کرێکاران و ”کاری زۆرەملێ” و ”مستی ئاسنین” …

ئامادەکردنی: سالارحەمەسەعید …

ڕیچرد ۆلف* لە گفتوگۆیەکی ڤیدیۆیی دا سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییانەی ترەمپ ی سەرۆکی ئەمریکی دەڵێ کە ترەمپ ئاگادارنامەیەکی ناردووە بۆ هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکا  کە ڕێنماییەکان و فەرمانەکانیان بۆ رووندەکاتەوە و پێیان دەڵێ کە نەتەنها کرێکاران فەرمانیان پێبکرێ بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان بەڵکو زۆر لە وە زیاتر، کرێکارە زۆر زەروور و پێویستەکان دەبێ بگەڕێنەوە سەر ئیشەکانیان و لەبنەڕەتدا پێیان دەڵێ ئەگەر خاوەن کارەکان داوای گەڕانەوە سەرکاریان کرد لە کرێکارەکان و ئەوانیش ئەگەر ڕازی نەبوون کە بچنەوە سەرکار وە یا قبووڵیان نەکرد کارگەکان بکەنەوە، نەتەنها خاوەن کارەکان ئازادن لەدەرکردنیان بەڵکو ئەو بیمە و یارمەتی بێکاریەی کە وەریدەگرن یاخود شایستەن کە وەریگرن لە داهاتوودا، دەکرێ و دەبێ  ڕابگیردرێ و پێیان نەدرێ.

بەهەرحاڵ هەرچیەک بکەی، هەڵبەزی یا دابەزی ناتوانی تاسەر هەڵبەز و دابەزکەی. ئەمە چیی پێدەڵێن؟ ئەمە ناوی هەیە. ئەمە پێی دەڵێن ”کاری زۆرەملێ”. ئەمە یانی بە خەڵکی ئەمریکا بڵێی کە تەنانەت ئەگەر خاوەن کارەکە هێندە کارێکی ئەوتۆشی نەکردبێ یا هەر هیچی نەکردبێ تا شوێنی کار بکاتە شوێنێکی تەندروست و سەلامەت هێشتا هەر دەبێ کرێکاران بچنەوە سەرکار مادام خاوەن کار داوای ئەوەی کردووە وە ئەگەر نەیکەن نەچنەوە سەرکار ئەوا یەکسەر دەچنە ژێر باری هەژاری و فەقر و فەلاکەتەوە. ئیشەکانیان نامێنێت وە لە ئەنجامدا دەرامەتەکەیان لەدەست دەدەن. وە مەحروم دەبن وە یا لە مەترسی مەحروم بوون لە بیمەی بێکاری دادەبن. ئەم فەرمانە لەلایەن حکومەتەوە دەرکراوە و  بە بەردەوامی ئەم ئاگادارنامەیە لەلایەن بالاترین دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەوە وتراوەتەوە کە فەرمان دەدەن کە کرێکاران بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی هاوشێوەی ئەمە بۆ خاوەن کارەکان  دەرکرابێت کە پارە خەرج بکەن تا شوێنی کارەکان سەڵامەت  وتەندرست بێت. وە ئێمە ئەوە دەزانین کە دەبێ زۆریان لێ بکرێ چونکە مێژووی سەرمایەداری بریتییە لە میژووی خەرج نەکردنی پارەوپوول بۆ شوێنی کار تا شوێنی کار ببێتە شوێنێکی سەلامەت و تەندروست بۆ کرێکاران هەر لە بەر ئەو هۆیەشە کە ئێمە یاسای بەڕێوەبردنی سەلامەتی پێشەیی و تەندروستیمان هەیە لێرە لە ئەمریکا هەر لەبەرئەوەیە کە تێکۆشاوین و خەباتمان کردووە لەپێناو پەسەندکردنی یاسای بەڕێوەبردنی خۆراک و دەرمان کەبەوپێیە دەسەڵاتیان پێدەدات وە دەیان یاسامان هەیە لە مەڕ کۆنترۆڵکردنی خوراک و گۆشت ونان و هتد کە ئەمانە هەمووی بۆ پاراستنی خەڵک بووە.

ئێمە ئێستا کاری زۆرە ملێمان هەیە لە ئەمریکا، سەرمایەداری زۆر ناچارە کە روکەشە هەڵخەڵەتینەرەکەی و پەردەی ئەدەب لابەرێ و ئەوی ژێر بەڕە بخاتە سەر بەڕە  ئەوەی  کە ”جاک لەندەن”** بە ”مستی ئاسنین” ناوی دەبرد. سەرمایەداریەک کە چیتر نایەوێ فریوت بدا کە کاربکەی بە مووچەیەکی باش و یا لە باروڕەوشێکی باشی کارکردن دا کاربکەی، نەخێر نەخێر.

ئێستا ئێمە خاوەن کاری سەرمایەدارمان هەیە کە پێت دەڵێ یا کاردەکەیت و دێیتە ئێرە  لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئیشمان پیدای یائەوەیە کە  داتدەبەزێنین  بۆ خوارەوە بۆ هیچ (بۆ سەر سفر) لەڕووی ئابووریەوە، نە ئیش هەیە، نە دەرامەت و نە مووچە وە نە بیمەی بێکاری. زۆرکردن لە کرێکاران بۆ چوونە سەرکار وە ئەگەر لە کاتێکدا خاوەن کار مووچەی کەمکردەوە یا  ئەگەر خاوەن کارگۆڕانکاری کرد لە  خێرایی کارکردن ئەوا هیچ یاسا و ڕێسایەک نیە کە هیچ یەک لەمانە ڕاپەڕێنێ یا ئیدارەی بکات.  ئەمە هەمان ئەو ”مستە ئاسنینە” ڕووت و قوتەی ”جاک لەندەن”ە.  یا ئیش ئەکەی یا بەشێوەیەکی سەخت  دەناڵێنی. رۆژگارێ بوو کە زۆر لەمێژ نیە کە خەڵکی ئەمریکا سەیری هەندێ وڵاتی تریان دەکرد کە تیایدا کاری زۆرەملێ و کاری کۆیلایەتیان تیا دەبینی کە زۆر رەخنەیان لێدەگرتن. ئەگەرچی دەگونجێ بەردەوام بن لەو ڕەخنانەیان. بەڵام ئێستا ترسی کرێکاران ترسی ڕەخنەگرتنیان هەیە ترسی ئەوەیان هەیە کە وەڵام بدەنەوە.

ئەوەی کە ژیانی کرێکاران بخەیتە مەترسیەوە کە لەگەڵ خۆیاندا ئەو پەتایە هەڵگرن بۆ ناو خێزانەکانیان و تووشیان کەن لەبەرئەوەی خاوەن کارەکان نەهاتوون پارە خەرج بکەن تا شوێنی کارەکان بکەنە شوێنێکی تەندروست و سەلامەت وە لەلایەن حکومەتیشەوە فەرمانیان پێنەکراوە کە ئەو کارە بکەن. ئەمە کەمکردنەوە و هێنانەخوارەوەی ئەو دوایین ئازادیە کەمەیە کە کرێکاران هەیانبوو. وە ئەمە نیشانەیەکە کە سەرمایەداری نەتەنها  لە کێشەیەکی زۆر قووڵدایە بەڵکو سەرمایەداری هیچ چارەیەکی نیە چونکە کرێکاران لە ئەمریکا زۆر باش تێدەگەن کە چی ڕوودەدات و ئەمەش  ئاکام و کاردانەوەی خۆی دەبێت.

لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٠

* ریچارد ۆلف ئابوریناسی بەناوبانگی مارکسیست.

** جاک لەندەن رۆماننوس و چالاکوانی سۆسیالیست.

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *