چیرۆکی مەرگی کرێکاری پاککەرەوەی وەزارەتی داد چیرۆکی دەیان و سەدان کرێکارە لە بەریتانیا …

باروڕەوشی کرێکارانێک کە هێشتا لەسەرکارن لەرێگەی گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان:

چیرۆکی مەرگی کرێکاری پاککەرەوەی وەزارەتی داد چیرۆکی دەیان و سەدان کرێکارە لە بەریتانیا …

سالار حەمەسەعید …

ئیمانوئێل گۆمز یەکێک لەو کرێکارانەبوو کە بەردەوام بوو لەکارکردن سەرەرای بوونی نیشانەکانی کۆڤید ١٩ (کۆرۆناڤایرۆس) تیایدا ئەویش لە ترسی لەدەستدانی دەرامەتەکەی یابڕینی مووچەکەی. ئیمانوئێل مۆڵەتی نەخۆشی وەرنەگرت لەبەرئەوەی دەیزانی گەر کارنەکات ومۆڵەت وەربگرێ پارە ومووچەی بۆسەرف ناکرێ چونکە کرێکاران مووچەیان پینادرێ گەر مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرن.

کرێکارانی پاککەرەوە کە لەلایەن ئاژانسی ناحکومییەوە دەخرێنە سەرکار بەردەوامن لەکارکردن لە فەرمانگە وبینا نیمچە چۆڵەکانی وەزارەتی داد لە ”وێست منستەر”ی لەندەن. مەرگی ئەو کرێکاری پاککەرەوەی وەزارەتی داد نیگەرانی جدی خستەوە لەبارەی باری تەندروستی و چارەسەری کرێکارانی سەر بەئاژانسی تایبەت و ناحکومی کە پارە ومووچەی مۆڵەتی نەخۆشکەوتن وەرناگرن. سەندیکایەکی کرێکاری بەناوی ”دەنگە یەکگرتووەکانی جیهان” دەڵێن کە نیگەرانن کە ئەندامی یەکیەتیەکەیان ”ئیمانۆئێل گۆمز” بەردەوام بوو لە کارکردن لە شوێنێکدا کە نیمچە چۆڵ و هۆڵ بووە لەگەڵ گومانی نیشانەکانی پەتای کۆرۆناڤایرۆس پێوەی.

لەبەرئەوەی کە ئیمکانیەتی ئەوەی نەبووە کە دەرامەتەکەی یا بەشێک لەدەرامەتەکەی لەدەست بدا. ئیمانۆئێل لە ٢٤ی نیسانی ئەمساڵدا گیانی لەدەست دا پاش ئەوەی لەلایەن هاوڕێیەکیەوە دەبرێتەوە ماڵەوە کە نیگەرانی بەرزی پلەی گەرماکەی و لەدەستدانی ئیشتهای خواردنەکەی بووە.

کرێکارێکی تەعمیر وچاککردنەوە ”صیانة”ش لە وەزارەتی داد کە هەفتەی پێشوو لە بارو زروفێکی نادیاردا مردووە گوماندەکرێ بەهۆی پەتای کۆرۆناڤایرۆسەوە مردبێت. بەپێی ئەم یەکیەتیە کرێکاریە چەندەها کرێکاری پاککەرەوە کە کاردەکەن بۆ وەزارەتی دادی بەریتانی رازی نین کە بچنە سەرکار لە ترسی تووشبوون بەم پەتایە، ئەمەش دوابەدوای مەرگی ئەو دوو کرێکارە.

یەکێک لەکرێکارانی پاککەرەوە لەکار ڕاگیردراوە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە فەرمانگەی کۆمپانیاکەیان کە کۆمپانیای پاککردنەوەیە، پاش مەرگی هاوکارەکەیان ونیگەرانیەکانی لەمبارەیەوە. کارمەندانی حکومی ئەم وەزارەتە پێیانگوتراوە کە لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن بەڵام کرێکارانی پاککەرەوە کە دانراون بە کرێکارانی کاریگەر ”کرێکاری کلیلی” فەرمانیان پێکراوە کە ئامادەبن لەسەرشوێنی کارەکانیان بەڵام بە گروپی ٢ تا ٣ کەس کاربکەن لە بینا وفەرمانگەکانی وەزارەتدا. سکاڵایان کردووە کە پێداویستیە گرنگ و پێویستەکانیان پێنەدراوە وەک ماسک/ دەمامک و شتی تر هەروەها لەکاتە هەرە قەرەباڵغەکاندا شفتی کاریان ئەنجام دەدەن لە گەڕەکە هەرەباڵغەکانی وەک ”وێست منستەر” لە لەندەن.

ئەم کرێکارانەی کەرتی پاککردنەوە سەعاتی ( ٩.٠٨) پاوەند وەردەگرن واتە زۆر کەمتر لە ١٠ پاوەند لە سەعاتێکدا و داوایان لێکراوە کە لەیەک کاتدا کارنەکەن وە بە گروپی ٢ تا ٣ کەس کاربکەن، بەڵام لە ١٥ی نیسانەوە گەڕاونەتەوە سەر وەزعی نۆرماڵی شفتی کارکردنیان.

”فاتیمە دیالۆ” کە کرێکارێکی ٥٥ ساڵەیە دەڵێ: ”هیچ کارێک نیە ئەنجامی بدەین. بیناکان چۆڵن، بەڵام ناتوانین بڕۆینە ماڵەوە. ئەگەر بمانەوێ مووچە وپارەمان پێ بدرێ دەبێ بمێنینەوە تابتوانین پارەی ”فاتورەکان”مان بدەین. بەڕێوبەر وسەرۆکەکان هەڵاتوون ولێرەنین، دوو لەهاوکارەکانمان گیانیان لەدەست داوە، هەندێک لە ترسا لەرزی لێهاتووە، ئێمە لێرە گیرمان خواردوە، بەراستی دەترسین ”.

کارلۆس ئەلبرتۆ کە کرێکارێکی پاککەرەوەی تەمەن ٦١ ساڵە وپەنابەرە دەڵێ: ”لە ١٨ی مارسەوە تا ١٩ی نیسان نەچۆتە سەرکار بەهۆی گومانی پەتای کۆرۆناڤایرۆسەوە وە پێی وتراوە کە تەنها ئەوبڕە پارەیەی پێ دەدرێ کە بەپێی یاسا ڕێگەپێدراوە واتە تەنها ٤٢٠پاوەند لەمانگێکدا.

وەزارەتی داد نە ئاگادارکراوەتەوە لە ژمارەی ئەوکەسانەی کە تێستی کۆرۆناڤایرۆس یان پۆزەتیڤ بووە واتە تووشبوون بە پەتاکە وە نە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە. کۆمپانیای پاککەرەوە کە خاوەن کارە، مەرگی ئەو کرێکارانە دەگەڕێنێتەوە بۆ تەمەنیان کە گوایە سەروو ٦٠ ساڵ بوون لەبەرئەوە مردوون. یەکیەتیە کرێکاریەکە دەڵێ مەرگی هەردوو کرێکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ تووشبوونیان بە کرۆناڤایرۆس.

ئەم کرێکارە سەرەرای ئەوەی کە زۆر نەخۆش بووە و تووشی حاڵەتی ”وڕێنەکردن” بووە لەگەڵ پلەیەکی گەرمای زۆردا و لەسەر لێواری داڕمانێکی جەستەیی دابووە بەڵام هێشتا هەر کاریکردوە بۆ بیناو دامەزراوەکانی وەزارەتی داد لەجیاتی ئەوەی لەماڵەوە پشوو بدات. ئەمە ڕیاکاریە لە دەوڵەت وحکومەتەوە کە لەلایەکەوە دەڵێ لە یەکتر دوورکەونەوە و تیکەڵ بەیەک مەبن لەلایەکی تریشەوە بەکرێکارانی پاککەرەوە دەڵێ بەردەوام بن لەکارەکانتان سەرەرای ئەگەری تووشبوون بەو پەتایە. ئەوەی شایەنی باسە پارەیەک کە ئەم کرێکارانە هەفتانە وەریدەگرن بریتییە لە تەنها ٩٦ پاوەند لە ئەگەری وەرگرتنی مۆڵەت لەحاڵەتی تووشبوون بەم پەتایە.

٦ی نیسانی ٢٠٢٠

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *