دەسەڵاتی کوردایەتی بەرپرسی یەکەمە لە کوشتاری ژنان! …

سەبارەت بە کوشتنی دوو خوشك لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ …

دیسانەوە دووکچی گەنج بەناوەکانی ( ئاوارە فەقێ حەسیب تەمەن ١٩ ساڵ و هێلین فەقێ حەسیب تەمەن ١٧ ساڵ) بوونە قوربانی کەلتور و بیروبۆچوونی کۆنەپەرستی نێرسالاری کوردایەتی و یاساو رێسا داڕزیوە ئیسلامیەکانی بۆرژوازی کورد. ئەم دوو قوربانیەی دەسەڵاتی کوردایەتی متوربەکراو بە شەریعەتی ئیسلام پێشتر لە شەڵتەری پارێزگاری ژنان بوون و ڕادەستی باوکیان کراونەتەوە! هەردوو خوشکەکە لە رۆژی ٥-٩-٢٠٢٠ ەوە دیار نەماون و رۆژی ٩-٩-٢٠٢٠؛ واتە دوای (٤) رۆژ تەرمەکانیان لە گۆڕستانێکی کۆنی نزیک گوندی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان دۆزراوەتەوە!

کوشتنی ژنان و کچان  بەبیانووی کڕینەوەی ناموسی خێزان و عەشیرەت، سوتاندن و ناچارکردنی ژنان و کچان بە خۆسوتاندن لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ساڵی ١٩٩١ەوە بووەتە دیاردەیەکی ترسناك و ئەنفالێکی شێنەیی دژ بەژنان و کچان بەرێخستوە.

کوشتنی ئەم دوو خوشکە لەلایەن کەسوکاریەوە بەشێكە لەو زنجیرە کوشتنەی لەدژی ژنان بەڕێوەدەچێت و هێشتاش بەردەوامە. ئەوەی وایکردوە کە باوك و براو و کەسوکاری ژنان و کچان بێسڵەمینەوە و بە خوێنساردیەوە خوشك و دایک و کچ و هاوسەری خۆیان بکوژن، سەرچاوەکەی لە دەسەڵاتی کوردایەتی و بۆرژوازی کۆنەپارێزی کوردە کە بێجگە لە پاراستن و هێشتنەوە و ڕەواجدان بە یاسا و فەرهەنگ و کەلتوری دژە ژن و ناموسپەرستی، هاوکات تاوانباران و بکوژانی ژنان یان لە ناو ریزەکانی حزب و هێزە چەکدارەکانی ئەواندان یان داڵدەیان دەدەن و دەیانپارێزن. بۆیە کۆتایی هێنان بە زنجیری کوشتنی ژنان و کچان لە کوردستان و لەگۆڕنانی کەلتور و فەرهەنگ و یاسای دژە ژنی ئیسلامی- کوردایەتی بەندە بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی- حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بۆرژوازی کوردەوە. دەسەڵاتی  میلیشایی بۆرژوازی کورد نەك هەر مووچە و خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان و مافی دابینبوونی ژیان و ئازادی لە خەڵکی کوردستان زەوت کردوە، بەڵکو ژیانی ژنان و کچانیشی لەڕووی فیزیکیەوە ڕووبەڕووی مەترسی و تیاچوون کردۆتەوە.

ئێمە لەکاتێکدا ڕادەگەیەنین کە دەبێ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەونە سزای شایستەی خۆیان وەربگرن و دەبێ فشارەکان بەو ئاقارەدا چڕبکرێنەوە، بەڵام هاوکات ئەوەش ڕادەگەیەنین کە پاراستنی ژیان و سەلامەتی جەستەیی ژنان و کچانی کوردستان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کوردایەتی-ئیسلامیدا مەیسەر نابێ. دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی کە ڕاستەوخۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەرجەستە و جێبەجێ بکات، دەتوانێ ژیان و سەلامەتی و ماف و کەرامەتی ژنانیش بسەلمێنێ و بپارێزێ. دەبێ خۆمان بۆ ئەم ئەرکە سازو ئامادە بکەین.

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٠-٩-٢٠٢٠

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *