دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و فرمێسکی تیمساحی بۆ کرێکاران …

وەڵام بە مەلا بەختیار ….

بنار مستەفا ….

ئەزمەی قووڵی سەرمایە، فراوانبوونەوەی قڵشتی چینایەتی، ڕق و بێزاری لە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و هتد، بوونەتە هۆکاری درک کردنێکی زیاتر بە جیهانی نایەکسان و نامۆ بە کرێکاران و ئامادەیی خەباتی کرێکارانی هەنگاوێک بردۆتە پێشەوە. هەر لە ئێستاوە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و چەکهەڵگرەکانیان، خەریکی ڕشتنی فرمێسکی تیمساحین بۆ کرێکاران و ئایندەیان. لە کوردستان مەلا بەختیار ئەم کارەی گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام جێگەوڕێگەی خۆی و حزبەکەی وەک دەسەڵاتداری سی ساڵی ڕابردوو و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو دۆخە، تەواو فەرامۆش کردووە. ئاوڕدانەوەیەک لە کارنامەیان پێویستە.

لە وتاری یەکی ئایاریدا مەلا بەختیار بەجیا لە دانانی هەندێ ئاماری هەڵە، باس لە خراپی دۆخی کرێکاران لە جیهان و چاوچنۆکی سەرمایەداران و کۆمپانیاکان دەکات. هەروەها ئاماژە دەکات بەوەی، کە چینی کرێکار هێزی یەکگرتووی نییە و بەدیل خەباتی پەرلەمانی و سۆسیال دیموکراتییە، کە لە ڕێگەیەوە کرێکاران دادپەروەری بەدەست بهێنن. دیارە مەلا بەختیار دەیەوێت حزبەکەی بە سۆسیال دیموکرات لە قەڵەم بدات و کرێکارانی بۆ کێش بکات. لەسەر ئەم بابەتەش قسە دەکەین، بەڵام گرنگە سەرەتا سەرنج بدەینە دۆخی کرێکاران لە کوردستان و ڕۆڵی حزب و دەسەڵاتەکەی مەلا بەختیاری تێیدا، کە خۆی هیچ ئاماژەیەکی پێ نادات.

ناکرێت مەلا بەختیار باز بەسەر جێگەوڕێگەی خۆی و حزبەکەی بدات و فرمێسکی تیمساحی بۆ کرێکارانی ئەوروپا بڕێژیت، لە کاتێکدا چەوساندنەوەی کرێکاران لە کوردستان لە سایەی حزب و دەسەڵاتەکەی ئەودا بە شێوەیەکی مەترسیدار پیادە دەکرێت. دەسەڵاتدارانی کوردستان، کە حزبەکەی مەلا بەختیار سی ساڵە بەشێکی سەرەکین تێیدا، کرێکارانیان لە سادەترین مافەکانیان بێ بەش کردووە و تا لە توانایندا بووە ئاستەنگیان خستۆتە بەردەم خەباتی کرێکاران.

حزب و دەسەلاتەکەی مەلا بەختیار لە سی ساڵی ڕابردوودا دۆخێکی هێندە سەخت و دژواریان بۆ کرێکارانی کوردستان ڕەخساندووە، کە لە جیهاندا کەم وێنەیە. کرێکاران تەنانەت لە مافە سەرەتاییەکانی وەک لانی کەمی مووچە و کاتی کارکردن بەهرەمەند نین، کە لە هەندێک لە وڵاتە دواکەوتووەکانیشدا دەستەبرەکراون. ئێستاش کرێکارانی کوردستان لەگەل هەژاری، نەداری، نەبوونی سەلامەتی شوێنی کار، نەبوونی یاسای کاری پێشڕەو، مافی خۆڕێکخراوبوون، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتییەکان و لەوپەڕی بێ دەربەستی دەسەڵاتدا بەرەوڕوون. زۆرێک لە دەسەڵاتداران لە دۆخی کۆرۆنادا هەندێ ڕێگەیان گرتۆتە بەر بۆ وەلامدانەوە بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی کرێکاران، بەڵام دەسەلاتدارانی کوردستان زۆر بێ دەربەستانە بە قەدەریان سپاردووە. باش وابوو جەنابی لەسەر ئەم بابەتانە قسەیەکی هەبووایە.

مەلا بەختیار هەوڵ دەدات بەم نووسینانەی خۆی بێ بەری بکات لە کارنامەی دەسەلاتدارانی کوردستان. بەڵام کاتێک ئەو لە ڕابەری حزبێکدایە، کە سی ساڵە بە نالەبارترین شێوە دەسەڵاتی خۆی لە کوردستاندا پەیڕەو کردووە، ئەم هەوڵە بێ ئاکام دەمێنێتەوە. ئەم دەسەڵاتە بەجیا لە سەرکوت و داسەپاندنی دەسەڵاتی میلیشیا-عەشایەری، قڵشتێکی چیانیەتی یەکجار فراوانی پێکهێناوە، کە لە لایەک کۆمەڵێک سەرمایەدار – کە بەشێکی بەرچاویان هەڤاڵ و دۆستی حزبەکەی خۆیەتی – دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا گرتووە. لە لایەکی تر، جەماوەرێکی یەکجار زۆر وێڕای ئەوەی ڕۆژانە هێزی کاریان بە چەندین شێوە دەفرۆشن، بەڵام لەگەڵ دانی کرێی خانوو و دابینکردنی پێداوستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان لە ململانێیەکی سەختدان و هەمیشەش بە سەرکوتن لێی دەربازنابن. حزب و دەسەڵاتەکەی مەلا بەختیار بەشێکی سەرەکین لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە و بەرگری سەرسەختیان لە سەرمایەداران کردووە. بۆیە پێش ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ کرێکارانی ڕۆژئاوا، دەتوانن سنوورێک بۆ  چەوساندنەوەی کرێکارانی کوردستان دابنێن.

ڕێگەچارەی سۆسیال دیموکراتی و خەباتی پەرلەمانی لە زۆرێک وڵاتدا ئەزموون کراون و لە هەندێکیاندا بڕێک دەستکەوت بۆ کرێکاران بە دی هاتوون. بەڵام هەم پەرلەمان و هەم سۆسیال دیموکرات درێژەدەری دەسەڵاتی بۆرژوازین و کرێکار هەر تێیدا چەوساوەیە. ڕێگەی ڕزگاری چینی کرێکار شۆڕشە! هەڵبەت سۆسیال دیموکراتی لە ئەحزابی ناسیۆنال-عەشایەری میلیشیا مۆدێرنترە. ئەگەر مەلا بەختیار دەیەوێت حزبەکی بە سۆسیال دیموکرات هەژمار بکات، پێویستە لە سەرەتادا هەڵویستێکی لەسەر هێزی میلیشیای حزبەکەی بێت و لە خەمی کۆتایی هێنانیدا بێت.

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *