لە٢٩ هەمین ساڵیادی ڕاپەڕیندا …

عەبدوڵا مەحمود

ئەم رۆژانە ٢٩ ساڵ بەسەر ڕاپەرین و خرۆشانی جەماوەری بەدژی ڕژێمی فاشیستی گۆڕ بەگۆڕکراوی بەعسدا تێدەپەرێت. خەڵکی کوردستان بۆیە لەدژی بەعس راپەرین، چونکە رژێمی بەعس، رژێمێکی قەومی بوو، لەسەر ناسنامەی قەومیەتی عەرەبی پایەکانی دەسەڵاتدارێتی دامەزراند بوو. هەر بەهۆی قەومی بوونەکەیشی هاوڵاتیانی کورد زمانی وەکو پلە دوو تەماشا دەکرد و مافە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستانی ژێر پێدەخست.. هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانەی لەرێگای دەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە خامۆش دەکردەوە و نەیارانی سیاسی خۆی بە توندترین شێوە پاکتاو دەکرد. کارنامەی بەعس، کارنامەی دەسەڵاتێکی رەشی سەرکوتگەرانەی کەم وێنەیە لە ئاستی دنیادا، سەرکوت، زیندان، ئیعدام، کاولکاری، تەعریب، تەهجیر، بەزۆر بە بەعسی کردن، کیمیاباران، ئەنفال…  کارنامە سەرەکیەکانی ئەو رژێمە بوون.

خەڵکی عیراق و کوردستان، بەکەڵک وەرگرتن لە لاوازبوونی رژیمی بەعس و تێکشکانی لە جەنگی کەنداوی یەکەمدا، هاتنە مەیدان و دەسەڵاتی بەعس لە بەشێکی زۆری کوردستاندا وەدەرنرا. خەون و خولیای خەڵکی کوردستان لەم ڕاپەرینەدا، بە پلەی یەکەم ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان. کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و دەستڕاگەیشتن بوو بە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران. دیارە ئاسۆی زاڵ بەسەر ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەرینەدا، ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی بوو. ئاسۆیەک کە دەیویست لەرێگایەوە دەستی بە بەشداری لەدەسەڵاتی بەعسدا بگات و وەکو نوینەری بۆرژوازی و چینە داراکانی کورد، لە دەسەڵاتدارێتی ئێراقدا بەفەرمی بناسرێت.

ڕاپەرین کرا و دام و دەزگاکانی  بەعس لە زوربەی زۆری کوردستان لەلایەن جەماوەری راپەریو و تورەوە، وەدەرنران. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی، کە لە پێشترەوە خۆیان بە سیاسەتەکانی ئەمریکاو غەرب و جەنگ و ملهوریەکەیەوە ئاویزان کردبوو، وەکو میراتگری بەعس هاتنەوە ناو شارو شارۆچکەکانی کوردستان و بەزوویی خەون و خولیاکانی خەڵکی کوردستانیان لەدژی بەعس لەباربرد.

یەکەمین کارێک کە دەستیان بۆی برد، تاڵانی و فەرهودکردنی ئامێر و کەرەستەو ممتەلەکانی کارگەو کارخانەو دائیرەو پرۆژە ئابورییە تەواو نەکراوەکان، و  ئاودیوکردن و هەرزان فرۆش کردنی بوو… ئەو تاڵانی و دزییەی ئێستا، درێژەپێدەری ئەو تاڵانی و فەرهودەیە کە لەگەڵ هاتنەوەیان بۆ ناو شارو شارۆچکەکان دەستی پێکرد.

کارێکی تری یەکێتی و پارتی، وەرێخستنی کوشتاری ژنان بوو لە ژێر ناوی شەرەف و پەیوەندی ئەم ژنانە بە دەزگاکانی رژیمی بەعسەوە، ئەوە لەکاتێکدا بوو لێبوردنی گشتیان بۆ کرێگرتەکانی بەعس و دەست خوێناوی بە خوێنی رۆڵەکانی خەڵکی کوردستان، دەرکرد. بەڵێ یەکێک لە کارەکانیان کوشتاری ژنان بوو. ئەو ژنکوژی و توندوتیژی و بێمافیەی ئێستای ژنان، دریژەی ئەو هێرشەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییە کە لەساڵی ١٩٩١ و تەنانەت لەلادێکانی سەردەمی قەڵەمرەوی سیاسییاندا، دەستیان پێکردبوو.

هێرش بۆسەر چەپ و کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی شواریی و هەڵسوڕاوان و رابەرانی و داخستنی بنکەی شوراکان بەزۆری هێزی چەکدار، سەرەتای هێرشی ئەوان لە دنیای شاریدا بوو، بەدژی ئازادی سیاسی و بیروباوەرو کاری ڕیکخراو. ئەو سەرکوت و کوشتاری ئازادییەی ئێستای کوردستان، درێژکراوەی ئەو سەرکوت و ملهورییەیە کە لەگەڵ هاتنەوەیان بۆشار، دەستیان بۆی برد و ئا ئێستاش درێژەی هەیە.

پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان و ستەمی نەتەوایەتی رژیمی بەعس لەسەر کوردستان، لەلایەن بزوتنەوەی کوردایەتییەوە، کرایە دەستمایەی سات و سەودا لەگەڵ بەعس و بەشداری لەدەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی لەگەڵ هێزە ئیسلامیە سیاسیە کۆنەپەرستەکان و قارەمانانی عروبەی دوای بەعس. ئەو ملدان و خۆبەستنەوەیە بە حکومەت و دەسەڵات لەبەغدا و لکاندنەوەی کوردستان بە عێراقەوە لە ژیر ناوی فیدرالیزمدا، بەرهەمی ئەو دژایەتیەی مافی سیاسی خەڵکی کوردستانە لەلایەن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە بەدژی دیاریکردنی ئاینندەی سیاسی خەکی کوردستان بە رۆڵ و ئیرادەی جەماوەری و ئازادانەی خۆیان.

بەم شێوەیە حزبەکان و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، خەون و خولیای خەڵکی کوردستانی لە وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتی بەعسدا، لە پێناو ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان. کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و دەستراگەیشتن بە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران و مافە فەردی و سەرەتایی و مەدەنییەکانی کوردستانیان، نەک هەر لەبار برد، بەڵکو کردیانە دەستمایەی بەشدارییان لە دەسەڵاتێکی رەشی تاقم و دەستەی نۆکەری ئیسلامی سیاس شیعی و عروبەی دەستپەروەردەکراوی بەعس. لەهەموو ئەوانەش واوەتر ئەگەر لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، نان و ئاو، کارەبا و سوتەمەنی، خزمەتگوزاری و موچەو هەلی کار … تاد، بوونیان هەبوو، ئەوا دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی هەموو ئەوانەشی لوشدا و ژیان و گوزەرانی زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانی لەدۆخێکی بێ وێنەی نەبوونی و بێ خزمەتگوزارییدا راگرتووە. ئێستا دوای نزیک بە ٣٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، خەڵکی کوردستان بەدەست نەبوونی ئاو، کارەبا، خزمەتگوزارییەکان، بێکاری، دزی و تاڵانی و گەندەڵی و … لە پاڵیشیدا بێمافی و سەرکوت و زاڵکردنی کەلتوری کۆنەپەرستانەو دەست لەپشدانی کۆنەپەرستی ئیسلامی و قەومیدا، دەناڵێنن.

یەکێک لە سیما و دیاردە جوانەکانی ناو ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا، هاتنە مەیدانی چەپ و کۆمۆنیستەکان و وەرێخستنی بزوتنەوەی شورایی بوو. بزوتنەوەیەک کە بۆیەکەمین جار لە مێژووی سیاسی کوردستاندا، هاتە ناو بەرامبەرکێی بەکردەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەدژی بزوتنەوەی کوردایەتیدا وەستایەوە. تا ئەو کاتە کۆمەڵگەی کوردستان گۆرەپانی سیاسی پاوانکراوی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بوو. بزوتنەوەی شورایی سەرباری هەر نارۆشنی و کەم و کورتیەک کە بووی، بووە دیاردەیەکی جوان و شەقکردنی پاوانخوازی بزوتنەوەی کوردایەتی. هەر ئەوەش بوو کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی شیتگیر بوون و جەنگی خۆیان لەدژی شوراکان و چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەموو ئازادیخوازییەک دەستپێکرد… ئەو جەنگ و هێرشەی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسایەی دەسەڵاتی خۆیدا نزیک بە ٣٠ ساڵە لەدژی چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەموو ئازادی و ئازادیخوازی ئەنجامی دەدات، سەرەتاکەی بە داخستنی شوراکان و هیرش بۆسەر کۆمۆنیستەکان لە کەشی شارییدا دەستی پێکرد.

چەپ وکۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی شورایی، بوونە سەرچاوەی جێخستنی دەیان نەریتی نوێ و نامۆ و دژ بە نەریتی بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتگەلی ئیسلامی… ئازادی بی قەیدو شەرتی سیاسی، وەستانەوە بەرووی تیرۆری ژنان لە ژێر ناوی شەرەف پارێزی و هێنانە مەیدانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، خستنە رووی داخوازی کرێکاران و پرسی رێکخراوبوون و کۆبونەوەی گشتی، و پرسی بەرابەری و حکومەتی کریکاریی، وەستانەوە بەرووی دیدو کەلتوری ناسیونالیستی و قەوم پەرستی و بۆگەناوی ئیسلامی، تادەگاتە بەرگری لە مافی مناڵان و جێ خستنی نەریتی سازدانی مەراسیم و بۆنە کریکاریی و رادیکاڵەکان لەوانە” یادی هەشتی مارس، وەریخستنی ئاکسیۆنە ئایارییەکان، بەرزراگرتنی یادی شۆرشی ئۆکتۆبەر، یادی خەباتکارانە و رۆڵی مارکس و ئەنگلس و لینین… هەموو ئەمانە لەدیدی خەڵکی کوردستانی ئەو سەردەمەو تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت بە کۆمۆنیستەکان دەناسرێتەوە. لەکوێ باسی رزگاری چینی کرێکار و کۆبونەوەی گشتی، بەرابەری ئابوری، یەکسانی ژن و پیاو، ئازادی بیقەیدو شەرتی سیاسی، رەخنە تیژ و بێ روپۆش لە قەوم پەرستی، کۆنەپەرستی ئیسلامی،…تاد، بێتە گۆ، کۆمۆنیستەکان و کۆمۆنیزمی کریکاریی بیر دەخاتەوە. ئەو رەوتی ئازادیخوازی و بەرگری لە چینی کرێکارو مافەکانیان، لە ژنان و مافەکانیان، لە مناڵان و مافەکانیان، لە ئازادی و ئازادییەکان، وەستانەوە بەرووی کەلتور و نەریتی پرتوکاوی ئیسلامی و قەومی، لە بەرەسمی ناسینی ئیرادەی جەماوەری، پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان،.. کە تائیستا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، سەرەتای بە کردەوەی لەناو دڵی راپەرینی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی شورایی ساڵی ١٩٩١دایە… چارەنووسی دڵخوازی جەماوەری کریکار و بێبەشی کوردستان وتوێژە بێبەشەکانیش، بە هەموو مافە فەردی و مەدەنی و ئازادیخوازییەکانەوە، لە گرەوی بەهیز بوونەوەی ئەو بزوتنەوەیەو رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی دایە… ڕاپەرێنیکی تر، بەڵام بۆ ئازادی و بەرابەری و حکومەتی کریکاریی، پێویستە.

سەرەتای ئازاری ٢٠٢٠

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٠ی بەرواری ١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *