رۆژانە هەقدەستی دادپەروەرانە بۆ رۆژانە کاری دادپەروەرانە!…

فردریک ئەنگڵز:

رۆژانە هەقدەستی دادپەروەرانە بۆ رۆژانە کاری دادپەروەرانە!

لە ٧ی ئایاری ١٨٨١ لە ” لەیبەر ستاندارد ” بڵاوکراوەتەوە.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمەسەعید

ئێستا ئەمە بۆتە دروشمی چینی کرێکار لە ئینگلتەرە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا کە خزمەتێکی باشیکردووە لەکاتی سەرهەڵدانی یەکیەتیە کرێکاریەکانەوە و دوابەدوای هەڵوەشانەوەی یاسای تێکەڵەی (اندماج) (کە کۆمەڵە یاسایەک بوون کە تێکەڵکردنی هەندێ کەسب و ئیش و بازرگانی دیاریکراو قەدەغە بوو وە سزای تووندی هەبوو) بەدناوی ساڵی ١٨٢٤، وە تەنانەت خزمەتێکی باشتریشی کرد لە رۆژگاری شکۆداری بزوتنەوەی چارتیزم ( شارتیزم )دا کاتێک کرێکارانی ئینگلیز ڕێپێوانیان کرد لە پێشەوەی کرێکارانی ئەوروپادا.

بەڵام رۆژگار تێدەپەڕێ و بەرەوپێش دەچیت و زۆر لەوشتە باشانەی کە پەنجا یا تەنانەت سی ساڵ لەمەوبەر پەسەند و پێویست بووە، ئێستا کۆن بوە و بەتەواوی لەجێی خۆیدا نەماوە. جا ئایا دروشمە کۆن و دێرینەکە هی ئەوانە ؟

بەڵام رۆژانە هەقدەستی عادیلانە چیە و رۆژانە کاری عادیلانە چیە؟ چۆن لەلایەن یاسا گەلێکەوە دیاریدەکرێن کە لەژێر سایەیاندا کۆمەڵگای مۆدێرن و نوێ بوون وجودی هەیە و بەرەوپێش دەچێت؟ بۆ وەڵامدانەوە بەمە ئێمە نە دەبێت زانستی ئاکار ( ئەخلاق ) یا  یاسا و داد بەکاربێنین وە نەهیچ هەست و سۆزێکی مرۆیی و داد و تەنانەت خێرخوازیش.

ئەوەی لە ڕووی ئاکارەوە دادپەروەرانەیە و ئەوەی تەنانەت لەڕووی یاساییەوە دادپەروەرانەیە دەگونجێ زۆر دووربێت لەوەی کەلە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دادپەروەرانە بێت. دادپەروەری کۆمەڵایەتی یاخود زوڵم و نادادپەروەری تەنها لەلایەن یەک زانستەوە دیاریدەکرێت، زانستێک کە مامەڵە دەکات لەگەڵ ڕاستیە ماتریاڵییەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردندا، یانی زانستی ئابووری سیاسی.

ئێستا ئابووری سیاسی چی دەڵێت بە رۆژانە هەقدەستی دادپەروەرانە و رۆژانە کاری دادپەروەرانە؟ بەشێوەیەکی سادە، تێکڕای هەقدەست و ماوەی درێژ و چڕوپڕی کاری رۆژانە لەلایەن پێشبڕکێی نێوان خاوەن کار و کرێکار دیاریدەکرێت لە بازارێکی کراوەدا. ئەمانە چین و کەی بەم شێوەیە دیاریدەکرێن؟

رۆژانە هەقدەستی دادپەروەرانە لە باروڕەوشی ئاسایی دا، بریتییە لەوبڕە پارە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی شمەکی پێویستی ژیان و گوزەران بۆ کرێکار، بەپێی ئاستی ژیانی شوێن و وڵاتەکەی تاخۆی لەبارێکی ڕێکی کارکردندا بهێڵێتەوە و وەچە بخاتەوە. تێکڕای هەقدەستی ڕاستەقینە لەگەڵ بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی کاروپیشە و بازرگانی دا، هەندێ کات بەرز و هەندێ کات نزمتر لەم ڕێژەیە بەڵام لەسایەی باروڕەوشی دادپەروەرانەدا ئەو ڕێژەیە دەبێت تێکرای هەموو بەرزبوونەوە و نزم بوونەوەکان  بێت.

رۆژانە کاری عادیلانە (دادپەروەرانە) بریتییە لە درێژایی رۆژی کار و چڕوپڕی کاری واقیعی ( ڕاستەقینە ) کە توانای کاری یەک رۆژی تەواوی کرێکار بەکاردێنێ بەبێ ئەوەی لە وزەو توانای خۆی تێپەڕکات ( دەرچێت)  بۆ هەمان ئەندازە لە کارکردن بۆ رۆژی دواتر  و رۆژانی تر.

کەواتە بەم پێیە دەکرێت ئەم مامەڵەیە بەوە وەسف بکرێت کە کرێکار هێزی کاری تەواوی رۆژەکەی دەداتە سەرمایەدار، واتە تا ئەو جێگەیەی کە دەتوانێت بیبەخشی بەبێ ئەوەی دووبارەکردنەوەی بەردەوامی مامەڵەکە بکاتە کارێکی مەحاڵ. لەبەرامبەردا تەنها تا ئەو جێگەیەی پێداویستیە زەروور و پێویستەکانی دەخوازێ وەردەگرێت بۆ هێشتنەوەی دووبارەبوونەوەی هەمان مامەڵە و سەودای هەموو رۆژێکی کرێکار هەرچی زیاتر دەدات و سەرمایەداریش هەرچی کەمتر هەروەک سروشتی مامەڵە و سەوداکە دەیەوێت. ئەمە جۆرێکی زۆر سەیرە  لە ئینساف و دادپەروەری. بەڵام باکەمێ قووڵتر بڕوانینە ئەم مەسەلەیە.

هەروەک بەپێی ئابووریناسانی سیاسی، هەقدەست و کاری رۆژانە لەلایەن ڕکابەری و کێبڕکێوە دیاریدەکرێت، دادپەروەری و ئینساف پێدەچێ وا پێویست بکات هەردوولا هەمان دەستپێکی عادیلانە / دادپەروەرانەیان هەبێت بەپێی مەرجی عادیلانە. بەڵام ئەمە کێشەکە نیە. سەرمایەدار، ئەگەر لەگەڵ کرێکاردا ڕێکنەکەوێت، دەتوانێت چاوەڕێ بکات و بە سەرمایەکەی خۆی بژی.

بەڵام کرێکار ناتوانێت تەنها بەو هەقدەست و مووچەیەی کە هەیە لە سەری بژی.، لەبەرئەوە دەبێت کار بکات هەرکاتێ و لە هەرشوێنێک و بەپێی هەرمەرج و شەرتێک بێت کە دەستی بکەوێت. کرێکار دەستپێکی دادپەروەرانە /عادیلانەی نیە. ئەو لە ترسی برسێتی دووچاری پەککەوتەیی دەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا بەپێی ئابووری سیاسی چینی سەرمایەداری، ئەمە ئەوپەڕی عەدالەت و دادپەروەریە.

بەڵام با لێکۆڵینەوە بکەین کە لە چ  سندووقێک سەرمایە ئەو پارەیە دەدات بە هەقدەستی عادیلانە؟ بەدڵنیاییەوە لە دەرەوەی سەرمایەوە.

بەڵام سەرمایە هیچ ” بەها ”یەک بەرهەم ناهێنێت. کار لەگەڵ زەوی، تەنها چاوگ و سەرچاوەی سەروەت و سامانە. سەرمایە خۆی جگە لە بەرهەمی کاری خەزنکراو شتێکی تر نیە، بۆ ئەوەی هەقدەستی کرێکار لە ” کار”  بدرێت.  کرێکار لەبەرهەمی کاری خۆی پارەی پێدەدرێت. بەپێی ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین دادپەروەری گشتی (یا هاوبەش)، دەبێت هەقدەستی کرێکار لە بەرهەمی کاری خۆیەوە پێک بێت. بەڵام ئەوە عادیلانە و دادپەروەرانە نابێت بەپێی ئابووری سیاسی. بە پێچەوانەوە بەرهەمی کاری کرێکار بۆ سەرمایەدار دەچێت و کرێکار جگە لە تەنیا پێداویستیە سەرەتاییە زەروور و پێویستەکانی ژیانی بەولاوە چیتری پێناگات. بەم پێیە کۆتایی ئەم پێشبڕکێی ڕکابەریە کە بەشێوەیەکی نا ئاسایی ”عادیلانەیە” بەرهەمی کاری ئەوانەیە کە کاردەکەن، بەشێوەیەکی حەتمی لەدەستی ئەوانەی کە کارناکەن کۆدەبێتەوە و کەڵەکە دەبێت و بەهێزترین هۆکان و ئامرازەکانیان لەدەست دادەبێت بۆ بە کۆیلەکردنی هەمان ئەو کەسانەی کە بەرهەمیان هێناوە.

هەقدەستی رۆژانەی عادیلانە بۆ رۆژانە کاری عادیلانە! دەکرێ شتی زۆر بوترێت سەبارەت بە کاری رۆژانەی دادپەروەرانە، ئەو ئینساف و دادپەروەریەی کە بەتەواوی لەهەمان ئاستی هەقدەست دایە. لەوەی کە باسکرا زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە دروشمە کۆن و دێرینەکان ژیان و رۆژگاری خۆیان کردووە و بەرگەی ئەم رۆژگارە ناگرن.

دادپەروەری و عەدالەتی ئابووری سیاسی هەروەک لەڕاستیدا یاسا گەلێک دادەنێن کە فەرمانڕەوایی کۆمەڵگای ئێستا دەکات کە تەواوی دادپەروەری و عەدالەت بەلایەکەوەیە، بەلای سەرمایەوەیە. دەبا دروشمی کۆن و دێرین لەگڵ نێین (بخەینە ژێر گڵ) بۆ هەمیشە  و جێ نشینی کەین بە:

  • خاوەندارێتی هۆکان و ئامرازەکانی کار، مەوادی خام و کارگە و مەکینە و ئامڕازەکان لەلایەن کرێکاران خۆیانەوە.

The Labour Standard: F. Engels, May 7, 1881

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *