دیمانە لەگەڵ ئازاد مەجید لە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە گەڕەکی حوریەی شاری کەرکوک سەبارەت بە گرنگی پێکهاتنی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی…

بۆپێشەوە: كێ و چۆن کەسێک دەتوانێت پەیوەست بێت بەتۆڕی کۆمەڵایەتییەوە؟

ئازاد مەجید: ئەم تۆڕی هاوپشتی کۆمەڵایەتییەی گەڕەکی حوریە کە پێکمان هێناوە تایبەتە بە گەڕەکەکەمانەوە حوڕیە، و زۆرتر لەم چوارچێوە جوغرافیەدا کار دەکات. وە هەموو کەسێکی ئەم گەڕەکە دەتوانن لە کار و فەعالیەتیەکانیدا بەشدار بن و لەگەڵماندا هاوکار بن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەگەر کەسانێکی ئینساندۆستی تر لەدەرەوەی ئەم گەڕەکە بیەوێت کارمان لەگەڵ بكات، جێگایی نەبێتەوە، بە پێچەوانەوە زۆریش پێمان خۆشە و دەستی بە گەرمی دەگوشین و دەتوانێت وەک ئێمە ئەندام بێت، بەڵام لەبەرئەوەی هەر وەک وتم ئێمە زۆرتر لەم گەڕەکەدا کار دەکەین زۆرتر مەشغەڵەمان کەڕەکەکەمانە، بۆ ئەمەش دیسان ئەگەر بزانین لەهەر جێگایەک خێزانێك یا هەر کەسێکی تر پێویستی بە یارمەتی هەبێت بە پێی پێویست درێغی ناکەین.

 

بۆپێشەوە: هاتنی پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆس بووە هۆی ئەوەی دەست بۆ دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەرن تا کۆمەک و هاوکاری پێشکەشی خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان بکەن…. دوای کۆتایی هاتنی ئەزمەی کۆڕۆنا ڤایرۆس، تۆڕی کۆمەڵایەتی چی لێدێت؟

 

ئازاد مەجید: ئەوە ڕاستە کە وەزعیەتی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بووەتە هۆی هەژاری و بێکاری ومەئساتی زۆرتری خەڵکی دەست تەنگ، ئەم بیرۆکەی ئێمەی درووست کردووە و ئەم وەزعیەتە ئەوە لە خەڵکی دەخوازێت کە زیاتر لە جاران پێکەوە هاوپشتی و کۆمەکی یەکتر بکەن. وە زیاتر لەدەوری یەکتر بن بۆ کەمکردنەوەی ناخۆشی و ئازارەکانیان، و زیاتر پێویستیان بە یەکترە بۆ ئەوەی لەم وەزعە نالەبارە کۆرۆناویە بە ساغ و سەلامەتی دەرچن. دیارە لەوەها وەزعیەتێکدا بەهێزکردنی رووحی هاوپشتی و بە هانا هاتنی یەکتر و بەهێزکردنی روابتی ئیجتماعی لەگەڵ یەکتر وە هەروەها هەوڵدان بۆ کاری کۆمەڵایەتی، ئەتوانێت عەزمی هاوڵاتیان بۆ زاڵ بوون بەسەر موشکیلەکان دەستەبەر بکات. بەگەر خستنی عەزم و ئیرادەی خەڵک بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانیان لە نێو خۆیاندا وە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئەو ئامانجەیە کە ئەم تۆڕە کاری لەسەر دەکات. یا وازیح تر بڵێم ئەم گەڕەکەی ئێمە بەهەموو خێزانەکانەوە دەبێت لە هەوڵی باشترکردنی خۆیان بن و بتوانین بە دەستە جەمعی هاوکاری مادی و مەعنەوی یەکتر بین و خەمی پاک و خاوێن ڕاگرتنی گەڕەک و پارك و شوێنە گشتیەکانی وەک پارکەکان و حەدیقە و نێو بازار و قوتابخانەکانمان هەبێت. وە هەوڵ بدەین کە نوێنەری گەڕەکەکەمان پێك بهێنین لە کەسانی شیاو و بە دەربەست و خەمخۆر و خۆشەویستانی خەڵکی بۆ ئەوەی هەموو ئمووری گەڕەکەکەمان بەڕێوەبەرن، وە هەروەها بتوانن لەگەڵ بەلەدیە و شارەوانی و پارێزگادا دابنیشن بۆ داکۆکی لە داخوازی و پێداویستیەکانیان. بە کورتیەکەی ئەم گەڕەکەی ئێمە خۆی  خۆی بەڕێوە بەرێت بە شکڵی ئیداری و ئینسانی..

ئەوەی دوای مەسەلەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چی دەکەین؟ ئێمە ڕاستە لە وەزعیەتی ڤایرۆسی کرۆنادا دەستمان بۆ ئەم کارە بردووە، بەڵام بناغەی کارەکانمان بۆ هەموو کاتێک درووستە و لە دوای کرۆناش بە هەمان شێوە  بەردەوام دەبین بۆ کارەکانمان و ڕەنگە لە چونە پێشەوەی ئەم کارانەدا، کاری زیاتر و زیاتر بێتە پێشەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمەش بە هاوکاری یەکتر ڕوو بە ڕووی دەبینەوە و هەوڵ دەدەین چارەسەریان بۆ بکەین. شتێک کە ئەمەوێت بڵێم ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت گەڕەکی حوریە بکەینە گەڕەکێک کە ئینسان حەز بکات ژیانی تێدا بکات بە ئاسوودەیی و خەڵکەکەی ئەوەندە ڕوحی یەکگرتووی و ئینسانی تێدا بەهێز بێت کە ببێتە مایەی شانازی.. ئەمە سەرەتای کارمانە، بەڵام لە ئەوەڵەوە پێویستمان بە کەسانێک هەیە کە ئەم پرۆژە ئینسانیە بخەنە ئەستۆی خۆیان بۆ پێکهێنانی تیمێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بۆ بردنە پێشەوەی کارەکان

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٥ی ١٥ی ئایاری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …