دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ زمناکۆ  عەزیز؛ لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە پەیوەندی نیوان هەولێر و بەغداو پرسی ئایندەی سیاسی کوردستان …

بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی کورستان، لەژێر سایەی دەسەڵاتی شیعەی سیاسی و بزووتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبیدا، نادیارە، چۆ دەکرێت زەمانەتی ئایندەی سیاسی کوردستان بکرێت؟

         زمناکۆ عەزیز: ئایندەی سیاسی کوردستان، بەدەرەجەی ئەسڵی پەیوەندی بەڕادەی ڕێکخراو بوونی خەڵک و توانایی لایەنە سیاسی و پێشکەوتنخوازەکانەوە هەیە. هۆشیاریی خەڵک کاتێک ئەبێتە هەنگاوی عەمەلی بۆ باشتر کردنی ژیانی،  کە ئاسۆیەکی ڕوون و ئومێدی هەبێت. حزب و ڕێکخراوبوون ئەو ئاسۆ و ئومێدەیە، هەر ئەمەش ئەتوانێ زەمانەتی ئایندەیەکی درێژ ماوە بکات. ڕێگاکانیتر لەباشترین حاڵەتی خۆیاندا کاتیین و لە ئازار شکێنێک زیاتر نابن.

خەڵک هەموو ڕێگا کاتییەکان و تەواوی بەرنامە و پرۆژەکانی حزبە ئیسلامیی و ناسیونالیستەکانی تاقییکردۆتەوە، زۆریش بە سەبرو حەوسەڵەوە چاوەڕوانی ئاکامێکی لێکردوون، بەڵام هەتا هاتووە خەڵک ژیان و گوزەرانی بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە، ئەمەش زۆر بێئومێدی کردوە و تەوەقوع و ئاستی چاوەڕوانییەکانی بۆ خواری خوارەوە دابەزیوە. هەر بەقسە و هاندان و باسکردنی واقیعەکە ناتوانرێت هیچ ئاییدیا و بۆچوونێک (ئەگەر زۆریش حەقانیەتی هەبێت) کۆمەڵایەتی بکرێتەوە و خەڵک بەرنامەی هەر ڕۆژەی خۆی لێ دەربکێشێت. بەڵکو حزب ئەبێت خۆی لە ڕێگەی ڕابەری و کادرەکانیەوە کارێک بکات، ڕیسک بکات، ئەلگۆیەکیتر نیشان بدات. ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە ئەتوانێ ئومێد بۆ خەڵک بگێڕێتەوە و بەشۆڕو شەوقەوە بەرەو ئایندەی خۆی و مناڵەکانیەوە بڕوات.

بۆپێشەوە: مافی هاوڵاتی یەکسان لەبەرامبەر یاسادا، تەنها لە ژێر سایەی دەوڵەتی هاوڵاتییدا مەیسەر دەبێت، لە غیابی ئەو دەسەڵاتەدا، ڕێگاچارەی خەڵکی کوردستان چییە؟

زمناکۆ عەزیز: مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان کێشەی سەرەکی ئێستای عێراق و کوردستان نییە. مەسەلەی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک بەیەکسانی کێشەی سەرەکییە. تەواوی قەوم و تائیفە و مەزهەب و ئایینزاکان خەڵکیان هەیە کەخۆیان بەوابەستەیان ئەزانن، هەمووش بەبێ ڕەچاوکرنی هەویەتە قەومی و تائیفی و عەشیرەتییەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە مافەکانیان پێشێل ئەکرێت و تەنانەت مانەوەی فیزیکیشیان لەبەردەم هەڕەشدایە. ڕێگاچارە هەر هەمان تەرحەکەی منسور حکمەتە، کە دەڵێت “سەرەکیترین ڕێگای دڵخوازی ئێمە شۆڕشی کرێکاری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانی بێ چین و چەوسانەوەیە”. بەڵام کاتێک کە کۆمەڵگە و خەڵک ئامادە نییە، ڕێگای دووهەم، رێگای دامەزراندنی حکومەتێکی عیلمانی و سکۆلار، کە دین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن جیابکاتەوە، مافی هاوڵاتییەکان بۆ سەرجەم دانیشتوانەکەی فەراهەم بکات. ئەمەش دەیان دەرگای جۆراوجۆر بۆ بەئەنجام گەیاندنی ستراتیژی حزب، هەروەها دەیان دەرگای تر بۆ بەدەستەوەگرتنی تاکتیکی هەمەجۆر لەپێناو پێشڕەوی و گەشەی بزووتنەوەکە و حزبەکەیدا.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان مافی خۆیان نییە، لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا بڕیار لە چارەنووسی سیاسی خۆیان بدەن بەمانەوە لەگەڵ عێراق یان جیابوونەوە و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ؟

زمناکۆ عەزیز: ماف شیعار نییە و پێوستی بە مومارەسەی عەمەلی هەیە، وەک مافی ژیان، مافی دەنگدان، مافە سەرەتایی و مەدەنییەکان و هەتا دوایی. بەم پێیە ڕیفراندۆم، ڕاپرسی گشتی کۆمەڵگەیە لەسەر پرسێک و گرفتێک کە وەڵامی سەرتاسەری ئەخوازێت و شەرعیەت ئەداتە کارێک. ئەم مافەش وەک ئەڵێن نادرێت، بەڵکو ئەبێت بسەندرێت. نابێت ڕێگا بدرێت کە دەسەڵاتداران بتوانن ئەم مافانەش وەک مافەکانی تری خەڵک بکەنە مەسەلەی سات و سەودا و لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بەکار ببرێت. هەروەک چۆن پارتی لە پەیوەند بەم مەسەلەیەوە کردی.

مومارەسەی مافی دەنگدانی گشتی بەر لەمەسەلەی سەربەخۆیی، ئەکرێت لەپەیوەند بە بەرپرسێکی ئیداری و حزبی، پارێزگارێک، بەڕیوەبەری قەزا و ناحیە و دەزگایەک بێت. خەڵک لەوجۆرە مومارەسانەوە ئەکرێت بەرچاوی ڕوونتر بێت و لەڕووی عەمەلییەوە تێبگات کە بەدوای چییەوەیە.

بەڵی، خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە، لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا بڕیار لە چارەنووسی سیاسی خۆیان بدەن بەمانەوە لەگەڵ عێراق یان جیابوونەوە تا ئاستی پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ.

بۆپێشەوە: بەکردەوە دەرکەوتووە، کە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، کۆسپێکی سەرەکی سەر ڕێگای چارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانە، چۆن دەکرێت ئەو کۆسپە وەلابنرێت؟

زمناکۆ عەزیز: دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، نەک هەر کۆسپێکی سەرەکی سەر ڕێگای چارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانە، بەڵکو خۆی ئێستا دەرگیری شکستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیە و مانەوەی بەندە بە درەنگ وەدەنگ هاتنی خەڵکی کوردستانەوە بۆ توڕدانیان بۆ دەرەوەی دەسەڵات و سەرنجام دادگاییکرنیان لەسەر ئەو هەموو تاوانانەی کە دەرهەق بە خەڵک کردویانە.

بەخەبات و تێکۆشانی خەڵک و ڕابەرانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراو بوون، ئەکرێت ئەم کارە مەیسەر بێت.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ئایندەی سیاسی کوردستان، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراق و دەسەڵاتی داسەپاوی بزووتنەوەی شکستخواردووی کوردایەتی؟

زمناکۆ عەزیز: ئایندەی سیاسی کوردستان بەندە بە کاری ئێمە کۆمۆنیستەکانەوە. ئەگەر کارێک نەکەین کە بەربگرێ بەم ڕاوڕووت و فەرهودەی کە نزیک بە ٣٠ ساڵە درێژەی هەیە. ئەوا بەدڵنیاییەوە سبەی لە ئەمڕۆ باشتر نابێت و داهاتوو تاریکتر دەبێت.

کاری ئێمە نابێت هەر لە تەوزیح و تەرویج و کەمپینەکاندا بمێنێتەوە، ئەبێت لەوە زیاتر بکەین. سۆشیال میدیا فەرهەنگێکی وەهای جێخستوە کە وەک جاران گوێگر بۆ قسەی کەس فەراهەم نییە، هەرکەس لە فەیسبووکی خۆیەوە چوار دێڕی هەڵیت و پەڵیتی نووسی، وا ئەزانێت کتێبی سەرمایەی نووسیوە. نەگوێ لە قسەی تر ئەگرێت و نە هیچ قسەیەکیش بەلایەوە تازەیە، باسی هەر شتێکی بۆ بکەیت، ئەو ئەڵێت من لە فەیس بووکی خۆم ئەو قسەیەم دەمێکە وتوە! ئەمەش ئەوپەڕی پاسفیزمی بەرهەمهێناوە. بۆیە کاری ئێمە قورستر و پڕ دەردی سەرترە. هاوکات پێویستمان بە ئیبتکاراتە و نابێت بترسین لە گۆڕینی بەرنامەی کار، بەرنامەیەک ئەگەر زۆریش باش بێت و حەقانیەتی ببێت، بەڵام نەتوانێ قەفزە بەجێگا و ڕێگای حزب بدات، پێویستە وەلا بنرێت و یەکێکی نوێ تاقیبکرێتەوە.

ڕابەری و کاردرەکانی حزب، ناتوانن وەک خەڵکی ئاسایی چالاکی و هەڵسوڕان بکەن، پێویستە لە ڕیزی پێشەوەی هەموو ڕیسک و ئیبتکاراتەکانەوە بن، هەر ئەمەشە جیاواری نێوان ڕابەران و خەڵکانی ئاسایی.

تێبینی: حزب: مەبەست لێی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە

تێبینی؛ ئەم بابەتە لەژمارە ٨٠ی ١ ئابی ٢٠٢٠ دا لە بۆپێشەوەدا بڵاوکراوەتەوە

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *