گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ چیمەن قەرەداغی ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی  کوردستان و یەکێک لە هەڵسوراوانی ١٧ شوبات، سەبارەت بە ٩ هەمین ساڵیادی ١٧ شوبات… شوبات…چاکسازی…

بۆپێشەوە: ڕۆڵی ژنان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ١٧ شوباتدا لە چ ئاستێکدا بوو؟

چیمەن قەرەداخی: ڕۆڵی ژنان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوباتدا لە ئاستێکی باڵادا بوو، ژنان لەوکاتەدا جێگاو نەخشی  جدی و بەرچاویان هەبوو، ڕۆژانە ژنانی شار و شارۆچکە و دەوروبەری شار ڕویان لە مەیدانی ئازادی سلێمانی دەکرد، هەندێك جارخێزانەکان بە تەواوی دەهاتن، قوتابخانەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران لەدوای کارەوە ڕویان لە گۆڕەپانی ناوەڕاستی شاردەکرد. هەندێکیان بەشێوەی ڕێکخراوەیی و هەرگروپەی بە شیعاراتی خۆیانەوە ناڕەزایەتیان دەردەبڕی بەرامبەر دەسەڵاتی بورژوازی سەرکوتکەرو سەرمایەدار. ژنان لە مەیدانی ئازادی قسەکەریان هەبوو ئەمە بووبویە کاری ڕۆژانە، کەم نین ئەوانەی کە ناڕەزایەتیەکانیان بەشێوەی نوسراوە دەهێنا و لەوێ دەیانخوێندەوە. جێگای داخ و سەرنجە ئەو تیڤی و میدیایانەی لەوێبوون تەنها هەوادارانی خۆیان پیشاندەدا، ئەمەش بوبووە هۆی نیگەرانی پەرشوبڵاوی ژنان بەتایبەتی.

هەرلەو مەیدانەدا پۆل پۆل کۆدەبوونەوە و باس لە بێدەرامەتی، نەبوونی، کرێچیتی و نەبوونی کرێ، نەبوونی کارەبا، نەوت، غاز، بێمووچەیی و… هتد دەکرا. زۆربوون ئەو ژنانەی کە ئاماژەیان بەوەدەکرد پارەی شیر، دایبی و دەرمانیان نیە بۆ ساواکانیان. باسیان لە دکتۆر و گرانی کلینک ئەکرد و پێیان وابوو کە ئەمانە تەنیا لە خزمەت و بەرژەوەندی چینی پارەداردایە. زۆربەیان پێداگربوون بۆ گۆڕانکاری بناغەیی دەسەڵات و هەڵوەشاندنەوەی. زۆرێك لەو ژنانە باسیان لە چاوەڕوانیەکانیان دەکرد پێش دروستبوونی دەسەڵاتی کوردی لە کوردستان بۆ ژیانێکی باشی ئینسانی و یەکسانیان لەکۆمەڵگادا، بەڵام بەداخەوە بێ هیوابوونیان لەپاش ٢٠ ساڵ بۆیە خۆیان لەپاڵ پیاواندا لەناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوبات لە ساڵی ٢٠١١ دا دەبینیەوە.

لە مەیدانی ئازادی چەندین چادر هەڵدرابوو ڕۆژانە لەژێریدا کۆدەبووینەوە، جێگای چاوپێکەوتن، یەکترناسین، یەکگرتنەوە وحەوانەوە بوو. لەژێر ئەوچادرانەدا ژنانی خۆبەخش بە مەنجەڵە خواردنەوە ئەهات و خواردنی دابەش ئەکرد بەسەر بڕێك لە خۆپیشاندەراندا، دیاردەیەکی شارستانی و بەیەکەوە بوونی لەخۆدەگرت. چەند ڕۆژێك پێش هەشتی مارس لە مەیدان کەوتینە خۆئامادەکردن بۆ مەراسیمەکە، ئەوەبوو زۆربەی ژنانی ئازادیخواز و ناڕازی ئامادەبوونیان دەربڕی بە دانی ژمارە تەلەفۆن و ناویان کە لەوڕۆژەدا ئامادە دەبن لە مەیدان. ئەوەبوو مەراسیمێکی شیاو لەڕۆژی ژناندا گیرا و لەلایەن قسەکەرانیانەوە پەیامی هەشتی مارس خوێنرایەوە بە سەرکەوتوویی و ئامادەبونی خۆپیشاندەران. دوابەدوای ئەوەش ئەوەبوو سەرکوتکەرانی دەزگا دەوڵەتیەکان هەستان لە شەودا دەستیان کرد بەسوتاندنی چادرەکان و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ئەخلاقی بۆ خۆپیشاندەران.

بۆپێشەوە: دەرسەکانی ١٧ شوبات کامانەن؟

چیمەن قەرەداخی:  ١٧شوباتی ٢٠١١ و ئێستای راپەڕینەکانی لوبنان و عێراق و ئێران دەرس و تەجروبەی باشیان هەبوو و هەیە، لە پێشڕەوی و لەلاوازی، ئەگەر سەرەتا لە پێشڕەوی و دەستکەوتەکانەوە قسەبکەم، ئەوەیە کە ئەم خۆپیشاندانانە دەوریەکی نوێ بوو و هەیە لەژیانی خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتی کۆمەڵگە و دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی مافیایی و ملیشیایی قەومی دینی و خۆشخەیاڵی کەمبۆتەوە پێیان و داواکانیان داوای رەواو مافی خۆیانە لە پێداویستی رۆژانەییەکان و کارو سەلامەتی و یەکسانی و ئازادی.

تا بەخاڵی لاواز دەگەڕێتەوە کە هەموو راپەڕینێک بۆ ئاڵوگۆڕو ژیانی باشتر لە دنیای نایەکسان و سەرمایەداری ئەمڕۆدا بەبێ ڕێکخراو بوون گەیشتنە هەدەف مەحاڵە و هەرچەندە بەژمارە زۆربین، بەڵام زوو بڵاوەدەکەن، ئەوە بوو ١٧ی شوبات و ئەوانەی ئێستا لەناوچەکەدا ناڕێکخراو و رابەری نییە، رێکخراو بەمانای رێکخراوبوونی وشیارانەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی. رێکخراوی وشیارانەو نەمانی خۆشخەیاڵی بەهەموو باڵەکانی بۆرژوازی بەقەومی و دینیەوە، خۆشخەیاڵی بەباڵە رەنگاو رەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی کە شیعاری چاکسازی بەرزدەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەحزابی بۆرژوازی میلیشیایی چاکسازی ناکات و ناتوانێت بیکات، بە ئێستاشی لەسەر بێت پاش ٣٠ ساڵی دەسەڵاتی کوردایەتی کامە چاکسازی کە ئۆپۆزسیۆن هاواری بۆ دەکرد.

بۆپێشەوە: دەسەڵات لە ژێر گوشارەکانی ١٧ شوباتدا چەندین بەڵێنی دا، کەچی هیچیانی جێبەجێنەکرد، تەنانەت بکوژانی خۆپیشاندانەکانیشی ڕادەستی داداگا نەکرد، لەوبارەیەوە دەڵێن چێ؟

چیمەن قەرەداخی: راستی بەڵینەکان تەنها بۆ ئەوەبوو کە خۆپیشاندانەکان کپ بکەنەوەو بەدەستی بەتاڵ بیانێرنە ماڵەوە بەو بەڵینانە، چونکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان مەرگی دەسەڵاتی ئەوانی لێدەدا، ئەمە وەرچەرخانێکی گەورە بوو لەمێژووی هاتنەمەیدانی خەڵکی کوردستاندا بەدوای شوراکانی ساڵی ١٩٩١دا، ئەم ناڕەزایەتیانە هەموو دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی ترساند و ترسی بۆسەر دەسەڵاتی هەموویان هەبوو بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئەوە بوو دواجار دەسەڵات خۆیان سوڵحی عەشایەریان کرد لەگەڵ چەند خێزانێك و ئەوانی دیکەی فەرامۆش کرد.

وە ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بکوژانی خۆپیشاندەران پلەیان بەرزکرایەوەو خەڵات کران لەباتی دادگایی کردنیان، ئۆپۆزیسیۆن لەسەر حسابی خۆپیشاندان و ناڕەزاتی و کوژراوەکان چووە دەسەڵات و جێگای خۆی گرت وەک ئەوانی تر، ئیتر نازانم چ چاوەڕوانیەك هەبێت لە دەسەڵاتێکی وا کە خەڵکی ئازادیخواز و بەشمەینەت بێنە سەر شەقام بۆ ژیانێکی باشتر، بەڵام بەتەقەو ترساندن و زیندان وەڵام بدرێنەوە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە ئەزموونی ١٧ شوبات؟

چیمەن قەرەداخی: لەسەریشەوە ئیشارەم دا بەهەندێک لەدەرسەکان و بەڵام ئەگەر ئیشارەیەکی کورت بە ئەزموونی ١٧ شوبات بکەم ئەوا لایەنی باش زۆر بوو، یەکڕیزی خەڵك لە خۆپیشانەکاندا لەسەرەتاوە. خۆڕاگری خەڵك لە سەرماو برسیەتی ماندوبوون و گۆێنەدانە زەبروزەنگی دەسەڵاتی کوردایەتی. وە لەباری ناڕێکخراوەیی ڕیزەکانی خۆپیشاندەران، کە ئێمە ئەزموونی شوراکانمان هەبوو لەکوردستان خاڵێکی لاواز بوو، بەتایبەت خۆشخەیاڵی بە هاتنەرێزی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی کەدەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی لە مەیدانی ئازادی خاڵێکی لاوازو بەرجەستە و سلبی و ناشارستانی بوو، کۆسپێك بوو بۆ زۆرێك لە خۆپیشاندەران و ترسی هاتنەمەیدانی جمهوری ئیسلامی، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەی کەسانی ئازادیخواز، ئەو دیاردەیە لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵگای مەدەنیدا نەدەگونجا.

بۆیە ئەزموونەکانی ١٧ی شوبات دەبێت لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا بێت، وە دەرس لە ئەزموونی وڵاتانی تر و بەتایبەت ئێستای ناوچەکە وەربگرین بۆ دەورەی داهاتوو کە خەڵک هەمان داخوازیەکانی ١٧ شوباتیان بەزیادەوە ماوەو دەبێت بۆی بێنەمەیدان جارێکی تر.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *