سەبارەت بەشوراکان: گفتوگۆ لەگەڵ ئازاد مەجید

دۆسیەی ژمارە ١ شوراکان

ئازاد مەجید: ئێمە لەکەرکوک دەستمان بەسەر چەندان تەن خواردەمەنیدا گرت، کەلەلایەن بەرپرسانی حزبە کوردیەکانەوە شاردرابوەوە. بردمان بەشێوەیەکی یەکسان لەبارەگای شوراکان دابەشمان کرد بەسەر خەڵکیدا، هەروەها ئەمنیەتی گەڕەک و دامەزراندنی تیمی پزیشکی، و هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەڕەک بەشێوەیەکی  شەفاف و ڕاستەوخۆ بەبەرچاوی خەڵکەوە

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئازاد مەجید هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی شوورایی شاری کەرکوک سەبارەت بە ئەزموونی شوراکانی شاری کەرکوک…

بۆپێشەوە: دوای ٢٨ ساڵ بەسەر بزووتنەوەی شوراییدا، چۆن دەڕوانە ئەزموونی شوراکان؟

ئازاد مەجید: شوراکان لە ساڵی ١٩٩١ تەجروبەیەکی تازە بوو لەمێژووی بزووتنەوەی جەماوەری و کرێکاری وکۆمۆنیستی لەکوردستان. بەتایبەتی تا ئەوکاتە ئەم تەجرووبەیە بەعەمەلی لەکوردستان ڕووی نەدابوو. ئێمە لە کتێبەکان ولەمێژوی شۆڕشەکانی وەک ئۆکتۆبەر و شوڕشی ئیراندا خوێند بوومانەوە، چۆن دەس پێبکەین؟ چۆن سەرکەوتوو ئەبین؟ بۆمان ڕۆشن نەبوو، کارێک بوو ئەبوایە خۆمان دەستمان  پێبکردایە و لەنەتیجەی کارەکانمان فێری بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی گەڕەکێک یا چەند گەڕەکێک و دابینکردنی پێداویستییەکانیان لەخۆراک و خزمەتگوزاری و ئەمنیەتیان، لەکولیەتی خۆیدا دامەزراندنی سیستمێکی شورایی لە ئاستی چەند شارێک یاخۆ کوردستان، ئەگەر سەرکەوتوبوینایە؟ بەڵام ئەوەی ئێستا بێین و دوای ئەوەندە ساڵە،  دوای تەجرووبەیەک بڕوانینە ئەو مێژووە کەخۆی کەمتر لە مانگێک لەشارەکانی کوردستان، وە لە کەرکوک  ١-٢ هەفتە  لەژێر  فشاری شەڕو هێڕش و تۆببارانکردنی شار لەلایەن حکومەتی  بەعس، و خەڵکیش لەترس و دڵەڕاوکێی گرتنەوەی شار لەلایەن بەعسەوە، کارێکی قورس و گران بوو. بەهەرحاڵ هەموو کەم تەجرووبەیەیی ئێمە کۆمۆنیستەکان هەمان بوو نە دیتن و ڕانەهاتنی خەڵک لەگەڵ ئەم شێوە سیستم وبەڕێوەبردنە وهەستکردن بەوەی کە ئەحزابە ناسیونالیستە کوردییەکان دژایەتیان دەکەن. ئەگەر وەزعەکە درێژەی بکێشایە حەتمەن کاری زۆر باشمان دەکرد و خیبرەی باشترمان پەیدا دەکرد، لە مەیدانی خزمەتکردن و دابینکردنی پێداویستیەکان لە ئاو و کارەبا و  خواردەمەنی کە ئەوکاتە  ژیان زۆر سەخت بوو، خۆراک زۆر کەم بوو وە دابەشکردنی لەلایەن شوراکانەوە بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر خەڵکدا، کەئەوکاتە ئێمە لەکەرکوک دەستمان بەسەر چەندان تەن خواردەمەنیدا گرت، کەلەلایەن بەرپرسانی حزبە کوردیەکانەوە شاردرابوەوە. بردمان بەشێوەیەکی یەکسان لەبارەگای شوراکان دابەشمان کرد بەسەر خەڵکیدا، هەروەها ئەمنیەتی گەڕەک و دامەزراندنی تیمی پزیشکی، و هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەڕەک بەشێوەیەکی  شەفاف و ڕاستەوخۆ بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەشداریکردنی خەڵکی عەرەب وتورکمان لەگەڕەکی ئێمە بەتایبەتی کە لەهەموو نەتەوەکانی لێبوو، ببووە جێگەی سەرسوڕمانی خەڵکەکە، بەشداری چالاکانەی ژنان و تەنانەت هەڵبژاردنیان وەکو نوێنەر زۆرگرنگ بوو. من بەش بەحاڵی خۆم بەتەجروبەیەکی گرنگ وسەرکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خەڵکی دەزانم، سەرەڕای ئەو کەموکورتیانەی کە ئێستا دوای نزیک بە سی ساڵ،  حەتمەن ڕەخنەمان دەبێت. ئەوەی کەنەیتوانی ببێتە دەسەڵات لەکوردستان؟ ئەوەیان شتێکی ترە، ئەوەی کە بۆچی سەرنەکەوت، بۆ شوراکان درێژەیان نەکێشا؟ ئەوە باسێکی ترە ئەکرێ لەشوێنێکی ترا باسی لێوە بکەین، بەڵام بەگشتی تەجروبەیەکی زۆر گرنگ بوو بۆبەڕێوەبردنی ژیان بۆ دەسەڵاتدارێتی بۆ فێرکردنی خەڵک بۆ بەشداری ڕاستەوخۆ لەدەسەڵات.

بۆپێشەوە: سەرباری هەر کەموکوڕییەیەک وە وێرای تەمەنی کورتی شوراکان، دەستکەوتەکانی شوراکان و بزوتنەوەی شورایی چی بوون؟

ئازاد مەجید: لە وەڵامی پرسیاری پێشودا لەچەن شوێن ئییشارەتم بەو دەسکەوتانە داوە، بەڵام بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان یەکەم شت ئەوە بوو کەبەشێوەیەکی عەمەلی دەرگیری بووین لەگەڵ جەماوەر کە وەڵامێکی عەمەلی لێمان دەویست. چ کارێک بکەین کە بەشێوەیەکی نوێ وجیاواز لەوانەی لە ڕابردودا لەلایەن ئەحزابە ناسیونالیستانەوە کە باربوون بەسەریانەوە و خەڵکیان تا ئەوشوێنە پێویست بوو کەخۆیان ببنە دەسەڵات و خەڵک خزمەتکار و گوێ ڕایەڵی ئەوان بێت، بەرزبونەوەی ئاستی وشیاری سیاسی خەڵک لەمەجالی خۆهەڵبژاردن وەک نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندیکانی خۆیان، بۆبەڕێوەبردنی کاروباری گەڕەک و شار، وە بۆ دیفاع لەمافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان شوراکان دەوری زۆریان بینی لەو شیارکردنەوە وئاشنابونیان بەکۆمەڵێک دروشم، کە پێشتر لەمێژووی خەباتی خەڵکی کوردستاندا نەبیسترابوو، و پێی ئاشنا نەبووبوون وەکو  ئازادی و یەکسانی ، نان، کار، ئازادی، حکومەتی شورایی، مافی یەکسانی ژن و پیاو. بۆ یەکەمین جار بوو لە ئاستی فراوان و کۆمەڵایەتیدا پیشاندرا کەلەکوردستان بەتەنها ناسیونالیزم نییە، بەڵکو ئەمجارەیان کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، بەشیعارو ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی خۆیانەوە سەرسەختانە دیفاع لەخۆیان دەکەن. هەربەو بۆنەیەوە دەمەوێ ئییشارە بەخاڵێک بکەم؛ کە خەڵک بەبۆنەی ئەو بزووتنەوەیەوە ئاشنا بوو بەکۆمەڵێک بۆنە و یادی شۆڕشگێرانەی چینایەتی جیاواز لەبۆنە و یادە ناسیونالیستانەی کە باوبوون: وەکو یەکی ئایار جەژنی چینایەتی کرێکاڕان و ۸ مارس ڕۆژی جیهانی ژنان…تاد.

بۆپێشەوە: زۆر هۆکار وەکو پاشەکشەی شوراکان ئاماژەی پێدەکرێت، بە بۆچوونی تۆ هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی شوراکان چی بوو؟

ئازاد مەجید: سەرەتا چەپ و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان تەجروبەیەکی وایان نەدیتبوو، چونە ژێرباری کارێکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی کەلەشان و شەوکەتی ئەم بزووتنەوەیە نەبینرابوو. بۆیە تاحەدێک ئاڵۆزی و سەرەگێژییەک توشی چەپ بوو. کۆمۆنیستەکان تا ئەوکاتە باسی شوڕش و شوراکانی لەکتێبەوە خوێندبوەوە تەرجومەکردنی بۆ واقیع وکارێکی وا زەحمەت بوو، خۆمان و ڕێکخراوەکانمان تاحەدێک بێبەش بووین لە نفوزێکی اجتماعی، بەهێزی ڕاپەڕین وخرۆشانی جەماوەری فرسەتێکی پێماندا کە تێکەڵ بەبزووتنەوەیەکی واقعی کۆمەڵایەتی ببین، و خۆمان تاقیبکەینەوە، هەموو ئەمانە و سەرباری نەبوونی ئاسۆ و بەدیلێکی سیاسی، و لەنەبونی حیزبێکی کۆمۆنیستی بەهێز، و ڕابەرانێکی ناسراوی کۆمەڵایەتی و لەئاستی سەرتاسەریدا ناسراو، وە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆگرتنە دەستی دەسەڵات بوونە هۆی پاشەکشەی شوراکان و نەیانتوانی درێژە بەتەمەنی خۆیان بدەن. سەرەڕای ئەمانە کەمی کاتەکە، ڕزگارکردنی کوردستان بەتایبەتی کەرکوک و گێرانەوەی لەلایەن بەعسەوە بۆ جاری دووەم هەمووی مانگێک نەبوو!

بۆپێشەوە: رۆڵی رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریی لە شوراکاندا چی بوو؟

ئازاد مەجید: سەبارەت بەڕۆڵ و دەوری ڕابەران وهەڵسوڕاوان؛ ،بەڕەئی من کێشەکە کەم کاری و ساردوسڕی نەبوو، بەڵکو هەمومان شەوڕۆژمان خستبووە سەریەک بۆ دامەزراندنی شوراکان لەگەڕەکەکان بۆساتێک نەدەوەستاین بۆ دابینکردنی پێداویستەکانی خەڵک و پاراستنی ماڵ و حاڵیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەی کوردستانی بەچەکدارو میلیشیاکانیان کەوتبوونە تاڵانکردنی دامودەزگا و شەریکاتی حکومی، هەر سەیارە و شتومەکی دائیرەکان بوو دەیان برد، تەنانەت سڵیان لەماڵ و حاڵی خەڵکیش نەدەکردوە و دەچوون لەو گەڕەکانەی تورکمان وعەرەبی لێبوو سەیارەیان لێوەردەگرتن و دەیانگوت پێشمەرگەمان بریندارە دەیبەین بۆ نەخۆشخانە، چووبوونە سەر ماڵێکی عەرەب لەگەڕەکی حسابات و ماڵەکەیان تاڵان کردبوو، خاوەن ماڵەکە جەڵتە لێیداو دواتر تا گەیاندمانە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بۆیە ئەمنیەتی گەڕەک یەکێ بوو لەئەولەویاتی کارو هەڵسوڕانمان، بەتایبەت لەکەرکوک وەزعەکە تایبەت بوو؛ کەس بەکەس نەبوو هەرچی بکرایە هەروا تێدەپەڕی و دەڕۆیشت هیچ دەزگایەکی لێپرسینەوە نەبوو بۆپاراستنی ماڵ و حاڵی خەڵک. هەر بۆیە یەکێک بوو لەکارە جدیەکانی گەڕەک لەلایەن شوراکانەوە.

بۆپێشەوە: ژمارەیەک لەهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی، لە بەرامبەر بە گەڕانەوەی بەعسدا، بەرگریان کرد، تا چەندە لاتان وایە ئەو بەرەنگارییە دروست بوو، لە کاتێكدا هێزی شوراکان و دەوڵەت زۆر نابەرابەر بوو؟

ئازاد مەجید: بزووتنەوەی شورایی وەک بەرهەمی خەباتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، وەک بەدیلی کۆمۆنیستەکان لەوکاتەدا بۆ دەسەڵات، بێبەری نەبوو لەکۆمەڵێک کەموکوڕی: بەتایبەتی… لەمەیدانی سەربازیدا،  خاوەن هێزێکی  مودەرەب و شارەزا لەکاروباری شەڕ و سەربازیدا، نەبوونی کادری شارەزاو سەردەرچوو لەکاری سەربازیدا بەتایبەت بکەویتە بەرەنگاربونەوە لەگەڵ دڕەندترین دەوڵەتی عەسکەری وەکو عێراقدا، کارێکی هەروا ئاسان نییە. جگە لەوە هێزیکی یەک دەست نەبوین، خاوەن حیزبێکی کۆمۆنیستی قاڵ بووی خەبات لەهەموو مەیدانەکاندا، خاوەنی بەرنامە و ڕابەڕانێکی کۆمەڵایەتی ناسراو لە ئاستی بزووتنەوەی شوراییدا و لەنێو چینی کرێکار، خاوەنی پایەیەکی بەقوەت نەبی، ناتوانی وەڵامدەرەوەی زۆرێک لەوکێشانە بی. لەحاڵەتێکی وادا کۆمەڵێک کادرو گروپی جیاواز بەتەسەوری جیاوازەوە ناتوانێ خاوەن هێزێکی ئاوابێت. ناتوانێ لەوەزعیەتێکی وادا ئەو تواناییە لەخۆی نیشان بدات شەڕی بەرەنگاربونەوە بەقازانجی خۆی یەکلا بکاتەوە. لەکاتێکدا بەعس وەک وەحشێکی دڕندە و بریندار دەیەوێ ئەو ناوچانە داگیربکاتەوە و بگەڕێتەوە، ئەمریکاش زەمینەی گەڕانەوە و اتفاقی بەقازانجی خۆی فەرز کردبوو بەسەر عێراقدا، دەیویست دیسانەوە مەجال بەبەعس بدا بۆئەوەی جارێکی تر لەبەرامبەر نفوزی ئێراندا فرسەتێکی تری بداتێ و ڕێگە بەدەسەڵاتداریتی ئەحزابی شیعی سەر بەئێران نەدا. هەر بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستیکرد بەهێرش، و لەکەرکوکەوە دەستی پێکرد بۆ سەرکوردستان، لەچەند شوێن لەنێوان کەرکوک و چەمچەماڵ چەند کەس لەخەڵک گیانیان لەدەستداو کوژران و تەرمەکانیان جێمابوو، دواتر تەرمەکانیان بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە شوێندرابوون، ئنجا وەک تاکتیکێک پاشەکشەیان کردوو و تەرمەکانیان جێهێشت، بۆ ئەوەی خەڵک بەبینینی بترسێت و مەعنەویاتی هێزی بەرامبەر بشکێنێ،  فیعلەن ئەوانە دەوریان بینی. دواتر هێرشیان هێنا توانیان شارەکان بە خەڵک چۆڵ بکەن.

لەگەڵ ئەوەی هێزەکە نابەرابەر بوو، و لەولاوە بەرەی کوردستانی هیچ مقاوەمەتی نەدەکرد و لەکەرکوک ئێوارەکەی شاریان جێهێشتبوو، کەچی بەخەڵک و تەنانەت بەحیزبەکانی تریان نەوتبوو بەهەمان شێوە لەچەمچەماڵ و هەموو شارەکان چوڵکران. لەکاتێکی وادا شوراکان ئەوهێزە نەبوون کە بەتەنها بتوانن لەشەڕێکی وادا بەرەنگاریەکی جدی لەخۆیان نیشان بدەن.

بەهەرحاڵ لەچەند شوێن بەرنگاربوونەوە شەڕ ڕویدا، ئەوەبوو لەتاسلوجە و هەولێر و چەند شوێنی تر چەن کەس گیانی خۆیان کردە قوربانی، وە لەناویاندا هەلسوڕاوانی بزووتنەوەی شوورایی لە کەرکوک و سلێمانی و هەولێر گیانی خۆیان بەختکرد بۆ بەرگریکردن لە جەماوەری ئاوارە، و سەروەری و مێژوویەکیان بۆ ئەو بزووتنەوەیە تۆمارکرد.

بۆیە حەتمەن لەشەڕێکی وادا تەرازوی هێز بەقازانجی تۆ نابێت و، بەناچاری پاشەکشە دەکەیت.

تێبینی: ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە ٧١ بۆپێشەوەدا لە ١٥/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *