پزیشکان و پەرستاران و کرێکاران و کارمەندانی تەندروستی …

پەیامێک لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە

پزیشکان و پەرستاران

کرێکاران و کارمەندانی تەندروستی

سەرەڕای کار و ماندوبونی بەردەوامی ئێوە و ڕاوەستانی جەسورانەتان لەڕیزی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ لەدژی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا کۆرۆنا  لەکوردستان ڕوو لە هەڵکشان و ڕۆژانە قوربانیەکانی خۆی لە هاوڵاتیان دەستێنێت و، تادێت ژمارەی توشبووان بەم پەتا نەگریسە ڕوو لەزیادبوونە. بێگومان ئێوە وردەکاری ئەم دۆخە و لێکەوتە و ئاکامە مەترسیدارەکانی لەهەموو کەس باشتر دەزانن و هەستی پێدەکەن.

هەموو ئەو ڕاستیە دەزانین کە هۆکار و سەرچاوەی ئەم دۆخە ناهەمووارە، حکومەت و دەسەڵاتێکە کە کەمترین بەرپرسیارێتی نیشانداوە لەئاستی ژیان و گوزەران و سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیانی ژێردەسەڵاتی خۆی. ئەم حکومەت و دەسەڵاتە نەک نەیتوانیوە پێداویستیە تەندروستیەکان و بژێوی خەڵکی دابین بکات،  بەڵکو کەوتووەتە نەدان و بڕینی موچی فەرمانبەران. لەباتی دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ  و پەیمانگاکانی پسپۆڕ لەبواری تەندروستی و کردنەوەی دەیان و سەدان بنکەی تەندروستی و فریاگوزاری و چاودێری پزیشکی لەناوەندی شارەکان و لەگەڕەک و کارگە و زانکۆ و دامەزراوەکاندا، کەوتۆتە بڕین و نەدانی موچەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.

حکومەتی هەرێم  زۆر دەمێکە دەیەوێت فەشەل بە کەرتی تەندروستی گشتی بهێنێت بۆ ئەوەی تەسلیم بەکەرتی تایبەتی بکات، هەربۆیە ئێستا بەئاشکرا ڕایگەیاندووە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکەی نەماوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ دەرچووە، چونکە ژمارەی پزیشک و پەرستار و کارمەندی تەندروستی کەمە، نەخۆشخانەکان توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نییە و ئۆکسجین و جیهازی هەناسەدان بەردەست نین.

بەگشتی کەرتی تەندروستی فەشەلی ڕاگەیاندووە و داوامان لێدەکات کە ڕووبکەینە کەرتی تایبەت و بازاڕی کۆمپانیاکانی دەرمان و کلینیک و  نەخۆشخانە ئەهلیەکانی کۆمپانیاکانی خۆیان.

کاروکردەوەی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە  لەکاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە تائێستا بەڕۆشنی ئەوە دەردەخات کە دەستیان خستۆتە نێو دەستی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و  پێکەوە دەیانەوێت خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی کوردستان بکەنە قوربانی سود و قازانجی خۆیان. بەڵام ئایا بڕیاڕ هەر ئەوەیە کە ئەم جارەش خەڵکی هەژار و دەستدەنگی کوردستان باجی فەشەلی سیاسی و دارایی ئەم حکومەتەی گەندەڵکاران بدەن؟ ئایا تەنها چارە هەر ئەوەیە کەژیان و تەندروستی خۆمان و کۆمەڵگا بسپێرین بەدەسەڵاتێکی گەندەڵ و نابەرپرس؟ لێرەوەیە رۆڵی پێشرەوانە و ئینساندۆستی و بەرپرسانەی ئێوە و هەموو ئازادیخوازان و جەماوەری ناڕازی کرێکار و زەحمەتکێش دێنێتە پێشەوە، ئەویش بەوەی کە بە چاوێکی بەرپرسیارانەوە لەدۆخەکە بڕوانین و هەنگا و بەرەو لەدەستگرتنی سیستەمی تەندروستی هەڵگرین و لەچنگی حوکمەتێکی فاشیل و گەندەڵکاران دەری کێشین.

کرێکاران و کارمەندانی خۆراگری تەندروستی!

پەرستاران و پزیشکانی ناڕازی!

فەشەل و بێتوانایی ئەم حکومەتە کە هەموو ڕۆژێک لەلایەن بەرپرسانەوە بەشێوەی جۆراوجۆر دەدرێت بەگوێی کۆمەڵگادا، بەمانای ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە چیتر شەرعیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و ئیدارەدانی کەرتی تەندروستی نیە و نابێت هیچ چاوەڕوانیەکی لێبکرێت، بگرە مانەوە لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، سپاردنی کۆمەڵگا و سەلامەتی هاوڵاتیانە بەکارەساتێکی ئینسانی.

 

هەربۆیە کاتی ئەوەیە سیستەمی تەندروستی و کارگە و کۆمپانیاکانی دەرمان و هەموو نەخۆشخانە و دامودەزگاکانی پەیوەندیدار جەماوەری بکرێنەوە. ئیتر کاتی ئەوەیە کە پزیشکان و پەرستاران، کرێکاران و کارمەندانی تەندروستی و دەرمانسازی لەڕێگای ڕێکخراوە جەماوەریەکانی خۆیانەوە، ناوەندەکانی تەندروستی کۆنترۆڵ بکەن و بەڕێوەبردنی بگرنە ئەستۆ و ئەم خزمەتگوزاریە لەبازنەی بازاڕ و کۆمپانیاکانی سەر بەدەسەڵات دەرکێشن و بەخۆرایی لەبەردەست هاوڵاتیاندا دایبنێن.

 

بەدڵنیایەوە بۆ ئەم کارە زۆربەی خەڵکی کوردستان پشتیوان و هاوسەنگەرتان دەبن، ئەوان ڕۆڵی ئینسانی و بەرپرسیارانەی ئێوە پزیشک و پەرستاران و کرێکاران و کارمەندانی تەندروستیان لەبەرچاوە کەچۆن لەریزی پێشەوەی شەڕ لەدژی کۆرۆنا جەسورانە ڕاوەستاون و گیانی خۆتان خسۆتۆتە بەرەدەم مەترسیەوە. هەر بۆیە کۆمەڵگا بەچاوی ڕێز و هاوخەباتیەوە لەئێوە و کارەکانتان دەڕوانێت.

خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ئێوە بۆ موچە و دابینکردنی پێداویستی و کەشێکی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، خواست و جوڵانەوەیەکی بەرهەقە و دەتوانێت لەدرێژەی فراوانکردنەوە و ڕێکخراوکردن و گرێدانەوەی بەناڕەزایەتی بەشەکانی تری کۆمەڵگاوە، گۆڕانکاری گەورە لەکەرتی تەندروستیدا بکات.

 

دەستبردن بۆ پێکهنانی کۆمیتە و شورای کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی، تا پێکهینانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی و دەستەکانی پزیشکانی ئازاد و سەربەخۆ، هاوکات سازدانی کۆبوونەوەی گشتی لەنێو ناوەندەکانی تەندروستی و هەڵبژرادنی نوێنەرانی خۆتان و گەڵاڵەکردنەوەی پرۆژەی چۆنیەتی ئیدارەکردنی نەخۆشخانە و دامودەزگاکانی تەندروستی لەلایەن خۆتانەوە دەتوانێت لە یەکەمین هەنگاوەکان بێت بەئاراستەی لاخستنی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرە فاشیل و هیچ کارانە بێت کە لەلایەن حکومەتی حزبەکانەوە دانراون و جێگرتنەوەیان بەکارمەند و پەرستاران و پزیشکانی دڵسۆز. هەر لەڕێچکەی ئەم خەباتە و بەڕاکێشانی پشتیوانی جەماوەری، سندوقی دابینکردنی موچە و، خەرجی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دابین بکرێت و هیچ کەسێک ناچار بەجێهشتنی کارەکەی نەکرێت.

ئەزمونی چەند مانگی ڕابردوو نیشانیداوە، کە یەکلاکردنەوەی جەنگی کۆرۆنا کاری کۆمەڵایەتی  و جوڵانەوەی بەرهەقی خەڵکی ئازادیخواز  و ناڕازی کوردستانە، کاری پزیشکان و پەرستاران و کارمەندانی راوەستاو و دڵسۆزە، کاری هەموو ئەو ئینسانانەیە کەسەلامەتی تەندروستی کۆمەڵایەتی بەهەقێکی بێئەملاو ئەولای هاوڵاتیان دەزانن و دەیانەوێت لەدەستی کۆمپانیا و بازرگانانی چاوچنۆک و بەرپرسانی گەندەڵ دەرکێشن و وەک خزمەتگوزاریەکی خۆڕایی بەڕێوەی بەرن و بخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە.

 

ئەمانە نەک هەر ئاسۆ و بەدیلێکن بۆ سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆرۆنادا، بگرە هەڵکردنی چرای ئومیدن بۆ جێخستنی نموونەکی تر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و سیستەمێکی تر کە سەلامەتی تەندروستی و باشبژێوی بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات، کەواتە وەرن با هەر ئەمڕۆ ئەم چرای ئومێدە هەڵبکەین.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەڕاوەستانی لە ڕیزی خەباتی ئێوەدا، تەواوی توانا و هەوڵی خۆی لەم پێناوەدا دەخاتە خزمەتەوە.

پەرەگرتوو بێت خەبات و تێکۆشانی پزیشکان و پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی لەپێناو سەلامەتی تەندروستی و کۆمەڵایەتیدا!

بژی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

تەموزی ٢٠٢٠

 

 

Check Also

وتەی سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

 بۆ کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان بەیانیتان باش هاورێیان بەناوی خۆم و کۆمیتەی ناوەندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *