سەبارەت بە شوراکان: گفتوگۆ لەگەڵ عەلی عەبدوڵکەریم …

عەلی عەبدولکەریم: دامەزراندنی شوراکان کارێکی خۆڕسکانە نییە، بەڵکو کارێکی ڕێکخراوەییە و شێوازێکیترە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئەڵتەرناتیڤی شێوازی ئێستا و باوی کۆمەڵگەیە. بۆ ئەمەش بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەکرێت کۆمەڵگەی بۆ ئامادە و ڕێکبخات…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز عەلی عەبدولکەریم چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە ئەزموونی بزووتنەوەی شورایی لە کوردستانی عێراق ساڵی ١٩٩١

بۆپێشەوە: بزوتنەوەی شورایی لە دڵی هەلومەرجێکی  کۆنەپەرستانە و جەنگی و ڕاپەڕینێکی ژێر ئاسۆی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردیدا ڕویدا، ئەو هەلومەرجەی کە بزووتنەوەی شورایی تیایدا دەستیپێکرد چ کاریگەریەکی لەسەر شوراکان و بزووتنەوەی شورایی هەبوو؟

عەلی عەبدولکەریم : بە بڕوای من بزووتنەوەی شورایی لە کات و ساتێکدا سەریهەڵدا کە تەواوی جومگەکانی کۆمەلگەیەک، کە پێناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەیگرێتەوە، لەبەریەک هەڵواشابوەوە. کۆمەڵگەیەکی ماندوو بە دەست جەنگێکی هەشت ساڵە و گەمارۆیەکی ئابوری تاقەتپڕوکێن کە سەروسیمای کۆمەڵگەی بردبوەوە سەر کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی و دابڕاو لە دەرەوەی خۆی. ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵک بە جۆرێک هاتبوە خوارەوە کە بە هەر ئەڵتەرناتیڤێکی دوای دەسەڵاتی بەعس خۆشحاڵ و خۆشباوەڕبێت.

هەبوونی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەڵتەرناتیڤی قەومی کە دەسەڵاتی خۆماڵی و کوردانە یەکسان کرابوو بە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی. لە کۆتایشدا ئەم پنتانە بە قازانجی حیزبە چەکدارە قەومیەکان کۆمەکی گەورەی کرد.

خاڵێکیتر کە گرنگە ئاماژەی پێبکەم خودی ڕاپەڕینەکەیە، کە ئەگەر سەرنجبدەن، ڕاپەڕینێکی بە مانای وشە پیاوانە بوو. بەشداری ژمارەیەکی دیاریکراو لە ژنان، مۆرکی پیاوانەیدا لە ڕاپەڕینەکە و ئەمەش لەگەڵ فۆرم و شێوازی حیزبی کوردیدا هاوبەش و تەبابوو. ڕاپەڕینێکی لەوجۆرەش، کۆمەڵگە لە دەستی دەموچاوەکان ڕزگار دەکات، بەڵام لە باوەشی هەمان سیستەمدا دەیهێڵێتەوە. سەرباری ئەوەش پەرشوبڵاوی بەرەی چەپ و ئازادیخواز و نەبوونی ئەزمونی لەپێشینەی شورایی لە عێراق و کوردستان کۆمەککەربوون بەسەرنەکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە.

بۆپێشەوە: زەمینەکانی دوبارە دەستبردنەوە بۆ بزووتنەوەی شورایی چین؟ ئایا دەکرێت لەهەموو هەلومەرجێکدا دەست بۆ دامەزراندنی شوراکان ببرێت؟

عەلی عەبدولکەریم: بەبڕوای من، ناکرێت دامەزراندنی شوراکان و سیستەمی شورایی  وەک ئەگەرێکی ( ئەبێت یان نابێت) یان ( لەبارە یان لەبار نییە) مامەڵەی لەتەکدا بکرێت. دامەزراندنی شوراکان کارێکی خۆڕسکانە نییە، بەڵکو کارێکی ڕێکخراوەییە و شێوازێکیترە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئەڵتەرناتیڤی شێوازی ئێستا و باوی کۆمەڵگەیە. بۆ ئەمەش بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەکرێت کۆمەڵگەی بۆ ئامادە و ڕێکبخات. ڕوونکردنەوەی سیستەمی شورایی بۆ کۆمەڵگە و ڕۆشنکردنەوەی ئەوەی کە کۆمەڵگە چۆن بەڕێوەدەچێت لە سیستەمی شورایدا، خاڵێکی گرنگە. ئێوە سەیرێکی ئەحزابی بەرەی بەرامبەر بکەن، هەمیشە و هەردەم سیستەمی پەرلەمانی وەک باشترین و لەبارترین سیستەمی کۆمەڵگە بە کۆمەڵگە دەناسێنن و تەبلیغی بەردەوامی بۆ دەکەن. ڕۆژانە ناوی پەرلەمان و دەستور و سیستەمەکەی خۆیان بە گوێی خەڵکدا دەدەن. لە بەرامبەردا سیستەمی شورایی وەک فۆرمێکی بێتەفسیر و بێشیکاری و بێزانیاری بە گوێی ژمارەیەکی کەم لە کۆمەڵگە دەگات.

شورا چییە؟ چۆنە؟ سیستەمی شورایی چییە؟ چۆن دادەمەزرێت؟  چۆن کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات؟ کارە ئیداری و ئابورییەکانی چۆن ڕێکدەخات؟ بەشداری خەڵک تیایدا چۆنە؟ ئەمانە تا ئێستاش بۆ کۆمەڵگە ڕوون نییە. کۆمەڵگەش باوەش بۆ شێوازێکی نوێی بەڕێوەبردن ناکاتەوە، کە وەڵامی پرسیارەکانی تیادا وەرنەگرێتەوە.

بە کورتی زەمینەسازی بۆ دامەزراندنی شوراکان و سیستەمی شورایی کارێکی ڕێکخراوەییە و کۆمەڵگەی بۆ ئامادە دەکرێت. ئەمەش حیزبی جدی ئەوێت کە پلانی جدی هەیە بۆ ئاڵوگۆرێ کۆمەڵگە. ڕێکخراوی بە پلان و بەرنامەی ئەوێت. دەزگای ڕاگەیاندنی لەبار و پێویستی ئەوێت تا زەمینەی دەمەزراندنەکە فەراهەم بکات. بەبڕوای من ئەمڕۆ کە زۆرینەی خەڵک بڕوای بە حکومەت و دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستان نەماوە فرسەتێکی گەورەیە بۆ ڕێکخستنی خەڵک لە شوراکاندا. لە گروپی بچوکی گەڕەکەکان و شوێنی کارەوە دەستپێبکەین و بکەوینە ڕێکخستنی خەڵک. خۆڕێکخستن و دواتریش فراوانکردنی ئەو ڕێکخستنە دەتوانێ هەنگاوی خێرا بە ئاقاری دروستکردنی شوراکاندا بنێ، تا لە ڕوی پراکتیکیەوە دەسەڵات لە شوێنی ژیان و کاردا دەکەوێتە دەست خەڵک خۆیەوە.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی ژنان لە بزوتنەوەی شورایی ساڵی ١٩٩١ چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

عەلی عەبدولکەریم: بەشداری ژنان لە بزووتنەوەی شورایی ساڵی ١٩٩١ مۆدێلێکی نوێ و ئەزمونێکی تازەبوو بۆ کۆمەڵگەی کوردستان. ئەمە خاڵێکی هەرە درەوشاوەی ئەم بزووتنەوەیەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە شوراکاندا بوون و ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام بەڕای من ئەمە هێزی ڕاستەقینەی ژنان نەبوو. ئەکرێت وەک نوێنەرایەتی ژنانی کوردستان یان شتێکی لەو بابەتە ناو ببرێت، بەڵام هێزە ئەسڵی و ڕێکخراوەییەکەی ژنان نەبوو کە بتوانێت مافەکانی ژنان بچەسپێنێت. هەربۆیە دەبینین ئەو هێزەی ژنان نەیتوانی مۆرکی خۆی لە کۆمەڵگە بدات و کۆمەڵگە بەرەو مەدەنیەت و ئازادی و یەکسانی بەرێت. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا کە ڕاپەڕینەکە خۆی ڕاپەڕینێکی پیاوانەبوو. ڕاپەڕینێک کە ژنان ژمارەیەکی گەورەن تیایدا، دەسکەوتەکانیشی بۆ ژنان و بۆ یەکسانی گەورەن. ڕاپەڕینی پیاوانە دەسکەوتەکانی ژنان بەدەست ناخات.

داڕووخانی سەروسیماکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن لەپێش ڕاپەڕیندا کۆمەکی گەورەی بەبزووتنەوە کۆنەخوازەکان و بەشدارینەکردنی ژنان کرد لە ڕاپەڕیندا. ئامادەیی و ڕێکخرابوونی لەپێشینەی ئەحزابی کۆنەخواز و پیاوانەی بزووتنەوە قەومی و دینیەکان خاڵێکیتری نەهاتنەمەیدانی ژنانی کوردستان بوو. بەبڕوای من پرسیارێکی گرنگ کە دەبێت بپرسین ئەوەیە کە ئەو ژمارە لە ژنان کە بەشداری دروستکردن و شکڵپێدان و بەڕێوەبردنی شوراکانیان کردووە چیان بەسەرهات؟ ئەمڕۆ لە کوێن؟ بۆچی بەرەی کوردایەتی توانی  هەڵیان لوشێتە ناو حیزبەکانی خۆیەوە؟ بۆچی شوراکان نەیانتوانی ئەم هێزە رێکبخەن و ژمارەیان بەرەو هەڵکشان ببەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەتوانێت کۆمەکی جدیمان بکات لە ئایندەدا.

تێبینی: ئەم  گفتوگۆیe لە ژمارە ٧١ بۆپێشەوەدا لە ١٥/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *