بەرزو بەرێزییت یادی خەباتکارانەتان، هاوڕێیان شاپورو قابیل ! …

مستەفاباهر

لە سەرەتای٩٠ نەوەدەکاندا، و بەدیاریکراوی لەساڵی ١٩٩٣ بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی، حزبی خۆی دروست کرد، و دەستی کرد بە چالاکی سیاسی و جەماوەری… حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەماوەیەکی کەمدا بووە جێگای پێشوازی جەماوەری کرێکار و زەحمەتكێشی کوردستان، وە تارادەیەکی زۆر بووە جێگای ئومێدی رابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و جەماوەری و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە… لەڕاستای تیکۆشان و پێشڕەوی ئەو حزبەدا هاوڕێیان (شاپور و قابیل) کە پێشتر خۆیان دوو رابەر و سیمای ناسراوی ئاوارەکان و بێخانە و لانەکان بوون، پەیوەست بوون بە حزبەوە، بە پەیوەست بوونیان بە حزبەوە هەم حزبیان گەورەکرد و هەم توانایی خەباتکارانەی خۆیان بردەسەر و لەماوەیەکی کەمدا، بوونە دوو کادری ناسراو و خۆشەویستی رابەری حزبیش… هاوڕێیان شاپورو قابیل لەو رابەرە چالاک و بەرچاو رۆشنە کۆمۆنیستانە بوون، کە بڕوایان بەوە هەبوو کە سیستەمی سەرمایەداری، سیستەمێکە لەسەر چەوسانەوەو نایەکسانی لەڕووی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی بنیات نراوە، هەموو ئەو دەردو مەینەتیانەی کەبەسەر کۆمەڵگەدا دێت سیستەمی سەرمایەداری لێی بەرپرسە.
ئەوان دەیان وت ئەم سیستەمە لەڕۆژی ئەزەلەوە بوونی نەبوەو هەتا هەتایەش ناتوانێت حوکمڕانی مرۆڤایەتی بکات. دەیان وت کە ئەم سیستەمە لەخۆوە ناڕوات و پێویستی بە خەبات و کارو چالاکی هەیە، دەیانوت ئەم دنیا سەرەوخوارەو دەبێ بەخەباتی یەکگرتووانەی چینی کرێکار، بخرێتەوە سەرقاچەکانی خۆی، تەنها هێزێکیش کە ئەم سیستەمە لەناوبەرێت، شۆڕشی کرێکاریە. ئەم شۆڕشەش بەبێ حزبی پێشڕەوی خۆی، مومکین نیە. بۆیە ئەمان لە ناو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا بەوپەڕی لێبڕاویەوە، چالاکانە دەستیان کرد بەکارکردن و بەهۆی چالاکیانەوە، چونە ڕیزی رابەرانی حزبەوە، هاوڕێ شاپور بوو بەئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاوڕێ قابیلیش بووە ئەندامی کۆمیتە رابەری رێکخراوی کوردستان.
کارو چالاکیەکانی حزب بەتایبەتیش کارو نەخشی ئەم دوو رابەرە، لە مەیدانی ئاوارەکان و بێخانەو لانەکان و رۆڵی بەرجەستەیان لە ناو بزوتنەوەی بێکاری و ئاکسیۆنە ئایارییەکاندا، لە هەشتی مارس و رۆڵیان لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا… بەجۆرێک بەرجەستەو کاریگەر بوو کە بەرەی کۆنەپەرستی کە ئەحزابە ئیسلامیەکان نوینەرایەتیان دەکردو بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەهەولێر کە پارتی نوینەرایەتی دەکرد، بەتەواوەتی نیگەران کردبوو. شاپورو قابیل خەڵکیان وریا دەکردەوە و دەیان وت، “نە شا نە شێخ نە ئاسمان ناتوانێت رزگارمان کات تەنها خۆمانین کە دەتوانن خۆمان رزگار کەین”. ئەوان خەڵکی کوردستانیان ئاگادار دەکردەوە لە دزی و تاڵانکردنی سەروەتی کوردستان لەلایەن بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە کەیەکێتی وپارتی نوینەرایەتیان دەکرد.
شاپورو قابیل خەڵکی کوردستانیان ئاگادارکردەوە کە ئەم دوو حزبە ناسیۆنالیستە، خەڵکی کوردستان توشی کارەساتی گەورە دەکەن، چونکە ئەمانە هیچ نین جگە لە دوو بەکرێگیراوی دەستی دەوڵەتانی ناوچەکە و پارێزەرانی سەرمایەداران. هەربۆیە هەردوو بەرە ترسیان لێنیشت لە بەهێزبوونی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی. بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەیزانی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی بزوتنەوەیەکە لەدژی بەرژەوەندی سەرمایەدارانی کوردستان کار دەکات و ئەمەش دەبێتە کەمبوونەوەی پایەی کۆمەڵایەتی ناسیۆنالیزم لە کوردستاندا. بۆیە گلۆپی سەوزی بۆ گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان هەڵکرد، ئەوانیش وەک بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرست کە هیچکات بەرگەی ئازادی، پێشکەوتنی کۆمەڵگەو، خۆشگوزەرانی ناگرن. بۆ لاوازکردنی ئەم بزوتنەوەیە ئامادەبوون هەموو رێگایەک بگرنە بەر. هەربۆیە ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا، لە کاتژمێر هەشت و پەنجا خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی ١٨/٤/١٩٩٨ ، باندێکی تیرۆریستی ئینسانکوژی چەپەڵی ئیسلامی، ئەو دوو ڕابەرە خۆشەویستەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و، ئەو دوو ئینسانە شۆڕشگێرە، ئەو دوو ڕابەرە خۆشه‌ویستەی ئاواره‌کان و یەکێتی بیکاران، و بێخانە ولانەکان، کە خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ یەکی ئایار تیرۆر دەکەن.
هەرچەندە ئەو کردەوە تیرۆریستیە راستەوخۆ ئیسلامییەکان پێی هەستان، بەڵام بەبێ ئاگاداری دەزگاکانی پارتی ئەستەم بوو. لەو کاتەدا تیرۆریستێکی وەک مەلابەشیر لە مزگەوتەوە بەئاشکرا فتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی دەداو داوای داخستنی رۆژنامەکانی دەکرد. پارتیش وەک پیشەی هەمیشەیی کەوتە هاوکاریکردنی ئەو بەرە کۆنەپەرستە چەپەڵە. هەربۆیە دەزگاکانی پارتی دوای تیرۆرکردنی هاوڕێیان (شاپور و قابیل)، لەباتی ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو کارە تیرۆریستیە بکەن و هاوکاری کەس و کارو هاوڕێیانیانی لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بکەن، لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن تیرۆریستان بناسێن و نەخشەداڕێژەرانی ئەو کردەوە چەپەڵە، توشی لێپێچینەوە بکەن… وە فتوادەرانێکی وەک مەلابەشیر، ڕاپێچی بەردەم دادگا بکەن. مەلا بەشیریان کردە ئەندام و پەرلەمان… ئەو پەرلەمانەی لەژێر سایەی ئەو مەلا تاوانکارانەدا، پاشان یاسای فرەژنییان دەمەزەردو پەسەندکرد.
سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە هیچ کات باوەڕمان بە دادگایەک نەبووە کە بکوژ خۆی دادوەربێ، سەرەڕای ئەوەش کەسوکاری هاوڕێیان سکاڵایان تۆمار کرد. بەڵام دادگا هیچ لێپرسینەوەیەکی نەکرد لەو تاوانە. لەڕووی سیاسیشەوە پارتی بنکەی بێکاران و رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانی داخست و رۆژنامەی “یەکسانی” قەدەغەکرد. پارتی بەم کارەی ئەوڕاستیەی سەلماند کە دژی هەموو بەرەیەکی ئازادیخوازەو، دژ بەوکەسانەیە کە هەوڵدەدەن بۆ باشترکردنی ژیانی هەژاران. پارتی بەم کارەی دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەری بەرەی کۆنەپەرستەو دژی هەموو بزوتنەوەیەکی پێشکەوتوخوازە.
شاپور و قابیل… دوو رابەری شۆڕشگێڕو، دوو شۆڕشگێری رێگای دنیایەکی باشتر بوون، لە دەستدانیان خەسارەتیکی گەورە بوو لەبزوتنەوەی کرێکاریی بەگشتی و لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی بەتایبەتی، بەڵام دەبێت دوژمنانی کۆمۆنیزم، ئەوڕاستیە باش بزانن، تا ئەوکاتەی ململانێی چینایەتی مابێت، تا ئەوکاتەی کرێکارو سەرمایەدار مابێت، تا ئەوکاتەی هەژارو دەوڵەمەند مابێ، مێژووی خەبات و تێکۆشانی شاپورو قابیل و هاوبیرانی بەردەوام دەبێت.
بەرزوو بەڕێزبێت یادی ئەو دوو هاوڕێ تیکۆشەرە، مردن بۆ تیرۆرو تیرۆریستان.

١٨/٤/٢٠٢٠

هێلسنکی

Check Also

PremiumOfferFinder.com Can Be Used Promoting LocalMilfSelfies.com |

Site Details: Overview The owners of PremiumOfferFinder.com are buying banner ad space on numerous mature …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *