نیشاندانی جدیبوون لەجەدەلی سیاسیدا پێویستە؟!

هاوڕێ سامانی ئازیز:

“وەلامە پێویستەکەتم” خوێندەوە، کەبەداخەوە هەرگیز وەڵامی من نەبوو!. تەنانەت کەمترین ئاستی جدیبونت لەجەدەلی سیاسیدا، لەخۆت نیشان نەدا. چونکە تۆ خۆت بەناردنی نامەی ئیستقالەکەت بۆ هەمو پەیوەندیەکانت لەئاست بزوتنەوەکەدا و بەبڵاوکردنەوەی ئاشکرای ١٢تێزەکەت، هەم چەندین حوکمی ناڕەوات بەسەر دوو حزب و بزوتنەوەیەکدا داوە و هەم کۆمەڵە باسێکت فڕێداوەتە مەیدانەکەوە، بەئەمەش دەرگای جەدەلێکی سیاسیت خستۆتە سەرپشت، کەبێگومان دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بیت وەڵام بدڕێیتەوە؟. بەڵام کاتێک کەمن لەسەر بۆچون وتۆمەتەکانت کەوتمە وەڵام وڕەخنەگرتن، تۆ بەمن دەڵێێت”کاری ترم هەیە”!. ئایا ئەمە جدی بوونە لەجەدەلی سیاسیدا؟. ئایا ئەمە نێشانەیەک نیە بەوەی کە نە قسەو بۆچونەکانی ناو ئیستقالەکەت بەجدی بگرین و نە ١٢ تێزەکات وەک باسی جدی سەیربکرێت؟ وە تەنانەت بڵێم بەداخەوە وەلامەکەشت بۆ من هیچ نیشانەیەکی جدی بونی تێدا نیە!.

هاوڕێ سامان، من پێشبینی ئەوەم دەکرد کەتۆ ئەم شێوازە لەهەڵچون وبێوەڵامی و بەلاڕێدا بردنی باسەکان بگرێتەبەر، هەرەوەها پێشبینی ئەوەم دەکرد کەلە خۆتەوە حوکم وتۆمەت دەرکەیت و ووشەو دەستەواژەی ناڕەوا فڕێدەیتە سەر شانی بەرامبەرەکەت و بەزمانی تەحقیرکردنی کاری کەسان و بەکەم گرتنیان، بدوێیت وناوی بنێت جەدەلی سیاسی!. چونکە پێشتر لەسەر ئەم شێوازەت بەعەلەنی وتم کەتۆ هێندەی بەشوێن “خۆم وخۆم ڕاستم و خۆم نوسیومە وخۆم باسم هەبوە، خۆم میحوەرم، خۆم کاتم نیەو خۆم کاری گەورەم هەیە” کەوتویت، هێندە بەشوێن دەرخستنی ڕاستیەکانەوە نیت. ئەوەش بزانە من هەرگیز نەم ویستووە نیگەرانت بکەم و بکەویتە ئەم جۆرە هەڵچون و دەربڕینانەوە کەگوایە وەڵامی منت داوەتەوە!، بەڵام چیبکەم کارێک کەتۆ کردوتە پەرەپێدانە بەسەرلێشێواوی و پەرتەوازەیی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و دەرچونە لە هەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک، کە ناکرێ بێدەنگی لێبکرێ..

دەرکردنی حوکمی ناڕەواو و بێ پاساو لەدژی تەجروبەی بزوتنەوەیەک و دوو حزب، کەسەدان و بگرە هەزارن ئینسان زەحمەت و قوربانیان لەپیناودا داوە، منی ناچارکرد لەدژی بۆچونەکانت، نەک لەدژی خۆت وەک هاوڕێیەکی دێرینەم، هەڵوێست بگرم، چونکە تۆ نەک هەرپاساوەکانت بۆ تێکدانی ڕیزی حزب و بزووتنەوەکە ناڕەواو نادروستە، بگرە ڕێگایەکت نەخستە بەردەم من وچەندین هاوڕێی تر کە هاوکۆمیتەو هاوخەباتی دەیان ساڵەت بوون. ئاخر وەختێك تۆ دەڵێیت تەجروبەکەمان “فەشەل” بوو، “لمی بیابان” بوو، ئەی نابێ بەوانیش بڵێت وفرسەتیان پێ بدەیت کە”تکایە ئەم فەشەل ولمە” درێژە پێ مەدەن وژیانی خۆتان ئاسودە بکەن، وەیان ئەگەر دەرگایەکی ئومێدت لایە ئەوانیش بخەیتە ڕیزی خۆتەوە؟.. بەداخەوە تۆ لەوەڵامەکەتدا هیچ شتێکت لەسەر ئەمە نەوتوە وهێشتا هەر پێت وایە هیچکەس لەتۆ”ڕاستگۆتر، بەویژدانتر، مارکسیستر، دڵسۆزتر بۆ چینی کرێکار، بۆ هاوڕێکانی، بۆ چێ وچیتر.. نەبووەو نییە!. و لێرەشەوە زەربەیەکت لەکۆمۆنیزم ویەکیەتی وئینسجامی کۆمۆنیستەکان دا و ڕۆیشتیت.. ئەمە ناوەڕۆکی قسەکانی من بوو بۆتۆ. کەچی تۆ لە “وەڵامە پێویست”ەکەتدا لە جیاتی سەرڕاستانە وەڵامی ئەوانە بدەیتەوە، پەنا بۆ هەڵچون و تانە و تەشەری شەخسی دەبەیت. بەڕاستی بەداخەوەم بۆت!.

هاوڕێ سامان، وەختێک من وەڵامی تۆم دایەوە دەمزانی کە تۆ جیاوزیت هەبوە لەسەر موسڵ وڕیفراندۆم وچێ وچیتر…، تەنانەت دەمزانی لە”سەنتەری دراساتی مارکسیسستی”دا بۆچی بەشدار بویت، هەروەها دەمزانی پەشیمانی زۆرت کێشاوە، قسەی من لەسەر هیچیەک لەمانە نییە. بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە تۆ ناتەوێت باس لەو موفاجەئەیە بکەیت کە من و دەیان هاوڕێی وەک منت تێدا ڕاگرت وکارتی ئیستقالە دانەکەت تیا هەڵبڕی! کارتێک کەنەهیچ کاتێک و نە لەماوەی ٦ سالێ بێبڕواییتدا ئێمەت لێ ئاگادار نەکردەوە، ئەمە ئەو بەرپرسیارێتیەیە کەتۆ ناتەوێ بچی بەلایدا… کەوایە ناهەقیم مەگرە ئەگەر جاریكیتر ئەوە بەڕوتا بدەمەوە کەتۆ ناتوانیت هەروا بەسادەیی لەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەتەجروبەیەکی چەندین ساڵە، کەبەژیانی دەیان وبگرە سەدان کەسیترەوە پەیوەستە، دەرچێت وهەمو ئەو حوکمە ناڕەوایانەی کەداوتە بخەیتە سەرشانی ئەوانەی لەحزبداماون؟،

ئێستاش ڕێگام بدە با لەسەر هەندێک خاڵ ڕاوەستم کەلەوەلامە پێویستەکەدا، هاتوە :

١/ هاوڕی سامان، ببورە من “بەزمانی فاشیون ” قەسەناکەم، بەڵکو بەزمانی بەرپرسیارێتی قسەدەکەم، ئەم زمانەشم بەسادەیی ئەوەیە: تکایە ئەوەی بۆخۆت بەڕاوە دەبینیت، کەلەسەر کەسانیتر دەێڵێیت، ئەوەش بۆ هاوڕێیانی خۆت بەڕەوا ببینە!. تۆ دوێنێ سەرزەنشتی هاوڕێ موئەیەدت کرد، کەفرسەتی نەداو دەیتوانی لەحزبدا بمێنێتەوە. تەنانات باسی کرێکاری بون وچی وچی تری ئەوت بەپاسا و “پڕوپاگەندە بۆخۆکردن” لەقەڵەمدا، کەچی ئەوە بەپڕوپاگەندە کردن بۆ خۆت نازانیت، کاتێک بۆ کردنەوەی گرێی بێبڕوایت بەحزب، نا بەرپرسانە دەستت برد بۆ پەرتەوازەکردنی ڕیزی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وحوکمی”حزب فەشەلی هیناوە”، “حزب ڕەمڵی ونا کرێکاریە”، دەرکەیت و کاتێکێش من ئەم ڕاستیەت بەرەوڕو دەکەمەوە کەچی پێم دەڵێت “خەسرەو دەستوپێی ونکردوە”، “ڕاستیەکانی هەڵگەڕاندۆتەوە”!، ئایا ئەمە شێوازێکی دورستە لەجەدەلی سیاسیدا؟ لەڕاستیدا هەرکەسێک تەنها بەراوردێکی سادە بکات لە نێوان نوسراوەکەی من و وەڵامە پێویستەکەی تۆدا، بەڕۆشنی بۆی دەردەکەوێت کە کێ دەست و پێی خۆی ون کردوە و کێ ڕاستیەکانی هەڵگەڕاندۆتەوە!

٢/ هاوڕێ سامان: وەڵامی تۆ بۆ ئەوەی کەمن دەڵێم “بوارت نەدا بەمن وهاوڕێیانی تر تا لە ئیستقالەکەتدا شەریک بین”!!، ئەوەیە کە حەواڵەی کتێبەکەی هاوڕێ سالارمان بکەیت و بڵێیت: “کە سامان لەسەر پێکهێنانی حزب پێش١٠ساڵ چۆن باوەڕی گۆڕاوە”.. ئۆکەی هاوڕێ سامان تۆ هەقی خۆتە کەی ڕای خۆت بگۆڕی، بەڵام ئایا بەهێنانەوەی ئەم نمونەیە مەبەستت ئەوەیە کەبڵێت١٠ساڵە من لەکتێبێکدا ڕام گوڕیوە ئێوە پێتان نەزانیەوە!. ئایا تۆ باس لەکێ دەکەیت سامانی ١٠ساڵ لەمەوبەری ناوکتێبێک، یان ڕابەری حزب وبزوتنەوەیەک؟ بەدڵنیاییەوە پرسیاری من ڕوی لە هاوڕێ سامانی دامەزڕینەری حزب، سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەردەوامی حزب وبەرپرسیار لەچەندین پۆست وئەرکی حزبی و جولانەوەکەدا، کەوایە هێنانەوەی ئەم نمونەیەش ناتوانێ سەر ڕاستانە وەڵامی ئەوە بداتەوە کەتۆ “بوارت بەهاوڕێیانی خۆت نەداوە”، چونکە تۆ ناتەوێت ئەو هەموو کۆنگرەو پلنۆم وکۆبونەوەو دیدارە حزبی وشەخسیانەی کەلەماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا ئەنجام دراون وەک شوین وجێگایەکی موعتەبەر بۆ خستنەڕووی باس و خواستەکانت وەربگریت وڕاشکاوانە”باوەڕی گۆڕاو”ی خۆت، هەرلەوێدا لەگەڵ هاوڕێ پڕئیفتخارەکانی خۆتدا باسبکەیت!. ئایا بەڕاستی کتیبەکەی هاوڕێ سالار ئەو شوێن و جێگایەیە، یان حزب وئۆرگانەکانی، بۆ دانی پەیامی خۆت بەهاوڕێیانت و بەبزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بەوەی “ڕات گۆڕاوە”؟. ئەگەر هەموو ئەم ڕاستیانە هێشتا بەلاتەوە هیچ نین، کەوایە بم بەخشە ئەگەر جارێکیتریش لێتان بپرسم کەبۆچی لەم دەساڵەدا، (پێشتر بیبڕوایی ٦ ساڵ بوو ئیستا بوە بە١٠ساڵ!!) ئەم ڕاگۆڕینەو هۆکارەکانی لەگەڵ هاوڕێیانی چەندین ساڵەتدا باس نەکرد وشەریکت نەکردن لەدۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوون. بەڵكو یەکسەر لەوپەڕی بێخەبەریدا بانگەوازی ئینشقاق و پەرتەوازەییت کرد، گوایە بەمە خۆت لەبەرپرسیارێتی حزب و جوڵانەوەیەک دەربازکردوە!…  ئێ ڕەخنەی منیش هەر لەسەر ئەمەیە کەتۆ ١٠ یان ٦ ساڵ بێبڕوا بویت(دیارە بەهەقی خۆتەوە) بەلام باسی ناکەیت و یەکجێ دەچیتە کۆبونەوەیەکەوە وبەشەفەیی ڕادەگەیەنیت ئیستقالە دەدەم و دوڕۆژ بۆ هاوڕێکانت کات دیاری دەکەیت و دواتر نامەیەکی ئیستقالە دەنێریت ودەڵێیت من “جیاوزی قوڵ وقولترو یەکجار قوڵ”م هەیە!! ئایا ئەمە هاوڕێیانەیە!، بەرپرسیارانەیە!، کۆمۆنیستی و خەباتکارانەیە!!، ئایا ئەم ڕەوشتە هیچ هەقیک بەخۆت و پاساوەکانت دەدا، تا گێژاوێک دروست بکەیت و دواتریش بکەویتە سەروگوێلاکی حزبەکان و بزوتنەوەکە؟!.

٣/ هاورێ سامان، بەدەاخەوە کەتۆ  باز دەدەیت بەسەر هەمو شتێکداو دەست دەبەیت بۆ هەرشتێک تا لەو ڕەخنانە خۆت قوتارکەیت و بیسەلمێنێت کەهەرخۆت ڕاستیت وڕاستی تەنها بەلای خۆتەوەیە! ئەوەتا باسی “سەنتەری لێکۆڵینەوەی مارکسیستی..ت” هێناوەتە نێو جەدەلەکەوە بەبێ ئەوەی لەباسی مندا هیچ ئاماژەیەکی پێ کرابێت. دیارە ئەمەشت هەر بۆ ئەوەیە واخۆت هەڵخەیەت کەباسی جیاواز وگرنگت هەبوە وبەمن بڵییت “خەسرەو تێبگات کە سامان باسی هەیە و قسەی هەیە”!!. بەلام هێنانەوەی ئەم کەیسە چ ڕاستییەک ڕون دەکاتەوە؟!

سەرەتا بەجۆرێک باسی سەنتەر دەکەیت تا خوێنەر وابزانێت لەداهێنان ودەستپێشخەری خۆتە، بەتایبەتی کەدەڵێیت من “مسۆدەی ڕاگەیاندنی سەنتەری دراساتی مارکسی”م نوسیوە. لێرەشەوە دەتەوێت پێمان بڵێیت ئەم سەنتەرە بە هەوڵ وتێکۆشانی خۆم ولەڕاستای بۆچونەکانی ئێستامدا بووە، هاوکات ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ لەسەرهەق بوونی خۆت دێنێتە نێو جەدەلەکەوە؟!. نەخێر هاوڕێم، نەبیرۆکەی دامەزرانی سەنتەر مبادەرە و داهینانی تۆ بووە، وەنە مسۆدەکەشی لەڕاستای بۆچونەکانی ئیستا وڕەوتی بێبڕوایی وپەشیمان بوونەوەتدا بوە لەحزب. من لێرەدا حەق بەخۆم نادەم کە خوێنەرانی ئەم دێڕانەم ڕووبەڕووی مێژوی پرۆژەیەک بکەمەوە کە هیچ ئاشانایەتیەکیان لەسەر نیە. بەلام وەک کەسێکی بەشدار لەم کەسیەدا دەتوانم بڵێم کەباسی سەنتەر یەک تۆزقاڵ حەقانیەت نە بەهەوڵی پەرتەوازیەت ئەداو نەبەو باوەڕانەی کە ئەمرۆ پێوەی سەرقالی. بەداخەوەم کەتۆ ڕاستیەکان وەک خۆی باس ناکەیت، تەنها بەوجۆرە نەبێت کەبەرژەوەندیت بیخوازێ. تۆ ناتەوێت واباس بکەیت کەسپاردنی ئەرکی ئامادەکردنی مسۆدەی ڕاگەیاندنی سەنتەرەکە بەتۆ تەنها کارێکی تەکنیکی و دوای موناقەشاتێکی هاوبەشی هەمو هاوڕێیان بوو، نەک وەک ئەوەی داهێنانێکی شەخسی خۆت بێت!. هەروەها  تۆ ڕاستدەکەیت کە سەنتەری ناوبراو بۆ ئەو باسانەبوو کە” لەنێو حزبدا وەڵام وەرناگرێتەوە”، بەڵام  ئەوەش بسەلمێنە کەسەنتەر شوێنێک نەبوو بۆ برەودان بە سەر لێشێواوی و پەرتەوازەیی لەجوڵانەوەکەماندا. بەڵکو بڕیاربوو لەڕێگای ئەم سەنتەرەوە وەڵام بەو گڕێ و گۆڵانە بدەیەنەوە کە جۆڵانەوەکەمان لەغیابی مەنسور حیکمەتدا ڕوبەروی بۆتەوە، کەچی بەداخەوە ئێستا خەریکیت ئەم نمونەیەش بەقازانجی خۆت وجیاوازیە قوڵەکانی خۆت بەهەڵگەڕاوەیی باس لێوەدەکەیت!. لەم بارەوە هەرخۆت نوسیوتە:

“سەنتەری لێکۆڵینەوەی مارکسیستی دامەزراوەیەکە بۆ باس و توێژینەوەی مارکسیستانە سەبارەت بە کۆمۆنیزم و شۆرشی کۆمۆنیستی، هاوکات هەوڵدەدات لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە “هەوڵ دەدات” لێکؤڵینەوەو بەدواداچون “بکات لەسەر” بۆ لایەنە جۆراجۆرەکانی خەباتی چینایەتی کرێکار بکات ولەم پەیوەندەشدا تێدەکۆشی بۆ بەدەستەوەدانو “لە هەمان کاتدا سەنتەر کار دەکات بۆ” بەرجەستەکردنەوەی رەخنەی مارکسستی وچیانیەتی لە بونیادی فکری و تیوری و سیاسی رەوتە کۆمەڵایەتیەکانی بورژوایی لە وانە لیبڕالیزم ودیموکراسی و ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسی، …  ”

دەی هاوڕێ سامان ئەم قسانەی خۆت چ باسێکی تێدایە کەتەئیدی وازهێنان لەحزب و پەشیمان بوونەوە لەپێکهاتنی حزب و تەجدید نەزەر لەکۆمۆنیزمی کرێکاریدا بکات؟. ئایا ئەوە منم تۆمەتی بێبناغە” دەبەخشمەوە یان ئەوە تۆیت بەهەر نرخێک بووە بەڵگە بۆ هەوڵی پەرتەوازەیی ئەمڕۆت و ئینشقاقەکەت بهێنیتەوە!.

هاوڕێ سامان: ببورە کەتۆ ناچاردکردووم لەبارەی سەنتەرەکەوە ڕاستی زیاتر بڵێم بەتایبەتی کاتێک دەڵێیت “پرۆژەکەمان فەشەلی هێناو نەما، سەڕەرای هاوار وخواستی من” دواتریش دەلێیت” فەشەلمان هێناو نەمان توانی جەدەلەکە بەرینە پێشەوە. جا بۆ نەمانتوانی تازە ئەوە گرنگ نیە”.

بەداخەوەم بەم قسانە دەتەوێت لەلایەکەوە ئەوە بڵێت کەتەنها تۆ خوازیاری مانەوی سەنتەرەکە بویت و ئەوانیتر هیچ، وە لەلایەکیتریشەوە، زۆر بەسادەیی هیچ قسەیەک ناکەیت کەبۆ نەمانتوانی سەنتەرەکە ڕابگرین و” هاوارو خواستی تۆ” نەخنکێنین؟ ئایا پرسیارت لەخۆت کردووە کەبۆ ٤ کەس لە٥ کەس نەیتوانی لەگەڵتدا بەردەوامی بەکاری سەنتەرێک بدەن؟! ئایا “تەهدید کردنی هاوڕێیانت بەبڵاوکردنەوەی تێکستی سادەو غەیرە ڕەسمی نێوان کەسەکانی سەنتەر بەعەلەنی و”هەڕەشەی وازهێنان”،”باس فەرزکردن”، ودەرچون لەبەرنامەی سەنتەرەکە.. ئەمانە مامەڵەو هەڵسوکەتی کێ بوون، کەفەزای سالمیان لەبەردەم سەنتەرەکەدا نەهێشت؟. بەداخەوە تۆ هیچ هەڵەیەک نابەیتەوە سەرخۆت ولەخۆت ناپرسی کەبۆ نەمانتوانی سەنتەر ڕابگرین!! ئایا لەخۆتت پرسیەوە بۆ نەکرا نزیکترین هاوڕێیانێکی تەمەنی سیاسیت لەسەنتەرێکدا لەگەڵت بمێننەوە!!. بەداخەوە وا پێدەچێت کەنە ئێستاو نە ئەوکاتیش پێت وانەبووە نییە، کە چەندین کۆبونەوەو گۆڕینەوەی نامە لەوەڵام وڕەخنەکردنی هەڵسوکەتەکانی تۆدا سازدراوە و هاتوەوچوە، هەر بۆیە تائێستاش هەر خۆت بەمیحوەری ڕاستیەکان دەزانیت و هاوڕێکانیشت بەهەڵە!، هێشتاش ناگەیت بەوەی ڕاشکاوانە پەی بەهەڵەکانی خۆت بەریت. کەوایە گەر بڵێم ئەوە هەرخۆتیت کەدوێنێ فەشەلت داسەپاند بەسەرمانداو ئەمڕۆش پەرتەوازەیی.. زێدەڕەویم نەکردووە.

٤/ ئەو خاڵەی کەزۆر نیگەرانی کردم لەوەلامەکەتدا، تەحقیر کردنی کاری کۆمۆنیستانێکە کەهەرچۆنێک بێت لەڕاستای ئەوەی بڕوایان پێی هەیە کارێک بکەن، کەچی تۆ بەچاوی کەم وبەئەلفازی تەحقیرئامیزەوە تێیان دەڕوانی. بۆ نمونە تۆ دەڵێیت: “گۆڤارێکتان هەیە کردووتانە بە جەریدەی داخلی، بەحساب فکرییە” وباسی خیلافات ناکات!،(مەبەست لەگۆڤاری دیدگای سۆشیالیستیە.. کەخودی هاوڕێ سامان خۆی قسەی تیاکردووە!!) وەیا ئەوەی کە” حزب وتۆڕی هاوپشتی (کۆمەلایەتی)مان کردوە بەعیادەو ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی”.. ئایا ئەمە ڕەوشتێکی کۆمۆنیستی وبگرە مۆدێرن و مەدەنیانەیە؟ بەڕاستی تۆ کەخۆت بەهەڵگری مارکسزمی مەعاسیر دادەنێت چ پێویستێکت بەتەحقیری کاری کەسانی ترە؟ ئایا ڕەخنەی کۆمۆنیستی ڕێپیشاندەری خەباتگێڕانە وڕاستکردنەوەی سیاسەت وپراتیکیانە، یان تەحقیری کاری کەسان؟ بەداخەوەم کە جەدەل و موناقەشەکانت بەم ئاستە گەیاندووە. بەڕاستی ئەوە ناودەنێی کار و ئاڕاستەی مارکسستی هاوچەرخ کە لەم ئەزمە و دۆخە کارەساتبارەدا کەڤایرۆسی کۆڕۆنا بەرپای کردوە و ژیانی ملیۆنەها ئینسانی لەبەردەم مەترسی مەرگ ڕاگرتووە. کەچی تۆش لە پشتی کۆمپیوتەر دانیشتوی و سوکایەتی بە کاری هەڵسوڕاوانێک دەکەی کە خەریکن دەستی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکیش دەخەنە ناودەستی یەکتری و گیانی هاوپشتی و هاوچارەنوسی پەرەپێدەدەن لە پێناو پاراستنی گیان و ژیانی خۆیان و وەستانەوە دژی هێرش و پەلامارەکانی بورژوازی؟ ئایا بەڕاستی خۆت بەخاوەنی ئەو هەستە نازانیت، کەچەندە دەستی هاوکاری و هاوپشتی کەسانێکی کۆمۆنیست و ئازادیخواز، بگاتە گەڕەک وناوەندەکانی کارو شوێنگەی ئاوارە وخەڵکی برسی، هێندەش گیانی ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەدەسەڵاتی بۆرژوازی بەهێزدەکا ودەیباتەسەرەوە؟

٥/ هاوری سامان باسی من ئەوە نیە تۆ مەحفەلیت ومن حزب ئەمە هەقیقەتێکی زۆر بچوک ولاوەکیە، لەچاو ئەوەی کەتۆ کارێکی مەحفەلیانە و نابەرپرسیارانەت ئەنجامدا وهیچ پێشڕەوی ودەستکەوتێکی نەک بەدواوە نییە، بگرە پەرە بەدردۆنگی و نائومێدی و بێزاری و سەرەگیژە دەدا و لاوازبونی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپی بەدواوە دەبێت. بەداخەوە تۆ ناتەوێت ئەمە تێبگەیت و دەشتەوێت ئەوەم پێ بڵێت من محفەل نیم چونکە “هاوڕێ کامل احمد زۆر لەمێژە باسی لەسەر ئەوە کردوە کە پێویستە کارێک بکرێت”، ئایا بەڕاستی هەر هاوڕێ کامیل لەم ئاستەدا بووە، وەئیتر کەسانی تری هاوشێوەی ئەو نەبوو وابیر بکەنەوە، تا بێن لەگەڵت؟. لەگەڵ هەمو ڕێزێکم بۆ هاوڕی کامیل کە ئەو بەنمونە دەهێنمەوە، من ئەو وەک یەکێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزب بەئیعتبارەوە ناو دەبەم، بەڵام تۆ بۆ لەهەموو ئەو هاوڕێیانەی خۆی جیای دەکەیتەوە کەلەم چەند ساڵای دوای مەرگی مەنسورحیکمەت وئەو کێشانەی بەرەوڕوی بزوتنەوەکەمان بویەوە، باسیان هاتبوە سەر ئەوەی دەبێ چی بکرێ؟. من بەداخەوەم بۆ ئەم جۆرە مامەڵانەت بەهاوڕێیانی خۆتەوە و هەرگیز ئەوەش بەشایانی هاوڕێ کامیل نازانم کەلەم جۆرە قسانەی تۆدا ناوی هاتوە و جێگای پێدراوە، چونکە ئەو وەک کەسێک کەلەڕابەری حزبدا بووە، یەک ئینتخابی سیاسی کردووە، یانی لەحزب دەرچوە وپەیوەست بوە بەکارێکەوە کەبەدەستپێشخەری تۆ ئەنجامدراوە، ئەمە ئیتر چ پێویستی بەوەیە تۆ تەزکیەی بکەیت؟

٦/ خاڵێکیتر ئەوەیە بەدوای هێنانەوەی چەندین بەڵگە لەقسەی خۆت لەسەر نمونەکانی واز‌هێنانی هەردو هاوڕێ، موئەیەدو ڕێبواردا، کەچی لێرەش ناهەقی وغەدر لەهاوڕێکانی خۆت دەکەیت کەهێشتا لەژیاندا ماون وبەڵەگەکانی وازهێنانیشیان لەبەردەستدایە. ئەمەش بەوەی هەردوو نمونەکە بەیەک دەگریت و جیاوازی نێوانیان دەسڕیتەوە وپاشان حوکمی ئەوەیان بەسەردا دەدەیت کە هێچکامێکیان “لەپەیوەند بەوازهینانەوە جەدەلیان نەکردووە”!، ئاخر بەڕاستی لەسەر ئەم دوو نمونەیە هەر ئەوەندەت ووتوەو نوسیوە؟ کەوایە ڕێگام بدە بایەکجاریتر ڕاستی هەردو نمونەکە باسبکەمەوە:

یەکەم لەبارەی هاوڕێ موئەیەدەوە، خۆت باش دەزانیت کە کەئەو لەپڕۆسەی پێکهاتنی حزبدا نیگەرانبوو لەوەی کەدەبوو حسابی تایبەتی و زیاتر بۆ “ڕەوتی کۆمۆنیست” بکرێ وبەشی زیاتر بۆ ئەم ڕێکخراوەیە لەڕابەری حزبدا دابنرێت. بەلام بۆ تۆچی؟ وەک خۆت وتوتە: تۆ لەوماوەی ٦ ساڵ بۆ دەساڵ لەبێبڕواییدا بەحزب مایتەوە وتەنها کاتێک ڕاستی خۆتت وت کەفرسەت هاتە پێشەوە بۆ دانی ئیستقالە!. لەمەش زیاتر هاوڕێ سامان..خۆت باش دەزانیت کە موئەیەد لەسەر “جیاوازی قوڵی سیاسی وفکری” وەک تۆ ئیدعای بۆ دەکەی وازی نەهێنا وئەو ئیدعایەکی وای نەبوو، لەکاتێکدا وەک تۆش لەسەر مەسەلەکانی ڕیفراندۆم وموسڵ ودەوڵەت لەعێراق وگەلێک شتی تر بۆچونی جیاوازی هەبوو. ڕەخنەیەک کەبەموئەیەد واریدە هەر ئەو ڕەخنەیەیە کەخۆت لەوتاری دەبوو بمێننەوە بەدروست ئاماژەت پێکردووە، واتە فرسەتی نەدا کەیسی فەلاح عەلوان لەڕیگایەکی قانونی و مەراجعی حزبیەوە یەکلابکرێتەوە وئیتر ڕۆیشت، بەبێ ئەوەی بیبەستێتەوە بەجیاوازیە فکریەکانی خۆیەوە. بەڵام هاوڕی سامان تۆچیت کرد؟ تۆ ئەو کەسە بویت ٦ ساڵ لەبێبروایی و بێئومێدی بەحزب، جنگڵت داوە ولەهاوڕێکانت شاردوتەتەوە ولەڕۆژێکدا ئیعلانی وازهێنانی خۆت بەشەفەیی بەمەکتەبی سیاسی حزب ڕاگەیاندووە ودوای دوو ڕۆژ لەنامەی ئیستقالەیەکدا پێمان دەڵێت کەوازهێنانەکەت بەرئەنجامی جەدەلێکە لەسەر “جیاوازیە قوڵەکانی خۆت”!!.. سامان گیان ئەمجارەش پرسیاری من ئەوەیە: ئایا ئەم شیوازە بەرپرسانەیە؟ ڕەفیقانەو کۆمۆنیستانەیە دەرهەق بەهاوڕێانێکی هاوئۆرگانت کەلانیکەم دوو دەهەیە لەگەڵ تۆ کاریان کردووە؟ بەداخەوە تۆ نە لەقسەکانی ناو نامەی ئیستقالەکەدا و نەلە وەڵامدانەوە بەمن ئەم بەرپرسیارێتیە ناخەیتە سەر شانی خۆت وهەر ئەوە دوبارە دەکەیتەوە کەتۆ جەدەلت کردوە وجیاوازیت هەیە وئەوانیتر ئەم کارەیان نەکردووە!! .

دووەم لەبارەی ئیستقالەکەی هاوڕێ ڕێبوارەوە: سەرەتا بەسادەیی دەڵێیت ئیستقالەی “ڕێبوار وموئەیەد جەدەلی نەخولقاندوە… با لە پێشدا ئەوە بڵێم ئەوەی کە ئیستقالەی ئەوان جەدەلی خولقاندوە یان نا هیچ جیگایەکی لەم جەدەلەی نێوان من و تۆدا نەبووە. تۆ لە خۆتەوە ئەم ڕستەیەت فڕێداوەتە ناو باسەکەوە تەنها بۆ بەکەم گرتنی ڕێبوار و ئیستقالەکەیەی وەنەهیچی تر، ئەمەشت بۆئەوەیە وانیشان بدەیت، ئیستقالەکەی خۆت کارێکی ڕەواو پێشڕەوانەیە!! بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی دەربارەی ئیستقالەکەی ڕێبوار دەیڵێیت، هەم بێویژدانی دەکەیت و هەم ناڕاستی. چونکە خۆت چاک دەزانی ئەوە ڕەفتاری مسئولانەی ڕێبوار خۆی بوو ڕیگەی گرت لەوەی جەدەل و دڵساردی لە ڕیزەکانی حزبدا دروست بێت. ئەو سەرباری ئەوەی جیاوازی سیاسی هەبوو، بەلام لەبەر ئەو جیاوازیانە ئیستقالەی نەدا، بەڵکو لەسەر پێشێلکردنی حزبیەت و مەوازنە حزبیەکان ئیستقالەیدا، کە لەوانە لەلایەن خۆشتانەوە پەیڕەوی لێکرابوو. کاتێکیش ڕێبوار ئیستقالەیدا تەنها کۆتایی بە پەیوەندی ڕێکخراوەیی لەگەڵ حزبی عێراق هێنا نەک بزووتنەوەکە. بەڵام هاوڕێ سامان بۆچی بەلای ئەو ڕاستیەدا ناچیت کە ڕێبوار لەسەر داوای ڕابەری حزب، لەوانە خۆت و هەروەها هاورێیانی حزبی حیکمەتی چەند جارێک ڕاگەیاندنی ئیستقالەکەی ڕاگرت و نزیکەی ساڵێک لەسەر داوای خۆتان مۆڵەتی بە ئێوە دا، بۆ ئەوەی بەخراپ بەسەر حزبدا نەشکیتەوە و جەدەل و دڵساردی دروست نەکات. ئەوکات هەرخۆت نەبویت  هەم تەکلیفت لەڕێبوار کرد و هەم ڕێزێکی زۆرت بۆ ئەم هاوکاری و رەفتارە مسئولانەیەی ئەو دانا، کەچی ئەمرۆ هەڵسوکەوتی بەرپرسیارێتی ئەو دەکەی بە بەڵگەیەک بۆ بەکەم گرتنی ئیستقالەکەی، “لەبەرئەوەی جەدەلی نەخوڵقاندوە”!!.. ..هاوڕێ سامان، دەمەوێت ڕاشکاوەنە پێتان بڵێم کەسەرباری هەموو ئەو ڕاستیانەی بیرم هێنایتەوە، ڕێبوار هەرگیز وەکو تۆی نەکرد، ئەو نەدەست بەدەست ونەماڵ بەمال ئیستقالەکەی گیێڕا ونە هانی کەسی لەدژی حزبدا و بەکردەوە و بەئاشکرا، ئەو قسەیەی خۆی بردە سەر کەوتی لاوازکردنی حزب کاری من نیە. پاشان لەخۆتت پرسیەوە کەبۆچی وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەوکاتی حزب، هیچ ووشەیەکتان لەبەرامبەر ئەو هەموو ڕەخنە وبەڵگانەدا نەوت کەلەنامەی  ئیستقالەکەی ڕێبواردا لەسەر ئێوەی ڕابەری حزب ڕیزی کردبوو، تا بزانیت کەبۆچی جەدەلی دروست نەکرد؟ ئایا بەهەڵبژاردنی بێدەنگی لەلایەن ڕابەری حزبەوە و لەوانە خودی خۆت، حەقانیەتی ڕەخنەکانی ئەوتان نەسەلماندوە؟.. ئایا بۆ کەسێک کەلەبەرامبەر ڕەخنەکانی دوێنێدا بێدەنگی هەڵبژاردبێت، ئەمڕۆ هەقی هەیە باس لەوەبکات کەجەدەلی نەخوڵقاندوە؟.. ئەمە ئیتر کوێی وێژدانە وکوێی ڕاستیە…

٧/ لەدواین خاڵی وەلامە پێویستەکەتدا، ڕادەگەیەنیت کەناتەوێت بچیتە ڕەخنەگرتن لەسیاسەتە کۆن ونوێیەکانی حزب و جەدەلکردن لەگەڵ هاوڕیانی حزبدا، چونکە تۆ کاری گەورەت بەدەستەوەیەو شەڕی تۆ لەگەڵ بەرزانی و عەبادی و کێ وکێ دایە، بەڕاستی ئیدعایەکی سەیرە نامەی ئیستقالەو ١٢ تێزەکەت سەراپا لەدژی حزب وجولانەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بووە وهێچی نەبەبارزانی و عەبادی ووتوە نەبەئۆچ ئالان و.. منیش هیچ باسێکم لە گیرفانی خۆم دەرنەهێناوە تەنها وەڵامم بە قسەکانی تۆ داوەتەوە، کەچی دەڵێی من کاتی قسەکردنم لەسەر ئەم مەسەلانە نیە!! ئەی کەوایە بۆ سەری ئەو باسانە دەکەیتەوە؟! ئەگەر کاتت نیە بۆ ئەو باسانە و بەڕاستی پڕۆژەی گەورەترت هەیە، نەدەکرا بە چواردێڕ ئیستقالەکەت بنوسی و بڵێی من کار و ئەولەویاتێکی ترم هەیە کە ئەم حزبە بە گونجاو نازانم بۆ ئەوکارە و ماڵ ئاوا، تا ئێمەش ئەوکات جگەلە ڕێز نیشاندان بۆ ٢٧ ساڵ کارت لەناو حزبدا و هیوای سەلامەتی زیاتر هیچی تر نەڵێین وناچارمان نەکەیت دەست بۆ قەڵەمەکانمان بەرین؟. تکایە ئەم قسانەم هەرگیز وا وەرمەگرە کە مافی تۆ بۆ ڕەخنەگرتن لەو مێژوە کەتێیدا هاوبەشین نەسەلمێنم، بەڵکو وەک ڕەخنەو هەڵوێستێک بەرامبەر بەو کارە وەری بگرە کە بەڕاست و چەپدا حوکمی ناڕەوا و بێ بنەمات، لەدژی حزب تەخشان و پەخشان کردەوە. پێشنیاری هاوڕێیانەشم بۆت ئەوەیە کە بۆ قسەکانت ویژدان وڕاستگۆیی بەخەرج بدەیت و جدیەت بنوێنی لەسەر ئەو باسانەی کەخۆت داتمەرزاندوە و بە شێوەی سیاسی و موتەمەدینانە، نەک هەر لەگەڵ منی هاوڕێیەکی دێرینتدا، بگرە لەگەڵ هەرکەسێکی تردا، بکەویتە جەدەلەوە!…

خەسرەو سایە

١٣/٥/٢٠٢٠

 

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *