دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە لەپاراستنی هاوڵاتیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان! …

عەبدوڵا مەحمود

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئینسانی. سێ مانگە ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەواوی کۆمەڵگەی ئینسانی توشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. ژیانی لە هەزاران ئینسان سەندۆتەوەو بە سەدان ئینسانیش گیرۆدەی ڤایرۆسەکە بوون، کە یان لە خەستەخانەکاندا لەژێر چاودێریدان یانیش ناچار بە خۆپەنادان لەماڵەوەدا کراون. ژیانی کۆمەڵایەتیش لەزۆربەی وڵاتانی دنیا، هەڵپەسێردراوە.

تائێستا دەرمان و چارەسەری ئەم بەڵای دژی تەندروستی ئینسانییە، بەردەست نییە، ئەوەش هێندەی تر کۆمەڵگەی مرۆیی خستۆتە بەردەم هەرەشەی مەرگی زیاتر و لەپێ خستنی ژیانی کۆمەڵایەتی.

لەدڵی ئەم هەلومەرجە ترسناکەدا کە سایەی بەسەر ملیاردەها ئینساندا کردووە، کەمی پێداویستییە تەندروستیەکان لە پەرستار و دکتۆرەوە، بۆ خەستەخانەو پێداویستیەکانی وەکو ئامێری هەناسەدان، دەمامک و دەستکیش و سیسەم،…تاد بەڵایەکی ترە کە ئەمەیان راستەوخۆ پەیوەندی بە نیزامی چینایەتی و قازانج پەرستی بۆرژوازییەوە هەیە. سیستەمی بۆرژوازی ئەم سەردەمە، پلان و بەرنامە و ستراتیجی بۆ هەموو کایەکانی پاراستنی نیزامەکەی و شێوازەکانی کەڵکەکردنی سەرمایە هەیە. جەنگ و جبەخانە سەربازییەکانی، ململانێی خۆ… پرچەککردن، و ڕیگاکانی زیادکردنی پێگە سیاسی و سەربازییەکانی لەوڵاتە ئەزمەگرتووە سیاسییەکاندا… تا دەگاتە میدیا و ماس میدیا بۆ گیژو هوڕ کردنی هاوڵاتیان … داهات و بودجەی خەیاڵیان بۆ تەرخان دەکرێت، کەچی لەبەرامبەر پیشهاتەکانی ئەزمەی تەندروستیدا، دەستەوەستان دەبن یان توانای پێویستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نییەو پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەیان بەشێوەی کافی لەبەردەست نییە. چەکە بەردەستەکانی ئێستای وڵاتانی بۆرژوازی دەتوانێت دەیان و سەدان جار کۆمەڵگەی هەسارەی زەوی بەسەریەکدا بڕمێنێت و ئەودیو دیوی بکات، کەچی لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی پێویستی یەک جاری ئەزمە تەندروستیەکان، یان تسۆنامی و کارەساتە سروشتیەکانیدا بەچۆک دادێت. ئەمەش هۆکارەکەی بەسادەیی ئەوەیە کە چالاکی و ئابوری و بەرهەمهینان و لەسایەی نیزامی ئیستادا بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی ئینسان و پاراستنیان لە بەڵا و کارەسات و نەخۆشییەکان نییە، لە جێگای ئەوەدا بۆ قازانج و کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی نیزامی سەرمایەدارییە. هەر ئەو هۆکارەشە وای کردووە نیزامی چاوچنۆکی سەرمایەداری وەکو پێویست گرنگی بە بواری خزمەگوزارییەکان و زامنکردنی پیداویستی ژیاری ئینسانەکان و بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەیی و …نەدات و هیندەی بۆی بکرێت کەمی بکاتەوە یان شانی خۆی لە فەراهەم کردنیان خاڵی بکاتەوە.

لەناو دڵی ئەو هەموو سەروەت و سامان و پێشکەوتنە ئابوری و تەکنەلۆژیایەی لەهەموو بوارەکاندا دنیای تەنیوە، دەستەوەستانی بۆرژوازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەزمە تەندروستیەکان و کارەساتە سروشتیەکان و کەمی پێداویستی بۆ رووبەڕووبووبەوەیان، رووی دزێوی ئەم نیزامەی ئیستای دەخاتە روو… وە ئەوە نیشان دەدات کە ئینسان لە سایەی ئەم نیزامەدا، بونەوەرێکی بی بەها و قازانج و سودیش، بەهادارتر لە خودی ئینسانن.

ئەزمەی تەندروستی، کە هاوکات بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری… لە ئێستادا بۆتە ئەزمەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی سەراپاگیر لە ئاستی دنیادا و بۆرژوازی بەجیا لەوەی ئامادەیی پیویستی نییە، یان نایەوێت هەموو توانایەکانی خۆی بخاتەگەر بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەزمەکە، هاوکاتیش لەهەوڵی ئەوەدایە کە باری قورسی ئەم بەڵاو ئەزمەیە بەسەر سەری چینی کریكارو کۆمەڵانی بەش مەینەتدا بشکێنێتەوە.. شەپۆلی بیکارکردنی ملیۆنی دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەدەیان ملیۆن کرێکار و کارمەند لەسەر کارەکانیان دەرکراون، لەگەڵ درێژە کیشانی قەیرانەکەش ئاست و شەپۆلی بیکاری هەڵدەکشیت…

ئەگەر لەبەشێک لە وڵاتانی دنیادا و لە ئاکامی خەبات و بزوتنەوە کریکاری و رادیکاڵە کۆمەڵایەتیە پێشکەوتنخوازەکانەوە، توانراوە نیزامی سیاسی ناچاری زەمانەتکردنی لانی کەمی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت. بیمەی کۆمەڵایەتی و بیکاری و تەندروستی و پەروەردەیی… فەراهەم کرابێت، ئەوا لەبەشی هەرەزۆری دنیادا خەبەرێک لەبیمەکان و زامنکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نییە.

لەبەشێکی زۆری وڵاتاندا کە کەسانێک بێکار دەبن، یان دەوڵەت ڕینماییان دەداتێ کە لەماڵەوە بمێننەوە، حکومەت بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت و خەڵکی قەرەبوو دەکرێنەوە.

عێراق و کوردستان، یەكێک لەو شوێنانەیە، کە دەسەڵاتی سیاسی باکی بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی نییە و خەبەرێکیش لە بیمەکان لەئارادا نییە، لەوەش مەترسیدارتر ئەو دەسەڵاتە جگە لە رێنمایی گشتی و باو هیچ بەرپرسیاریەتیەکی بەکردەوەو تایبەت لەبەرامبەر بە ئەزمەی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵناگرێت.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم… لە دانی رێنمایی باوی خۆپارستندا کە هیچی تێ ناچیت و قورسایەک ناخاتە سەرشانیان، سەغاوەتمەندانە دەدوێن و ئاگاداری بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئامادە نین هیچ بەرپرسیارییەتیەکی بەکردەوە لەخۆیان نیشان بدەن و لەو هەموو داهاتەی ٣٠ ساڵە حەپەلوشی دەکەن و لە بانقەکانی دادەنێن، بەشێکی بۆ بەرگرتن بەو دارمانی کەرتی تەندروستی هاوڵاتیان و بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرپێگرتنی بخەنە گەڕ. بە خەڵکی دەڵین “لەماڵ بمێننەوە” “باشترین خۆپارێزی بەریەک نەکەوتن و پاک و خاوێنی و لەماڵەوە مانەوەیە”، بەڵام ئامادەنین بەرپرسیارییەتی هەڵبگرن و زەمانەتی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بخەنە ئەستۆ. ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کرێکارانی کەرتی تایبەت، بیناسازی، گازینۆکان، چیشتخانەو باڕ و دوکاندارەکان، دەستفرۆشان و ساڵۆن و سەرتاشخانەکان…تاد، کە ژیان و گوزەرانیان لەسەر کاری رۆژانەیانە، چۆن دەتوانن بۆ ماوەیەک لەماڵەوە بن، بێ ئەوەی پارە و موچەیان هەبێت بۆ درێژەدان بەژیانی خۆیان و خێزانەکانیان؟ خۆ ئەگەر کەسێک زیندانیش بێت، پێویستە ژیانی زامن بکرێت… کەچی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم وەکو زیندانیانیش ئامادەنین مامەڵەی ئەو ئۆردووە لە کرێکاران و بیبەشان بکەن، کە هیچ سەرچاوەیەکی ژیانیان بێجگە لە کارەکانیان نییە، کە ئیستا بەهۆی لەماڵەوە بوونی ناچارییەوە لەدەستیان داوە.

لەوەش زیاتر…ئەگەر پێشوتر بە پاساوی نەهاتنی بوجە لە بەغداوە، بە بیانوی شەرێ داعش!!وە، موچەیان بڕی و سیستەمی پاشەکەوتی موچە” برسیکردنی هاوڵاتیان” داهێنا، ئەمجارە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بە پاساوی نوێ و بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، موچەی کریکاران و کارمەند و موچەخۆران نادەن یان دوای دەخەن. بەراستی خەڵکی کوردستان لەناو بەرداشی دوو ڤایرۆسدا گیریان خواردووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەک و ڤایرۆسی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەلایەکی ترەوە.

خەڵکێک کە لەماڵەوەن… پێویستە بێ هیچ قەیدو شەرتێک، ژیانیان و و پێداویستەکانی ژیان کردنیان، لە ئاو کارەبا، ئەنتەرنیت، خۆراک… زامن بکرێت. موچەخۆران موچەیان پێ بدرێت و ئەوانەشی موچە خۆر نین و کاریان لەدەستداوە، پێویستە قەرەبووبکرێنەوە و ئەوانەشی بیکارن، بیمەی بێکاری و ژیانیان فەراهەم بکرێت.  لەبەرامبەر بەو دۆخەدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەرپرسیارە لە زامنکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆران. بەرپرسیارە لە قەرەبووکردنەوەی بێکارکراوان و پاراستنیان لە ڤایرۆسی کرۆنا و دابینکردنی وەسائیلەکانی خۆپارێزی لە دەستکیش، کەمامە، جێڵی دەستشۆرین، پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی خەستەخانەو بنکە تەندروستیەکان و دانی دەرماڵەی مەترسی بە کریکارو کارمەندانی کەرتی تەندروستی.

ئەوەی کە تا ئێستا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەبەرامبەر بە ئەزمەی تەندروستی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا پەیرەوی دەکات، ئەوپەرێ بێدەربەستی و بێبەها تەماشاکردنی ژیانی زوربەی هەرەزۆری هاوڵاتیانی کوردستانە. خۆدزینەوەیە لەدانی موچەی فەرمانبەران، شان خاڵی کردنەوەیە لەبەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی ئەوانەی بەهۆی پابەندبوون بە رێنمایە تەندروستیەکانەوە، لەماڵەوەن و کارەکانیان” بەڕیوەچوونی ژیانیان” لەدەستداوە. زامن نەکردنی پیداویستیە تەندروستی و خۆپارێزییەکانە بۆ خەستەخانەو بنکە تەندروستیەکان. لەوانە دەستکێش، کەمامە، ژمارەی کافی پەرستار و دکتۆر، جیهازی هەناسەدانی پیویست، سیسەم….تاد. گرتنەبەری ڕیگای چاوترساندن و زیندانی کردنی ئەوانەی رەخنە لە دەسەڵات دەگرن… هەموو ئەمانە نیشانی دەدات کە دەسەلاتی هەرێم دەسەڵاتێکی فاشیل، نابەرپرس، سەرکوتگەر و زیادەیە بەسەر کۆمەڵگەوە… خەڵکی کوردستان پیویستە چۆن رێکاری پێویست بۆ خۆپاریزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ ڕیگەگرتن لە تەشەنەسەندنی دەگرنە بەر، ئاواش پیویستە مامەڵەی ئەو دەسەڵاتە بکەن و وەکو ڤایرۆسێکی سیاسی زیادە بەسەر سەری خۆیانەوە لێی بڕوانن و نەخشەو رێکاری دورخستنەوەی نەخشەمەندانەی لەبەرامبەردا بەدەستەوە بگرن.    

کۆتایی ئازاری ٢٠٢٠ 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٢ی ١/٤/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *