هەشتی مارسی ئەمساڵ و نا وتنی ژنان بە ئاپارتایدی جنسی …

نوسینی: هەتاو عەبدولاهی

مێژووی ڕۆژی جیهانی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی و چەوسانەوەی چینایەتی. ئەم ڕۆژە ڕۆژی هاوپشتییە بۆ خەبات لەپێناو بەدیهێنانی مافی یەکسان بەرابەر و هەلومەرجی باشتر لە ژیانی ژناندا. هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژی هەشتی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن، یاد کردنەوەیە لە بیرەوەری خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٧ زایینی. مێژووی دیاریکردنی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠ی زایینی، کە له‌ شاری ” کۆپێنهاگ”ی وڵاتی دانیمارک، دووهه‌مین کۆنفرانسی ژنانی سوشیالیست به‌رێوه‌ چوو، که‌ تیایدا “کلارا زتکین” ژنە شۆڕشگێڕ و ناسراوی حیزبی سوسیالیستی “ئاڵمان” له‌سه‌ر دیارکرنی رۆژی جیهانی ژن قسەی کرد و هەر لەوێشدا پێشنیاری کرد، ٨ ی مارس وه‌ک رۆژی جیهانی ژنان بناسرێت. پێشتر ژنانی وڵاتی ” نەمسا” ڕوژی یه‌کی “مه‌ی” یان پێشنیار کردبوو، کە یەکی مەی مانا و مەفهومی خۆی هەیە و نەدەکرا وەک ڕۆژی ژنان دیاری بکرایە. هەر لەو پێوەندییەدا ژنانی وڵاتی ” ئاڵمان” نیش رۆژی 19ی مارسیان پێشنیار کرد بوو، کە ١٩ی مارسیش ڕۆژێکی مێژوویە لە خه‌باتی شۆڕشگێرانەی ژناندا، لەو ڕۆژەدا و‌ له‌ ساڵی ١٨٤٨ زایینیدا ژنان دژ به‌ رژیمی پاشایه‌تی “پرۆس” بوو دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردوەتەوە، بەڵام کۆنفرانسی ساڵی ١٩١٠ی ” کۆپێنهاگی دانمارک” سه‌ره‌ڕای گرینگ بوونی خۆی، نه‌یتوانی بڕیاری کۆتایی بدات و ڕۆژێک وەک ڕۆژی ژنان دیاری بکات. ئەو مەسەلەیە تا ساڵی ١٩٢١ی زایینی مایەوە و هەر وڵاتە و بۆ خۆی و لەکات و ڕۆژێکی جیاوازدا و بەتایبەت ڕۆژانی پشووی مانگی مارس خۆپێشاندانیان ساز دەکرد و یادی ڕۆژی ژنانیان دەکردەوە. ئەوە بوو کە “کلارا زتکین” دیسانەوە له‌ ساڵی ١٩٢١ی زایینیدا، هەشتی مارسی وه‌ک رۆژی ژنان خستەوە بەر باس و ئەمجارەیان‌ پێشنیاره‌که‌ی په‌سه‌ند کرا و لە ئاکامدا ئه‌م رۆژه‌ وه‌ک رۆژی ژنان له‌ مێژوودا دیاری کرا. ئەمسال لە کاتێکدا بەرەو پیری هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژن دەچین کە سەرمایەداری باڵی بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە و خۆی خزاندۆتە ناو هەموو کەلێن و قوژبنێکی ژیانی تاکەکەسی مرۆڤەکانەوە و لە هەر ناوچە و شوێنێک بۆ چەوساندەوەی مرۆڤەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لە ئەبزار و کەرەسەی جۆراوجۆرو تایبەت بەبارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچەیە بۆ مەبەستە دزێوەکانی کەڵک وەردەگرێ. ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ئەو رۆژە مەزنە دەکەینەوە کە هەژاری، شەر، ماڵوێرانی لە هەموو شوێنێکی جیهان داوێنی خەڵکی گرتووە و سەرمایەداری بەهەر شێوەیەک کە بۆی دەلوێ هەول بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی ژنان دەدات کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو بە دەستیان هێناوە و رۆژبەرۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێ. ژنان لە بارودۆخی هەنووکەییدا لەگەڵ پرسی مەترسیداری بە کالابوونی جەستە، هەژاری لە رادەبەدەر، شەڕ و مالوێرانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، شەری ئایینی چەق بەستوو و یاسا و ڕێسای دژە ژن بەرەوروون. بەڵام ئەوە رویەکی پرسەکەیە و هاوکات لە بەرەبەری هەشتی مارسی ئەمساڵ مێژوو خەباتی نویی و سەردەمیانە و “نا” وتن بە ئاپارتایدی رەگەزی ژنانی بە خۆیەوە بینیوە. هەروەک رۆژانە لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینین هەشتی مارسی ئەمساڵ ژنان بە یەکگرتوویی هەرچی زیاتر بەرامبەر بە جیهانی سەرمایەداری و نیزامی کۆیلەیی ژنان ڕاوەستاون و لەریزی پێشەوەی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزەی و خوازیاری بەرابەری و یەکسانی ژن و پیاون. ئەو یەکگرتوویی و خەباتە لە حاڵێکدایە کە توندوتیژی بە دژی ژنان لە هەموو جیهان جۆر و شێوازی مەترسیداری بە خۆیەوە بینیوە و رۆژانە ژنان بە هۆی توندوتیژی سیستەم و بنەماڵە و کۆمەڵگە گیانیان لەدەست دەدەن و بەردەوام رووبەرووی هەڵاواردنی ڕەگەزی و زوڵم و ستەم دەبنەوە. لە بارودۆخی هەنووکەیی دا دەبینین ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە وڵاتانی سەرمایەداری و ئوروپاییەوە بگرە تا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازاد نین و خاوەنی جەستەی خۆیان نین و جەستەی ژنان وەك کاڵای جنسی سەیری دەکرێ و ژنان بوونە قوربانی ساتو سەودای دەسەلاتی سەرمایەداری و رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لەگەڵ بێمافی و هەموو جۆرە توندوتیژیەکان بەرەوروون. ژنان زۆر بە باشی هەست بەو پرسە مەترسیدارە دەکەن و لەهەموو وڵاتان لە بەرامبەر ئەو پەتایە ڕاوەستاون وەکوو خەباتی ژنانی ئێران بۆ نا وتن بە حیجابی زۆرەملێ بگرە تا خەباتی ژنان لە وڵاتانی ئوروپایی و سەرمایەداری بۆ نا وتن بە کۆیلەیی جنسی هەموو نیشان لە ئاگایی و هوشیاری توێژی ژنان و ناسینی بنچینەیی کێشەکانیانە. وەک ئاماژەمان پێکرد بارودۆخی هەنووکەیی بۆ ژنان زۆر مەترسیدارە. ژنان لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست لەگەل هێزە توندرەو و بناژۆخواز و ئیسلامیەکان بەرەوروون. ژنان لەو وڵاتانە کە شەر بەسەریاندا سەپاوە قوربانیانی شەرن و هەموو تاوانێکیان بەدژدا رەوا دەکرێ. بارودۆخی ژنان لە بازاری کار و نەبوونی موچەی بەرابەر و یەکسان تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاوایی، بەکاڵاکردنی جەستەی ژن و فرۆشتنی کاڵاکانی سەرمایەداران بە لەش و لاری ژنان، بارودۆخی ژنانی کرێکاری جنسی و دەستدرێژی بۆسەریان بە ناوی ئازاد و دیموکراسی، هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی یاساو رێسای دواکەوتوانە و ئیسلامیی و دژە ژن بە تایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست، چوونە سەری ئاماری خۆکوژی و کوشتنی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی هەمووی دیاری دنیای سەرمایەداری بۆ ژنان بووە و بە هەموو هێزێکەوە هەوڵ بۆ لە ناوبردنی دەسکەوتی ژنان و لە کارخستنی هێزێکی کارامەی کۆمەڵگە دەدات. سەرەرای بوونی ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمە و کۆسپ و تەگەرە لەسەر ڕێی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە ژنان ملکەچی ئەو بارودۆخە نەبوون و لەبەرامبەر هەموو ئەو ناعەدالەتیانە راوەستاون، کە وەک نمونەی ئەو خەباتە دەتوانین باس لە ژنانی رۆژئاوا بکەین کە خەباتێکی هەمەلایەنەیان دژ بە ئایینی دواکەوتوویی دەست پێکردووە. ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی تا سەر ئێسقان دژە ژن و تۆتالیتێر دژ بە یاساکانی رژیمی ئیسلامی کە توندوتیژی دژ بە ژنان تێیدا یاسایی کراوە لەبەرامبەر پۆششی زۆرەملی راوەستاون و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بەدژی دواکەوتوویی دان. لە وڵاتانی ئیسلامی ژنان هەوڵ بۆ پچڕانی کۆت و بەند و زنجیر دەدەن و لەو پێناوەدا قوربانیان داوە، بەڵام چۆکیان دانەداوە. ژنان لە خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵی ئێران کە بە شۆرشی برسییەکان ناوی دەرکرد لە ریزی پێشەوە بوون و داوای ماف و حقوقی ئینسانیان دەکرد. ژنانی ئێران لەو بارودۆخە ئەستەم و دژوارەدا نایان وت بە کۆت و بەند و لە بەرامبەر یاسای حیجاب دا وەستاون و هەموو حاکمەتی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێرانیان خستە ژێر پرسیار. ژنان ئەو هێزەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە هەول بۆ پاسیڤ بوون و دوورکردنەوەی لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری ئێران دەدات تەنگیان بە رژیم هەڵچنیوە و رۆژانە دەبینین ژنان لە ئێران سەرەرای بوونی فەزایەکی ئەمنیەتی و دژە مرۆڤ لچکەکانیان لەسەر دادەکەنن و نا ئەلێن بە کۆیلەیی کە ئیسلام و رژیمە ئیسلامیەکان بە سەریاندا سەپاندوون. لەو سەردەمەداو لەو بارودۆخە کە ژنان لە هەموو جیهان خەریکن بە دژی دواکەوتوویی و بێ مافی رادەوەستن و چالاکی دەنوێنن ژنانی جیهان دەبێ هەشتی مارسی ئەمساڵ و رۆژی جیهانی ژن وەک هەل و دەرفەتێک بۆخۆ ئابدەیت کردنەوە لەگەل روداوەکانی سەردەم بە قازانحی خۆیان بقۆزنەوە و بەو راستیە بگەن کە ئازادی ژن روکنی سەرەکی ئازادی کۆمەڵگە و چینی کرێکار و هەموو مرۆڤایەتییە. بۆیە دەبێ قۆڵی هیمەت هەڵماڵن بە کۆر و کۆبوونەوە و چالاکیەکانیان خۆیان هاوتەریب کەن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و دەست لە ناو دەستی پیاوانی ئازادیخواز هەول بۆ نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژە مرۆڤ بدەن و هەڵگری دەنگی ژنان و پیاوانی کرێکار بن. ژنان دەبێ بەو راستیە بگەن تا کاتێک نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری لەسەر کار بێ ئەوان بە ماف و ئازادییان ناگەن و ئازادی ژنان و هەموو مرۆڤایەتی بەندە بە دامەزراندن سیستمێکی سوشیالیستی و مرۆڤ پەروەر کە تیایدا تاکەکان بە پێی رەگەز دەستەبەندی ناکرێن و ناچەوسێنەوە. بۆیە ئازادی ژن کاتێک بەتەواوی مسۆگەر دەبێ کە نیزامی سەرمایەداری بروخێ..

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٠ی بەرواری ١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *