دڕندانەی مرۆڤکوژەکانی دەزگای ئەمن سەرەنجام لەبەردەم وورەی بەرزو مقاوەمەتی بێوێنەی مامۆستا عادلدا جەلادەکانی بەعس چۆک دادەدەن و بەبێ ئەوەی بتوانن ووشەیەك سەبارەت بە خۆی و هاورێکانی لێ بەدەست بهێنن، بە٥ ساڵ و مانگێك حوکمی زیندانی بەسەردا دەسەپێن. دوای مانەوەی لە زینداندا بۆ زیاتر لە٢ ساڵ بەهۆی لێبوردنی گشتی ساڵی ١٩٧٩ ەوە لە زیندان ئازاد دەکرێت و سەربەرزانە ئەزمونێك لە خەبات و تێکۆشان تۆمار دەکات.
دوای ئازادبوونی لە زیندان و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی نوێی چەپی کوردستان لە ساڵانی کۆتایی هەفتاکاندا دەبێتە لایەنگرو پشتیوانی ئەم بزوتنەوە نوێیەو هەمیشە پشت وپەناو بنەکەیەك بووە بۆ داڵدەدان و هاوکاریکردنی هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی ئەم بزوتنەوە نوێیە، هەر لە رێکخراوی یەکێتی تێکۆشانی کارگەرانەوە تا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان.
بڕوای قوڵی مامۆستا عادل بە یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی هەمیشە ئەوی لە سەنگەری چەپ و کۆمۆنیزمدا ڕاگرتوەو بۆ چرکەیەکیش ئومیدی بەم بزوتنەوەیە لەق نەبووە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی لەدەستدانی مامۆستا عادلەوە کەسایەتی خەباتکارو جەسورو یەکسانیخوازو ئازادیخواز لەناخەوە بەشداری خەم و پەژارەی هاوسەرو منداڵەکانی و کەسوکاری دەکات. بە لەدەستدانی مامۆستا عادل حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دۆست و پشتیوانێکی دڵسۆزی گەورەی خۆی لەدەست دا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩ی شوباتی ٢٠٢٠