گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، لەبارەی بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبری بیرەوەری” و کاردانەوەکانی …

ئەفسانە یان فاشیزم

بۆپێشەوە: کتێبە تازەکەی مەلا بەختیار (لەبری بیرەوەری) گۆشەیەکی تر لە تاوان و کارنامەی بزووتنەوەی کوردایەتی و کاراکتەرە سیاسییەکانی دەخاتەڕوو، بەشێوەیەکی گشتی چۆن دەڕواننە ئەو کارنامە و مێژووەی بزووتنەوەی کوردایەتی، کە لەوێدا باسکراوە؟

ڕێبوار ئەحمەد: ئەو بەڵگانەی دەربارەی کارنامەی ڕەش و چەپەڵی بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی و کاریزماکانی کە لەو کتێبەدا هاتووە، دەکرێت بڵێین تەنها مشتێکە لە خەرمانێکی گەورە. خودی مەلا بەختیار دەڵێ ئەوەی باسی کردووە ٢٠٪ی ئەو تاوانانەیە کە ئەو دەیزانێ و ئاگای لێ بووە! جگە لەم کتێبەش سەرنج لە هەریەك لەو کتێبانەش بدەین کە لەلایەن بەشداربووان و کاراکتەرەکانی ئەو مێژووەوە نووسراون، دەریایەك لە بەڵگەی چەپەڵکاری ئەم بزووتنەوەیەمان بەرچاو دەخەن. تازە ئەوە گوایە ئەو مێژووە، لاپەڕە درەخشانەکانی سەردەمی “خەباتکاری” و جێگای شانازی ئەم بزووتنەوەیە و حزبەکان و سەرکردەکانیەتی. چونکە کاتێك لەسەر کارنامەی ڕەشی سی ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتیان یەخەیان دەگیرێت، ئەو مێژووە دەکەن بە پاساو و گوایە “شەرعییەتی شۆڕشگێڕی”ی ئەو ڕۆژگارەیان، پاساوی لاپەڕە ڕەشەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتییان دەکات. بەڵام ئەو ڕۆژەی کە نەفرەت و تووڕەیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز، دەگاتە ئەو ئاستە لە ئاسۆداری و ڕێکخراوەیی و بەهرەمەند لە ڕابەرییەکی کارا و شۆڕشگێڕ، کە بتوانێ دەسەڵاتی ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرست و تاوانکارە ڕاماڵێت، و گوێچکەی سەران و ڕابەرانی ڕاکێشێ بۆ بەردەم دادگایەکەی عادلانە، تەنها ئەوکات ڕوون دەبێتەوە کە ئەوەی تا ئێستا باسکراوە دڵۆپێکە لە دەریایەك.

بزووتنەوەی کوردایەتی وەکو بزووتنەوەی چینی بۆرژوازی کورد، لە هیچ تاوانکاری و کۆنەپەرستی و بەکرێگیراوییەك، دەستی نەپاراستوە، بۆئەوەی دەستی بە سوچێکی کورسی دەسەڵات بگات. ڕێك بە مەنتقی “ئامانج پاساوی ئامڕازە”! هەموو ئەو پڕوپاگەندانەش، کە دەربارەی وەستانەوە دژی ستەمی میللی و خەبات بۆ ڕزگاری لەو ستەمە، مێشکی خەڵکیان پێداشۆریوە، لە ناوەڕۆکدا جگە لە هەڵپە بۆ شەریك بوونەوە، لە دەسەڵات و دەسڕەنجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، هیچی تر نەبووە و نییە. کاتێك لە ١٩٩١دا ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاسمانەوە دەسەڵاتی خستە باوەشیانەوە، وەکو بزووتنەوەیەکی چڵێسی دەسەڵات و سەروەت، لە هیچ ستەمکارییەك دەستیان نەپاراست. نان و ئاو و خزمەتگوزاری و داهاتی سەرزەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی ئەم کۆمەڵگەیەیان خستە خزمەت، ژیانێکی شاهانە بۆ خۆیان و نەداریی هەمەلایەنەش بۆ جەماوەری ستەمدیدەی خەڵك.

ئەم کتێبە و ئەو بەڵگانەی لەوێ باسکراون، بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو ڕاستییانەن کە دەیان ساڵە ئێمە کۆمۆنیستەکان، لەبارەی خەسڵەتی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانی بوونی، بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی دووپاتیان دەکەینەوە. هەر بەم بۆنەیەشەوە کەوتینەبەر هێرش، هاوڕێیانمان تیرۆر و کوشتار کران و هەڵسووڕانمان قەدەغە کرا. ئەم کتێبە بەڵگەنامەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی و سەرکردە کاریزمیەکانی، کۆنەپەرستن، بکوژ و تیرۆریستن، پیلانگێڕ و فریوکارن، دز و جەردە و درۆزنن، پیاوسالار و ژنکوژن، دژە ئازادی و سەرکوتگەرن، بێبەرین لەهەر جۆرە پرەنسیپ و ڕەوشتێکی سیاسی. بەناوی دۆستایەتی و دەعوەتەوە پلانی کوشتنت بۆ دادەنێن، بەناوی مفاوەزاتەوە، وەفدی مفاوز دەست بەسەردەکەن و دەیکەن بە بارمتەی سەپاندنی مەرامە چەپەڵەکانیان. ئەمانە دیلکوژ و فاشیستن، ئامادەن لەپێناو ئامانجە حەقیرانەکانیاندا کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن. ئەگەر ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و ڕاپێچکردنی بە کۆمەڵی منداڵ و گەنج و پیری کورد کۆمەڵکوژی و فاشیزم بێت، ئەوە ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان و ڕاپێچکردنی منداڵ و گەنج و پیری عەرەبیش بۆ مەرگ، بە هەمان شێوە کۆمەڵکوژی و فاشیزمە. ئەم کتێبە بەڵگەی ئەوەیە کە سەرکردە و سیمبولە کاریزمیەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بە دیاریکراوی نەوشیروان مستەفا کە میدیای چەواشە وەکو فریشتە و باوکی هەژاران نیشانی کۆمەڵگەی دەدەن، سیمبولی بەرجەستەی تاوانکارییە سەرسام هێنەرەکانی ئەم بزووتنەوەیە و سیمبولێکی فاشیزمی کوردیە نەک ئەفسانە. ئەم کتێبە بەڵگەی ئەوەیە ئەم حزبانە نەك شایستەی بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگەیە نین، بەڵکو تۆزقاڵێك باشتربوونی ژیان و دەستەبەربوونی مافە سەرەتاییەکانی خەڵك لە گرەوی هەڵپێچانی ئەم حزبانەدایە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئاسەوارێك لە یاسا و دادگا و مافی گشتی لەئارادا بێت، دەبێ سەران و بەرپرسانی ئەم حزبانە ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێن بۆ لێپرسینەوە و سزادان.

بۆپێشەوە: ئەم کتێبە بەڵگەی زۆر دەخاتەڕوو دەربارەی یەکێتی و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، کە بەجیا لە جەنگی دەسەڵاتی نێوانیان، لەناو تەلاری ڕێكخراوەیی یەك حزبیشدا، دەستیان بۆ تەسفیەی ناوخۆیی بردووە، مخالفینی سیاسی خۆیان لەناو حزبەکانی خۆیاندا، تیرۆر کردووە، چ تیرۆری سیاسی و چ تیرۆری جەسەدی. ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ڕێبوار ئەحمەد: ئەمە لایەنێکی بەرجەستەی نەریتی سیاسی بزووتنەوەی کوردایەتییە. تەنها بە یەکێتی و هیچ حزبێکی تایبەتی ئەم بزووتنەوەیە بەرتەسك نابێتەوە. لە پارتییەوە تا یەکێتی و تا پەکەکە و تا حزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی ئێران نوقمی ئەم نەریتە قەبیح و ناشرینەن. داستانی داپڵۆسین و شکەنجە و سوکایەتییەکان بەرامبەر ئاڵای شۆڕش کە لەم کتیبەدا بە وردی باسکراوە، داستانی شەڕی مەلایی و جەلالی لە ئەنجامی بیروڕای سیاسی جیاوازی ئەو دووباڵەی پارتی کە لێشاوێك لە خەڵکی کرد بە قوربانی، داستانی هێرشی چەکدارانە و جەنگی لەناوبردنی ئەو باڵەی کە لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی باڵی “ڕابەرایەتی شۆڕشگێڕ”ەوە جیابووەوە، داستانی “ئیعدامی شۆڕشگێڕانە”ی ئەوانەی ڕیزەکانی پەکەکەیان بەجێدەهێشت، سەرئەنجام پلانی باندی سازمانی زەحمەتکێشانی ئێران بەڕابەرایەتی عەبدوڵای موهتەدی بۆ قەتڵوعامی هاوڕێیانی هاوحزبی خۆیان، لە کۆمەڵە-سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران،… تەنها چەند نموونەیەکن. لە نەریتی سیاسی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، جیاوازی بیروڕا تەنانەت لە هاوڕێی حزبی و هاوسەنگەری خۆیان قبوڵ ناکەن و بە ئاگر و ئاسن تەسفیەی جەسەدی و فکرییان دەکەن. کەچی هاشوهوشی دیموکراسی و ئازادی لە ئاستی کۆمەڵگەدا دەرخواردی خەڵك دەدەن. خۆیان کردوە بە ئوستادی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی مانا و حیکایەتی قۆناغەکانی دیموکراسی.

لەڕاستیدا کلتوری بزووتنەوەی کوردایەتی “فەقیرکوژی لە زاڵم تۆقیو”ە. ئەگەر دەرحەق بە خەڵك و بە بیروڕای جیاوازی ناوخۆی ڕیزەکانی خۆشیان، کلتوری سەرکوت و دەمکوت و داپڵۆسین و ئەتککردن بێت، تەنها لەسەر بیروڕایەکی سیاسی جیاواز، بەڵام دەرحەق بە دەوڵەتان و ئەوانەی هێزیان هەیە، کلتوری کڕوزانەوە و مەرایی و پاکانە و لێسانەوەی ملی سەرکردە دکتاتۆر و دەست ڕۆیشتووەکانە، بۆئەوەی ئیمتیازێکیان پێببڕێت. ماچکردنی دەستی شای ئێران و شیوەن لەسەر قەبری خومەینی و ستایشی تۆرکۆت ئۆزال، ماچ کردنی لاملی سەدام، لە ڕۆژگارێکدا کە دوای کوشتوکوشتاری بە کۆمەڵ، ملیۆنەها خەڵکی کوردستانی ئاوارەی شاخ و کێو و وڵاتانی دەوروبەرکردبوو، تەنها چەند نموونەی ئەم ڕاستییەن.

بۆپێشەوە: کتیبەکەی مەلا بەختیار، کاردانەوەیەکی توندی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و کادرەکانیەوە بەدوای خۆیدا هێنا، کاردانەوەیەك کە لێوان ڕێژ لە سوکایەتی، ئیهانە، جنێو، تۆمەت… تاد، هۆکاری ئەم هێرشە هیستریاییە چیە؟

ڕێبوار ئەحمەد: ئەگەر وانەبوایە جێگای سەرسوڕمان دەبوو. بەرپاکردنی کەمپینی شکاندنی حورمەت و تیرۆری کەسایەتی، هەڵبەستنی بوختان و فایلسازی، لە بەجەستەترین و سادەترین و باوترین نەریتەکانی بزووتنەوەی کوردایەتییە، بەرامبەر ڕەخنەگر و مخالف و نەیار. چ لە ئاستی کۆمەڵگە و چ لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا.

کاردانەوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بێگومان مانا و هۆکاری ئەوەیشە، کە ناتوانن بە شێوەی شارستانی و سیاسی و مەنتقی وەڵامی ئەو هەموو بەڵگەیە بدەنەوە، کە لەم کتێبەدا لەبارەی تاوانە بێشومارەکانی سەرکردە کاریزماکەیانەوە، خراوەتەڕوو. کاردانەوەکەیان خۆی بەڵگەیەکی سەربارە بۆ ڕاستی ئەوەی لەبارەی نەوشیروانەوە لەو کتێبەدا وتراوە. ئەوانەی باسکراوە شیکاری و لێکدانەوە و پەخشانەوەی تۆمەتی بێ بەڵگە نییە، بەڵکو سەرجەمی فاکت و ڕووداو و کرداری بزووتنەوەی کوردایەتی و بە دیاریکراویش نەوشیروان مستەفایە. تەنانەت بەشی هەرەزۆری ئەوانەی لەبارەی نەوشیروانەوە باسکراون، تازە نین، بەڵکو پێشتر لە ئاستێکی فراواندا بیستراون و باسکراون. بەڵام لەم کتێبەدا بە وردەکاری و بەڵگەدارتر لەلایەن کەسێکەوە باسکراون، کە خۆی لە ناو ڕوداوەکانی ئەو مێژووەدا ژیاوە. کاردانەوە ناشرین و ناسیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێک و ڕاست بەرئەنجامی نەبوونی هیچ مەنتق و بەڵگەیەکی سیاسییە، بۆ بەرگری لە نەوشیروان و تاوانە لە هەژمار نەهاتووەکانی. بەشی زۆری سەرکردایەتی و کادر و هەڵسووڕاوانی ڕیزی پێشەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ئەندازەی مەلا بەختیار ئاگاداری تاوانکارییەکانی نەوشیروان هەن، دەزانن هەموو ئەوانەی لەو کتێبەدا دەربارەی کارنامەی شەخسی نەوشیروان وتراون، بە تەواوی ڕاستن و ئەگەر کەمیان نەبێت زیادیان نییە. بەڵام چونکە خۆشیان پەروەردەی قوتابخانە فاشیستیەکەی نەوشیروان مستەفان، خۆشیان وەکو ئەو بیردەکەنەوە، ئەمڕۆش ئەگەر دەستیان بڕوات نەك هەر نەیارانی خۆیان بەڵکو هەرکەس وەکو ئەوان بیرنەکاتەوە، بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە نەوشیروان کردویەتی. هەڵبەت بەشێکیش لەو کەسانەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان و لە دەرەوەی ئەو حزبە کە بەرگری لە نەوشیروان دەکەن، ڕاستییەکان نازانن و مێشکیان داشۆراوە و وا براوەتە ئەقڵیانەوە کە بەڕاستی نەوشیروان ئەفسانە و فریشتە و باوکی هەژاران بوو. خۆیان قوربانیین.

بەبڕوای من ئەو شێوازە سوك و ناسیاسی و ناشارستانییەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بۆ بردووە، دژی مەلا بەختیار وەکو کاردانەوە بەرامبەر ئەم کتێبە، دەبێ لەلایەن ڕای گشتی خەڵك و هەموو لایەن و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانەوە سەرکۆنە و شەرمەزار بکرێت. نابێ بوار بدرێت فەزای فکری و سیاسی کۆمەڵگە بەم جۆرە سوك و پیس بکرێت.

بۆپێشەوە: مەلا بەختیار لە مەراسیمی دابەشکردنی کتێبە تازەکەیدا، دەڵێت من تاکە کەس بووم کە لەدژی تیرۆری پێنج کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ناڕەزایەتیم دەربڕیووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠١ لە کۆڕێکدا لە ستۆکهۆڵم لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرش بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەڵێت: “کۆمۆنیستەکانمان کوشت، چونکە نانی شوانیان دەخوارد”، هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی ڕادیۆ لاواندا لە یۆتۆبۆری دەڵێت: “تاقمێکی هەرزەکار بوون مەفرەزەیەکمان نارد و ئاقڵمان کردن” لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

ڕێبوار ئەحمەد: بەڕای من ئەوەی کە ئەمڕۆ مەلا بەختیار دەڵی “کاتی خۆی لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا من تاکە کەس بووم کە مخالفی کوشتاری کۆمۆنیستەکان بووم”، لە کاتێکدا لە ئاستی کۆمەڵگەدا شتێکی تری وتووە، ئیتر هەر وەکو قسەش بایەخێك بۆ ئەم قسەیە نامێنێتەوە. لە ڕوانگەی منەوە تا ئەمڕۆش کە مەلا بەختیار ئەم قسانە دەکات، هێشتا وەکو هەموو ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی یەکێتی لەو تاوانە شەریکە. ئێمە و کۆمەڵگە نازانین ئەوکات مەلا بەختیار لە ناوخۆیاندا چی وتووە و هەڵوێستی چی بووە. بەڵام دەزانین کە مەلا بەختیار تاکە سەرکردەی یەکێتییە کە لە چەند مناسەبەدا نەك هەر بەرگری لەو تاوانکارییە کردوە، بەڵکو وەکو شەریك و بەشدار لەو تاوانە قسەی کردووە. ئەو لە کاتێکدا لە ڕادیۆوە ڕاشکاوانە بڵێ “مەفرەزەیەکمان نارد ئاقڵیان کردن” ئیتر چۆن دەتوانێ شانی خۆی لەژێر ئەو تاوانە دەربکات؟! یان ئەو قسانە لە کۆڕێکی شاری ستۆکهۆڵمدا کردوونی بەڕاستی پڕاوپڕ مەنتقی نەوشیروانی و نەوشیروانیزمن. ئەمە پێی ناوترێت هەڵوێست، کە لە ناوخۆدا ناڕازی و لە ئاستی کۆمەڵگەدا پێداگر و شانازی بە تاوانەکەوە بکەیت!

بەدەر لەوەی مەلا بەختیار دەڵێ لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و لەئاستی کۆمەڵگەشدا ئێمە بە گوێی خۆمان بیستوومانە کە چۆن بەزمانێکی ناشرین بەرگری لەو تاوانە کردووە، بەڵام ئێمە ئەو ڕاستییە دەزانین کە هێرشی چەکدارانە بۆسەر حزبی ئێمە و کوشتاری هاوڕێیانمان، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان، پلانی بۆ داڕێژراوە و جێبەجێ کراوە. نەوشیروان بە مەنتقی فاشیستی و بازاڕیی خۆی ئەم ڕاستییانەی بۆ وەفدی مفاوەزاتی حزبمان دەربڕیوە. ئەمانە بۆ ئێمە ڕۆشنە و گومانی تیا نییە. بەڵام نەوشیروان بە سیاسەتی یەکێتی و بە چەك و فیشەکی یەکێتی و بە پێشمەرگەی یەکێتی و بە ناوی یەکێتییەوە ئەم تاوانەی ئەنجام داوە. بۆیە هەموو سەرکردایەتی یەکێتی بە جەلال تاڵەبانی و مەلا بەختیارەوە بەرپرسن لەم تاوانە. مەلابەختیار و تاڵەبانی بەپێی پێگەیان لە ڕابەرایەتی یەکێتی لە هەموو سیاسەت و کردارێکی ئەو حزبە بەرپرسن. ناکرێ دوای ٢٠ ساڵ وەکو ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕۆژگارە خۆی نیشان بدات. ئەندامەتی لە ئۆرگانی ڕابەرایەتی حزبێك واتە لە ئەستۆگرتنی هەموو ئاکامێکی سیاسەت و بڕیارەکانی ئەو ئۆرگانە. بەڵام لەوەش زیاتر لەسەر بنەمای ئەو قسانەی کە مەلا بەختیار لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ بەرگری لەو تاوانە کردوونی، کە بەڕاستی بە مەنتقی نەوشیروانی لێدوانی داوە، بەرپرسیارێتی مەلا بەختیار زۆر زیاترە، لەچاو ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە هیچیان نەوتووە. لەڕاستیدا ئەوەندەی من ئاگاداربم، ئەو تاکە کەسە لە سەرکردایەتی یەکێتی کە لە ئاستی کۆمەڵگەدا بەمجۆرە ڕاشکاوانە و بە مەنتقی نەوشیروانیستی ئەو تاوانەی پاساوداوە. ئەمە لە دنیای سیاسەتدا پێی دەوترێت ئۆپۆرتۆنیزم، کە هەر ڕۆژە و بەپێی بارودۆخ و بەرژەوەندی ڕۆژ، هەڵوێستێکی جیاواز لەبارەی یەک ڕووداو و یەک مەسەلەوە دەرببڕیت. ڕۆژگارێك کە لەسەر کورسی و ناز و نیعمەتی دەسەڵات، دانیشتوە دەڵێ “مەفرەزەیەکمان نارد ئاقڵیان کردن” و شانازی بەو تاوانە تیرۆریستییەوە دەکات. ئەمڕۆش کە دۆخەکە گۆڕاوە، لە پۆزی ئۆپۆزیسیۆندا دەردەکەوێت و دیموکراسینمایی دەکات و ئەو کوشتارگایە، بە تاوانێکی بێ پاساوی شەخسی نەوشیروان ناودەبات. ئەگەر ئەمڕۆ بەڕاستی مەلا بەختیار دژی کوشتاری ئەو پێنج تێکۆشەرە دڵپڕ لە هیوایەیە، بەپێی مەنتق دەبێ خوازیاری دادگایی کردنی هەموو ڕابەرایەتی ئەوکاتەی یەکێتی بێت بە خۆشیەوە. خۆ تاوانی قەتلی پێنج کەسی بێتاوان و ئازادیخواز، بە دەرپەڕاندنی دوو ڕستە، ئەویش دوای ٢٠ ساڵ پاك نابێتەوە. وەکو هەر قەتلێکی تر، دەبێ تاوانکارانی دادگایی بکرێن و سزای تاوانەکەیان وەرگرن. ئەو کە دانی بەم تاوانکارییەدا ناوە، مانای ئەوەیە دەبێ ڕابەرانی یەکێتی، لە دادگایەکی ئاشکرای جەماوەریدا، بەرپرسیارێتی و سزای تاوانەکەیان وەرگرن. کتێب و بیرەوەری نوسین و وتاردان دەربارەی ئەم مەسەلەیە هیچ لەم ڕاستییە ناگۆڕێ.

بۆیە من وەکو سکرتێری ئەوکاتە و هەشت ساڵ دوای ئەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، دەڵێم؛ بەدەر لە ویستی ئێمە، مەلا بەختیار بەپێی لێدوانەکانی خۆی، لە مێژوودا وەکو شەریکی ئەو تاوانە ناوی لەپاڵ نەوشیروانەوە تۆمار کراوە. وە ئەگەر بیەوێ گەردنی خۆی لەو تاوانە ئازاد بکات، دەبێ لانی کەم بڕواتە بەردەم داداگا و لەبارەی ئەم کەیسەوە، کە هێشتا لە دادگایە، لێدوان و شایەتی خۆی بدات و ئەنجامی دادگاییەکەش، لەسەر ئەو تاوانەی کە خۆی شانی داوەتە ژێرباری، لە ئەستۆ بگرێت. ئەو خۆی دەڵێت “داپۆشینی تاوان لە ویژداندا یەکسانە بە تاوان و لە یاساشدا سزای لەسەرە”، کەوایە بەرپرسە لەوەی برواتە بەردەم دادگا و راستیەکان باس بکات. هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ جەخت لەوە بکەم کە تەنانەت سەرکردایەتی ئێستای یەکێتیش وەکو میراتگری سەرکردایەتی پێشوو، تا ئەوکاتەی هەڵوێستێکی جیاواز نیشان نەدات و تاوانباران تەسلیم بە دادگا نەکات، لەو تاوانە بەرپرسیارە. ئەو مەسەلەیە بەمجۆرە لای ئێمە تەواو نەبووە و تەواو نابێت.

بۆپێشەوە: لەهەر ململانێیەکی سیاسی نێوان حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و تەنانەت لە گرژیی نێوان چەند کاراکتەری ئەم بزووتنەوەیە و حزبەکانیدا، کەشی سیاسی و ئازادیی کۆمەڵگە مەترسی بۆ دروست دەبێت، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ و دەبێ خەڵکی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم نەریتە بکەن؟

ڕێبوار ئەحمەد: سەرچاوەی ئەمانە خودی عورف و عادەت و نەریتی بزووتنەوەی کوردایەتی و باڵادەستیی ئەو نەریتەیە. لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا باسم کرد کە لەو نەریتەدا شتێك نییە ناوی ئازادی بیروڕا و ڕەخنە و پرەنسیپی سیاسی موتەمەدینانە بێت. تەنانەت تەحەمولی وشەیەك ناکەن کە ناکۆك بێت لەگەڵ بۆچوونی خۆیاندا. شەڕی ناوخۆی حزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە، تەسفیەی فکری و فیزیکی لەناو ڕیزەکانی خۆشیاندا، بەڵگەی ئەم ڕاستییەن. لە ڕوانگەی ئەم نەریتەوە، درکاندنی ئەو ڕاستییانەی کە پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندی ئەوانە، کارێکی قەدەغە و حەرامە. نوسینی کتێب و وتار، کە ڕەخنە بگرێت و ڕاستییەکانی مێژوو بگێڕێتەوە تاوانە. لەم نەریتەدا، کتێب بە کتێب و وتار بە وتار و وشە بە وشە وەڵام نادرێتەوە. تا بواری دەستبردن بۆ چەك هەبێت، ئەوە ڕێگای یەکەمیانە. ئەگەر بە هەر هۆیەکەوە بواری دەستبردن بۆ چەك نەبێت، دەست دەبرێت بۆ شێوازی حەقیرانە، لە سوکایەتی و شکاندنی حورمەت و تیرۆری کەسایەتی، هەروەها تێکدانی فەزای سیاسی و گرژ و ئالۆزکردنی دۆخی کۆمەڵگە. ئێستا کەس دەستی بزووتنەوەی گۆڕانی نەگرتووە، کە لە بەرامبەر کتێبێکی مەلا بەختیار و تۆمارکردنی بەشێك، لە تاوانە بەرجەستەکانی سیمبول و ڕابەرە بەفریشتە کراوەکەیاندا، بڕۆن پەنجا کتێب بۆ بەرگری لە کەسایەتی نەوشیروان بنووسن. بەڵام ئەم کارە ناکەن، لەجیاتی ئەمە دەست دەبەن بۆ تێکدانی فەزای سیاسی و بەرپاکردنی هەراو زەنای سوك و ڕیسوا. دەیانەوێ بەمجۆرە گەردەلوولێك بەرپابکەن کە ڕاستییەکان لەچاوی خەڵك بشارێتەوە.

بەڕای من دەبێ لەلایەن خەڵکی هوشیار و ئازادیخواز و پێشکەتووەوە وەڵامی توند بەم شێوازانە بدرێتەوە، دەبێ توڕ لەم کلتورە دواکەوتووانە و چەپەڵەی بزووتنەوەی کوردایەتی هەڵدرێت، دەبێ هەموو لایەنەکان ناچار و پابەند بکرێن بە جەدەلی سیاسی و فکری موتەمەدنانە. کۆمەڵگە دەبێ بە تەواوی ئەم بزووتنەوەیە و هەموو حزب و عادەت و نەرێتە پڕتوکاوەکانی تێپەڕێنێ. دەبێ ڕای گشتی کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەم شێوازانە و مەترسییەکانی هوشیار بکرێتەوە، دەبێ فەزایەکی پێچەوانە بەرپابکرێت و وەکو هەر کۆمەڵگەیەکی شارستانی و سەردەمیانە، وشە بە وشە و کتێب بە کتێب و گوفتار بە گوفتار وەڵام بدرێتەوە. دەبێ هەموو لایەك پابەند بکرێت بە پرەنسیپی سیاسی سەردەمیانە و فەزایەك بەرپا بکرێت هیچ کەس و لایەنێك نەتوانێ بەسەر پرەنسیپی سیاسی و موتەمەدنانەدا بازبدات و خەتی سوور ببەزێنێت. ئەمڕۆ ئەم فەزاسازییە ناشیرینە، بەرامبەر مەلا بەختیارە. بەڵام ئەگەر هەر ئێستا بەری پێنەگیرێ و ناکام و ڕیسوا نەکرێت، سبەینێ بەرامبەر هەرکەسێکی تر دەکرێت کە کارێکی لەم جۆرە بکات.

بەڵام سەرئەنجام کۆتاییهێنان و تێپەڕکردنی ئەو فەرهەنگ و نەریتانەی بزووتنەوەی کوردایەتی، لە گرەوی کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی سیاسییان. تا کاتێك ئەوان دەسەڵاتدار بن، فەرهەنگ و نەریتەکانیشیان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، باڵادەست دەبێت. لە هەر کۆمەڵگەیەکی شارستانیدا کە یاسا و دادگا و سادەترین مافەکانی مرۆڤ لەئارادا بێت، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە ئیستبداد و کۆنەپەرستی و دەسەڵاتی عەشیرەتەکان لەئارادا نەبێت، شکاندنی حورمەت و تیرۆری فکری و بوختان و تۆمەت بەخشینەوە، بۆ نەیار و مخالفی سیاسی، بە تاوان هەژمار دەکرێت و لێپێچینەوەی یاسایی بۆ دەکرێت، چ جای بگات بە تیرۆری فیزیکی و قەتلی مخالفین. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارێتی ئەم حزبانە هۆکاری ئەوەیە کە لە کێشمەکێشی سیاسی خۆیاندا، فەزای سیاسی کۆمەڵگە بشێوێنن و بیخەنە مەترسییەوە. ئەگەر حکومەتێکی کرێکاری لەسەرکار بوایە، ئەگەر لانیکەم حکومەتێکی مەدەنی و ئازادیخواز لەسەر کار بوایە، هەموو ئەم حزبانەی چەك دەکرد و سەرانیانی بە هۆی ئۆقیانوسێك لە تاوانی سەرسام هێنەر، لە دادگایەکی ئاشکرای جەماوەریدا دادگایی دەکرد. کۆتایی هێنان و تێپەڕ کردنی ئەم دۆخ و نەریت و فەرهەنگە، بەندە بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتییەوە.

ئه‌یلول 24, 20200

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *