پلەدوویی ژنان لەهەر کۆمەڵگایەکدا بەڵگەی ستەمکاریە لەو کۆمەڵگایەدا! …

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز!

(٨)ی مارس رۆژی خەبات و تێکۆشانی نێونەتەوەییە لەدژی چەوساندنەوەو نایەکسانی ژنان، رۆژی وەستانەوەو بەرەنگاریە دژی یاساو رێسای کۆنەپارێزی و پرتوکاوی دژە ژنان، رۆژی بەگژاداچوونەوەی نەریت و کەلتورو فەرهەنگی پیاوسالاریە. لەم رۆژەدا سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز، کرێکارانی هوشیارو کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان لە زۆربەی شارەکان، لە گۆشەو کەنارەکانی دنیاوە پەیامی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان و هەڵپێچانی یاساو سیستەمێك ڕادەگەیەنن کە ژێردەستەیی و پلە دوویی ژنانی ڕەسمیەت پێداوەو هێشتویەتیەوەو بەرگری لێدەکات! ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستانیش بەشێكن لەم ئۆردوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان سەرەڕای ڕێگریە یاسایی و مەزهەبی و نەریتیەکانی کوردایەتی و ئیسلامی مێژوویەکی شکۆداریان لە خەبات بۆ یەکسانی تۆمارکردووە.

دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردایەتی لە ماوەی نزیك بە (٣) دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا بەردەوام دژایەتی ئازادی و مافە گەردونیەکانی ژنانی کردوەو هەوڵی داوە ژنان و کەسایەتیان لەچوارچێوەی بەهاو نەریت و پێوانەکانی کوردایەتی و عەشیرەتی و ئیسلامیدا لەقاڵب بدات.

لەژێرسایەی ئەم دەسەڵاتەدا بە هەزاران ژن تیرۆرکراون، کوژراون و سوتێنراون یان ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن کراون. یاسای کۆنەپەرستانەی باری کەسێتی سەرچاوەگرتوو لە حوکمەکانی شەریعەت بەسەر ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی ژناندا سەپێندراوە.  دەستدرێژی و گێچەڵی سێسکی بەژنان لە سەر کارو لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ڕەواجی پێدراوە. سەپاندنی هەژاری و بێکاری بەسەر ژنانداو ناچارکردنیان بۆ دابینکردنی ژیان ببنە کۆیلەی مێردو کەسوکار دیاردەیەکی بەربڵاوە. سوکایەتی و بێڕێزکردن بە ژنان و شکاندنی کەسایەتیان لەسەر دەستی کۆنەپەرستانی ئیسلامی لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا دیاردەیەکی قێزەونە کە ڕۆژانە بۆگەناوەکەی دەچێت بە لوتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستاندا.

لەناو ئەم زەلکاوی کۆنەپەرستی و بەهاو فەرهەنگی دژ بە ژنەدا دەستی ئیسلامیەکان زیاتر ئاوەڵا بووە بۆ ڕەواجدان بە یاساو رێسا کۆنەپارێزە ئیسلامیەکان و لەحجاب هەڵكێشانی ژنان و کچانی کوردستان! فرە ژنی لەلایەن سەرانی ئیسلامی سیاسی و کوردایەتیەوە بەڕێوەدەبرێت و بەرپرسانی پلە باڵای حزبەکانیان بە ڕاشکاوی باسی ژنی دوهەم و سێهەم دەکەن! هەر لەژێر سایەی ئەم یاساو دەسەڵاتەدا منداڵی کچ هەشت ساڵان لەلایەن باندە مافیاکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەرو دادگاش ئازادیان دەکات و دوای فشاری جەماوەری ناچاردەبێت دەستگیریان بکاتەوە!

ژنانی ستەملێکراوی کوردستان، پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز!

کۆتاییهێنان بە سوکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر بە ژنان لەلایەن کۆنەپەرستانی ئیسلامیەوە، پێشگرتن بە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دژ بەژنان، وەستانەوە دژ بە لەژێرپێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان، بەهرەمەندبوونی ژنان لە یەکسانی یاسایی و یەکسانی تەواو لەگەڵ پیاواندا، کۆتاییهێنانی بە کەلتورو فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی دژ بەژن و کۆتایهێنان بە پلەدوو سەیرکردنی ژنان بەندە بە خەباتی سەرجەم ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستانەوە.

بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی کوردایەتی- ئیسلامی کە پارێزگاری لە بنەماو کۆڵەکەکانی نایەکسانی و ستەم لەسەر ژنان دەکات. خەبات بۆ یەکسانی ژن لەگەڵ پیاواندا بەشێكە لە خەباتی گشتی و شۆڕشێکی جەماوەری لەدژی نایەکسانی و ستەم و ناعەدالەتیی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد.  بەبێ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە ئیمکانی گەیشتن بە لانی کەمی یەکسانی و ئازادیی ژنان مەیسەر نابێ. دەبێ هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازی ژنان خۆیان لەناو بزوتنەوەیەکی یەکگرتووی یەکسانیخوازیدا سازو ئامادەبکەن کە خۆی بەبەشێك لە بزوتنەوەی گشتی بزانێ  بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی سیاسی میلیشیایی کوردستان و دامەزراندنی دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و بەڕەسمی ناسینی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک و ئازادی ژنان و دەورو نەخشی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی کاروباری ووڵات و سیاسەت و ئابوری کوردستاندا دابمەزرێت. ئەزمونی نزیکەی سێ دەیە لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخوازی کوردستان ئەوەی بۆمان سەلماندوە کە تەنها ئەم رێگایەمان لەپێشە بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و کۆتاییهێنان بەهەرجۆرە ستەمێکی جنسی و کۆمەڵایەتی لە دژی ژنان.

 پیرۆزە  ٨ ی مارس!

سەرکەوتووبێت خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لەپێناو مافە گەردونیەکانی ژناندا!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

مارسی ٢٠٢٠

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …