دەبێت خەڵکی کوردوستان چیتر ڕێگا نەدا ئەوانەی کە لە سەنگەری  دیفاع لەخەڵکدان حکومەت بیانخاتە زیندانەوە.! …

نووسینی: شوان عەزیز

ئەوانەی کە دیفاع لەخەڵکی کوردوستان دەکەن بێگوێدانە چین و توێژی کۆمەڵایەتی، ئایین و مەزهەب، نەتەوە، یان  زمان و زاراوەی ئاخاوتن لەهەر شوێنێکی ئەو کوردوستانە بن دەبێت پشتیان بگیرێ. ئەوە کەموکووڕی و کەمتەرخەمیەکی یەکجار گەورەیە دەربارەی خەڵکی کوردوستان کە کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لەسەر ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی مووچەو مووچەی پاشەکەوتکراو دەکا بۆ مووچەخۆرانی کوردوستان، بەڵام لەسەر ئەو کارو چالاکیەی دەکرێتە تاوانبارو دەخرێتە زیندانەوە. وە خەڵک پەرچەکردارێکی  زۆر گەورەی لە دژی حکومەت نابێت.

هێزی پێشمەرگەی کوردوستان کە دەڵێن لە پێشی پێشەوەیە بۆ پاراستنی خاک و ئاساییشی کوردوستان، بەڵام سەرباری ئەو ئەرکە قورس و گرانەشی، هێشتا حکومەتی هەرێم وەک پێویست ژیان و گوزەرانی ئەو هێزەشی دابین نەکردووە. ڕۆڵی ئەو هێزەی تاڕاددەیەک فەرامۆش کردووەو مووچەکەیان لە ئاست ئەرکەکەیاندا گەلێک کەمە. بۆیە کاتێک کە پێشمەرگەیەک، بەرپرسێکی ناو ئەو هێزە یا کارمەندێکی بوێری تێدا دەردەکەوێ و ویژدانی تەحەمول ناکاو دیفاع لە هێزی پێشمەرگە دەکا یاخود داوای مووچەو پلەو خۆشگوزەرانی زیاتر دەکا بۆ هێزی پێشمەرگە یاخود ڕەخنە لە حکومەت دەگرێ لەسەر مافی پێشمەرگە، وە لەسەر ئەو کارەی  لەلایەن حکومەتەوە سزا دەدرێ، دەبێت پێشمەرگەی دیفاع لێکراو ڕازی نەبێ و بە کردەوە سەنگەر لە حکومەت بگرێ لەسەر ئەو مەسەلەیە..

مامۆستایان و کارمەندان و مووچەخۆرانی کوردوستان دەبێت ڕازی نەبن کاتێک کە ڕۆژنامەنووسێک، چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی یاخوود هەر کەسێکی تر کە هاتۆتە ناو سەنگەری دیفاع لە مووچەخۆرانی کوردوستان وە حکومەت بڕیاری گرتنیان بۆ دەر بکاو وەک تاوانبار بیانخاتە زیندانەوە.

حکومەتی یەکگرتووی زەردو سەوزی حیزبی و بنەماڵەیی کوردوستان نابینێت کە هێزێکی یەکگرتوو هەیە لە کوردوستان کە بە کردەوە ڕازی نابێت مافی خەڵکی کوردوستان بخورێت. ئەو پێشمەرگانەی کە دیفاع لە خەڵک دەکەن و لە سەنگەری خەڵک دان، ئەو نووسەرو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەی کە بە هەمان شێوە لەسەنگەری خەڵک دان و دەنگ لە پێناو مافی خەڵکدا بەرزدەکەنەوە ئەوانە ئەو هێزەن کە پەرتەوازەن و دەبێت خۆ ڕێکخەن و هێزێکی یەکگرتوو بە کردەوە پێکبێنن.

ئەو هێزە یەکگرتووەیە کە دەتوانێت ڕێ لە کوشتن و تیرۆرکردنی کاوەکان و سەردەشتەکان و سۆرانەکان و عەبدولستارەکان بگرێت. ئەو هێزەیە کە دەتوانێت ڕێ لە دادگاکانی ژێر هەیمەنەی بنەماڵەیی بگرێت لە دادگایی کردنی نیاز عبدولاکان و ڕۆژنامەنووسە بوێرەکانی تر. ئەو هێزەیە کە دەتوانێت کەش و هەوای ئازادی ڕادەربڕینی میدیایی مسۆگەر بکات بۆ میدیای تایبەت و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و تەواوی خەڵک. ئەو هێزەیە کە دەتوانێت ئازادی حیزبایەتی و ڕێکخراوەیی بسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتداراندا.

ئێستا چونکە خەڵکی بەیشمەینەتی کوردوستان ڕێکخراو نییە، یەکگرتوو نییە، بە کردەوە نە هاتۆتە سەرشەقامەکان و بە هێزێکەوە بڵێت ئیتر بەسە! بۆیە حکومەتی بنەماڵەیی و حیزبی لە کوردوستان بە ئارەزووی خۆی و بەو پێیەی کە بنەماڵەو حیزب لە بەرژەوەندیدایە حوکم بەسەر خەڵکی کوردوستاندا دەکا.

ئێستا لە کوردوستان هەر کەسێک داوا بکات بڵێ دەبێت مووچەکانمان بۆ بگێڕنەوە ئەوە بێشک تاوانبارە، ئەگەر بڵێت کوا پاشەکەوت و بۆچی کردتان وە چیتان لێکرد ئەوە دیسان تاوانبارە، ئەگەر بڵێت کوا پارەی ئەو نەوتەی دەیفرۆشن و ئەو داهاتەی کە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی ترەوە دەستان دەکەوێت دیسان ئەو کەسە تاوانبارە، ئەگەر بڵێت بۆچی دوای ٣٠ ساڵ لە حوکمڕانی و هەبوونی ئەو هەموو داهاتەی ژێردەستان بۆچی هێشتا ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، خەستەخانە، خوێندنگاو سادەترین خزمەتگوزاری تر کە دەبوایە هەبایە نییە؟ ئەوە دیسان ئەو کەسە تاوانبارە. ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک دۆسیەی گەندەڵی و دزی حکومەت یان بەرپرسێک ئاشکرا بکا ئەوە بێ شک تاونبارە. کە دەشڵێین تاوانبارە بە مانای ئەوەیە کە ئەو کەسە دەبێت دادگایی بکرێت لەسەر ئەو قسەو چالاکیانەی. وە لە کۆتاییدا تاوانبار سزا دەدرێت. لە دیدی حکومەتی هەرێمی کوردوستانەوە هەرکەسێک داوای مافی زەوتکراوی خەڵک بکات جا لەهەر چین و توێژێکدا بێت ئەوە سەرئێشە بۆ حکومەت درووست دەکاو حکومەت ئەم کارە بە فشار دەزانێ و بۆیەش بە تاوانباری دەبینێت. چەکدارە دەمامک بەسەرەکانیش هەمیشە  ئامادەن بۆ ڕفاندن و بزرکردنی تاوانباران یاخود تیرۆرکردنیان. جا ئەم کارەیان بەشەو بێت یان بە ڕۆژ.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٢ی ١/٤/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *