دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەها عومەر ناسراو بە ”ڕێبوار عارف“ هەڵسوڕاوی سیاسی کۆمۆنیست سەبارەت بە کۆرۆنا ڤایرۆس…

بۆپێشەوە: ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ناتوانایی بۆرژوازی و وڵاتەکانی لە کەرتی تەندروستیدا بەڕۆشنی نیشاندا، ئەوە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

بەها عومەر: ڕاستیەکەی ئەوەیە بەدەر لەوەی کە گەلێک کەرتی سەرمایەگوازری تر هەیە کە بۆ سەرمایەداری زێدەباییەکی یەکجار گەورەتری لە پشتەوەیە، لایەنێکی تری ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هێشتا بۆرژوازی و سەرمایەداری جیهان نەیتوانیوە پشت ڕاست بکاتەوە و بەتەواوی بکەویتەوە سەر پێی خۆی لەپاش قەیرانی ئابوری سالی ٢٠٠٨، بۆیە بەبروای من دیوێکی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە ئامادەیی و توانایەکانی بورژوایەوە هەیە پاش تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی کە ١٢ ساڵ لەمەوبەر بەرۆکی پێگرت.

بەڵام لە ڕاستیدا دیوێکی تری ئەم پرسیارە واهەست دەکەم دروست بە پێچەوانەوە دەرفەتێکی گونجاویان رەخساندبێت بۆ بەهرەبەرداری کردن لە کەرتی تەندروستی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە. بەجۆرێک کە تێیدا بتوانرێت کەرتی تەندروستی بکرێتە هەوێنی گەورەترین سەرمایەگوزاری و بەکردەوە ئەم کەرتە بتوانێت دەورێکی ئیمپراتۆریانە ببینێت لە جەرگەی ئەم قەیرانەدا بۆ رزگارکردنی سەرمایەداری.

سەرنج بدەن کە بیل گیتس ملیاردیرو بنیاتنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، وەک یەکێک لە سەروەتمەندترین کەسایەتی جیهان، ئەو ئێستە لە شوێنێکیدا کە بانگەوازی تەواوی وڵاتە سەرمایەدارەکانی جیهان دەکات بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەیەکدا کە تەواوی توانای خۆی بۆ تەرخان کردوە کە (دۆزینەوەی ڤاکسینی ئەم ڤایرۆسەیە). ڕێگە بدەن با کەمێک زیاتر بچمە نێو ئەم باسەوە.

بیل گیتس حەوت ساڵ لەمەوبەر لە کۆنفرانسێکدا بەڕۆشنی قسە لەسەر فۆرمۆلێک کرد (بۆ رزگارکردنی ئەم هەسارەیە لە مەترسیەکانی ئاڵودەی زەوی و بەتایبەت مەترسی چوونە سەرەوەی (دووهەم ئۆکسیدي كاربؤن). لەمبارەشەوە لەو کۆنفرانسەدا باس لە فۆرمۆلێک دەکات کە چۆن بتوانرێت نەک هەر ڕێگە بە بەرزبوونەوەی کاربۆن ئوکسید نەدرێت، بەڵکو بهێنرێتە سەر ئاستی سفر.ئەو لەو فۆرمەلەدا دەڵێت واتە دووهەم ئۆکسیدي كاربۆن یەکسانە بە ئینسان زەرب، خزمەتگوزارییەکان بۆ هەر کەسێک کەمتربکرێتەوە، زەرب سەرفکردنی ئەنێرژی بۆ خزمەتگوزاری کەمتربکرێتەوە، زەرب پیسی ئەنێرژی کەم بکرێتەوە وەک نەوت.

 

بیل گیتس 5 سال لە مەوبەر دەڵی ئەگەر ئاگامان لەخۆمان نەبێت ڤایرۆسێک بەرۆکمان پێدەگرێت کە دەکرێت زۆر لە ئیبۆلە زیاتر قوربانی لێبکەوێتەوە. دواتر باسی ئەوە دەکات کە بەدووری مەزانن ئەو ڤایرۆسە ( لە ڤایرۆسەکەی سالی 1918 زیاتر قوربانی لێبکەویتەوە کە33 ملیۆن ئینسانی کوشت) دواجار لە چەند مانگی ڕابردوودا دەست بەکاری عەمەلیکردنەوەی پڕۆژەکەی خۆی دەبێت و لەمبارەشەوە ڕایدەگەیەنێت کە٨ هەڵبژاردەیان دیاری کردووە کاری لەسەر بکەن،  بۆ دڵنیابوون لە دۆزینەوەی ڤاکسینەکە. هەربۆیە لە گەرمەی دەست بەکاربوونی ئەم پرۆژەدا، هاوکات بانگەوازی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا وهەموو کۆمپانیا گەورەکانی کردوە کە هێشتا پێویستیان بە ٢ ملیارد دۆلاری ترە، بۆبەئەنجام گەیاندنی پرۆژەکە. ئەو دەوڵەتەکان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە پێویست دەکات ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی واژۆ بکرێت بۆ دابەشکردن وبەکارهێنانی ٣٠سی پێداویستی سەرەکی؛ کەبریتیە لە (کەرەسەکان، خزمەتگواریەکان، ڤاکسین) مرۆڤ کاتێک لە هەنگاو بەهەنگاوی پرۆژە تەمەن دریژەکەی بیل گیتس ورد دەبێتەوە بەرلەهەرشتێک دەبێت لەوە حاڵی بیت کە بە سفر کردنەوەی کاربۆن ئوکسید، پشت بەستوو بەو فۆرمۆلەی کە باسکرا. ئایا ناچارکردنی وڵاتە زلەهێزەکان بۆ پشگیریکردن لەو پرۆژەی کە دەڵێت دەبێت ڕێکەوتنامەیەک واژۆ بکرێت بۆ لێدانی ڤاکسین لەهەر هاوڵاتیەک کە دیوێکی ئەم ڤاکسینە بە مانای قڕکردنی بەشێک لە  کۆمەڵگەی بەشەرییە زیاتر بە هیچ ئەنجامێکی تر دەگەین …. بۆیە بەبروای من دیوێکی مەترسیەکانی قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانە و جۆری دەربازبوونی سەرمایەداری لێی ئەگەر ئەوە بەلای هەموومانەوە ڕۆشن بێت کە بەقیمەتی هەرەس پێهینانی ئاستی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێشە، ئەوا هێشتا وەک پێویست فۆکۆس نەکراوەتە سەر پلانەکانی گەورەترین سەرمایەداران لە جیهان کە چۆن لە ژێر ناوی پارێزگاری کردن لە ژینگە و هێنانە خوارەوەی کاربۆن ئوکسیدا. هەر لیرەشەوەیە کە لەپاڵ ئەو هۆکارانەی پێشتر ئاماژەمان پێکرد لە ناتوانایی بۆرژوازی لە بواری کەرتی تەندروستیدا، ئەمجارە گومان دەکرێت کە کەرتی تەندروستی بکرێتە فریادڕەسی ئەم قەیرانە قوڵەی کە بەرۆکی بەسەرمایەداری گرتووە، بەڵکو ئێمە ئێستە لەبەردەم مەترسی کوشتاری ملیۆنەها ئینساندا لە ڕێگەی ناچارکردنی بەکارهێنانی ئەو ڤاکسیۆنەی کە هێشتا مەعولم نییە چییە، بەڵام نەخشەی بۆ دادەڕێژرێت کە هەموو ئینسانێک ناچار بکرێت بە بەکارهێنانی.

بۆپێشەوە: بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، شەپۆلێکی بەرین لە بێکارکردن دەستی پێکردووە، یان ژمارەیەکی یەکجار زۆر بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکرێت؟

بەها عومەر: ئەوەی تائێستە بەشێوەیەکی فەرمی رێکخراوی جیهانی کارILO ئاماژەی پێکردوە هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند کە لە ماوەی ئەم چەند مانگەی قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنادا 195 ملیۆن ئینسان لە سەرتاسەری جیهاندا بێکاربوون…! ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر 185 ملیۆن بێکار هەبووە. هەندێ لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێشبینی ئەوەیان کردووە کە ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە دەتوانیت ببێتە زیادبوونی 420 بۆ 580 میلیون کەسی تر لە جیهاندا بۆ ژێر ئاستی خەتی هەژاری. کە ئەمە بەرامبەرە بە 8% سەرژمێری دنیا. لە ڕاستیدا نەک هەر ئەمانە؛ بەڵکو بازاڕی پشکەکان(بۆرسە) لە هەزارەی سێهەمدا شکستی وا گەورەی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەگەر ئەوەی باسمان کرد وەک گۆشەیەک لە ئاستی مەترسیداری ئەم قەیرانەی ئەمرۆی بکرێت، دەبێت ئەوەمان بەلاوە ڕۆشن بێت کە ڕێگرتن لە شکانەوەی تەواوی بەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانە بە تەواوی کارەساتەکانی دواتریەوە، تەنیا لە گرەوی ئەوەدایە کە ئایا بزووتنەوەی کرێکاری لەسەراسەری جیهان لە فۆرمێکی جیاوازو لە ئاستێکی دیکەی ڕێکخراوبوون و هاتنەمەیدانا خۆی دەبینێتەوە؟ ئایا بزووتنەوەی کرێکاری تەجاوزی قۆناغی قەتیسمان لە قاوغی پشت بەستن بە نەقابە کرێکارییەکان تێپەردەکات و ئامرازێکی کارو چارەنووسازی وا بەدەستەوە دەگرێت کە خۆی لە ئاستانەی نزیک بوونەوە لە ڕەقەم لێدان لە چارەنووسی ئەو سەدان ملیۆن بێکارە. ئایا ڕابەرانی ئەم چینە، و ڕێکخراوەکانیان هەستیان بە مەترسیەکانی تا ئێستەی ئەم قەیرانەکردوە کە چ ماڵوێرانی و نابوودیەک بۆ زۆربەی هەر زۆری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەرهەم دێنیت؟ ئایا ئەم بزووتنەوەیە خۆی لە ئاستانەی ئاڵوگۆرێکی ڕیشەیدا دەبینێتەوە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لەبەرژوەندی  ٩٩٪ی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. بیرمان نەچێت کاتێک کە باس لە ئامادەیی چینی کرێکار دەکەین، ئەمە نەک هەر شتێکی دابراو نییە لە بزووتنەوەی سوسیالیستی، بەڵکو سەد ساڵی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە تەنیا هاتنە مەیدانی چینی کرێکار خۆ بەخۆ توانای ئاڵوگۆری هاوکێشەکانی نییە، ئێمە نزیک بە 100 ساڵە دەبینین سەرباری ڕێکخراوبوونی ئەم چینە، بەڵام ئەگەر وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سوسیالیستی عەمەل نەکات و شێواز و میکانیزمی کارو ڕێکخراوبوون و خەباتی هاوتا و هاوشانی سونەت و داب و نەریتەکانی بزووتنەوەی سوسیالیستی نەبێت، مەحاڵە قۆناغێکی باشتر لە ڕۆڵی سوسیال دیموکراتەکانی ئەم وڵاتانە لە نێو چینی کرێکاردا بەخۆوە ببینین. بۆیە ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سۆسیالیستی وەک دوانەیەکی هاوڕیشە و پێکەوە گرێدارو نەبینینەوە، ئەوا بەداخەوە دەبێت بڵێین دنیا بە ئاستانەی بەربەریەتدا زیاتر شانسی شکانەوەی هەیە!

بۆپێشەوە: دنیای دوای ڤایرۆسی کۆڕۆنا چی بەسەر دێت؟

بەها عومەر: کۆدەنگیەک هەیە لەوەی کە دنیای دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا دنیایەکی زۆر جیاواز دەبێت، هاوكات دنیای دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا قەیرانێکی یەکجار گەورە لە هەناوی خۆیدا پەلکێش دەکات. بەڵام بەبڕوای من یەکێک لەجیاوازییەکانی ئەم قەیرانە بعدی قەیرانەکەیە کە لە سنوری قەیرانی دارایی تێپەر دەبێت و گەلێک گۆشە وکەناری ژیانی ڕۆژانەمان دەگرێتەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت سیاسیشەوە. ئێمە پێشتر ئاماژەیەکمان کرد بە کاریگەریەکانی ئەم قەیرانە لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە ئاستێکی یەکجار باڵادا دەبێت. بەڵام بە بڕوای من ئەمە هێشتا نیوەی پەرداخەکەیە، نیوەکەی تری بریتیە لەو دۆخەی کە ئێستە هەموومان هەستی پێدەکەین و لەگەڵیدا دەژین کە یەک دۆخی هاوپشتی هاوشێوەکانە. کە دیارە مەبەستم زیاتر هاوپشتی وهاودڵی ئینسانە پێکەوە. ئەم کەشتیە مەترسیدارەی کە ئەمڕۆ ئێمەی ئینسان تێدا سەوڵ لێدەدەین و ڕۆژ بە ڕۆژ لە کاریگەریەکانی نیگەران دەبین، و ڕۆژ بەڕۆژ جەرگمان ژان دەکات لە چوونە سەرەوەی ڕێژەی قوربانیانی ئەم کارەساتە، بەڵام هاوکات بەهۆی جیهانگیربوونی ئەم ڤایرۆسەوە جیهان گیربوونی هاودڵی و هاوپشتیەکی ئینسانیش دروست بووە کە تێیدا چارەنووسی ئینسان لە دەرەوەی بەهای هەر سنوورو ئاین و نەژادێک بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پر بەهاترو مانادارتر بووە.

ڕێگە بدەن بالێرەدا کەمێک ڕوونتر ئاوڕێک لە یەک دوو خاڵ بدەینەوە. وەک دەبینین ئێستە لەسەراسەری جیهاندا باس لە دۆزینەوەی ڤاکسینێک… دەکرێ کە بەدڵنیایی سەدان و هەزاران دکتۆرو پرۆفیسۆرو کۆمپانیای گەورە و بچووکی بەدوای خۆیدا پەلکێش کردووە. ئەمڕۆ تەواوی لێکوڵینەوەکان و هیوای سەدان ملیۆن و بگرە ملیاردها ئینسان بەوەوە بەستراوەتەوە، کە ئاخۆ لەم جەنگی کۆرۆنایەدا زانست کەی و لەکوێدا دوا بزماری خۆی لە تابووتی ئەم ڤایرۆسە دەدات. هەر بەهەمان ئەندازەش ئەگەر ئێمە لە خۆمان بپرسین کە ئاخۆ نەخشی هەموو ڕێگە و ڕەوشتانەی تر کە دەکرێ لە دەورانێکدا بەشێک لە مرۆڤایەتی پەنای بۆ هێنابێت، ئەمڕۆ لەمەیدانی ئەم جەنگەدا چەند دەستەپاچە و پەراوێز بوونەتەوە. لێرەوە ئێمە بەڕۆشنی ڕوومان لە دەوری ئاین و هەموو مەزهەبەکانە، کە چۆن لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا نەک تەنیا دەستەپاچە ماوەتەوە، ئیتر خۆشیان باس لە هیچ کاریگەریەکی خۆیان ناکەن، و لەمەش زیاتر لە زەمەنی کۆرۆنادا ئەوەی رۆژێک لە ڕۆژان نە دەکرا بیریشی لێ بکرێتەوە، ئەوە بوو کە چۆن کاریگەری ڤایرۆسێک دەتوانێت دەیان هەزار مزگەوت و کلێسا و مەرقەد و بنکەی ئاینە جیاجیاکانی دنیا دابخات، و تەنانەت ئەو مەککە و مەدەینەیەی کە قیبلەی بڕوای بەشێک لەم ئاینزادانە بوو، ئێستە بۆ یەکەم جار دەرگا و دەروازەکەی قفل لێدەدریت. ئێوە سەرنج بدەن کە چۆن ئەم ڤایرۆسە بەکردەوە بووەتە هەوێنی لێکهەڵوەشانەوەی بەکردەوەی ئەو سنوورەی کە پێی دەوترا ئەوروپای یەکگرتوو، کە لە ڕاستیدا جیاواز لەوەی کە ئێستە تەواو کاروبارو ئیداریات و بڕیارەکانی ئەم یەکیەتییە لە ڕێی ئەو کۆمپیوتەرو دنیا مەجازیەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵکو بە تەواوی مانا ئێستە ئەم یەکیەتییە هاتووەتە ژێر پرسیارو ئایندەیەکی زۆر ڕۆشنی تێدا بەدی ناکرێت، کە ئەمەش دەتوانێت گۆشەیەکی تری جێگە و ڕێگەی سنوورو خۆبەستنەوە بێت بەو ئامرازە دەستکردانەی کە ناتوانن هیچ هاوکێشەیەک لە بەرژوەندی ژیان وگوزەرانی هاولاتیاندا بگۆرێت. مرۆڤ کاتێک بیر لەو پرسیارە جدیانە دەکاتەوە کە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەهۆی دەست ڕانەگەشتنی ئێمەی مرۆڤ بە ژینگە و بەهۆی ڕاوەستانی سەدان وهەزاران کارخانە و کۆمپانیای زەبەلاحەوە دروست بووە، ناتوانێت سەرسام نەبێت بە هەناسە کێشانەکان و جوانی و تەندروستداری ئەو ژینگەیە. ناتوانێت دڵ بەستە و ئومێدەوار نەبێت بەو بزووتنەوە جیهانیەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ داکۆکیکردن لە ژینگەی تەندروستدارو داکۆکیکردن لە مافی ژیانی ئاژەڵان و دژ بە ئاڵودەگی ئاو و هەوا و دژ بە جەنگ و وێرانکاری و …تاد. بەدڵنیایی دیوێکی تری ئەم گۆرانکاریانە بەهەمان شێوە لە ئاڵوگۆڕو پرسیارگەلێکی یەکجار گرنگی سیاسی، کۆمەڵایەتی وفەرهەنگیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیتر مرۆڤ ناتوانێت لەو چوارچێوە قەتیسماوەی دوێنێیدا بمێنێتەوە.

کە هەرئێستە ئێمە شەپۆلی ئەو دۆخە و دەنگە ئینساگەرایی وهاوشێوە بوونە هەست پێدەکەین. بۆیە بەش بەحالی خۆم کۆی ئەم گۆرانکاریانە وەک زەمینەی ئاڵوگۆڕێکی یەکجار گەورەتر دەبینمەوە، کە بەدوری نازانم ڕێنسانسێکی تربێت بەو جیاوازیەوە کە هەروەک چۆن ئەم ڤایرۆسە جیهان بوو، ئەو رینسانسەش لە ئاستێکی زۆر فراوانتری جیهانیدا دەبێت. کە دیارە سەرهەڵدانی ئەم ئاڵوگۆرە درێژ ماوەیە، و قسەی ئێمە لەسەر ئەمڕۆ و سبەی کاریگەرییەکانی پاش کۆرۆنا نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا ئەمە کاری دەیان ساڵ، زەمەنێکی زۆر زیاتری مێژووی ئایندەی مرۆڤایەتییە. بەڵام دواجار خاڵێک کە یەکجار جێگەی گرنگی پێدانە ئەوەیە کە پێوانەی نزیک بوونەوە لەو ئاڵوگۆڕە لە گرەوی هاتنەمەیدان و دەخالەتگەری ڕاستەوخۆی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیدایە، کە چۆن و چی دەکات لەبەرامبەر بە ئاکامەکانی ئەو قەیرانەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ڕووبەرووی بێکاری و هەژاریەکی مەترسیدار دەکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بزووتنەوەی کرێکاری لەجیهاندا دەکەوێتە سەر ئاستانەی پێناسەکردنەوەی ناسنامەی خۆی وهاتنەمەیدانی لەو جەنگەدا، کە بەدووری نازانم ئەگەر بێتو نەخشەی چینە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی و ئەمڕۆ سەرمایەداری بەرێوە بچێت بۆ خۆ دەربازکردن لەم قەیرانە قووڵەی ئەم جارە، ئەوا جیهان بەرەو بەربەریەتێکی تەواو بەرن، ئەو ڕابەرە کرێکارییە و ئەو هەڵسوڕاوە سۆسیالیستیەی کە لە ئامانج و ناوەرۆکی نەخشە و فۆرمەلەکەی (بیل گیست) حالی نەبووە کە بەکردەوە دووبارەکردنەوە یان عەمەلی کردنەوەی تێزەکەی مالتۆسە بۆ کەمکردنەوەی مرۆڤ لەم سەر زەمینەدا لە ڕێگەی لەناوبردنەوە! بۆیە دەبێت لەوە حاڵی بیت کەسەرمایەداری هیچ ڕێگەیەکی تری نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دەرباز بوون لەم قەیرانە کەمەرشکێنە. جیاواز لەشکانەوەی ئاسەوارەکانی نەبێت بەسەر چینی کرێکارو خەڵکی ستەمدیدە و زەحمەتکێشی جیهانی ئەمڕۆدا!

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٣ی ١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *