پشتیوانی لە ناڕەزایەتی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە تەندروستی و سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان بە کارو خزمەتی ئەوانەوە گرێی خواردوە و لەم قەیرانەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا جەنگاوەرەکانی بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی ئەم پەتا نەگریسەن، بەهۆی بێدەربەستی حکومەتی هەرێمەوە بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانیان و پێنەدانی مووچەکانیان بۆماوەی (٥) مانگ، بە ناچاری دەستیان بردوwە بۆ مانگرتن و بایکۆتکردنی دەوام لەبەشێكی بەرچاو لەنەخۆشخانەکانی هەرێمدا.

بێگومان جێهێشتنی دەوامی خەستەخانەکان لەم هەلومەرجە ترسناکەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، ڕاستەوخۆ ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دەخاتە بەردەم هەڕەشەی تیاچوون و کارەساتەوە. بەڵام ئەوەی کە بەرپرسە لەهەر ڕوادوێکی نەخوزراو کە بەهۆی ئەم مانگرتن و بایکۆتەوە ڕوودەدات، کارمەندان و پزیشکان نین، کە بەوپەڕی دڵسۆزیەوە ئامادەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بوون بە هاوڵاتیان و ژیانی خۆیان دەخەنە بەردەم مەترسیەوە، بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوڵاتیان، بەڵکو ئەوە حکومەتی هەرێمە کە ئامادە نیە سەرەتاییترین مافەکانی پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لەبەرچاوبگرێت. حکومەتێك کە نەك دەرماڵەی مەترسی نادات بە کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی بەڵكو مووچەی مانگانەکەشیان کە قوتی خۆیان و خێزانەکانیانە، زەوت دەکات و نایانداتێ.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا پشتیوانی لە خواستە ڕەواکانی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکان دەکەین، هاوکات بەرپرسیارێتی هەر روداوێکی نەخوازراو کە ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان بخاتە مەترسیەوە دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە و دەبێ دەستبەجێ وەڵام بە خواستەکانیان بداتەوە بۆئەوەی کۆتایی بە مانگرتن بهێنن و لەوە زیاتر ژیانی هاوڵاتیان رووبەڕووی مەترسی نەکرێنەوە. هەروەها داواش لە هاوڵاتیان دەکەین کە فشاربخەنە سەرحکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی وەڵامی داخوازی کارمەندانی تەندروستی بداتەوە.

١٥-٦-٢٠٢٠

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *