ئۆژین پۆتیە …

لە بیست و پێنجەم ساڵیادی مەرگیدا

لینین

وەرگێرانی لەئینگلیزیەوە سالار حمەسەعید

مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو واتە ١٩١٢، بیست و پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر مەرگی ئۆژین پۆتیە ” یوجین پۆتیەی” کرێکار و شاعیری فەرەنسی و نووسەری سروودی بەناوبانگی پرۆلیتاری ” ئینتەرناشناڵ ” دا (هەڵسن ئەی برسیەکان لەخەو …هتد).

ئەم سروودە وەرگێردڕاوەتە سەر تەواوی زمانە ئەوروپیەکان و زمانەکانی تر. کرێکاری خاوەن هوشیاری چینایەتی خۆی لەهەر وڵاتێکدا ببینێتەوە وە هەر چارەنووسێک کە دەگوونجێت لە قاڵبی بدات هەرچی هەستی غەریبی و بێ زمانی و بێ هاوڕێی و دووری لە وڵاتی خۆی هەبێ دەتوانێ  هاوڕێی چینایەتی پەیدابکات لەڕێگەی سروودی ئاشنای ئینتەرناشناڵەوە.

کرێکارانی تەواوی وڵاتانی دونیا سروودی هەرە تێکۆشەریان، شاعیری پرۆلیتاریایان گرتۆتە خۆ و کردوویانەتە سروودی پرۆلیتاریای تەواوی دونیا.

ئێستا کرێکارانی تەواوی دونیا ڕیزدەگرن لە یادی ئۆژین پۆتیە. ژن و کچەکەی هێشتا لە ژیاندا ماون بەڵام لەهەژاریدا دەژین هەر وەک چۆن نووسەری ئینتەرناشناڵ تەواوی ژیانی لە هەژاریدا بردەسەر. ئۆژین لە ٤ی ئۆکتۆبەری ١٨١٦ لە پاریس لەدایک بووە و تەمەنی ١٤ ساڵ بووە کە یەکەمین سروودی خۆی نووسیوە بەناوی: بژی ئازادی! لە ساڵی ١٨٤٨ دا جەنگاوەرێک بووە لە سەنگەرەکانی شەڕی گەورەی کرێکاران بەرامبەر بە بۆرژوازی. لەساڵی ١٨٤٠ەوە بە گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانە وەڵامی هەموو رووداو و بۆنە گرنگەکانی ژیانی فەرەنسای داوەتەوە بە وشیارکردنەوەی دواکەوتوان و بانگەوازکردنی کرێکاران بۆ یەکگرتن و ڕەخنەگرتن لە بۆرژوازی و حکومەتی بۆرژوازی لە فەرەنسا. لە رۆژانی کۆمۆنەی پاریسی مەزندا لە ساڵی ١٨٧١ دا پۆتییە بەئەندامی ئەو کۆمۆنەیە هەڵبژێردرا. لە ژکۆی ٣٦٠٠ دەنگ، ٣٣٥٢ دەنگی بەدەست هێنا. بەشداریکرد لەتەواوی چالاکیەکانی کۆمۆنەدا، لە یەکەمین حکومەتی پرۆلیتاری دا. هەرەسهێنانی کۆمۆنە پۆتیەی ناچارکرد کە هەڵێت بۆ ئینگلتەرە و لەدواییدا بۆ ئەمریکا. سروودە بەناوبانگەکەی ئینتەرناشناڵی لە مانگی حوزەیرانی ١٨٧١ دا نووسی کە دەشێ بوترێ رۆژێک دوای شکستە خوێناویەکەی مانگی ئایاری هەمان ساڵ بوو. کۆمۆنە داڕووخا بەڵام ئینتەرناشناڵەکەی پۆتیە بیروڕاکانی کۆمۆنەی بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوکردەوە وئێستا لەهەموو کاتێک زیندووترە.

پۆتیە لە ساڵی ١٨٧٦ دا لە تاراوگە هۆنراوەیەکی نووسی بەناوی ” لە کرێکارانی ئەمریکاوە بۆ کرێکارانی فەرەنسا” لەم هۆنراوەیەدا پۆتیە وەسفی ژیانی کرێکاران دەکات لەژێر کۆت و زنجیری سەرمایەداری و هەژاری و ڕەنج و زەحمەتی کەمەر شکێن و چەوساندنەوەیان هەروەها باوەڕی بەتینی بە  سەرکەوتنی ئایندەی مەسەلەکەیان . تەنها ٩ ساڵ بەسەر کۆمۆنەدا تێپەڕیبوو کە پۆتیە گەڕایەوە بۆ فەرەنسا وە یەکسەر پەیوەندی کرد بە حزبی کرێکارانەوە. یەکەمین دیوانی شیعری پۆتیە لە ساڵی ١٨٨٤دا بڵاوکرایەوە، بەرگی دووەمی شیعرەکانی بە ناوی ”سروودە شۆڕشگێڕییەکان” لەساڵی ١٨٨٧ دا بڵاوبۆوە. ژمارەیەکی تر لە شیعرەکانی شاعیری پرۆلیتاریا پاش مردنی بڵاوکرانەوە.  لە ٨ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٨٧دا کرێکارانی فەرەنسا پاشماوەی لاشەی ” ئۆژین پۆتیە ” یان بۆ گۆڕستانی ” پێغ لەشێز” برد، ئەوشوێنەی کە  ئەندامانی لەسێدارەدراوی کۆمۆنەی تیا بەخاکسپێردراوە. پۆلیس زۆر بەشێوەیەکی وەحشیانە پەلاماری ئەو قەرەباڵغیەیان دا لە هەوڵیان بۆ پەلامار و گرتنی دروشمە سوورەکەیان. خەڵکێکی زۆر بەشداری بەخاکسپاردنەکە بوون لەهەموو لایەکەوە هاواردەکرا: ” بژی پۆتیە”. پۆتیە بەهەژاری مرد، بەڵام یاداوەریەکی لەدوای خۆی بەجێهێشت کە لەکاردەستی مرۆڤ مانەوەی زیاترە.

ئەو لەڕێگەی سروود و گۆرانیەکانیەوە یەکێک بوو لەهەرە گەورەترین پرۆپاگەندەکارەکان. گۆرانیە مێژووییەکەی ئۆژین پۆتیە ئێستا لەلایەن دەیان ملیۆن پرۆلیتاریاوە دەناسرێتەوە.

ڤلادیمیر ئیلیچ لینین  لە ٣/١/١٩١٣ لە ژمارە ٢ ی پراڤدا دا بڵاوکراوەتەوە.

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *