داعشچێتی کەناڵی ئێن .ئاڕ. تی، شایەنی ڕیسواییە!

عرفان کریم: بیهێنیەوە بەرچاومان، لەدەورانی هێرشی لەشکری فاشی بەعسدا و لە جەرگەی حەملەی ئەنفالەکان لەساڵانی ١٩٨٨ دا، کە سەدان هەزار کەس ئاوارە و ماڵوێران دەکران، بەدەیان هەزار کەس بێسەروشوێن و بزردەکران، کەسانێک لەکوردستان پەیدا ببن و لەژێر ناوی کاری رۆژنامەنوسی و میدیاکاریدا، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جەلادێک و ئینسانکوژێکی بەعسیدا سازبدەن، وەک سیاسەتمەدارێکی ئاسایی  مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسەدا بکەن  و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ریکلام و پڕوپاگەندەی بۆ بکەن لەشاشەی تەلەفزیونەکەیانەوە و پرسیاری بارودۆخی لێبکەن و ڕێگای پێبدەن پەیامی و دەستخۆشی وێرانکردنی گوندەکان و ئەنفال بڵاوبکاتەوە  ؟ ئەمە چی ریسوایی و چی بێشەرمیەکە،؟؟  ئایا ئەو هەموو ئەو کوشتن و لەسێدارەدان و تاوانانە، بەس نەبوو بۆ ناساینی ئەو ڕژێمە؟ ئایا بەڕێوبەرانی  ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنە ئەوسا، چیان بەدایکانی جەرگ سوتاو و منداڵانی بێ باوک دەووت ؟ چۆن وەڵامی قوربانیانی  ئەو ڕژێمەیان  دەدایەوە؟ ئایابە بەهانەی ئازادی ڕادەربڕین ڕێگا دەدەی بە بەعسیەک، لە ئامێزی تۆوە، بانگەواز بۆ هەقانیەتی ئەنفال و کیمیاباران بکات و هانی لایەنگرانی بدات بۆ بەردەوامبون لەسەر ئەو کارانە؟ چی شەمەزاری و بێئابورییەک! لەم سات و ئانەدا، کە دەبینین ڕێکخراوی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی بەناو داعش، چەندە وەحشیگەریانە، ڕۆژانە تاوانەکانی کوشتن وسەربڕین، لەبەرامبەر خەڵکی بێتاوان و سیڤیل ئەنجامدەدات. ئینسان لە باسکردنی تاوانەکانی ئەمانە و لەڕادەی دڕندەیان جۆش دائەمێنێ. لەکاتێکدا کە بەهەزاران کەس لە بەرەکانی جەنگدان لەبەرامبەر ئەم تیرۆریستانەدا و  لەئێستادا کەوا لەسەتاسەری جیهان تف و نەفرەتیان لێدەکەن، کەچی کەناڵی  کەناڵی ئێن .ئار. تی، زۆر بێ شەرمانە بۆ ماەی ١٠ دە ڕۆژ شاشەکەی چالاک کردوە ، بۆ ڕیکلام کردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ  تیرۆریستێک کە بەر لەداعش ئەو داهێنەری تیرۆر و کوشتن بووە  لە کوردستان. مەلا کرێکار یەكێك لەو تیرۆریستانەی کە لەکۆتایی ساڵانی نەوەت و سەرەتای ٢٠٠٠ دا، خۆی و گرووپەکەی بەووتار و بەکردار سەرچاوەی کردوەکانی کوشتن و تیرۆر و سوکایەتی بەئافرەت  و هەرچی ئازادیەکانە لەکوردستاندا،بوون،  ئەو سەرپەرشتی گرووپێکی تیرۆیستی ئیسلامی دەکرد، تاوانی  گوندی خێڵی حەمە و سەربڕین و پارچە پارچەکردنی لاشەی دەیان پێشمەرگە و هەڕەشەکردن لە نوسەران و شاعیران لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکەی جوندالاسلامەوە، کە مەلای تیرۆریست  سەرپەرشتی دەکرد، بەڵگەیەکی مێژوویین لەسەر دڕندەیی ئەو گرووپە، ئەو تاوانانەی کە سەرئەنجام لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا و لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی کورستانەوە،  مەزنترین خۆپیشاندانی وناڕەزایەتی جەماوەری  لە بەرامبەریدا ئەنجامدرا، ئەم کەناڵە، بەم رەفتارەی سەلماندی کە ئەو بەبڵاوکردنەوەی کۆنەپەرستی و هاندان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی،  هاوشێوەی  بازرگانێکە کە لەپێناو پەیداکردنی سەرمایەیەکی زیاتر، ئامادەیە قاچاخچێتی بە تلیاک و دەرمانی ئێکسپایەرەوە بکات و لەپێیناو دۆلارێکی زیاتر، ئەو ئامادەیە هەرچی بەها ئینسانیەکانە فەرامۆشی بکات.ئێن ئاڕ تیش، لەڕێگای فرتوفێڵی میدیایی ورووژاندنی هەست و سۆزی بینەرانەوە. تیرۆریستێک دەکات بە پاڵەوانی کۆمەڵگاو بەم شێوەیەش دەیەوێت بینەرانی زۆرتر پەیدابکات. بەهانەی ئەم کەناڵە هەرچیەک بێت بۆ ڕیکلام  و پڕوپاگەندە کردن بۆ مەلا کرێکار، ناتوانێ ئەم ڕەفتارە داعشچێتیەی بشارێتەوە. کەناڵێک کە کات و بوارێکی تەرخان کردوە و ڕێگا بە کەسێکی تیرۆریست دەدات لەشاشەی تەلەفزیۆنەکەیەوە، بانگەواز بۆ کردوە قێزەوەنەکانی خۆی بکات و بەئاشکرا بڵێیت (سزای مورتەدو هەڵگەراوە لە دین ملبڕینە بە کەتەر) دەبێ خاوەنی چی پەیامێک بێت؟ ئایا ئێن ئارتی، کە بۆتە وەسیلەی گەیاندنی ئەم جۆرە لەهاندان بۆکوشتن وسەربڕین لەنێوان تیرۆریستێک کە لەگۆشەیەکی زینداندایە و لەگەڵ هاوفیکرەکانی؟ لەجیاتی ئەم کارە قێزەوەنە، نەیدەتوانی گفتوگۆیەک لەگەڵ، کچانی  تێکۆشەری کۆبانی سازبدات،  کە داستانێکی مێژووییان لە مقاوەمەتی جەماوەری لە جیهاندا تۆمارکرد.یاخود لەگەڵ قوربانیەکانی ژێردەستی دەسەڵاتی فاشیستی داعش، کە لە نێو چی دۆزەخێکدا ژیان دەکەن..؟ ئەم بەشداریکردنە لە برەودان بە پڕوپاگەندەی هاندان بۆ توند و تیژی، لە ڕێگای بواردان بەمەلاکرێکار و هاوشێوەکانی، خزمەتکردنە بە داعش و تریرۆریزمی ئیسلامی و هاوکات تاوانێکە لە بەرامبەر کۆمەڵگا، ئین ئاڕ تی، ئەگەر خۆی بە خاوەنی پرنسپیی و بەهای مۆدێرنی ئینسانی دەزانێت ،پێویستە داوای لێبوردن لە کەس و کاری قوربانیانی جەنگی دژی داعش و خێڵێ حەمە بکات ،هاوکات روونکردنەوەیک بۆ خەڵکی کوردستان بدات لەسەر ئەم کارە قێزەوەنەی و چی دیکە بوار بۆ داعشەکان نەکاتەوە.کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکی ئازادیخواز و ئینساندۆتە، پێویستە ڕێگا نەدەیەن شەمشەمە کوێرەکانی تاریکی و خزمەتکارەکانیان، دەسەڵاتێ شمشێر و خوێن ڕشتن، بەسەرماندا بسەپێنن. ١٤-٠٢-٢٠١٥

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …