قەیرانەکان و قازانجی سەرمایەداری …

نووسینی: هەتاو عەبدولاهی

هەر وەک ئاگادارین ماوەی نزیک بە سێ مانگ دەبێ قەیرانێکی زۆر ناخۆش وگرفتێکی کوشندە بە ناوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووە. جارێکی تر مرۆڤەکان لە هەموو ناوچە جوگرافیەکان بوونە قوربانی بێ کیفایەتی و نابەرپرسیاریەتی  دەسەڵاتدارانی بەرژەوەندیخواز و هەلپەرەست کە گیان و ماڵی مرۆڤەکان بە لایانەوە هیچ گرینگیەکی نییە. ئەو دەسەڵاتدارانەی هەموو تێچوو و پارەی ولاتەکانیان سەرفی دروستکردنی چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ دەکەن، بەڵام هەنووکە بۆ دروستکردنی واکسێنێک و دژە وایرۆسێک دەستەوەستان ماونەتەوە و سەرەرای بێ دەسەڵاتیان لە بەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵگەکەیان نابەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکەن وخەریکی شانتاژ کردنن. زۆرێک لەو دەسەڵاتدارانە تەنانەت لەو هەلە کەڵک وەردەگرن و لە ئاوێ لێڵ ماسی دەگرن، وەکوو دەسەڵاتی ئەمریکا کە لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ شکاندنی پشتی بازاری چین کەڵکی وەرگرت و بەردەوام بە هێنانە ئارای دەستەواژەی دژە مرۆڤانە وەک ناوبردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە ڤایرۆسی چینی هەوڵیدا ئامانجەکانی بپێکێ. سەرمایەداری هەردەم قازانجی لە قەیران و دوورخستنەوەی خەڵک و ناردنەوەیان بۆ کونجی ماڵ دەبینێ، چوونکە یەکگرتوویی هێزی چینی کرێکار و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو دواییانە کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا ڕووی دا بڤە بوو بۆ دەسەڵاتی سەرمایەداری و کۆڕۆنا هەلێکی باش بوو بۆ تۆقاندنی خەڵک دوورەپەرێزیان لە یەکتر. قازانجێکی تری سەرمایەداری لەو قەیرانە فرۆشی کەل و پەلەکانیان بوو ئەوانەی بەردەوام لە رێگای تۆقاندن وشانتاژەوە هەوڵیان دا خەڵکیكێ زۆر بۆ لای مارکێتەکان پەلکێش بکەن بۆئەوەی  کەل و پەلەکانی خۆیان بفرٶشن. قازانجێکی تری وڵاتانی ئەوروپایی لە قەیرانی کۆڕۆنا پشت گوێی خستنی پرسی پەنابەران لە سنوری پازارکولە و بێ دەنگ بوونیان لە بەرامبەر ئازارەکانی پەنابەر و ماڵ بەکۆڵەکانی پشت سنووری یونان بوو، ئەو کەسانەی وڵاتەکانی خۆیان هەر بە هۆی ئەو دەسەڵاتدارانە وێران بووە و ساڵەهایە گیرۆدەی شەر و کوشتار و هەژاری و سەدان دیاردە و قەیرانی  تربوون. لە بارودۆخی هەنووکەیی کە ڤایروسی کۆڕۆنا پرسی ڕۆژە زۆر بە سانایی وڵاتانی رۆژئاوایی ڕایانگەیاند بە هۆی بوونی ئەو ڤایرۆسە ئەو پەنابەرانەی ئەردۆغانی جینایەتکار وەک کارتی گوشار بۆ پاوانخوازی و حەزە شەرانگێزانەکانی خۆی و دەسەلاتەکەی بە کاری هێنان هیچ ڕیگایەکیان نییە بەرەو وڵاتانی رۆژئاوایی و بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ پەنابەرانی چاوەڕوانی کرانەوەی سنووریان لە پشت دەرگاکان ڕاگرت و هیچ گرینگیەکی بۆیان نەبوو. ئێستاکە بە هەزاران پەنابەری ماڵ بە کۆڵ بە ژن و مناڵ و پیرو جەوان بە کۆمەڵ براونەتە کەمپە دوورەکانی مالاتیای وڵاتی تورکیە و لە کەرەنتینە دان هەڵبەت لە زیندانی بەکۆمەڵ دان و پۆلیسی تورکیە نامرۆڤانەترین هەڵسوکەوتیان لە گەڵ دەکات. لەو کاتەوە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەرۆکی وڵاتانی گرتووە وڵاتی چین کە یەکەم وڵات بوو توشی ئەو ڤایرۆسە بوو هەروەها  زۆرترین ئامارو قوربانی بوو توانی بە پلانی بە جێگە و هەست بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتەکەی بەرەورووی ئەو قەیرانە بێت و ئێستاکە کەمترین حاڵەتی تووش بووی لە جیهان هەیە، بەڵام  چەندین وڵات قوربانی زۆرتری لێکەوتۆتەوە وەکوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئێران.ڤلێرە دا دەمەوێ ئاوڕێکی کورت لە وڵاتی ئێرانی ژێر حاکمیەتی گەندەڵترین و جینایەتکارترین ڕژێمی سەردەم بدەمەوە. وڵاتی ئێران لە بواری کانگا ژێرزەویەکان هەمیشە تەژی بووە بە جۆرێک کە ساڵەهایە وڵاتانی زلهێزی جیهان وەکوو ئەمریکا و زۆر وڵاتی تر چاوی تەماحیان بریوەتە ئەو وڵاتە و لە بچووکترین بیانوو دەگەرێن بۆ ئەوەی دەست بە سەر وزە و کانگاکانی دابگرن. وڵاتێک کە سەرەرای بوونی نەوت و کانگا ژێرزەویەکان، خەڵکەکەی لە نالەبارترین بارودٶخ دا دەژین. هەموو سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران سەرفی کاری تێرۆریستی و خەونی کۆماری ئیسلامی بە دروست بوونی هیلالی شیعە لە ناوچە دەکرێ. لە ماوەی هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامی ئێران ساڵ لەگەڵ ساڵ بارودۆخی  خەڵک ڕوو لە خراپتر بوونە و بە دەیان قەیرانی وەکوو هەژاری و برسێتی، بێکاری، مادەی سڕکەر، فەحشاو دەیان دیاردەی لەو جۆرە بەرۆکی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی گرتووە. ساڵەهایە خەڵک بەهۆی ئامانجە شەرانگێزانەکانی دەسەڵاتی ئێران و بەرژەوەندیی و ئیمتیازی وڵاتانی سەرمایەداری کە هیچیان گیان و ماڵی خەڵکیان بۆ گرینگ نییە و هەروەها  بە هۆی ئابلۆقە ئابووریە توندەکانی کە بەسەر ئەو وڵاتە دا سەپاوە ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر و بێ دەرەتان تر دەبن. لاوانی ئەو وڵاتە بە هۆی بێکاری  وبێ دەسەڵاتی توشی دەیان قەیرانی روحی بوون و خەمۆکی بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە وسەرەرای ئەوانەش دەسەڵاتداران و سوپای تێرۆریستی پاسداران لە کێشەی روحی و بێ دەرەتانی لاوانی ئەو وڵاتە کەڵک وەردەگرێ و بەشێکی زۆریانی توشی بەڵای ماڵوێرانکەری مادەی سڕکەر کردووە. دەسەلاتێک کە ئەگەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەبا هەنووکە دەبوو لەگەڵ شۆڕشی جەماوەری خەڵک بەرەوروو بێ و جارێکی تر لە قەیرانەکان بە قازانجی خۆی کەڵکی وەرگرت. بە پێی ئامارەکان و ئەو ڕێژە توش بووە کە لە ئێران بوونی هەیە ڕاستیەکان دەرخەری جینایەتێکی تری کۆماری ئیسلامین، ئەوەی کە سەرانی کۆماری سێدارە زۆر زوو هەستیان بە بوونی ئەو ڤایرۆسە و ڕێژەی توشبووان کرد، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەکان و هەروەها ٢٢ی رێبەندان بۆ ئەوە خەڵک بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سەر شەقامەکان بێ دەنگیان نواند و گیانی خەڵکیان خستە مەترسیەوە. هەڵبەت ڕژیمێک کە دەیان ساڵە ئیعدامی بە کۆمەڵ بەڕیوە دەبا و لە ڕێگەی یاسا سەدە ناوەڕاستەکانی حوکمی کوشتنی خەڵک و قەتڵی عەمدی  دەوڵەتی بەرێوە دەبا نابێ لەوە زیاتر چاوەڕوانی لێبکرێ. کۆماری ئیسلامی سەرەرای بوونی ئەو ڤایرۆسە کوشندە ماوەیەکی زۆر بازارەکانی دانەخست و هەروەها زیارەتگە و شوێنەکانی خوڕافەی بەرووی خەڵکی نەزان ئاوەڵا هێشتەوە، ئەوە بوو بە هۆکاری زیاتر تەشەنە سەندنی کۆڕۆنا و لە ئێستادا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین تووش بووی هەیە و ئاماری مەرگی خەڵک بە هۆی ڤایرۆسەوە ڕۆژ بە ڕۆژ روو لە زیاد بوونە. جینایەتەکانی ئەو ڕژێمە بەرامبەر بە خەڵک کۆتایی نایە و ئێستاکەش کە کەرەنتینەی ڕاگەیاندووە بەلایەکی تر یەخەی خەڵک بە تایبەت چینی کەم داهاتی گرتووە ئەویش نەبوونی بژێوی ژیان و نەبوونی خۆراک تەنانەت شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ خۆپاراستنە. کۆماری ئیسلامی سەرەرای راگەیاندنی کەرەنتینە هیچ بەرپرسیارێتیەکی بەرامبەر بە قەیرانی هەژاری و بێکاری و بێدەرەتانی خەڵک وە ئەستۆ نەگرت و بۆی گرینگ نەبوو کە خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە لەو گرانی و بێ بژێویە چۆن دەتوانن لە ماڵەکان بمێننەوە و خۆیان کەرەنتینە کەن. گرانی  و هەژاریەک کە هۆکارە سەرەکیەکەی گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی کۆماری ئیسلامیە. سەرەرای بوونی ئەو گشت دەردە کە هەموو خەڵک تێدا هاوبەشن پرسێک کە جێگای هیوایە بوونی خەڵکێکی بەرپرسیار و مرۆڤدۆستە کە بە شێوەی خۆڕسک خەریکی یارمەتی گەیاندن و پاک و خاوێنی ناوچەکانن. خەڵکێک کە بە شێوەی شورایی و کومیتەیی گروپە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی خۆڕسک و مرۆڤدۆستیان پێکهێناوە تا لەو بارودۆخە نالەبارە خۆیان فریادرەسی خۆیان بن، چوونکە ئەوان هیچ هیوایەکیان بە دەسەڵات نییە و ساڵەهایە بەو ئاکامە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و هەژاری و ماڵوێرانیانە. ئەزموونێکی کە هاتنی ئەو وایرۆسە بە خەڵکی جیهانیدا ئەوە بوو کە دەسەڵاتداران ئەوەندەی گرینگی بە دروستکردنی سیلاحی کوشتاری بە کۆمەڵ دەدەن گرینگی بە گیانی تاکەکان نادەن و خەڵکی جیهان دەبێ بزانن کە خۆیان لە فکری خۆیاندا بن و سەرمایەداری لە هەموو ناوچەکان نیشانی دا کە ناتوانێ ئەمنیەتی گیانی و ماڵی مرۆڤەکان دابین بکات، بۆیە چینی کرێکار دەبێ لە هەموو جیهان یەکبگرن، چوونکە ئازادی و ئەمنیەتی گیانی و ماڵیان تەنیا و تەنیا لە سیستمێکی سۆسیالیستی  و یەکسان دا کە مرۆڤایەتی  ڕێز و کەرامەتی پارێزراوە مسۆگەر دەبێ…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ٧٢ لە ٣١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *