پەرستاران، ئەو ئینسانانەی بۆ ژیانی هەمووان لەڕیزی پێشەوەی مەرگدان …

دەشتی جەمال

قەیرانی کۆرۆنا و مەترسییەکانی یەکێکە لە باسە گرنگ و دەمودەستەکانی ئێستای دنیا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەلامەتی تەندروستیی گشتییەوە هەیە. ئەوەی ئەم پەتایە چ کاریگەرییەکی لەسەر قوڵکردنەوەی قەیرانی تەندروستی و قەیرانی سەرمایەداری دروستکردوە، وە ئاسەوار و ئاکام و کاریگەرییەکانی چەندە مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی جێدەهێڵێت، لێکدانەوە و بۆچوون و بیروڕای جیاوازی لەسەر تاووتوێکراوە.

لەم نووسینە کورتەدا دەمەوێت لەسەر دەور و کۆشش و ماندووبوونی هەر ڕۆژەی ئەو مرۆڤانە، قسەیەکی کورت بکەین کە پارێزەری تەندروستی و سەلامەتیی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگان، ئەوانیش پەرستارانن کە بۆ هەموو کەس دەژین و شەوانە ئێشك دەگرن بۆ بیستنی هەناسە و ناڕەحەتییەکانمان و لەم ڕۆژگارە سەختەدا لە هێڵی پێشەوەی یارمەتیدان و بەرگری و ڕزگار کردنی ئێمە و کۆمەڵگادا ڕاوەستاون. ئەم ئینسانانە ئەو سەربازە ونانەن کە هیچکات ناویان ناهێنرێت تەنها لە ساتە هەستیارەکاندا نەبێت کە هەموان دەمانەوێت تەندروست باشبین و پارێزراو بین، ئەوانەی کە سەلامەتی گشتی پاڵنەرێکی بەهێزیانە و دوور لە خۆپەرستی، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنی ئێمە، ئەو ئینسانانەی کە بێگوێدانە ئەوەی ڕەنگ و زمان و ڕەگەز و شوێنی لەدایكبوون لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا پێوەریان بێت، بە یەکسانی پشکنین و چاودێریمان دەکەن و ئامڕازەکانی چارەسەرکردن بێ جیاوازی بەکاردەهێنن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئەمڕۆ ٧ی ئەپریل وەك ڕۆژێکی تەندروستی جیهانی دیاریکردوە بۆ بیرهێنانەوەی سەرۆکەکانی جیهان بە کارودەورێکی بەرچاو کە پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی گشتی لە جیهاندا دەیگێڕن…

سەرۆکی شورای جیهانیی پەرستیاران، ئەنیت کنێدی، لە ڕاپۆرتێك کە لەپەیجی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاو بۆتەوە وتی: “سیاسەتمەداران تێچووی پەروەردەکردنی پەرستیاران و لەمەیدانی کاردا هێشتنەوەیان درك دەکەن، بەڵام کەمینەیەکیان بەهای ڕاستەقینەیان پێدەزانن”. وە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هەر پارەیەك لە مەیدانی پەرستیاریدا سەرف دەکرێت، بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی تاك و خێزانەکانی کۆمەڵ”… ئەم ڕاپۆرتە تیشك دەخاتەسەر دەوری کادری پەرستیاری وە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی بەرهەمهێنان لە ڕشتەی پەرستیاریدا بریتییە لە بەرهەمهێنان بە قازانجی کۆمەڵگادا نەك سود و مەسرەفی تێچوون. جیهان پێویستیی بە ملیۆنەها پەرستیاری زیاتر هەیە لەوەی کە ئەمڕۆ هەمانە، وە ئێمە بانگەوازی حکومەتەکان دەکەین بۆ کاری عەقڵانی دەربارەی ئەم ڕشتەیە و بەرهەمهێنان لەم مەیدانە جوانە ئینسانییە و تێڕوانینی ئەو سوودانەی کە دانیشتوانەکانیان دەیچننەوە لەو کارە گرنگانەی کە بێجگە لە ئەم کادرانەی پەرستیاری دەیکەن، کەسی تر ناتوانێت ئەنجامی بدات…
بەداخەوە ڕۆژانە لە پاڵ هەڵکشانی ئامارەکانی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تا ئێستا ١١٠ دکتۆر و پەرستار و کارمەندی تەندروستی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ژیانیان لەدەستداوە. ئەمەش ئەو ئاکامە و دەرهاویشتە و ناکۆکییەکانی ئەم سیستەمی بەرهەمهێنانی ئابوورییەی جیهانییەیە کە جێگا و ڕێگای پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی پێ گرنگ نیە و بێبەری کردوە لە یارمەتی و پێداویستییەك، ناوەندی تۆژینەوە زانستییەکان و کەرتی تەندروستی کە سەرچاوەی داهاتی پڕ و قازانجێکی ئەوتۆ نیە بە فەرامۆش سپێردراوە و ڕۆژ بە ڕۆژ کەوتوونەتە بەر پەلاماری دەوڵەتان و چینی دەسەڵاتدار.
سەرباری ئەوەی دەبێت مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگای هاوچەرخی ئەمڕۆدا لە هەموو ماف و پێداویستییە ستانداردەکان، لە ڕووداو و نەخۆشی و دەستەبەرکردنی ئیمکانیەتە پزیشکی و تەندروستیەکان بەهرەمەند بن، هاوکات فشارهێنان بۆ دەسەڵاتداران و حکومەتەکان و ناچار کردنیان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لە ئاست وەڵامدانەوەی بەکردەوە بە هەموو ئەو داوا و خواستانەی کە پەرستاران و دکتۆر و کرێکاران و کارمەندی کەرتی تەندروستی هەیانە و دەیخەنە ڕوو، چونکە مانەوەی فیزیکی هەموو کۆمەڵگا بەندە بەکار و خزمەتگوزارییەکەوە کە ئەم ئینسانانە پێشکەشی دەکەن، بەتایبەتیش لەم دۆخەدا ناهەموارەدا کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێت.

لە کوردستان وەك بەشێك لە بەرکەوتەی ئەم ڤایرۆسە نەگریسە کە کۆمەڵگای داگرتوە، پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی دەورێکی پیشڕەو و ماندوونەناسانە دەگێڕن لە خزمەتی کۆمەڵگا. ئەوان نەبن کارەساتی گەورە ڕووبەڕووی کۆمەڵگاکەمان دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە سیستەمی تەندروستی کوردستان لە دۆخێکی هێجگار خراپدایە، قورسە بتوانرێت بەرگەی شەپۆلێکی گەورە لە بەرکەوتوانی پەتای کۆرۆنا بگرێت. پێویستە کۆمەڵگا بەهای ڕاستەقینەی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی لەبەرچاو بگرێت، چونکە ئەم ئینسانانە ئەو ئۆردوەن کە ژیانی ئێمەیان ناوەتە پێش ژیانی خۆیان و بۆ هەمووان دەژین. کەوایە دەبێت ئێمەش لەپاڵ ئەوەدا کە دەنگی داخوازییەکانمان بۆ باشکردنی ژیان و بژێوی بەڕووی دەسەڵاتداراندا بەرز دەکەینەوە هاوکات پشتگیری داوا و داخوازی پەرستاران بین و داوا و ویستی ئەوان بەبەشێك لەخواستی خۆمان بزانین، دەبێ فشارەکانمان لەسەر حکومەت توند بکەینەوە و داوای بە خۆڕاییکردنی کەرتی خزمەتگوزاری تەندروستی و دانی ئیمتیازاتی تایبەت بە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان کە لە هێڵی پێشەوەی بەرگری و پاراستنی ژیانی کۆمەڵگان بکەین و لە لیستی داخوازییە جەماوەرییەکانماندا جێگیریان بکەین. دەبێ باشکردنی ژیان و بژێوی پەرستاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی هەر لە تەئمینی کار و کرێی شایستەوە تا کەمکردنەوەی سەعاتکاری ڕۆژانە و زیاد کردنی کارمەندان و پێدانی خۆراك و پێداویستی بژێوی ڕۆژانە و دانی دەرماڵە و بیمەی تایبەت پێیان لەبەرچاو بگیرێ و وەك بەشێکی سەرەکی لە بەرنامەی وەزارەتی کار و بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمدا جێگیر بکرێ و بۆیان بەڕەسمی بناسرێت..

٧/٠٤/٢٠٢٠

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *