ئەركی كۆمۆنیستەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا …

نووسینی: تۆما حەمید

وەرگێڕانی: شوان عەزیز

لە سەر کۆمۆنیستەکان پێویستە کە ببنە ڕابەر لە ڕووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنە و هەموو ئەو قەیرانە گشتیەی کە بەسەر مڕۆڤایەتیدا هاتوە، بە هۆی شکستی گەورە و کارەستباری سیستەمی سەرمایەداریەوە. دەبێت گرنگی وشیارکردنەوەی خەڵکی  دەربارەی مەترسی ئەو ڤایرۆسە و ئەوەی کە پێویستە بیکەین لە پێناو خۆپارێزیدا بەکەم وەرنەگرین. گرنگە ئێمە وا دانەنێین کە خەڵک ئاگاداری مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسەن،  و چ داڕووخانێکیشی لە زوربەی لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگای بەدواوەوەیە. نابێت بە هیج شێوەیەک لە شێوەکان بچینە پاڵ بەرەی ڕاست لە بڵاوکردنەوەی شتی پڕوپوووچ ، بەڵکو دەبێت زۆر لە ڕابردوو زیاتر ڕووبەڕووی ئەو بەرەیە ببینوە. گومانی تێدا نیە کە ئەو ڤایرۆسە گەلێک ترسناکە و دەبێتە هۆی لەناوبردنی سەدان هەزار لە خەڵکی ئەگەر ڕێوشوێنی توند نەگیرێتە بەر ، وەک مانەوە لە ناو ماڵ و قەدەغەکردنی کۆڕو کۆبونەوە لەسەر ئاستی  هەموو جیهان.

گۆشەگیری تەندرووستی (کەرەنتینە) و لێکدووری نێوان خەڵکی؛ تاکە هۆیە بۆ بەرگرتن سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە. هەرچەندە ئەو ڤایرۆسە زیاتر ترسی هەیە بۆ خەڵکی بەتەمەن و کەسانێک کە کێشەی تەندرووستیان هەیە، بەڵام منداڵ و کەسانی گەنجیش بەدوور نین لە تووش بوون بەو ڤایرۆسە. دەبێت ئێمە هۆیەک نەبین بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە، چونکە گوێنەدان بە ڕێنماییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژیانی خەڵکانی تر بخەینە مەترسیەوە. ئیلتیزام کردن بەو ڕێنماییە تەندروستیانەی کە لە شوێنی ڕاست و جێگەی باوەڕەوە دەردەچن کارێکی تا بڵێی گرنگە. دەبێت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری و جێمتمانە چاوی لێبکرێت. بەرەنجامی کۆتایی ئەو پەتایە پەیوەندی بەو ڕێکارانەوە هەیە کە بەخێرایی دەگیرێنە بەر لە بەرامبەریدا، و هەروەها بە پەیڕەوکردنی خەڵک لە ڕێنماییەکان. دەبێت ئێمە بانگەوازێک بکەین بۆ دەستدانە  هەرکارێک کە پێمان دەکرێ و ئیمکانی کردنی هەیە لەو پێناوەدا و بەخێراترین شێوە و بەیەک تاوەوە.

گرفتی سەرەکی کە ئێستا ڕووی لە وڵاتان کردووە ئەوەیە کە دەوڵەتەکانیان بە شێوەیەکی خێراو هەمەلایەنە نەهاتوونەتە مەیدانی جەنگ لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە، نابێت هیچ کات بە فیڕۆ بدرێت لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو ڤایرۆسەدا، چونکە کات لایەنی یەکلاکەرەوەیە لە بنەبڕکردنی ئەو کارەساتەدا.

بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیە نابێت تەرویج بۆ هیچ چارەسەریک بکەین کە بنەمای زانستی نەبێت ، و دەبێت لەو لایەنەوە شەڕ بە تووندی بکەین. زۆر گرنگە کە لەو بارەوە تەنها گوێ لە پسپۆڕان و لایەنی باوەڕپێکراو بگرین.

لە لایەکی دیکەوە، بە بڕوای من، زۆر گرنگە کە تەرویج بۆ بیردۆزی پیلانگێڕی نەکەین. دەبێت لەم بارودۆخەی ئێستادا بە هیچ جۆرێک نەچینە پاڵ هەواڵ و بیرۆکەیەکەوەکە هیچ بەڵگەی نییە. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە پشتی ئەو بیروڕایە بگرێت کە گوایە دەوڵەتان و دام و دەزگاکانیان لە پشتی بڵاوکردنەوەی ئەو ڤایرۆسەدان. هیچ لایەنێکی خاوەن ئیعتیبار دانی بەو بۆچوونانەدا نەناوە. هەرچەندە زۆرێک لەو قسانە بە ڕواڵەت لە ڕاست دەچن، بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگە هەر لە چوارچێوەی بیردۆزی پیلانگێڕیدا دەمێننەوە. ئێمە کۆمۆنیستەکان، باوەڕمان بە زانست و سەلماندن و بەڵگە هەیە، کەواتە نابێت تەڕویج بۆ هیچ شتێ بکەین کە بە شێوەیەکی ڕەها نەسەلمێنرابێت.

ئەو بۆچوونانە دەبنە هۆی هەڵکشانی تەوژمی کۆنەپەرستی و ڕەگەزپەرستی، و بەمەش خزمەت بە بەرەی ڕاست دەکرێت. دەبا چاوێک بخشێنین بە هەڵوێست و بۆچوونی هەندێک لە سەرکردەکانی بەرەی ڕاست لە وێنەی دۆناڵد تڕەمپ و بۆریس جۆنسن و جائیر بۆلسنار و خامەنەئی بەتایبەتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی  ئەو ڤایرۆسە تاکو بزانی بەرەی ڕاست چۆن سوود لەو بیروڕایانە دەبینێت. تڕەمپ بە گاڵتەوە باسی مەترسی ئەو ڤایرۆسەی کردو وتی “ئەوە پلانێکی دیموکراتەکانە لە دژی لە پێناوی کەمکردنەوەی هەلی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوویدا”. تاکو ئێستاش تڕەمپ ئەو ڤایرۆسە بە ڤایرۆسی چینی ناودەهێنێت. بۆ نموونە پەتای ئینفلۆنزای ئیسپانی لە ساڵی ١٩١٨ لە کنساس لە ئەمەریکادا سەری هەڵدا، بەڵام کەس خەتای ئەمەریکا ناگرێت بۆ ئەو پەتایە. بۆیەش پێی گوتراوە ئینفلۆنزای ئیسپانی، چونکە ژمارەیەکی زۆری لە ئیسپانیەکان کوشتووە. بۆرژوازی سوود لەو ڤایرۆسە دەبینی هەر وەک چۆن لە کۆچبەرانی بێگانەی دەبینی کە هەر شتێک ڕوویدابایە خەتاکەی دەخستە ملی کۆچبەرانی بێگانەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی خەڵک بیری بە لای سیستەمی سەرمایەداریدا نەچێت.

لە لایەکی ترەوە بیردۆزی پیلانگێری هاوکاری دەوڵەتان دەکا کە واز لە بەرپرسیارێتی بێنن، بۆ نموونە ئێران دەیەوێت  ئۆباڵی شکستی خۆی بخاتە پاڵ لایەنێکی تر.

زۆرترین بیردۆزەیەک کە ڕەواجی پێدراوە ئەوەیە کە گوایە سوپای ئەمەریکا ئەو ڤایرۆسەی بڵاوکردۆتەوە لە پێناوی هەرەسپێهینانی ئابووری چین، بەڵام هەر کەسێک تۆزقاڵێک زانیاری لەسەر ڤایرۆس و پلەی جیهانگیری و قەبارەی جموجۆڵی  نێوان وڵاتاندا هەبێت،  تێ دەگا کە ئەو ڤایرۆسەی کە لە وهانی چیندا بڵاو دەکرێتەوە لە دوای چەند سەعاتێک دەگاتە ناوشاری نیویۆڕک لە ئەمریکا. هەروەها شێوەی مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە و خۆ ئامادەنەکردنیان بۆی، هەر چەشنە ڕۆڵێکی ئەمەریکا لە بڵاوەپێکردنی ئەو ڤایرۆسەدا بە دوور دادەنرێت. هەروەها کاریگەری ئەو ڤایرۆسە لەسەر ئابووری ئەمەریکا و لەسەر دواڕۆژی کۆمەڵگەی ئەمەریکی و پێگەی ئەمەریکا لە جیهاندا زۆر زیاتر دەبێت لە کاریگەری لەسەر چین. لە ڕاستیدا ئەو ڤایرۆسە مەترسی لەسەر دواڕۆژی سەرمایەداری درووست دەکا وەک سیستەم، و چینی دەسەڵاتداریش درکی بەمە کردووە.

لە لایەکی ترەوە بیردۆزی پیلانگێڕی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێهوودەیی لە نێو خەڵکیدا. قەناعەتێک لای خەڵکی درووست دەبێت کە ئەگەر سووپای ئەمەریکا لە پشتی ئەم ڤایرۆسەوە بێت ئەوە بەرەنگاری لە خۆمان کارێکی مەحاڵ دەبێت، چونکە ئەگەر توانیمان کۆنتڕۆلی  ڤایرۆسەکەش بکەین، چ دڵنیاییەک هەیە کە جاریکی تر ئەمەریکا ڤایرۆسێکی مەترسیدارتر بڵاوناکاتەوە؟. لە ڕاستیدا ئەو گەلانەی کە قسە فەرمی و ڕێنوینییە فەرمیەکانیان گرتە بەر لە وێنەی چین و تایوان و کۆریای باشوورو سەنغافۆرا، سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا.

هیچ لەبەرژەوەندی کۆمۆنیستەکاندا نییە هەموو ئەو قەیرانە ببەستنەوە بە کێشەیەک کە پەیوەستە بە سوپای ئەمەریکا یان بەستنەوەی بە ململانێی نێوان چین و ئەمەریکا. کێشەی ئێمەی کۆمۆنیست لەگەڵ دەوڵەت یا لەگەڵ سوپایەکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو لەگەڵ سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداریدایە. ئەوە مەعلومە کە لە بارودۆخێکی ئاوادا بیردۆزەکانی پیلانگێڕی بڵاودەکرێنەوە و هەتا چین و ئەمەریکاش هەڵدەستن بەوکارە لە ڕکابەری نێوان خۆیاندا.

ململانێی نێوان ئەمەریکا وەک ئیمپڕاۆریەتیەک کە بەرەو داکشان دەڕوا، و چینیش وەک هێزێک کە بەرەو هەڵکشان دەڕوا،  ململانێیەکی ناخۆش و گشتییە.

جا ئەو ململانێیە کاریگەری خۆی دادەنێ لەسەر ژیانی ئینسانەکان لەسەر ئاستی جیهانی، و شوێن پەنجەی خۆشی بەجێدێڵێت لەسەر هەموو لایەکی ژیانی ئینسانەکان هەتا لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەو شێکردنەوەشیان بۆ ڕووداوەکان. ئەمەریکا هەست دەکا بە مەترسی لەدەستدانی هەیمەنەی ئابووری خۆی. لە ماوەیەکی کەمی مێژوویدا ئابووری چین بەسەر ئابووری ئەمەریکادا زاڵ دەبێ لەبەرئەوەی گەشەی ئابووری چین ٪٦ و هی ئەمەریکا کەمێک زۆرترە لە ٪٢. ئەوە لە لایەنی تەکنۆلۆجیەوە چین بە کرداری سەرکەوتنی خۆی بەسەر ئەمەریکادا نیشاندا. هەر بۆیەش ئەمەریکا لەگەڵ شەریکەی هواوی کەوتۆتە شەڕەوە بە هەموو توانایەک کە هەیەتی، بەڵام لەوە ناچێت کە لەو ڕووەشەوە سەرکەوتووبێت. ئەمەریکا دەستی کردووە بە لەدەستدانی نفوز و هاوپەیمانەکانی لە بەرژەوەندی چیندا،  زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە ناویاندا حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن لە بەریتانیا بڕیاریدا کە ڕۆڵ بدا بە هواوی لە دروستکردنی نەوەی پێنجەم لە بواری ئەنتەرنێتدا و هەتا دوایی …سەرباری فشارەکانی ئەمەریکا لەسەریان لەو ڕووەوە.

لە ڕاستیدا تەنانەت پەتای کڕۆنەش بووە هۆی هەڵکشانی پێگەی چین. بە ڕای من ڤایرۆسی کرۆنە و ئەو قەیرانە ئابووریەی کە لە گەڵیدایە بە خێرایی تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی چین یەکلادەکاتەوە. بۆ نموونە ئیتالیا داوای هاوکاری لە چین کرد نەک لە ئەمەریکا! هەروەها سربیا بەتەنیا هیوای بەچین هەیە بۆ بەڕەوڕووبوونەوەی ئەو پەتایە.

هەرچەندە ئێمە نازانین ئەو ڤایرۆسە چۆن سەری هەڵدا، یاخود چۆن لە ئاژەڵەوە گواسترایەوە بۆ مرۆڤ. بەڵام ڕاستیەک دەزانین لەسەر پەتای تری هاوشێوەی ئەم ڤایرۆسە، بۆ نموونە ئینفلۆنزای بەراز ، ئەوەش بە بازدانی جینی لە ڤایرۆسەکە ڕووبداو توانا پەیدا بکا و بگوێزرێتەوە بۆ ئینسان، وا دەخوازێت ئاژەڵەکە لەبارودۆخێکی خراپدا بژیت، و ئەوە دەبێتە لاوازی کۆئەندامی بەرگری ئەوئاژەڵەی کە ڤایرۆسەکەی تێدایە. ئەوەش هەمووی ئەنجامی خواستی قازانجە لە پەروەدەی ئاژەڵەکاندا. بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵ دەکرێنە شوێنێکی بچووکەوە، یاخود ئاژەڵان کۆدەکەینەوە و ناهێڵین بە شێوە سروشتیەکەی خۆیان بژین. ئا لێرەوە ئیتر ناتوانێت بەرەنگاری بکات لە دژی ڤایرۆسی ئاژەڵانی تر. ئەو مەسەلەیە یا لە کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵاندا ڕوودەدات، یاخود لە ڕێگەی ئەو… مافیایانەی کە بازرگانی بە ئاژەڵانەوە دەکەن لەسەر ئاستی جیهانی کە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر دەفرۆشرێن. بۆ نموونە بۆ مەبەستی گۆشت. ئەو جۆرە بازاڕانە لە ئاسیا بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکن.

ئەو ڤایرۆسە تەنها مەترسییەکی بایۆلۆجی لەسەر ژیانی خەڵکی درووست ناکا، بەڵکو بە شێوەیەکی ترسناک هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان کەس لە جیهاندا، و دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە ڕووی ئابووریەوە ئەگەر حکومەتەکان هەڵنەستن بە ڕێکاری توندو خێراو یەکلاکەرەوە.

بە کرداری ئابووری سەرمایەداری کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵەوە.بە ڕای من ئەو قەیرانەی کە چاوەڕێ دەکڕێ گەورەتر دەبێت لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨، و  لەوانەیە لە خراپیدا خۆی بدات لە قەیرانی ساڵی ١٩٢٩ کە پێی دەگوترێت گرانییە گەورەکە، و لە ساڵی ١٩٢٩ وە دەستی پێکرد و بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٤١. ئەو گرانیە بەهۆی جوڵەو ئامادەکارییەکان بۆشەڕی دووەمی جیهان کۆتایی هات کە دەوڵەت و ڕابەرانی سەرمایەداری جیهانی سیاسەتی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیان پەیڕەوکرد. بۆ نموونە لە ئەمەریکادا سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا فڕانکلین دی ڕۆزفڵت لەو کاتەدا لە ژێر فشاری کۆنگرەی یەکیەتی سەندیکاکان و هەردووک حزبی سۆشیالیست  و حیزبی کۆمۆنیستدا ١٢ بۆ ١٥ ملیۆن هەلی کاری ڕەخساند لە کەرتی گشتیدا. هەروەها بیمەی بێکاری و خانەنشینی و چاودێری تەندرووستی دابینکرد، لە کاتێکدا وڵات لە ئەوپەڕی قەیراندا بوو، و سەرباری کەمی سەرچاوەکان.

وەک کۆمۆنیستەکان لەسەرمان پێویستە  کە دڵنیابین ڤایرۆسی کۆڕۆنە هۆی سەرەکی ئەو قەیرانە ئابووریە نییە کە لە ئابووری جیهان دەدات.لە ڕاستیدا ئابووری سەرمایەداری لەسەر لێواری قەیرانێکی قوڵدایە و ئەو ڤایرۆسە تەنها هۆیەکی یارمەتیدەرە بۆ تەقاندنەوەی باروودۆخەکە. دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت کە سیستەمی سەرمایەداری لە کاتی لەدایکبوونیەوە لە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ پێش ئێستاوە تاکو ئێستا هەرکاتێک کە بووەتە ڕژێمێکی باوی کۆمەڵگە بە موعەدەل هەر ٤ بۆ ٧ ساڵێک جارێک کەوتۆتە قەیرانەوە. هەندێک جار ماوەکەی کورتر یان درێژتر بووە، بەڵام بۆ جیاکردنەوەی نێوان دوو قەیران ئەو موعەدەلە هەبووە. جا قەیرانی دەوری کە لە هەناوی ئەو سیستەمەدایە و کەموکوڕیەکی دامەزراوەی ئەو سیستەمەیە و ناتوانێت خۆی لێ دەربازبکات، سەرباری هەموو هەوڵێک بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی ئەو جۆرە قەیرانە. دوایین قەیرانی ئابوری لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بوو کە ئەو قەیرانە زۆر دواکەوت بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتەکان چەند ڕێکارێکیان گرتە بەر بۆ دواخستنی، بۆ نموونە زیادکردنی قەرز. دەگونجا هۆی تەقاندنەوەی ئەو قەیرانە شەڕ بێ لەسەر بازاڕی نەوت، کاری ئیڕهابی، شەڕی سەربازی، پەتایەکی تر، قەیرانێکی سیاسی لە وڵاتێکی گەورە، تووند بوونی شەڕی بازرگانی بێت.  یاخود هەتا ترس لە ڕوودانی قەیرانێک بۆی هەیە هۆی سەرەکی بێت بۆ پەیدابوونی قەیران. زۆر بە سادەیی نایەکسانی گەیشتۆتە لوتکە. بەشی چینی کارگەر لە بەرووبوومی کۆمەڵگە کەم کراوەتەوە بە شێوەی زیادکردنی کرێ و کەم کردنەوەی توانای کڕین بۆ چینی کارگەر کە هەر ئەویشە بڕبڕەی پشتی سەرمایەداری بۆ بەرهەمهێنانی کاڵاو خزمەتگوزاری.

بۆ ماوەیەکی دیاریکراو توانرا بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵبن ئەویش بە زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی خێزانێک بۆ نێو بازاڕی کارو زیادکردنی سەعاتکار. وە کاتێک ئەو ڕێگایەش نەیتوانی چارەسەری کێشەکە بکات، وا لە کرێکار کرا پەنا ببات بۆ قەرزکردن، بۆ نموونە  لە وێنەی قەرزی خانوو و کڕینی بیتاقەی دڵنیایی و کڕێدیت و قەرز بۆ خەرجی خوێندن لە پێناوی پارێزگاری لە ئاستی ژیان و بەکاربردن. جا کاتێک کە بۆ سەرمایەداری پاڵنەرێک نامێنی بۆ بەرهەمهێنان، ئیتر ڕوودەکاتە بازاری دراو و بانکەکان و دەبێتە هۆی دروستبوونی بڵق لە نێوان کەرتی دیاریکراو، بۆ نموونە نرخی کاڵاو نرخی خانووبەرە و پشکەکان. ئا لەو بارودۆخانەدا، لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم کێشە بۆ نموونە  لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران کارەکانیان بە هەر هۆیەک بێت و دواکەوتنیان لە پێدانی قەرزی خانوەکانیان یان قەرزەکانی تر ئەمە دەبێتە هۆی داڕووخانی سێکتەرێکی ئابووری دیاریکراو، وە لێرەوە کاریگەریەکە دەگوێزرێتەوە بۆ سێکتەرەکانی تر، چونکە سێکتەرەکانی ئابووری هەموویان پەیوەندیدارن بەیەکەوە. چارەسەری سەرمایەداری بۆ قەیرانی ٢٠٠٨ بریتیبوو لەوەی کە پارەیەکی هەرزانی یەکجار زۆریان خستە دەستی بانکەکان و شەریکاتە ئیحتیکاریەکان و ئەمەش قەیرانەکەی خراپتر کرد. ئەو پارەیەی پێیان درا بەکاریان هێنا بۆ کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکان لە لایەن کۆمپانیاکان خۆیانەوە، ئەوەش لە پێناو بەرزکردنەوەی نرخی پشکەکاندا بووە. ئەمەش بڵقێکی درووست کردووە و زەمینەی بۆ قەیرانێکی گەورەتر درووستکردووە. دەبێ لەوە دڵنیا بین کە ئەو ڤایرۆسە وەک دەرزیەک وابووە کە  ئەو بڵقەی تەقاندۆتەوە، نەک خۆی بووبێتە هۆی قەیرانەکە، بەڵام بورژوازی دەیەوێت پێمان بڵێ کە ئەوە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوەیە قەیران هەیە. ئەو دەیەوێت ئەو بۆچوونە لای خەڵکی درووست بکا بۆ ئەوەی کەس خەتای سیستەمەکە نەگرێت لە بوونی ئەو قەیرانە. بە شێوەیەکی گشتی تووڕەبوون لە دژی سیستەمەکە کەمتر دەبێ کە خەڵک وا بزانێ ئەوە ڤایرۆسە وای کردووە، نەک ئەوانەی کە تەحەکوم بە ئابووری جیهانەوە دەکەن لە پێناو قازانجدا. بۆیە ڤایرۆس وەک هەر کارەساتێکی تری سروشتیە. وەکو وشکە ساڵیە، وەکو لافاوە لەدەرەوەی هێزی ڕژێمدا. هەرچەندە زوربەی ئەو کارەساتە سروشتیانەش لەسەردەمی ئەمرۆماندا هۆیەکەی سیستەمی سەرمایەداریە.

ئەو قەیرانە لە زۆر لایەنەوە پەردەی لەسەر ئابووری سەرمایەداری لادا. سەلمێنرا کە کەرتی تایبەتی و میکانیزمی بازاری بێسوود بوون لەو بارودۆخەی ئێستادا سەرباری ئەوەی کە دەوترێ لە ڕاگەندنەکان و زانکۆکان و سەکۆکانی ترەوە دەربارەی گرنگی و پیرۆزکردنی ئەو کەرتە و بازاڕەکەی لە ڕێکخستنی ژیانی ئابووری و لە گەشەپێداندا. ئێمە کۆمۆنیستەکان لەسەرمان  پێویستە ئەو ڕاستیە ڕۆشن بکەینەوە. ئیتر بەشێوەیەک ڕوون بۆتەوە کە گومان هەڵناگرێت ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ڤایرۆسەداو ئەو قەیرانە ئابووریەدا ئەوەیە کە تەواو پێچەوانەیە بە کردەوە و ئەخلاق و یاسای سیستەمی سەرمایەداری.

کتوپر دەوڵەتانی سەرمایەداری و سەرکردەکانیان کە هەمیشە ڕوویان لە برەودان بووە بە چاوچنۆکی و پێشبڕکێ و نایەکسانی و تاک گەرایی و چەندین شتی تری پەیوەست بە سیستەمی سەرمایەداری، ئێستا داوای شتێک دەکەن کە پێچەوانەی سیستەمەکەیە. بۆ نموونە لەسەردەمی نەبوونی کاڵادا لە بازار یان زۆر بوونی خواست لەسەری نرخی بەرز ناکرێتەوە. هەروەک ڕوویدا بۆ کاڵاکانی وەک پاککەرەوە و دەمامک و شتی تری تەندرووستی. ئێستا داوای بە هاناوە یەکتری چوون و برایەتی دەکەن. لە کاتێکدا چاوچنۆکی و یاری کردن بە نرخەکان و پێشبڕکێ هەمیشە سرووشتی سیستەمی سەرمایەداری بووە. بۆیە کتوپڕ دەردەکەوێت کە لەسەریان پێویستە میکانیزمێک بگرنە بەر کە جیاواز بێت لەو میکانیزمەی ئێستای بازاڕ.

پێمان دەڵێن کە هاوکاری جیهانی لە مەجالی تەکنەلۆجیاو بیروڕاو ، شتی تریش باشترین هۆیە بۆ بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە و قەیرانی ئابووری. لە کاتێکدا سرووشتی  ئەو کۆمپانیا و حکومەتە سەرمایەداریانە بریتیە لە هەرچی دەتوانن بیکەن لە پێناو پارێزگاری لە داهێنان و فکرو تەکنۆلۆژیا یان و هەرباس نەکردن لێی لەگەڵ خەڵکی تر، ئەویش بەمەبەستی زیاتر سوود وەرگرتنە بۆ خۆیان. هەر چارەسەریەک کە پێشنیار دەکرێ و بە وەشەوە کە پێویستە پێشنیار بکرێ هەر ڕووی ئەو سیستەمە زەرد دەکات و ئابڕوووی دەبات. یاسای سەرمایەداری دەڵێ بەرهەم بێنە کاتێک بەرهەمەکە قازانجی هەبێ. لە کاتێکدا ئەو پەتایە پێمان دەڵێ بەبێ ئەملاوئەولا دەبێت حکومەتت بەرهەم دەست پێبکات جا قازانج بکا یا نەکا. پێویستە خەرج بکرێت بۆ کەل و پەلی پشکنین و ئامڕازەکانی هەناسەدانی دەستکرد و تەندرووستی و ژیان و گوزەرانی خەڵک و لە ناویشیاندا بێ نەوایان. لە ڕاستیدا پشتیوانانی ئەو سیستەمە خۆیان لە پێگەیەکدا بینیەوە کە واز لە هەموو بەهایەکی سەرمایەداری بهێنن، لە پێناوی پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریدا. بۆیە ئامانج و کاری لە پێشینەی سەرمایەدار تەنها قازانج نییە، بەڵکو بردنەوەی ئێستایە بۆ خۆی، بەڵام ڕوون بۆتەوە کە ئابووری پێویستی بە بەرهەمهێنان هەیە لە کاتێکدا نا کە قازانجی هەبێ و لە کاتێکدا قازانجی نەبێ. وە کاتێک کە پرسیار لەخۆمان دەکەین بۆچی ئێمە نابێ وابکەین لە کاتە ئاساییەکاندا، و نەک هەر لە کاتی قەیران دا؟ پشتگیریکەرانی سیستەمی سەرمایەداری وەڵامی ئەو پرسیارەیان لە لا قورسە.

لەسەرەتادا زۆرێک لە دەوڵەتان ویستیان هەندێک ڕێکاری کەم بگرنەبەر بۆ بەرەنگاری پەتایەکە کە زیان نەگات بە ئابووری. کە قسە لەوە دەکرا هەمان ڕێکارێک دووبارە بکەنەوە کە بۆ قەیرانی ٢٠٠٨ کردیان کە بریتیبوو لە پشتگیری شەریکە و کۆمپانیا و بانکە زەبەلاحەکان. بەو هیوایەی کە سوودەکەی بۆ هەموو کۆمەڵگە بێت. کە ئەوەش پێی دەگوترێت سیاسەتی کەوتنی ئابووری.

بەڵام ئەو ڕێکارانە قەبارەی ئەو بۆشاییە دیاری دەکا لە نێوانی دەستەبژێری بورژوازی و حکومەتەکانیان لەگەڵ واقیعدا. لە ماوەی چەند سەعات و ڕۆژێکدا کەموکوڕی ئەو ڕێکارانە دەرکەوتن. جا بۆ ئەوەی کرێکار بتوانێت بەشدار بێت لە ڕاگرتنی ئەو پەتایە و بچێتەوە ماڵ دەبێت لە توانایدا هەبێ نەچێتەوە سەرکارو واز لە کرێکەی بهێنێت.بەڵام کۆمەڵێک یاسای کارو گرێبەست لەگۆڕێدایە کە بەشێکی زۆری کرێکاران بۆیان نییە مۆڵەتی نەخۆشی وەربگرن و پارەی پاشەکەوتی پێویستیشیان نییە.

بە خێرایی دەرکەوت کە لە وێنەی ئەو ڕێکارانە بێ سوود دەبن و لەلایەن کۆمەڵگەوە قەبوڵناکرێن. بۆیە زۆرێک لە دەوڵەتەکان دەزانن کە لەسەریان  پێویستە ڕێکاری تووند بگرنە بەر لە ڕووی ئابووریەوە. وە دابینکردنی پارەی زۆرتر کە بگاتە چەندین تڕلیۆن بۆ هاوکاری، نەک هەر کۆمپانیا و شەریکاتی ئیحتیکاری بەڵکو بۆ چینی کریکاریش.

زۆرێک لە دەوڵەتەکان بەڵێنیاندا کە بیمەی بێکاری بدەن بە هەر کرێکارێک کە لەو بارودۆخەدا کارەکەی لەدەست دەدات. وە خەرجیەکانی تەندرووستی لە ئەستۆبگرن و ڕێگاش بە کرێکاران بدرێ کە قەرزی مانگانەی خانوو دوابخەن بەبێ ئەوەی بانک هیچ سزایەکیان بدات. بۆیە چینی دەسەڵاتدار درکی بەوە کرد کە ئێمە لەوەزعێکدایین کە پێشتر وێنەی نەبووە. هیچ قەیرانێکی ئابووری بە گرانیە گەورەکەشەوە لە ساڵی ١٩٢٩بەو خێراییە ڕووی نەداوە. بۆیە ئەو سیستەمە پەنا بۆ هەرجۆرە ڕێکارێک دەبا کە لە ژێردەستیاندایە بۆ پشتگیریکردنی ئەو ئابووریە….

ئەو پارەیەی کە بۆ پشتگیری ئابووری تەرخانکرا پارەیەکی یەکجار زەبەلاحە. بەڵام ئایا ئەوە بەسە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە؟ هەتا ئەگەر تەواوی ئەو پارەیەش نەچێ بۆ کۆمپانیا و شەریکەکانی سەرمایەداری؟ بە ڕآی من ئەوە بەس نییە. ئابووری سەرمایەداری پشتی بەقەرز بەستووە.  قەرزی حکومەتەکان  کۆمپانیاو شەریکە ئیحکتیکاریەکان و تاکەکان گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژووی ئەو سیستەمەدا. کەلوپەل و کاڵایەکی زۆر هەیە و سیولە و کڕێدیتی باش هەیە لە ئابووریدا، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە بەرەو داکشان دەڕوا. ئەو جۆرە لە سیاسەت نابێتە هۆی زیادبوونی بەرهەم جگە لە هەندێک سێکتەری دیاری کراودا نەبێت. سیولەی دارایی بەتەنێ بەس نییە. لە بارودۆخێکی ئاوادا مەترسی زۆر لەسەر هەڵاوسانی نرخ لە ئارادایە، بە جۆرێک کە دەبێتە هۆی بێسوودبوونی بیمەی بێکاری کە دەوڵەت بڕیاری لەسەر دەدات. دیارنەمانی کەل و پەل و خزمەتگوزاری لەگەڵ بوونی سیولەی مالی دەبێتە هۆی هەڵاوسانێکی گەورە لە نرخەکانداو ئەویش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بیمەی بێکاری و خانەنەنشینی کە دەوڵەت دەیاندا هەر کەمێک سوودیان هەبێ.

ئابووری سەرمایەداری لەسەر بەکاربردنی زۆر و گەشەی بەردەوام بەندە بۆ ئەوەی بەشێوەی سرووشتی بەردەوام بێت. ئەوەش پێویستی بە بەرهەمهێنانی زۆر و بە کاربردنی زۆر هەیە. ئەو دوانەش ئێستا دیار نین. ئەوەش قەیرانی ئەو سیستەمە دەگەیەنێ.

بۆیە لەسەر دەوڵەت پێویستە کە بێتە سەر خەت و بە شێوەیەکی چڕ لە ڕووی ئابووریەوە لە پێناوی پشتگیری ئابووری و زاڵبوون بەسەر ئەو پەتایەدا بە شێوەیەک کە ئارایشی هەیکەلی ئابووری بکاتەوە لە ئاستێکی گەورەدا. دەبێت واز لە ئالیەتی بازار بهێنێت لەزۆر لاوە کە پیرۆز دەکرێت لەسیستەمی سەرمایەداریدا. وە پێویستە لەسەر دەوڵەت ژیانی کرێکاران دابین بکات و خەرجی پێداویستیەکانی تەندرووستیان بۆ دابین بکات. جا ئەگەر بیمەی بێکاری بەس نەبوو ئەوە دەبێ بەشەخۆراکیان بۆ دابین بکات وەکو چۆن لە ساڵەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا  لە ئەمەریکادا بۆ کرێکاران دەکرا.

بەڵگە هەن لەسەر هەنگاوە سەرەتاییەکان لەو بارەوە. بۆ نموونە ئیسپانیا هەستا بە تەرخانکردنی خەستەخانەکان بۆ بەرەنگاری ئەو پەتایە. وە ئیدارەی تڕەمپ هەستا بە چالاککردنەوەی یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری کە لە ساڵی ١٩٥٠  لە سەرەتای شەڕ لە گەڵ کۆریا  لە پێناو کۆمەک بە جەنگ لە چواچێوەی جەنگی ساردا کاری پێدەکرا . ئەو یاسایە ڕێگا بەسەرۆک دەدا کە بنکەی پیشەسازی ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی تایبەت بەکاربێنێت بۆ خێرا کردن و فراوانترکردنی بەرهەم و کەلوپەلێک کە حکومەت پێویستی پێی هەیە. بۆ نموونە فەرمانی دەکرد بە کارگەیەک کە دەمامک و پاککەرەوە درووست بکەن. وە حکومەت هەڵدەستا بە تەرخانکردنی میوانخانە و هەموو ئەو شوێنانەی کە بەتاڵ بوون و کەس بەکاری نەدەهێنان بۆ ئەوەی حکومەت بەکاریان بێنێت بۆ بێ نەوایان و کەرەنتینەکراوانی تەندروستی تاد.

نموونەی نیولیبڕاڵی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە پەردەی لەسەر ڕاماڵدرا لە ئەنجامی ئەو پەتا و قەیرانەدا .ئیتر ئاشکرابوو هێرشی نیولیبڕاڵی بۆسەر خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بەشی چینی کارگەر لە سەروەت و سامان، هەروەها بۆسەر بارودۆخی کارو هەتا بۆ سەر کۆمەک و هاوکاری و یەکیەتی لەناو کۆمەڵگەدا. ئەمە وای لە کۆمەڵگە کرد بە شێوەیەکی گشتی لاواز ببێ لە بەرامبەر کێشەکاندا. بۆ نموونە لە بەرامبەر کۆڕۆنەدا. ئەوەش وا دەکا کۆمەڵگە ڕوو لە چەپ بکا. هەروەها هۆشمەندیەک لە ناو کۆمەڵگەدا لە دایک دەبێ کە پێش ماوەیەکی کەمیش بە خەیاڵماندا نەدەهات. خۆ ئامادەکاریەک پەیدا دەبێ بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر. چەندین پرسیار مەتڕەح دەکرێن. دەشگونجێت چینی فەرمانڕەوا تەڕح و پێشنیاری  سیستەمی سۆشیال دێموکڕات بکات.

بەڵام لەسەر کۆمۆنیستەکان پێویستە جەخت لەوەبکەنەوە کە گەڕانەوە بۆ سۆشیال دیموکڕاتی چارەسەر نییە. دەبێت بیسەلمێنن کە زیادکردنی ڕۆڵی دەوڵەت لە ڕووی ئابووریەوە چارەسەر نییە، هەرچەندە ئەوە باشترە لە نیولیبڕالی. دەبێت بزانین کە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆشگوزەران تەنها دەسکەوتێکی کاتیە. دەوڵەتی خۆشگوزەران لە دوای گرانیە گەورەکەوە هەبوو، بەڵام زۆری پێنەچوو کە بەرەی ڕاستی بۆژوازی دەستیان بەسەرداگرت. وە ئەو دوودڵیە لە نێوان زیادکردنی ڕۆڵی دەوڵەت لە ڕووی ئابووریەوە و سنوردارکردنی ڕۆڵی دەوڵەت لە ئابووری ململانێیەکی بێسوود دەبێ. ئەو جۆرە ململانێیە هەر لەسەردەمی لەدایکبوونی سیستەمی سەرمایەداریەوە تاکو ئەمرۆ بەردەوامە. ئەوەش بەڵگەیە کە هیچ کام لەو چارەسەرانە چارەسەر نییە. دەبێت ئێمە تێبکۆشین لەپێناو ئاڵوگۆڕی ریشەیی لە ئابووریدا. ئەو کارەش بە گۆڕانکاری لە پەیوەندیەکان شوێنی بەرهەمهێناندا دەکرێت.

سیستەمی سەرمایەداری ئامادە نییە بەهۆی باڵادەستی بەسەر جۆری بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە  ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانەی کە تووشی مرۆڤایەتی دەبنەوە  ببێتەوە. دەمێکە زانایان هۆشداری دەدەن کە بڵاوبوونەوەی پەتای گەورە لە ئان و ساتدایە. پەتای لەوجۆرە لە ڕابردوودا ڕوویداوە، بەڵام لە چوارچێوەی بچووکتردا بووە. بۆ نموونە سارس و میرس و ئینفلۆنزای باڵندە. سەرباری ئەوەش نەتوانراوە بەپێی پێویست کەل و پەلی پێویست بەرهەم بێت و پاشەکەوت بکرێت وە بەکار بهێنرێت بۆ بەرگرتن بە پەتاو وە ڕێگری بکرێت لە گواستنەوەی. بۆ نموونە کەل و پەلی پیویستی دیاریکردنی نەخۆشی و چارەسەری نەخۆشی و پشکنین و داودەرمان و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. ئەو کەلوپەلانەیان بەرهەم نەهێنا و پاشەکەوتیان نەکردن، چونکە قازانجیان بۆ سەرمایەداری تێدا نەبوو.

کۆڤید ١٩ لاوازی و هیچ لەبارادا نەبوونی کەرتی گشتی تەندرووستی ئاشکرا کرد. هەروەها ژێرخانی تەندرووستی خەستەخانەکان و ئامڕازو ئامێرو مەکینەکانی هەتا لە دەوڵەمەندترین و زوربەی دەوڵەتە پێشکەوتووەکانیشدا ئاشکرا کرد.

سیستەمێکی تەندرووستی کە نەتوانێ لە بارودۆخێکی ئاساییدا پێداویستی تەندرووستی هەبێ و داخوازی تەندرووستی بەجێ بگەێنێت، ئەدی چۆن لە بارودۆخێکی وەکو ئەو قەیرانەدا دەتوانێت ئەو کارە بکات؟.

کۆڤید ١٩ ئاشکرای کرد کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە مڕۆڤایەتی بیر لە دامەزراندنی سیستەمێکی تر بکاتەوە کە لەڕیشەوە جیاواز بێت لەسیستەمی سەرمایەداری. ئەو سیستەمە دەبێت ئامانجی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی  مرۆڤ و دنیایەکی باشتر بێت، نەک قازانج.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ٧٢ لە ٣١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *