لێکەوتەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی و گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران…

چاوپێکەوتنی “بۆپێیشەوە” لەگەڵ مزەفەری محمدی لە ڕابەرایەتی حیزبی حیکمەتیست- خەتی ڕەسمی، سەبارەت بە لێکەوتەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی و گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران…

بۆپێشەوە: بۆچی قاسم سلیمانی بوو بە ئامانجی ەێرشی ئەمریکا و کوژرا؟ بۆچی لەم کات وساتە دیاریکراوە دا؟

مزەفەر ی محمدی: دەوڵەتی ترامپ دەیەوێ لە کۆتاییدا بە ئامانجێکی خۆی بگات بۆیە لە هەوڵی داسەپاندنی گەمارۆیەکی فراوانە بۆ ڕاوکردن و ملدانی جمهوری اسلامی و یا خۆیان وتەنی بۆ گۆڕینی کردەوەکانی و پەیوەست بوونیەتی بە هێزی بورژوازی جیهانی و مل دانیەتی بە جێبەجێ کردنی یاساکانی، بە ناوی فشاردانانی زیاتر لەسەری ،. هاوکاتیش ڕایگەیاند کە نایەوێ ئەو ڕژێمەکە بگۆڕێت .

جمهوری ئیسلامیش کە لەم چەند ساڵەدا بووەتە هێزێکی ناوچەیی تا ئێستا ملی بەم فشارانە نەداوە. ڕاگرتنی بەشار ئەسد و پێکهێنانی هێزی فاطمیون لەئاوارەکانی خەڵکی ئەفغانستان کە لەئێراندا کۆیلە و برسین و ناردنیان بۆ سوریا، پێک هێنانی دەوڵەتێکی وابەستە بە خۆیان و بەهێزی گوشاری میلیشیای شیعەو هێزە چەکدارەکانی دیکەی نوێنەریان، کردنی حزب اللە لە لبنان بەبەشێکی گرنگ لە دەسەڵات، بەهێزکردن و چەکدارکردنی حوثیەکانی یەمەن، هێرش بۆ سەر کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبیەوە کە بەشێکن لە سوپای قودس بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ ڕیفراندوم و ڕای گشتی بۆجیابونەوەو داگیرکردنی کەرکوک و خانقین و یەک لەسەر سێی کوردستان …، هەموو ئەمانە نیشاندەری جێگە و ڕێگای ئێستای جمهوری ئیسلامیە. ئەم جێگە و ڕێگایەش بووەتە مایەی کوشتوکوشتار لەم وڵاتانەدا و نزیکەی 60 ملیۆن ئێرانی تووشی هەژاری و بێدەرەتانییەکی لەڕادەبەدەر کردووە .

ئەم جێگاو ڕێگایەی ئێران بۆ دەوڵەتی ملهوری ئەمریکایەک کە عێراقی داگیرکردوە، کەپێی وابوو ئەم وڵاتە دەبێت خۆی بە تەنها تیایدا باڵادەست بێ، بۆیە جێی قەبوڵکردن نەبوە بۆی، بەڵام هەوڵ و تەقەلاکانی دژ بە جمهوری اسلامی بێ ئاکام مابونەوە. لەم کات وساتەشدا هێرشی بەردەوامی جمهوری ئیسلامی و هێزە پاشکۆکانی بۆ سەر کۆمپیانیای ئارامکۆ لە عەربستانی سعودیە، بەردانەوە ی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی ئەمریکا، کوژرانی ئەمریکایەک لە ناوچەی کەرکوک و هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لەبە غدا، بوونە بیانوویەک تاقەرەبووی ئەو زیانانەی کەلێی کەوتبوو بکاتەوە. وەڵامەکەشی بە کوشتنی قاسم سلێمانی داوە. ئەم وەڵامە یانی گورزێکی زۆر کاریگەر و چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ جمهوری ئیسلامی.

بۆپێشەوە: ئەم جۆرە کوشتنە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە ناوشاردا ڕووداوێکی تازەیە. ئایا ئەمە تیڕۆریزمێکی ئاشکرا نییە؟ ئایا ئەم جۆرە کوشتنەی نەیارەکان لەلایەن دەوڵەتەکانە وە نابێتە ڕەوتێکی نۆرماڵ بۆ کوشتنی بەڕێوەبەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوە کرێکاری و کۆمەڵایەتیەکان و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسیەکان؟

مزەفەری محمدی: ڕاستیەکەی من لەگەڵ ئەم جۆرە جیا جیاکردنەوەو پۆڵاڕیزەکردنەی تیڕۆر، کوشتن، جەنگی کورت خایەن و شتی لەم جۆرەدا نیم کە ئەمڕۆ لە ناوچەیەکی پڕ لە قەیران و میلیتاریزەکراوی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە

لەم ڕۆژانەدا توێژەرەوەو پسپۆڕەکانی بۆرژوازی پرسیارو قسە و باسی ئەوە دەکەن کە ئایا کوشتنی سلیمانی کوشتن بوو یان تیرۆر وە یان هاویشتنی مووشەکەکان شەڕێکی کاتیە یان شەڕێکی تەواوە و شتی ئاوا. ئەوەی کە بەشێک لەبەشەکانی بورژوازی جیهانی و توێژەرەوەکانی وتیان کوشتنی سلیمانی لە وڵاتێکی تردا تیرۆرە و دژی یاسا نێونەتەوەییەکان و لەبەرچاونەگرتنی دەسەڵاتی وڵاتێکی وەک عێراقە، خۆی جگە لە دووڕوویی و ماسک پۆشین هیچی تر نییە. ئەوە نیشان دەدەن کە بورژوازی زۆر پێشکە وتووەو مولزەمە بە یاساکان و ئە م ڕووداوەش شتێکی تازە بووە بۆی. کام یاسا؟ کام بنەما؟ لەلای ئەوان ئەگەر سلیمانی لە شەڕدا کوژرابا ئاسایی بوو، بەڵام تیرۆرکردنی کارێکی ناپەسەندە، چونکە هیچیان شەڕو داگیرکەری و میلیتاریزمیان لەلایان ئاساییەو هەرکات پێیان خۆش بوو دەستی بۆ دەبەن.

لەپاش جەنگی کەنداو و داگیرکردنی ئەفغانستان، عێراق، سوریا و لیبیا لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان، لەپێناو داگیرکردن و دەست بەسەر داگرتنی بازاڕو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتانە، شەڕو میلیتاریزمێکی ئاشکراو بەربڵاویان دەست پێکردووە. تیرۆر بەشێک لەم شەڕەیە کە دەیان ساڵە لەڕوژهەڵاتی ناوەڕاستی قەیراناوی و میلیتاریزەکراودا دەستی پێکراوە. دەوڵەتە بورژواییەکان بەڕواڵەت بەرگریکار لە یاسا نێودەوڵەتیەکانن خۆیان بەرپرسی ئەو تاوانەن، بەڵام کوژرانی سەرکردەیەکی سەربازی ئێران ئەوان دەخاتەوە بیری یاسا و لەئاستی نیودوڵەتیدا هەراوهۆریایەکیان دروستکردوە لەسەر ئەوەی ئایا ئەمە کارێکی تیرۆریستیە یا نا ئەگەر تیرۆرە سەرکۆنە دەکرێ و ئەگەریش قەتڵە ڕەنگە مانایەکی دیکەی بۆ داتاشن. ئەمە یەک دووڕوویی و شەرمێکی ئاشکراو کارێکی ناتەندروستە.

لە ڕوانگەی قازانجی بورژوازی ئەمپریالیست و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، ئەمریکا دەتوانێ چەند میلیۆن خەڵکی عێراق تووشی ڕۆژڕەشی بکا و بیانکوژێ، سەرگەردانیان بکات و بیانکاتە دیلی بەردەستی هێزە قەومی و مەزهەبی و میلیشیا بە کریگیراوەکان. جمهوری ئیسلامی دەتوانێ بەیارمەتی حەشدی شەعبی، کە بەشێکە لە سوپای قودس، هەزاران کەس لەشەقامەکانی بەغدا و بەسرە و کەربەلا بداتە بەر گوللە، ئەمانە هیچ نین، بەڵام کوژرانی قاسم سلیمانی لە هەموو لایەکەوە دەبێتە هۆی هەراوهۆریای و بیرکەوتنەوەی یاسا و بنەما نێونەتەوەییەکان کە ئایا ئەمە تیرورە یان دەبێ ناوێکی تری لێ بنێن. ئەمە درۆو ڕیاکاریەکی زۆر ئاشکراو قێزەونە.

کێشە لەسەر ئەوەی کەئەمە تیرۆرە یان نا خۆڵکردنە چاوی خەڵکیە. دەوڵەتی تیروریستی جمهوری ئیسلامی ئینسانکوژیک دەکاتە قارەمان کە گوایە مەزڵومانە بەدەستی ئەمریکا تیرۆر کراوە، نەک لەشەڕێکی میلیتاریستیدا کەخۆی لەم ناوچەیەدا بناغەکەی داناوە. ئەمانە ئەم کارانە دەکەن بۆئەوەی شان خاڵی کردنەوەیان لە وەڵامدانەوە بۆ ئەم هەموو تاوان و شەڕەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامیان داوە و جمهوری ئیسلامیش خۆی بەشێک لەم ئینسانکوژیەیە بێتاوان دەری بکەن.

دەڵێن جمهوری ئیسلامی و قاسم سلیمانی لە دژی تیرۆریزم لەم ناوچەیەدا و لەدژی داعش شەڕی کردووە. لەحالێکدا ‌هێشتاش بنەماڵەی بن لادن و ڕابەرانی تاڵیبان لە تاران دەژین. چۆن دەکرێ و مومکینە جمهوری ئیسلامی بەلایەک جێگەیەکی ئارام بێت بۆ تیرۆیستەکانی القاعدە و تاڵیبان و ئەوانی تر و لەلایەکی دیکەش لەگەڵ تیرۆریزمی داعش بەجیددی شەڕ بکات؟ شەڕی جمهوری ئیسلامی لەدژی داعش نەک لەبەر تیروریست بوونیەتی، بەڵکو بەهۆی سەرهەڵدانی هێزێکی نەیاری خۆی و هێزێکی تازە لەدژی دەسەڵات و حوزوری خۆی لە ناوچەکەدا بوو. دەوڵەتی ئەمریکاش، کەخۆی لەدامەزراندنی داعشدا دەستی هەبوو، نە بەهۆی شەڕلە دژی تیروریزمدا، بەڵکو بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم هێزە لەدژی بەرژە وەندی خۆی لە عێراقدا و بۆ پاراستنی هەژموون و دەستێوەردانی لە عێراق و سوریادا شەڕی لەدژی داعش ئەنجامدا. ئەگەر داعش دەسەڵاتی سوریای ڕووخاندباو لە عێراقیش دەستی بەسەر بەغدادا داگرتبا یەکەم دە وڵەتێک کە بە ڕەسمی دەیناسی ئەمریکا دەبوو. مەگەر لە نێوان داعش و تاڵیباندا جیاوازییەک هەیە؟

دونیای پێشکەوتوو نابێ شەڕ لەدژی داعش وەک هەنگاوێکی باش و بەنرخ لەلایەن دەوڵەتەکانی بەشدار لەم شەڕەدا، لە ئەمریکاوە بیگرە هەتا ئێران و ناتۆ روسیا و … بناسێ و میدالیای بەرگری لە هێمنی ناوچەو دونیا بەسەرسینگی ئەواندا هەڵبواسێ. ئەمانە خۆیان دامەزرێنەرو یاریدەری سەرهەڵدانی تیرۆریستەکانی القاعدە، تاڵیبان، داعش، النصرە، هێزی ڕزگارکەری سوریای دەسکردی تورکیا، انصاراللە، جیهادی ئیسلامی و حزب اللە و … بوون وە هەن .

سەرەرای ئەمە، جمهوری ئیسلامی لەساڵەکانی یەکەمی سەرکەوتنی شۆرشی ١٩٧٩ی ئێراندا و لە هەشتاکاندا تەنیا لە سی ڕوژدا زیاتر لە 5000 کەسیان کوشت. لەوکاتەوە تائێستا زیاتر لە 20 هەزار کەسیان ئیعدام کردووە و زۆر زیاتریش لەوەی لەزیندانەکاندا ڕاگرتووە و بەدیلی گرتوون. ناوی ئەمە دەنێن چی؟ ئیعدام؟ شەڕ؟ تیرۆر؟ قەتل؟ یا چیتر؟

ئەم جۆرە ناونانە لە ڕواڵەتدا لایەنێک بێتاوان دەکات و لایەنەکەی دیکەش تاوانبار. کوشتن و قەتڵی بە کومەڵی خەڵکی ڕاپەریو بۆ بورژوازی دەسەڵاتدار لەهەموو وڵاتێک ئاساییە، بەڵام کوژرانی قاسم سلیمانی سەرکۆنە دەکرێت. ئەمە واژوکردن و بێبایەخ کردنی ڕاستیەکانی شەڕێکی چینایەتییە. ئیعدام و قەتل و کوشتنی بەکۆمەڵ و زیندان و ئەشکەنجە بەشێک لەم شەڕەیە. لە حالێکدا نەک تەنها شەڕ وکوشتنی بە ئاشکرای خە ڵکی لە دژی ئینسانیەتە، بەلکو تەنانەت ئەشکەنجەی یەک ئینسانیش تیرۆری کەسایەتی ئەوە. ئازاردانی یەک ژن بەهۆی وەلانانی حیجاب یان خۆشویستنی کوڕێک خۆی تیرۆری کە سایەتی ئەوە. بەزور دانپێدانان بەدیل لەزیندانەکاندا تیرۆری کەسایەتی ئەم کەسانەیە. برسێتی و بێکاری و بێدەرەتان کردنی ئینسان لە هەبوونی ژیانیکی ئینسانی و باش و ئازاد، تیرۆری کەسایەتییە. هەموو ئەمانە شەڕێکی تە واو چینایەتییە. کەسێک ئەمە قبوڵ نەکات، کێشە ئەسڵیەکان تێ ناگا.

ئێوە لە پرسیارەکەتاندا کوشتنی قاسم سلیمانی بە تیرۆر و ڕووداوێکی نوێ ناوبرد کە ڕەنگە ببێتە ڕێوشوێنێکی نوێ و دەوڵەتەکان لە دژی نەیارانی خویان و هەڵسوراوانی سیاسی و خەڵکی حە قخواز بەکاری بێنن. بەڵام ئەمە نەیەکەم جارو نە دوایین تیرۆری مێژووی میلیتاریزم و شەڕو تیرۆریزمی دەوڵەتی لە جیهاندایە. ئەمەش بەشێک لە سیاسەتی لە مێژینە و هەمیشەیی بورژوازی نیونەتەوەییە چ لە کێشە ناوخۆییەکانیاندا و چ بەتایبەتی لە هەڵسوکەوتیان لە دژی خە ڵک بووە .

لە ئەمریکا مارتین لوترکینگ ڕابەری بزووتنەوەی دژی قەوم پەرستی، جان اف کندی سەرۆک کۆمار و زۆرێک لەڕابەڕانی نەقابە کرێکاریەکانیان تیرۆر کرد. لەسوید ئولاف پالمەی سوشیالیست و سەرۆک وەزیریان تیرۆر کرد. دەوڵەتی سعودیە نەیارو رەخنەگری ناسراوی خۆی، خاشقچی، کوشت وە لەت لەتیان کرد.

ئەم جۆرە ڕووداوانە زۆرجار لەلایەن دەوڵەتی ئیسراییل لە دژی خەڵکی فەلەستین و غەزە دەستی بۆ بردراوە. ڕابەرانی حەماس لە ماڵەکانی خۆیاندا ولەگەڵ ژن و مناڵیاندا لە شارو گەڕەکی خۆیاندا کەوتوونەتە بەر هێرشی تیرۆریستی. دەوڵەتی ئەمریکا بۆ تیرۆری فیدل کاسترۆ سەدان پلانی داڕشت و سەر نەکەوت. ئوجالانیان لە وڵاتێکی دیکە لە ناو فڕۆکەدا بە دیل گرت. بن لادنیان لەماڵەکەی خۆیدا کوشت. ئەوەی کە کەسێکی وەک بن لادن حەقی بوو بکوژرێت جیاوازیەکی ئەوتۆ لە کێشەکە داناکات.

شەڕو تیروریزمی جمهوری ئیسلامیش کە بۆ هەموو کەس ناسراوە. جمهوری ئیسلامی دەیان کەسی نەیاری خۆی لە ئەوروپادا تیرۆر کردووە، قاسملۆیان لە ڕستورانێکی ناو… شاری ئەڵمانیادا تیرۆر کرد. غولام کشاوەرزیان لەبەردەم هوتێلی شوێنی نیشتەجێ بوونی لە وڵاتی قوبرس و لەبەر چاوی دایک و باوکیاندا تیرۆر کرد. بەختیار و د یان تیرۆری دیکە لە ئەوروپا و ڕوژهەڵاتدا بەڕێوە چوون. سەدان کەسایەتی هەڵسوراوی سیاسی و دژی رژیم لە ناو ئێراندا بە ئاشکرا و بە دزی تیرۆر یان ئەشکەنجە کراون. هەموومان قەتلە زنجیرەییەکانی ناو ئێرانمان لە بیرە. هێزەکانی داردەستی جمهوری ئیسلامی لە و ناوچەیەدا، وەک لوبنان، سوریا، عێراق، یەمەن، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکە لە ئەساس و بنەرەتدا هێزی بە کریگیراو و وە ڕەشەکوژی تیرۆریستین. جیهادی ئیسلامی، حزب اللە، حەشدی شەعبی و لق و پۆپەکانیان، انصار اللە و ئەوانی تر بەتیرۆرو کوشتنی هەزاران کەسی بێگوناە دەستیان خوێناویە. هەموو ئەمانە تەنیا بەشێک لە سیاسەتی شەڕو میلیتاریزم و زورەملێ و تاوان لە دژ بە مرۆڤە. هاتوهاوار لەسە ر کوژرانی کەسێکی سەربازی ئێرانی و باس لەسەرئەوەی کە تیرۆرە یان هەر ناوێکی تری لێ بنێن و تا چ ڕادەیەک وە ژێرپێنانی یاسا نێو دەوڵەتییەکان بێت، لەجەرگەی ئەم شەڕو میلیتاریزم و زۆرە ملێی یەی ئەمریکا و جمهوری ئیسلامی لەم ناوچەدا وەکو “نوکتەیەکی بێ تام” وایە و دەیەوێ بەگەورەکردنەوەیەکی بێتام وبێمانا ڕوواڵەتی مەسەلەکە بگۆڕێت. بەرگی شەڕێکی ماڵوێرانکەری دەیان ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکرێ بە داماڵینی ئەم یان ئەو لە تیڕۆر داپوشرێ. ئەسڵی مەسەلەکە ئەمەیە کە لەلایەک دەوڵەتی ترامپ بە بیرۆکەی ئەوەی خۆی هێزی یەکەمە هاتووە و دەڵێت: من هێزی سەرەکیم. گەورەترین ئابووری دونیا، گەورەترین هێزی عەسکەری دونیا و گەورەترین چەکی وێرانکەرم لە دونیاودا هەیە و هەرچیم پێ خوش بێت دەیکەم و وەڵامدەرەوەی کەسیش نیم و نابم. ئەمە نۆرمی دونیای ئەمرۆ و “نەزمی نوێی” دوای تێکچوونی بەرەی ناسراو بە ڕوژهەڵاتە. لەلایەکی دیکەشەوە جهموری ئیسلامی هاتوەتە سەر کارو دەیەوێ هیلالی شیعی پێک بێنێت، ئیسرائیل لەناوبەرێت و هێزی خۆی لەناوچەدا وەکو هێزێکی ملهورو سەرکوتگەری خەڵکی ستەم لێکراوی ئێران و ناوچەکە سوودمەند بێت. لەچوارچێوە ی وەها سیاسەتێکی پیس و دژی مرۆڤانەدا، هەر هەنگاو و کارێک دەکرێت بەڕێی بخەن. لەوانە، تیرۆر، کوشتن، ئیعدام، کوشتنی بەکۆمەڵ و هەر جنایەتێکی تر لەخزمەت بە ملهوری سەرە هێزی ئەمریکا دا لەلایەک، وە یان پاراستنی دەسەڵاتی جەهەننەمی جمهوری ئیسلامی ئێران لە لایەکی تر. هاوڕابوون لەگەڵ هات و هاواری گاڵتەجاڕی لە حاشیەی ئەم شەڕو میلیتاریزمە و خەوزڕاندن لە مرۆڤی ئەم دونیایە بەتایبەت لە ئێران کە ترامپ دەبێت چ تاوانێکی تریش ئەنجام بدات، پەردەپوشی ئامانج و سیاسەتە دژی بە شەری و تاوانکاریەکانیەتی کە لەبەر چاوی دونیادا بەڕێوەدەچێت. بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکە لەسەر ئەساس و بنەمای پەرەدانی بەم هاتوهاوارە لە خزمەت میلیتاریزم و شەڕو تارمایی شەردایە.

بۆپێشەوە: بزوتنەوە کرێکاری و جەماوەرییەکان لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر دەچن. قووڵبونەوەی کێشەکانی ئێران لەناوچەکەدا چ تەئسیریکی لەسەر بزووتنەوەی عادلانەی جەماوەرو کرێکاران هەیە؟

مزەفەری محمدی: جمهوری ئیسلامی لەهەمان کاتەکانی هاتنە سەرکارییەوە جەنگێکی پان و بەرینی سیاسی، ئابووری، ئەمنیەتی و عەسکەری لەدژی خەلکی ئێران دەست پێکردووە. جمهوری ئیسلامی لەماوەی ئەم چل ساڵەدا بەناوی پەرە گرتن و پەرەدان بە شۆرشی ئیسلامی لەم ناوچەیە و بگرە لە هەموو جیهاندا، پێکهێنانی بەرەی بەرەنگاری و دوژمنایەتی لە گەڵ ئەمریکا و ئیسراییل وەک گوپاڵێک لەدژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بۆ بێدەنگ کردنیان، واتە بۆبەرژەوەندی ناوخۆیی دەسەڵاتی خۆی، بەکارهێناوە. ئایدیۆلوژی ئیسلامی یەکێک لەبنەماکانی پاراستنی ئەم دەسەڵاتەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، بەشی هەرەزۆری داهاتەکانی وڵاتی خەرجی پەرەپێدانی ئەم ئایدیولوژیە پیسەکردووەو ‌هێزو بنەما ئابووریەکی زۆر بەهێزو بەتوانای پێکەوەناوە کە ئەنجامەکەشی ئەمڕۆ لە هەبوونی کومەڵگەیەکی زۆر داماو و دە ست کورتدا دە بینین. کومە ڵگەیەکە زیاتر لە 60 ملیۆنی لەخوارەوەی هێڵی هەژاریدا دا دەژین. بێکاری و برسیەتی و هەلاواردنی ڕەگەزی تاکو هەڵاواردنی رەگەز پەرەستانە و بڵاوبونەوەی دزی و فزی، تریاک و فەحشا، فرۆشتنی پارچەیەکی لەش بۆ پارووە نانێک لە دەسکردە کانی ڕژیمێکن کە ناوی جمهوری ئیسلامییە.

لە ڕوانگەی جمهوری ئیسلامیدا شەڕی ئێران و عێراق کەبووە هۆی کوژرانی زیاتر لە یەک میلیۆن سەرباز و هێزە چەکدارەکان و خەڵکی شارو دێ و ماڵوێرانی و پەرەسەندنی هەژاری، بەرەکەتێکی خواپێداوی بوو. شەڕی کەنداو و ڕووخانی صدام حسین و پێکهێنانی بەرەی شیعەکان لە عێراق و پاشانیش پێکهێنانی هێزێکی بە کرێگیراوی وەک حەشدی شەعبی  و پێکهێنانی دەوڵەتێکی کارتۆنی لەقەوم و مەزهەبەکانی لایەنگر و بەردەستی خۆی، و دواییەکەشی کڕینی بەشێک لە یەکیەتی نیشتمانی وە ک پیاو گوێ لەمشتەکانی خۆی لە کوردوستان، هەموویان وەک بەرەکەتێکی خواپێدراوی دەبینی. پاراستن و بەرگری لە بەشار ئەسەد بە خەرجێکی یەکجار زۆر لەسەر نان و دانی خە ڵکی ئێران، بە رەکەتێکە بۆی.

بەڵام چەندجار لەماوەی ئەم مێژووە تاوانکارانەیەدا و تاکو ئەمڕۆ، جمهوری ئیسلامی زەبری چاک و قورسی بەرکەوتووە لە لایەن خەڵکەوە. بزووتنەوەکانی مانگی دی ماە لە 1396 (دیسەمبەر٢٠١٧)دا، ڕاپەڕینی زور بەهێزی کرێکارانی مەڵبەندە پیشەسازییەکان وەکو پولاد، پیتروشیمی، هەفت تپە، هەپکو، آزراب و ڕاپەڕینەکانی مامۆستایانی خوێندگەکان و خانەنشینەکان و شوفێری کامیونەکان و … وە ڕاپەڕینیی ملیۆنەها کەس لەمانگی ئابانی 1398 ( نۆڤەمبەری ٢٠١٩)دا، زەبری قورسیان لە ڕژێم و هەموو دەسەلات وەشاند. بزووتنەوەی ڕووخاندنی جمهوری ئیسلامی لە ئێران دەستی پێکردووە.

ئەمە تەنیا جمهوری ئیسلامی نییە کە لەبەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەدا ڕاوەستاوە. دەوڵەتی ترامپ و دەوڵەتەکانی تری ئەوروپای ڕۆژئاواش ئەم بزووتنەوەیەیان بەدڵ نییە و دەترسن شورشێکی تر لە ئێران سەرهەڵبداتەوە. هەر بەم بۆنەوەیە کە ترامپ بەردەوام دەڵێت دەیەوێت ڕژێمی جمهوری ئیسلامی بمێنێت. وە جمهوری ئیسلامیش وەڵامی بۆ کوشتنی قاسم سلیمانی و قارەمانە نەتەوەییەکەیان بە “زللەیەک”ی کە لەسەری رەنگە پێکهاتبن دەداتەوە. کێشە و شەڕە قسەی هەردوو لایەنی تیرۆریستی و پارێزەری میلیتاریزمی ناوچە، بۆ پێکەوە دانشیتن و سازانە.

ئەگەر جمهوری ئیسلامی نەبێتە کۆسپ لەسەر ڕێگای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرفتیان لەگەڵ یەکتر نییە و نابێ. نەموشکیلەیان لەگەڵ قە تلوعامەکان و کوشتنە بەربڵاوەکان لە ١٣٦٠ (١٩٨٢)و نە ئیعدام و زیندان و سەرکوتەکان هەیە.  ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵ شۆڕشی داهاتوودا موشکیلەیان هەیە. ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپاییەکان لەترسی شۆرشی 1357(١٩٧٩)ی خەڵک لە ئێران خومەێنیان هێنا و شایان لابرد. شۆڕشێک ئەگەر ئەم پێکهاتنەیان لەناودا نەبا ڕەنگ بوو ژێر پێی هەموویانی بۆش و کاول دەکرد. ئەمرۆش بۆیە لەترسی شورشێکی تر قسەی تێدا نییە کە جمهوری ئیسلامیان بەدڵترە و ئامادەن مل بە هەرجۆرە پێکهاتنێکیش بدەن. پیلان وهەوڵەکان بۆ پاراستنی یەک بەیەکی ئەم هەنگاوانەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران لەدەست خەڵکی شۆڕشگێڕو ڕاپەڕیو. گومان لەوەدا نییە کە هەلومە رج و هەبوونی فە زای شەڕو میلیتاریزم و ملهوریەکانی هەردوولا کاریگەریان لەسەر بزووتنەوەی جەماوەر بۆ ڕووخاندنی جمهوری ئیسلامی داناوە و هێواشی دەکەنەوە. بەڵام ناتوانێ ئەم ئاگرە بکوژێننەوە. قارەمان دروستکردن و گە ورەکردنەوەی جمهوری ئیسلامیش لە پێناو ساردکردنەوەو دواخستنی ئەم بزووتنەوەیە وە ڕەخساندنی هەلە بۆیان. بەڵام ئەم هەمو هاتوهاوارە و خۆڵ بە چاوی خەڵک داکردنە دادەمرکێتەوە و دیسانیش ئەمە جمهوری ئیسلامیە و 60 ملیۆن ئینسان کە لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان دەکەن. جمهوری ئیسلامی ناتوانێ نیازە سەرەکیەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بەدی بێنێت. هەر ئەم فەزای شەڕو زەبر لێکەوتن و زللە لێدانانە خۆی لەخزمەت ئەوەدایە کە بەری گرتووە بەو شەڕە گرینگەی کە لە نێوان دەسەڵات و خە ڵکدا دەستی پێکردووە. شەڕی ئەسڵی ئێمە لێرەیە. بزووتنەوەی ڕووخاندنی ڕژێم ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ نییە. چونکە هەژاری و سەرکوتگەری بنەی نایێت. ئەم بزووتنەوەیە دەبێ سەرکەوێت. ڕێگای ناوەندی بۆنییە. نەقەومی و ڕەگەزپەرەستی، نە مەزهەب کە لەوپەڕی شەرمەزاریدایە و نەئەڵقە ی بەرگری لە ناوچەدا، جمهوری ئیسلامی ڕزگار ناکەن .قاسم سلیمانی بەرلەوەی کە ئەمریکا بیکوژێ، لەلایە خەڵکی ئێران کە دەڵێن بۆچی خەرجی نان و دانی ئێمە دەکەیە دەست ڕاگەیشتن بە هێزەکانی سەر بەخۆت لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و …و لەلایەن خە ڵکی عێراقیشەوە بەدروشمی سەری مار لە ئێرانەو هێزە بە کرێگیراو دەسکردەکانی ئێران چیتر قەبووڵ ناکەین، وەلا نرابوو.. ئەگەر ئەم ڕووداوە هەندێک بزووتنەوەکەی خاوکردەوە بەڵام ئەسڵی کێشەی  هەڵسوکەوتی خە ڵکی ئێران و عێراق لەگەڵ دەوڵەتەکانیان، کە دەیانەوێ بڕۆن، ناگۆڕێت.

بۆپێشەوە: سەبارەت بەم کێشانەی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەرکی هێزە چە پ و کۆمۆنیستەکان لە عێراق و ئێراندا چییە؟

مزەفەر ی محمدی:  یەکەمین و گرینگترین ئەرکی هێزی چەپ و کۆمۆنیست و چینی کرێکار لە ئێران و عێراقدا ئەوە یە کە نەهێڵن ڕیزو هێزی چینی کرێکارو بەشمەینەتانی کومەڵگە ڕاپەریوەکانی ئێران و عێراق لەگەڵ ململانی و کێشەکانی هەموو ڕیزو هێزی بورژوازی و دەوڵەتەکان و هێزە نوێنەرەکانیان تێکەڵ بێت. دروشم و داخوازی “ڕۆژهەڵات ناوەڕاستێکی بێ شەڕو میلیتاریزم” ئەمە نیشان دەدات. ئەمریکا، ناتۆ، دەوڵەتە کۆنەپەرەستەکانی ناوچە وەک سعودیە و تورکیا و ئێران دەبێت لەم ناوچەیەوە بچنە دەرەوە. هێزە داردەستەکانیشیان دەبێ چەک بکرێن و خەڵک چارەنووسی خۆی دیاری بکا. هەلومەرجەکە لە عێراقدا زۆر ئاڵۆزە. عێراق لەکێشەکانی ئەم دواییەدا بوەتە قوربانی. بوەتە مەیدانی گێرە و کێشەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لەگەڵ جمهوری ئیسلامی و نۆکەرەکانی. هێزە قەومی و مەزهەبیەکانی شیعە و سوننی و کورد، هەرکامیان مانەوە و تێدا نەچوونیان بە کێشەو دوژمنایەتیەکانی دەوڵەتەکانی ئەمریکا، جمهوری ئیسلامی، تورکیا و سعودیە وە گرێی خواردوە. کێشەکانی ئە م دواییانەی نێوان ئێران و ئەمریکاش ئەم کێشەیە ی توندو زیاتر کردووە. گەڕانەوەی عێراق بو دەورانی پێکهاتنی نێوان گرووپە شیعەکان و سوننی و کورد و پێکهاتن لەسەر دابە شکردنی دەسەڵات و داهاتی وڵات لە نێوانیاندا زۆر سە ختترە ئێستا. ئەمریکاش تین و توانای پێشووی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی یەکدەستی دیکەی قەومی – مەزهەبی و یە کگرتووکردنەوەی حیزب و هێزە قەومی- مەزهەبییەکانی نەماوە. ڕەنگە عێراق تووشی شەڕێکی ناوخۆیی نێوان قەومەکان و کورد، سوننی و شیعە و هەڵوەشانەوەی وڵاتەکە ببێت. تەنانەت لەوانەیە عێراق لە نێوان ناوچە شیعە و سوننی و کوردەکاندا دابەش… بکرێت. چینی کرێکار تووشی هەلومەرجێکی زور ئەستەم و تەنگی لێکترازانی کومەڵگەکەدا بووە.

ئە گەر دەوڵەتی ترامپ لەژێر گوشاری لایەنی شیعە و میلیشیای حەشدی شەعبی و موقتەدا سەدردا ناچار بەپاشەکشە لەبەغدا و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی عێراقدا بکرێت، لەوانەیە بتوانێت لەبەشی عەرەبی سوننی و کوردستاندا دامەزرێت. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە ڕەنگە ئەمریکا ریفراندوم و سەربەخۆیی کوردوستان بەڕەسمی بناسێت و پێگە عەسکەرییەکانیشی بگوازێتەوە ئەم ناوچەیە. بەشداری نەکردنی نوێنەرانی قە ومە عەرەبە سوننیەکان و نوێنەرانی حیزبە کوردیەکان لەهەڵبژاردنەکانی پارلەمانی قەومی-مەزهەبی عێراق سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە.

لە ئێران لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە لەبەرانبەر ڕژێمێکی سەرکوتگەردا ڕاوەستاوین کە تێچووی کارە فراوانخوازەکانی لەسەر سفرەی خەڵکیە و هەژارییەکی زۆری سەپاندووە ئێمە لەبەرانبەر ئۆپۆزسونێکی بۆرژواییش ڕووبەڕووین کە ئەم جەنگ و کێشانە بە قازانجی خەڵک دەزانێ بە ڕۆڵ و کاریگەری خەڵک بێ متمانەن. نەک هەر ئەوە، بەڵکو باوەڕیان وایە هەر ڕۆڵێکی خەڵک لەم نێوەدا بە زیانی سەرمایەداریی و سیستەمەکەیەتی لە داهاتوودا. بەم پێیە هەریەکێکیان لایەنگری لەیەکێ لەو دوولایەنە دەستدرێژی کارە دەکات بە جۆرێک خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکەوە .

ئەمانە دەیانەوێ جمهوری ئیسلامی ئێران بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە نەک بڕووخێت، بەڵکو ئاڵوگۆڕێک لە خۆیدا بکات. جمهوری ئیسلامی ببێتە بۆرژوازیەکی گوێگر و ببێتە بەشێک لە خێزانی بورژوازی جیهانی خۆشیان بەشدار بن تێدا یا دەیانەوێ جمهوری ئیسلامی بگوردرێ بەجۆرێک لە بۆرژوازی تر بەمانەوەی هەمان ئامێری ساسیی سەرکوت و دامودەزگای ئەمنی و پۆلیسیەوە. ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی هیچ گرفتیان نییە لەگەڵ هەمان دامودەزگای دادگەرایی و ئەنجومەنەکانی جمهوری ئیسلامی. ئەوان بە سوپا و تەنانەت بەشێک لە سوپای پاسداران پیاچونەوە دەکەن ئەگینا ئەوانە بە هەمان هێزی حکومەتی ئاییندەی دەسەڵاتە بورژواییەکەی خۆیان دەزانن. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە کە قاسمی سلیمانی بە پاڵەوان و سەرکردەیەکە نوێنەری ئەوانیشە بۆ ئەو ڕژێمە سەرمایەداریەی ئەوانیشە بۆ ئێران کە بەرژەوەندی یەک پارچەیی خاک و نیشتمانی ئێرانی دەوێ.

بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی چەپیش هەن کە لایەنگری ئەمریکا دەکەن و ئەم شەڕو تیرۆریزم میلیتاریزمەی ئەمەریکا بە فشارێک دەزانن بۆ ڕووخانی جمهوری ئیسلامی ئێران، ئەم بەشە لە چەپ بە ئاشکرا یا بە نهێنی هیچ ڕەخنەیەکیان لە فراوانخوازی و تیرۆر ومیلیتاریزمەکەی ئەمەریکا نییە لە کوشتنەکەی قاسم سلیمانیدا، بەڵکو ئەوە بەقازانجی بزووتنەوەی ڕووخانی جمهوری ئیسلامی دەزانن. ئەمەش بۆ خۆی مەترسی و کۆسپە لە بەردەم بزووتنەوەی ڕووخانی جمهوری ئیسلامیدا.

کۆمۆنیستەکان لەعێراق و لە ئێران دەبێ ئەم ڕاستیانە بگەیەنن بە فراوانترین خەڵکی هەردوو وڵات سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕووخانی جمهوری ئیسلامی کاتێ بەدی دێت کە سەری ئەم مارە پان بکاتەوە. وە سەربەخۆیی چینایەتی کرێکاران و زەحمتکێشان لەناو ئەم گۆڕانکاریانەدا بەم شێوەیە مسۆگەر دەکرێت.

٢- چ لە عێراق و چ لە ئێران خرۆشان و ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵک لە ئارادایە. مەرجی ئەو بزووتنەوەی ڕووخان و ڕاپەریوانە کە خواستێکی هاوبەشیان هەیە بۆئەوەی بەسەربەخۆیی چینایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بگەن ئەوەیە کە کۆمۆنیستەکان و ڕابەرانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە ڕیزی ئازادیخوازاندا کە جڵەوی سیاسەتێکی ڕۆشن و تاکتیکێکی دیاری کراو لە هەردوو وڵاتدا بە ئەستۆ بگرن. بەجێگەیاندنی (ڕۆژهەڵات ناوەڕاستێکی بێ جەنگ و میلیتاریزەکراو) لە گرەوی سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕووخان و شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشمەینەتان لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئێراندایە  بەبێ ئەوە خواستی ڕۆژهەڵاتی بێ میلیتاریزم و جەنگ و چوونە دەرەوەی هێزی دەوڵەتەکان و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان تەنها وەک شیعارو ئارەرزوو دەمێنێتەوە. هیچ هێزێک لەوانەی لە هەردوو وڵاتدان ناتوانن بە دوای بەرژەوەندی چینایەتی و ئازادی و ئاسایش و ئارامی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەوە بن.

شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵک لە عێراقدا دەسەڵاتی قەومی- دینی هێناوەتە چۆکدانان و ناچاری ئەوەیان کردوون واز بهێنن لە دەسەڵات، ئەوە هەنگاوێکی زۆر مەزنە، لە حالێکدا ئەوەی کە دەوڵەتی تازە بێت و حەشدی شەعبی گرێدراو بە ئێرانەوە هەڵوەشێنێتەوە جگە لە خۆشخەیاڵی هیچی تر نییە. نابێ ڕێگا بدرێ پاشماوەکانی دەسەڵاتە قەومی و دینیەکەی پێشوو خۆیان ڕێکخەنەوە و بە جۆرێکی تر بێنەوە و دەسەڵات بگرنەوە دەست و بە بەڵێن و پەیمانی درۆ خەڵک فریو بدەن و بیاننێرنەوە بۆ ماڵەوە. دەبێ وازهێنانەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ رێکخستنی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و گسکدانی هەموو پاشماوەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداری چاو لێ بکرێ.

هەر بەو پێ یەی کە خەڵکی ڕاپەڕیوی عێراق دەڵێن سەری مارەکە لە ئێرانە. بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕووخانی جمهوری ئیسلامی سەری ئەم مارەش پان دەکرێتەوە و ڕێگای سەرکەوتنی شۆڕش لە عێراقدا مسۆگەرتر دەبێت.

سەرەنجام سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوانە لە عێراق و لە ئێران دووبارە بەندە بە نەخش و دەخالەتی کۆمۆنیستەکان و باڵی چەپی کۆمەڵگەی پشت بەستوو بە جەماوەری ملیۆنی لە خەڵکی کرێکار و لاوان و ئازادیخوازانی تر. بەبێ ئەمە هیچ ئومێدێک بۆ دامەزراندنی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ئێراندا نییە.

٣- لە کۆتایدا ئەوە بڵێم هاوپشتی و بەیەکەوە گرێدانی هەردوو بزووتنەوەکەی عێراق وئێران وەک لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە ئەرکی زۆر گرنگی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان و چەپی کۆمەڵگەی هەردوو وڵات. دەبێ وەها کارێک بکرێ کە هەر ڕاپەڕین و نارەزایەتیەک لە هەر یەک لەو دوو وڵاتە کاریگەری لەسەر ئەویتریان دا بنێت. ئەزموونەکان بۆ یەکتر بگوازرێنەوە و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکان پێکەوە هاوڕا بۆ پێشەوە ببرێن.

بزووتنەوەی ڕووخانی جمهوری ئیسلامی ئێران بەتایبەت لەلایەن بەشی پێشرەوی چینی کرێکاری لە ڕووی ئاسۆو تاکتیکەوە بۆ خەبات لە چاو ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی عێراق لە پێشترە. شیعاری (نان، کار، ئازادی، بەرێوەبردنی شورایی ) بووەتە شیعاری سەرتاسەری بزووتنەوەکە لە ئێران. دامەزراندنی شوراکانی کرێکاران و خەڵکی لە شوێنەکانی کارو ژیان لە گەڕەکەکانی شار، پێکهێنانی کۆمیتەکانی کۆمۆنیستی و کۆمیتە شۆڕشگێرەکانی خەڵکی لەلایەن حیزبی ئێمە وە لە دەستوری کاری کۆمۆنیستەکان چینی کرێکارو خەڵکی شۆڕشگێردایە. هۆشیاری و ئەزمونەکانی تاکتیکەکانی خەبات و ڕێکخراوبوون دەکرێ لە لایەن کۆمۆنیستەکانی عێراقەوە سوودی لێ وەربگیرێت وەک بگوازرێنەوە و بڵاوکرێنەوە لە کۆمەڵگەی ئێستادا وەک ئەلگۆ و ئەزمون چاویان لێ بکرێت. بەشی چەپی کۆمەڵگەی هەردوو وڵات بە تایبەت کۆمۆنیستەکان دەبێت خۆیان سەر بەیەک بەرە بزانن. پێشڕەوی هەر یەکێکیان بە پێشرەوی یەکتر چاو لێ بکەن و لە خزمەتی بەهێزکردنی یەکتردا بە کاری بێنن. هاوکاری و پێکەوەکارکردنی کۆمۆنیستەکانی عێراق و ئێران بە تایبەت حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق وکوردستان و حیزبی ئێمە لەم هەلومەرجەدا زۆر پێویست و گرنگە.

کانوونی دووەمی٢٠٢٠

تێبینی:١-  ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٠ی بەرواری ١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

٢- وەڵامی ئەو پرسیارانە بەزمانی فارسی گەیشتبووە دەستی بۆپێشەوە، بەسوپاسەوە هەردوو هاوڕێ مستەفا یونسی و سەردار عەبدوڵا ئەرکی وەرگێرانەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان. لێرەوە جارێکی تر سوپاسی ماندووبوون و هاوکاریان دەکەین.

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *