گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئیبراهیم محەمەد یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی لە یادی ٢٩ ساڵ تێپەڕین بەسەر راپەڕینی خەڵکی  کوردستاندا …

پەرلەمان کاریکاتۆرێكە کە لای هەموو خەڵك ئاشکرایە کە بڕیارە ئەسڵییەکان و ڕێککەوتنەکان لە پشتەوە و لە ژووری تاریکدا ڕێکدەخرێن و ئەندامانی پەرلەمانیش بێجگە لە لێبووکێك و مفتەخۆرانێك هیچی تر نین، بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە.

 

١-بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە کورستانی دوای ٢٩ ساڵ ڕاپەڕین، لەدژی ڕژێمی فاشیستی بەعس؟

ابراهیم محمد: کوردستان لەدوای ٢٩ ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا، لەژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردیدا، وەك هەموو سیستەمێکی بۆرژوازی تر، دابەش بووە بەسەر دوو بەشی ئەسڵی کۆمەڵگادا. بەشێك کە دەستی بەسەر هەموو سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەویدا گرتووە و بەشێوەیەکی هەمەجی خەریکی کەڵەکەی سەرمایە و توندکردنی ملیۆنەها و بگرە ملیارەها دۆلارە لە بانکە نێودەوڵەتیەکاندا. ئەم چینە لە کەمینەیەکی کۆمەڵگا پێکهاتوون کە بە جۆرەها دەزگای سەرکوت و چەکدار دەستی بەسەر بەشەکەی تری کۆمەڵگادا گرتووە.

لەولاشەوە بەشەکەی تری کۆمەڵگا کە لە زۆرینە پێکهاتووە و شەو و ڕۆژ دەنێتە سەریەك بۆ دابینکردنی پارووە نانێك و هەمیشە لە هەوڵی سەخت و دژواردایە بۆ بە زیندوو مانەوە. ئەم دوو بەشە، ئەم دوو چینە، هەمیشە لە پێکداداندان و ململانێدان کە هەر کاتەی بە شێوەی بەرز یان نزم خۆی نمایش دەکات.

لەم نێوەدا شتێك کە ناوی نراوە پەرلەمان و نوێنەرایەتی خەڵك، شتێك نیە جگە لە کاریکاتۆرێك کە لای هەموو خەڵك ئاشکرایە کە بڕیارە ئەسڵییەکان و ڕێککەوتنەکان لە پشتەوە و لە ژووری تاریکدا ڕێکدەخرێن و ئەندامانی پەرلەمانیش بێجگە لە لێبووکێك و مفتەخۆرانێك هیچی تر نین (جا بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە)

٢- بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان ٢٩ ساڵ بەر لەئێستا بە ئومێدی ئازادی و ڕزگاربوون لەستەم و چەوساندنەوە و بێمافی لەدژی ڕژێمی بەعس ڕاپەرین، بەداخەوە خەونەکانیان وەدی نەهات، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ابراهیم محمد: خەڵکی کوردستان، هاوکات لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراق، ٣٥ ساڵ لەژێرسایەی دیکتاتۆرییەتی بێ پەردەی رژێمی بەعسی سەرکوتگەردا ناڵاندی، بە سەدان و هەزاران قوربانی دا و جۆرەها ماڵوێرانی بینی. لە فرسەتێکدا کە لەململانێی ئەمریکا و حکومەتی عێراقی ئەو کاتە، و بەسوودوەرگرتن لە لاوازیی ڕژێمی بەعس و بەدوای ڕاپەڕینی شارەکانی خوارووی عێراق بەتایبەتی بەسرە و بەغداد، خەڵکی کوردستانیش فرسەتی هێنا و هەموو دەزگا سەرکوتگەرەکانی ئەم ڕژێمەی لەناو برد. لە قارەمانییەکی بێوێنەدا و لەماوەیەکی کورتی چەند ڕۆژیدا شارەکانی کوردستان لە ڕژێمی بەعس پاککرانەوە. خەڵك بە سنگی ڕووتەوە توانی یەکێك لە ڕژێمە هەرە هارو سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە و دەزگاکانی لە شارەکان وەدەرنێت. بەڵام بەداخەوە، لەلایەك بەهۆی بەندوبەستی هەمیشەیی ئەحزابی ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی، هەم لەگەڵ وڵاتانی جیاجیای جیهان و ناوچەکە و هەم لەگەڵ خودی ڕژێمی بەعس، وە لەلایەکی ترەوە بەهۆی خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزمی کوردەوە نەیتوانی ڕاپەڕینەکەی بەدوامەنزڵی شۆڕش بگەیەنێت و جارێکی تر هیوا و ئومێدی ئازادی تەسلیم بەم ئەحزابانە کردەوە و خەونەکانیان وەدی نەهات.

جیا نەکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە ئاسۆی ئینسانی و ڕزگاری خۆی و لە دەوری سیاسەتی سۆسیالیستی، لە ئاسۆ و بەرنامەی ناسیونالیستیی کورد وای کرد کە هیوا و ئامانجەکانی ڕاپەڕین هەر زوو بکەونە زەوی و ناڕەزایەتییەکان لێرە و لەوێ و بە شێوەی جیاجیا دەستی پێکردەوە. تەوەهومی گشتی خەڵك بە ئەحزابی ناسیۆنالیستی بەوەی کە ئازادی بۆ دابین دەکات و ژیانێکی ئاسوودەی بێ چەوسانەوەی بۆ بەدیدەهێنێت تەنها بوو بە سەرابێك و بە ئاسماندا ڕۆشت. بەداخەوە تا ئەمڕۆش، هەرچەندە باوەڕ بەوەی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەتوانێت داخوازییەکانی خەڵك دەستەبەر بکات ڕەویوەتەوە و خەڵك بڕوای بە بەرنامەی حزبەکان نەماوە، بەڵام هێشتا تەوەهوم بە ناسیۆنالیزم وەك بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سایەی قورسی لەسەر بیر و زهنی ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایە زۆرەو هێشتا شوێنی خۆی نەداوە بە بیری جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆ، و ئاسۆی ناڕەزایەتییەکان هێشتا نەیتوانیوە شکافێکی قووڵ لە نێوان خەڵك و ئاسۆی بۆرژوازیی ناسیۆنالیزمدا دروست بکات و لێکی داببڕێت.

٤- بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دا، بەدژی بەعس ڕاپەرین و لە پێناو دەست ڕاگەیشتن بە ئازادیدا، بەعسیان وەدەرنا، خەڵکی کوردستان تاچەندە ئازادییان وەدەست هێنا؟

ابراهیم محمد: ئەوەی خەڵکی تا چەندە ئازادییان بەدەست هێناوە، بە بڕوای من کەمێك ئاڵۆز و هەمەگیرە؛ بێگومان سەرەتا و دوای تێکشکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە، فەزایەکی ئازاد و کراوە بەدیهات، بەڵام دوای ئاوارەیی و زنجیرە ی ڕاپەڕینەکانی دواتر و دوای کشانەوەی ڕژێم لە کوردستان و دیاریکردنی “ناوچەی ئارام” وردە وردە دەسەڵاتی کوردی بەناوی “بەرەی کوردستانی” و دواتر هەڵبژاردن و “حکومەتی هەرێم” و دابەشکردنی پەنجا پەنجای پارتی و یەکێتی…هتد، هێرش بۆسەر ئازادییەکان دەستی پێکرد و ئەم دەسەڵاتە لە هیچ شت سڵی نەکردۆتەوەو تا بۆی کرابێت، پێشێلی ئەم ئازادییەی کردووە و تاهاتووە بەرتەسکی کردۆتەوە. لەبەرامبەریشدا هەمیشە ناڕەزایەتییەکانی خەڵك بەربەست بووە لەبەردەمیدا و ئەم ململانێیە بە جۆرەها هەڵبەزو دابەزدا تێپەڕیوە، بۆیە جۆری ئەو ئازادییە و ڕادەی ئەو ئازادییەی کە خەڵکی کوردستان بەدەستی هێناوە، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەو سەردەمەی کە خەڵك لەژێر دیکتاتۆرییەتی ڕژێمی بەعسدا دەیناڵاند، هاوکات جیاوازیشی زۆرە لەگەڵ مانای فراوانی ئازادی. لەیاد دەرچوونی سەرکوت و پێشێلکردنی سەرەتایی ترین مانای ئازادی لەسەردەمی بەعسداو خنکاندنی هەر نووزەیەك کە لە گەروو دەربچوایە زۆر ئاستەمە، من هەرگیز لەگەڵ ئەو عیبارەیەدا نیم کە هەندێ جار دەوترێت “سەردەمی حکومەتی بەعس باشتر بوو”، خەڵکی هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە لەژێر سایەی دێوەزمەی بەعسدا تەنانەت هەناسەدانێکی ئارامیش بۆی سەخت بوو. ئەمە لە هەمانکاتدا ناتوانێت لەوە کەم بکاتەوە کە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیش هەتا بۆی کرابێت و بکرێت درێغی نەکردووە و نایکات لە پێشێلی ئازادییەکان، بەڵام هەروەك وتم زۆر جیاوازن. ئەوەش لەولاوە بوەستێت کە بەسترانەوەی دنیا بەیەکەوەو بوونی دنیا بە شارێکی گەورە دەوری زۆری دیوە لە چاوکرانەوەی جەماوەری خەڵك و جۆشدانی خەباتیان و وەستانەوەیان لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان.

٥- بۆپێشەوە: دوای ٢٩ ساڵ لە وەدەرنانی بەعس لە کوردستان، جیاوازیی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس چیە؟ حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان، بەدوای ڕاپەرینی خەڵکی کوردستاندا، بەڵێنی کردنی کوردستان بە بەهەشتیان دەدا، بنەمای ئەو بەڵێنانە چی بوو؟ بۆچی نەیانتوانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان وەدی بێنن؟

ابراهیم محمد: ئەگەر لە یەك وشەدا بڵێم جیاوازی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس، تەنها نەمانی دیکتاتۆرییەتی ڕەهایە، کە لەلایەن ڕژێمی دڕندەی بەعسەوە پیادە دەکرا. بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نیە کە دەسەڵاتی کوردی نەیویستووە و نایەوێ وابکات، بەڵکو لەزۆر توندپێچدا هەوڵی جدیشی داوە کە لاسایی بەعس بکاتەوە، کە هەندێ جار توانیویەتی بەشێکی پیادە بکات و زۆرجاریش بەهۆی ناڕەزایەتی و قەبوڵ نەکردنی لەلایەن جەماوەرەوە پاشەکشەی پێ کراوە.

حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان بەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا، بۆ کۆنترۆڵ کردنی جۆش و خرۆشی خەڵك هەمیشە بەڵێنی بەبەهەشتکردنی داوەتە خەڵك تابتوانێ بەر بە چوونەپێشەوەی خەباتیان بگرێت، بەڵام لە کرداردا تاکە شتێك کە بیری لێ دەکردەوە، هەڵلوشینی بەرهەم و خێراتی ئەم کۆمەڵگایە بوو. ژیانی خەڵك و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و ئازادی و ئاسوودەیی لە فەرهەنگی ئەم هێزە کۆنەپەرستەدا بوونی نەبووە و نیە، بۆیە بنەمای ئەو بەڵێنانە تەنها سەرمایەگوزاری و پارێزگاریی چینی باڵادەست و دەسەڵاتی خۆی بوو و هیچی تر.

بەدیهێنانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان دوورو نزیك پەیوەندیی بە ئامانجەکانی ئەحزابی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردەوە نەبووە و نیە. پارێزگاری لە کۆنە بەعسی و مستەشارەکان و هاندان و پەرەپێدانی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی و وەستانەوە بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و پەرەدان بە کوشتن و تیرۆری وەحشیانەیان لەژێر ناوی کۆنەبەعسی و بەبیانووی پیس و پیاوسالارانەی ناموسپەرستییەوە جینۆسایدێك بوو دەرهەق بە ژنان کە تائێستاش درێژەی هەیە، ئەمانەو خەرمانێك لە تاوان و پێشێلکاری تر کە لەدژی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەم جوگرافیایەی کەوتە دەست ئەم دەسەڵاتە تاسەر مۆخ دواکەوتوو و شۆراوە لە ئینسانییەت، تەنها گۆشەیەکی ئامانج و سیاسەتی ئەحزابی ناسیۆنالیسیتی دەسەڵاتدار بووە لە کوردستاندا کە بێجگە لە لەگۆڕنانی خواست و ئارەزووەکانی تاك و کۆی خەڵك هیچی تر نەبووە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *