پێشوازی یەکی ئایار لە سەردەمی كۆڕۆنادا …

عەبدوڵا مەحمود

یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێونەتەوەیی چینی کرێکار بەڕێوەیە. ئەمساڵ لەهەلومەرجێکدا یەکی ئایار بەڕێوەدەچێت، کە ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵوگۆری بنەرەتی بەسەردا هاتووە. بە ئەندازەیەکی زۆر کۆمەڵگە توشی هەڵپەساردن بووە. نەک هەر کۆڕ و کۆبونەوەکان، بەڵکو دیداری فیزیکی و راستەوخۆی نیوان خانەوادەکانیش لەگەڵ یەکتری وەستاوە. ژمارەیەکی ئیکجار زۆر لە کرێکاران روبەڕووی دەرکردن لەسەر کار بوونەوەو بە ئۆردوی بێکارانەوە پەیوەست بوون. ئەم دۆخە بەجۆرێکە کە دەتوانین بڵێن سیستەمی ژیان و گوزەرانی بەشێوەیەکی گشتی گۆڕیوە.

ئەگەر لەهەر دەورو سەردەم ودۆخێکدا، هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی مۆری خۆیداوە لە بزوتنەوەی ئاکسیۆنە ئایارییەکان و رابەرانی کریکاریی و رێکخراو و نەقابە کرێکاریی و رادیکاڵەکانی ناچار بە گرتنەبەری ڕێکار و شێوازی جیاجیای خەباتکارانە کردووە، بێ گومان ئەمساڵ مۆر و نیشانی کاریگەری ڤایرۆس کۆڕۆنا و لێکەوتەکانی بەسەر ئاکسیۆنە ئایارییەکان و رێوشوێنەکانی بەرزراگرتنی یەکی ئایاردا، زاڵ دەبێت.

لیک دابڕدابڕ کردنی هاوڵاتیان، ژیانی کەرەنتینەکراو، خامۆش بوونی پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و کۆمەڵایەتیەکان، دیسپلینکردنی ژیانی تاکەکان و چاودێریان، ئۆنلاین کردنی بەشێکی بواری پەروەردە، بازاڕ و تەنانەتە کەرتی تەندروستی، پارێزراو نەبوونی تەندروستی هاوڵاتیان و تا دەگاتە شەپۆلی بێکارکردنی سەدان ملیۆن ئینسان… تاد، کاریگەری راستەوخۆ و بێوێنە و کەم بینراوی لە ئاستی دنیادا، لەسەر هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەی ئینسانی هەیە.

دیارە ئەم دۆخە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ململانێی هەمیشەیی چینایەتی هەیە، چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە لەلایەک و چینی بۆرژوازی لەلایەکی ترەوە دوو قوتبی سەرەکی ئەم  ململانێیەن لە هەلومەرجی ئیستای کۆڕۆنا ڤایرۆس و لیکەوتە هەمەلایەنەکانی.

یەکی ئایاری ئەمساڵ لەم هەلومەرجە تازەیەدا، بەهەر شێوازێک بکرێتەوە هەر رێکارێکی نوێ بۆ نیشاندانی هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێونەتەوەیی بەدەستەوە بگیرێت، دەبێتە سەکۆیەک بۆ خستنە رووی توانایەکانی و هاوکاتیش داواکاری و خواستەکانیشی مۆر و نیشانی ئەم هەلومەرجەی پێوە دەبێت کە ئیستا کۆمەڵگەی مرۆیی لەگەڵی بەرەو ڕووە.

بێ توانایی بۆرژوازی و لەوەڵام دانەوە بە ئەزمەو پیشهاتە تەندروستیەکان، کە لە کرۆنا ڤایرۆسدا خۆی نواند، تا ڕیکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی، تا شکاندنەوەی ئەو ئەزمەیە و لیکەوتە ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەسەر ژیان و گوزەرانی چینی کریکاردا، ئەو مەسەلە چارەنووس سازانەن کەچوارچێوە دەبەخشیت بە یەکی ئایاری ئەمساڵ.

کۆر و کۆبونەوەی فراوان، ئاکسیۆنی سەر شەقامەکان، ڕیپیوان و کۆبونەوەی مەیدانی شارەکان و ناوەندکانی کار و بەرهەمهێنان… لەپێناو پاراستنی تەندروستی و بۆ رووبەڕووبونەوە بەدژی کۆڕۆنا ڤایرۆسدا، دەوەستێنرێن، بەڵام هیچ کام لە خواست و داواکارییەکانی چینی کرێکار راناگیرێن. بەپێچەوانەوە یەکی ئایاری ئەمساڵ جگە لە نیشادانی هاوسۆزی و هاوئاهەنگی و هاوخەمی نێونەتەوەیی چینی کرێکار لە ئاستی جیهانیدا، بەجیا لەداواکارییە ئابورییەکان، بەجیا لە خواستی زیادکردنی کرێ، کەم کردنەوەی سەعاتی کار، هێنانەخوارەوەی خێرایی کار، ویستی ئارام و ئاسایش راگرتنی شوێنی کار و دابین کردنی ئیمکانات و پێداویستیەکانی بۆ سەلامەتی شوێنی کار، بەرگرتن بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی… خواستی بەرپرسیارکرن و دادگاییکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازیش لەسەر چاوپۆشی کردن لە گرنگی نەدانی بە کەرتی تەندروستی، دەبێتە خواستی چینی کرێکاری جیهانی. وەستانەوە بەرووی شەپۆلی بێکارکردن و شکاندنەوەی ئەزمەی ئابوری بەهۆی لێکەوتەکانی ئەزمەی تەندروستیەوە، یەکێکی تر لە وەڵامەکانی چینی کریکارە بە بۆرژوازی لە ئایاری ئەمساڵدا. راگرتنی کار لە رۆژی یەکی ئایار یان پێش و دوای یەکی ئایار بۆ پاریزگاری لە تەندروستی کریکاران، بۆ ویستی گێرانەوەی کرێکارانی دەرکراو، قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی ئەم دۆخەوە بە ژیان و گوزەرانی کریکاران کەوتووە، گوشارهێنان بۆ بۆرژوازی تا ناچار بێت گرنگی بە کەرتی تەندروستی بدات و کەم و کوڕییەکانی پڕ بکاتەوە… ئەو داخوازیانەن کە رابەرانی کریکاریی پیویستە بیخەنە ڕوو. ئەوە بەجیا لەوەی کە لەهەر وڵات و جێگایەکدا خواستی تایبەتی، بەپێی ئاستی خەباتی چینی کریکار و ئامادەییەکانی ئەو چینە دەخرێتە روو.

چینی کریکار لە کوردستان وەکو بەشێک لەم چینە جیهانییە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئیستاوە، دەچنە پێشوازی لە یەکی ئایار، بەجیا لە پەیامی هاوچارەنوسی جیهانی، بەشێوازو ڕیکاری نوێی خەباتکارانە کە هەلومەرجی نوێ هیناویەتە گۆڕی، دەبێ توانایی خەباتکارانەو دواکاری و خواستەکانیان بەرزبکەنەوە. بەرپرسیارکردنی دەسەڵات لە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و زامنکردنی ژیان و گوزەرنیان و بەدانی موچە لەکاتی خۆی و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوان بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە، تا دانی بیمەی بیکاری بە کەسانی بیکارکراو ئامادەبەکار… سەرەکیترین داخوازی کریکارانی کوردستان لەم ئایارەدا لە ئاستی سەراسەری کوردستاندا پێک دەهێنێت. راگرتنی کار لەو شوێنانەی کار تیادا رانەگیراوە دیارە بە پێداویستی بالای تەندروستیەوە، راگرتنی کار پیش یەکی ئایار یان دوای ئایار لەو جیگایانەی کار بەهۆی یەکی ئایارەوە تیایدا وەستێنراوە، بۆ هینانە مەیدان و راگەیاندنی خواستەکانیان، سەرەکیترین شێوازی نیشاندانی توانایی و ئاستی خەباتکارانەی چینی کرێکارە. پێویستە لە ئێستاوە رابەرانی کرێکاری و لە پیشیانەوە کرێکارانی کۆمۆنیست، بەڕیگای گونجاو خەریکی ڕاگۆڕینەوە و خستەڕووی شێوازی خەباتکارانە بن بۆ ڕیزگرتن لە یەکی ئایارو و خستنەڕووی خواستە دەستبەجێ و سەرەکیەکانیان لە شوینی کار و لە ئاستی سەراسەریدا..

ناوەراستی ئەپریلی ٢٠٢٠

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٣ی ١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *