مێژوویەک لێوان لێو لە تاوان! …

نووسینی: تاهیر حەسەن

شەوی ١٢ی ئەم مانگە، “مەلابەختیار” لەکەناڵی ئاسمانی “ڕووداو” ەوەو لە میانەی ناساندنی کتێبەکەیدا، کەلەژێر ناوی”لەبری بیرەوەری”دا بڵاوی کردۆتەوە، ودواتریش لە پرێس کۆنفرانسێکدا، دانی نا بە چەندین تاوانی گەورەدا، کە لەمێژووی زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی کوردایەتی شاخ و شار و سەرکردایەتی‌‌ حزبەکەیدا بەتایبەتی”نەوشیروان مستەفا” ئەنجامیان داوە.

ئەم گۆشە بچوکە لە ڕاستی وتنەی مەلابەختیار، وەک خۆی دەڵێ هێشتا لە سەدابیستیشی نییەو هێشتا خاتری زۆر زۆر کەسی گرتووەو پەردەی لەسەر زۆر تاوانی تر هەڵنەداوەتەوە، شتێکی تاڕادەیەک تازە نییە، عەیامێکە خەڵکی داستانەکانی تەور وەشاندن ودیل کوشتن و تیرۆری سەرانی ئەم حزبانەی کوردایەتی دەزانن، ڕەنگە ئەوە تازە بێت کە کەسێک خۆی لەنێو دڵی… ڕووداوەکانەوەو بەبەڵگەوە وردەکاری چۆنیەتی ڕوودانیان و کاراکتەرەکانیان ئاشکرا دەکات.

ئەمە کارێکی خراپ نییە، بەڵام بەهیچ جۆرێک گەردنی مەلابەختیار لەو مێژووە ڕەش وپڕ لەتاوانەی سەرکردایەتی حزبەکەی ئازاد ناکات. ئەو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەهەرەمی سەرەوەی حزبەکەی دانیشتووە، ناڕەحەتییەک ئەگەر لە پۆستی ئێستای هەیبێ، هی ئەوەیە مەودای سەڵاحیەتی پۆستەکەی دیاری نەکراوە!.

سەرکردایەتی حزبەکەی مەلا بەختیارو پارتی لێپرسراوی یەکەمی تەواوی ئەو تاوانانەن کە لە مێژووی ڕەشی پەنجا ساڵی شاخ و شاریان لەژێر ناوی شۆڕشدا لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجامیان داوەو کۆمەڵگەیان بەم مەرگەساتەی ئێستا گەیاندووە. ئاشکراکردنی شەڕە قسەی نێوکۆنفرانس و ژوورە داخراوەکان، تازە دوای نیو سەدەو پچڕپچڕ، مەدالیای گەردن ئازایی ناکات لە یەخەی هیچ کەسێکدا.

وتنی هەرڕاستیەک، یان پەردەپۆشکردنی هەر ڕاستیەک، بەرژەوەندیەک لە پشتیەوە نووستووە. من نازانم پارچە پارچەکردنی هەموو ڕاستیەکان لەلایەن مەلا بەختیارەوە، چ بەرژەوەندییەکی ئەوی تێدایە، بەڵام لەوە شکم نییە کەبەقازانجی خەڵکی کوردستان نییە. هەر کاتێک حەقیقەت و سیاسەت ناکۆک وەستان، بێ شک سیاسەتەکە هەڵەیە،حەقیقەت بە پێی سیاسەت ناگۆڕێ.

ئامانجێک کە من لەنووسینی ئەم وتارەهەمە، ئەوە نییە کە شیکاری بۆ زەمینەکانی پشتی ئەم هەنگاوەی مەلا بەختیار بکەم و ئەو هۆیانە لێکبدەمەوە، کە بۆچی ناوبراو لەم کاتەدا ئەم کتێبە بڵاودەکاتەوەو بۆچی سەرانی گۆڕان ئاگریان گرتووەو لە دژی مەلا بەختیار دەستیان گرتووە بە داڕزیوترین فەرهەنگی جنێوفرۆشیەوە. ئەوە کێشەی دوو باڵی نێو خانەوادەی بۆرژوا ناسیونالیزمی کوردە، کارێکی وەها بەرچاو ڕوونییەک نادات بە بزووتنەوەیەک، کە دەبێ بۆ قڵپکردنەوەی تەواوی ئەو مێژووە بەسەر خوڵقێنەرانیدا پێ بنێتە مەیدان و کۆمەڵگە لەم مشتە مافیایە بۆ هەمیشە ڕزگار بکات.

بەو هۆیەوە مێژوو هەمیشە سەرکەوتوەکان نوسیویانەتەوە، لێوان لێوە لەدرۆ و چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستییەکان، کەللەپوتتیرین ئینسان دەکرێتە حەکیم و پەیکەرو مەزارگەی بۆ دروست دەکرێت!، تاوانباری تا ئەنیشک لە خوێنی ئازادیخوازاندا دەکرێتە فریادڕەسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ!.

ئەوەی کە مەلابەختیار لە کتێبەکەیدا باسی دەکات، تەنیا مشتێکە لەخەرمانێک، بەڵام بزانن چ بۆگەناوێکی بڵاوکردۆتەوە، لێوان لێوە لە ئەسیرکوشتن، ژن کوشتن، ئەشکەنجەی گیانی ودەرونی، دزی و تاڵانی، بێ ئیرادەکردن و کەرامەت شکاندن، پیلانگێڕان و چاوساغی و جاسوسی بۆ وڵاتانی ناوچەکە. ئەو بزووتنەوەیەی کە چەندین دەهە وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەو ئازادیخوازانە دەکرا بە گەرووی خەڵکدا و گیانی شەریفترین ئینسانەکانی دەکردە قوربانی، لەبناغەدا کۆنەپەرستانەترین و وەحشیانەترین بزووتنەوەی بۆرژوازی سەردەمی ئێمەیە. تەنیا یەک وێستگەشی تێدا نییە کە قابیلی پشتیوانی بێت. ئەوەی کە پێی دەڵێن خەباتی شاخ ئەم زەلکاوە بۆگەنە پاشخانە مێژوییەکەیەتی، کە٣٠ ساڵە لەژێر ناوی شەر‌عیەتی شۆڕشگێڕانەی شاخدا، هەرچی داهات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیە کردیانە کۆشکی شاهانە بۆ خۆیان و ملیۆناها ئینسانیشان لەگەڵ مەرگی شێنەیی و و نادیاری چارەنووسیان ڕاگرتووە.

 

لێرەدا جێگای خۆیەتی لەسەر چەند وێستگەیەک لە قسەکانی مەلا بەختیار بوەستم، کەوەک تەواوی سەرانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردو دوو ڕوویی وچەواشەکاری تێدایە.

مەلا بەختیار بە دروست باسی جەلادی نەوشیروان مستەفا دەکات لە کوشتنی دیلەکانی حزبی شیوعی لەپشتئاشان وقاڕناقا و دەڵێ نەوشیروان پێی وتم “من لێرە سەریانم پانکردۆتەوە تۆش لەوێ پەڕوباڵیان بکە!!”. فایەق گوڵپیش لە سەرنجێکدا قسەکەی مەلا بەختیار پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێ “لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵەدا مەلابەختیار لە نەوشیروان مستەفای پرسی بۆچی دیلەکانی حزبی شیوعیت کوشت، نەوشیروان مستەفاش وەڵامی دایەوەو وتی، پێوەری سەرکەوتن لە شەڕدا ئەوەیە، کە چەند کەس لە دوژمنەکەت دەکوژیت!!، ئەمە لە کاتێکدا، ئەوکاتەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن “حسک” ەوە بەدیل گیرابوو، حزبی شیوعی دەوری بەرجەستەیان هەبوو لەڕزگارکردنی گیانی داو بردیانە بارەگاکانی خۆیان و پاراستیان!.

بۆیە بەپێی هەرچی پێوەر هەیە لە دنیادا، نەوشیروان مستەفا تاوانبارێکی تابینەقاقا خوێناویەو ئەگەر زیندوو بێت جێگەی زیندانەو ئەگەریش مردبێت، جێگەی زبڵدانی مێژووە.

بەڵام وەرن بابزانین مەلابەختیار لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا چۆن باسی دەکات:

“نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە ڕابەرە دیارەکانی نەتەوەی کوردو خەباتی دیموکراسیە”، “پیاوێکی گەورەو هەڵکەوتوو لەکیس نەتەوەی کورد چوو”، “نەتەوەیەک نەتوانێ ڕێز لە گەورە پیاوانی خۆی بگرێت، شایستەی ئەوە نییە بچێتە شارستانیەتی مێژووەوە”، “کاک نەوشیروان بوو بە موڵکی مێژوو، بوو بە موڵکی نەوەکانی ئاینندە!!”. ئاخر ئێوە ئەمە ناودەنێن چی؟!، ئەمە چ مەهزەلەیەکە؟!. مەلا بەختیار دەرگای چوونە ناو شارستانیەتی مێژوو بەڕووی خەڵکی کوردستاندا دادەخات، ئەگەر ڕێز لە تاوانبارو ئەسیر کوژێکی وەک نەوشیروان مستەفا نەگرێت و نەیکاتە تاجی سەری!. ئەی هاوار، مەلابەختیار خۆی دەڵێ، ئەگەر وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا داوای لێکردم بەقسەم بکردایەو شەڕی حزبی شیوعیم بکردایە، دەبوو بۆ هەتا هەتایەسەری خۆمم هەڵبگرتایە. باشە ئەگەر وایەو ئەوکارەت ئەوەندە پێ قێزەونە بۆ خۆت، بۆچی ئەوەی سەری ئەو هەموو ئینسانە دڵپڕ لە هیوایەی پان کردەوە، دەکەیت بە سمبول بۆ نەوەکانی ئایندەو قارەمانی مێژوو؟! هۆشت هەیە خەریکی چ خەتایەکی مێژوویی گەورە دەکەیت؟!.

ئەوەی کە لە نێو سیاسەت و کاروکردەوەی زیاتر لەنیو سەدەی مێژووی ڕەش و پڕ لە تاوانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا هیچ بایەخێکی نەبووەو نییە، ئینسانە. ئینسان لە نێو فەرهەنگی ئەم بزووتنەوەیەدا شتێک نییە، جگە لە زەخیرەیەکی هەرزان و بێبەها بۆ گەیشتنی مشتێک سەرمایەداری کورد بەدەسەڵات، یان مانەوەیان لە دەسەڵاتدا. تەماشاکەن، نەوشیروان مستەفا لە کتێبەکەیدا دەڵێ “کە بە مام جەلالم وت ڕژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی هەڵەبجەی بۆردومان کردووە”، مام جەلال وتی”سەد خۆزگە بۆ هەڵەبجەیەکی تر “مەسەلەی کورد ناوبانگی جیهانی پەیدا دەکات!!!.

تاڵەبانی سەد خۆزگەی خواردووە هەزاران عومەری خاوەری تر فریای هەڵهاتن نەکەوتنایە و کۆرپەکانیان تا دوا هەناسە بە سنگیانەوە بخنکایە، قەیدی نییە، گرنگ ئەوەیە خوانی دبلۆماسی ئەوان گەرم بێت و کروزانەوەی ڕەزیلانەی ئەوان بۆ سواڵی پارە لە میدیا جیهانییەکانەوە جێگایەکی چەند دەقیقەیی پێ ببڕێت!!. ئەمە بایەخی ژیانی خەڵکی کوردستانە لای تاڵەبانی کەئێستا بە مردوویش مەسرەفی تەشریفاتی گۆڕەکەی لە مانگێکدا زیاترە لە مووچەی چەندین هەزار کرێکاری شارەوانی (ئەویش ئەگەر هەبێت)، کە بەئارەقی نێو چەوانیان ناهێڵن شارەکان بۆگەن بکات.

بەڵام کوێخا خۆشی مەشمولە، نازیەکانی ئەڵمانیا لە ئەوجی دەسەڵاتیاندا کەوتنە جینۆسایدی یەهودیەکان، بەڵام نەوشیروان مستەفا لەکاتی هەڵهاتندا، بەتەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان قیروسیای لە ژیانی خەڵکی کەلار وباوەنوور دەکات، بەڵکو بە خنکاندنی نیو ملیۆن ئینسانی بێ تاوان و بێ ئاگا، تۆڵەی ئەنفال بکاتەوە. ئەمە جگە لە فاشیزم ناکرێت هیچ ناوێکی تری لەسەر دابنرێت.

مەلابەختیار دەڵێ من تەنیا کەس بووم لەنێو سەرکردایەتی یەکێتیدا وتم کوشتنی کۆمۆنیستەکان کارێکی خراپەو سەدان ڕێگای تر هەبوو بۆ چارەسەری ئەوکێشەیە!.

 

من نازانم مەلابەختیار٢٠ ساڵ لەمەوبەر لەکۆبونەوەی داخراوی سەرکردایەتی حزبەکەیدا چی وتووە، بەڵام ئەوە دەزانم ئەو تەنیا کەسێکە لەسەرکردایەتی حزبەکەی کەڕوو بەدنیا و خولەچەخماخە ئاسا لە ڕادیۆی “لاوان”ی سویدەوە وتی “ئێوە هەمووتان ١٥ کەس بوون، بە مەفرەزەیەکی ئێمە عاقڵ کران وکۆتایتان پێ هات”.

پرۆسەی بارگرژی نێوان ئێمەو یەکێتی لەساڵی ٢٠٠٠ دا، کە سەرئەنجام یەکێتی بەنەخشەو سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا گەیاندی بە هێرشی چەکدارانە بۆ سەر حزبی ئێمەو کوشتنی ٥ ئینسانی دڵ پڕ لە هیوا بەڕۆژی ڕووناک و لەنێو چەقی شاردا، چەند مانگێکی خایاند. سەرەتا بە گرتنی ٣ هاوڕێی ڕابەری عەرەب زمانی ئێمە دەستیان پێکرد، لەو ماوەیەدا چەندین جار وەفدی ڕابەری ئێمەو سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەگای ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی و بارەگای کۆمیتەی ڕابەری ئێمە بە ناوبژیوانی “فاروقی مەلا مستەفا” یەکترمان بینیوە، لەهەموو ئەوجارانەشدا من و مەلابەختیار لە وەفدەکاندا بووین. تەنانەت بەیانی کۆتایی ڕێکەوتنەکە مەلا بەختیار نووسی و ئێمەش قبووڵمان کرد، بەڵام دواتر “ئازاد جوندیانی” پەشیمانی کردنەوە.

لە هیچ یەکێک لەو پرۆسەیەدا بۆ لەحزەیەکیش هەستم بەوە نەکردووە، کە مەلا بەختیار لەم گێچەڵەی یەکێتی بە ئێمە ناڕەحەت بێت. کەسێک لەسیاسەتێک ناڕازی بێت، چۆن دەتوانێت لە نێو وەفدێکدا نوێنەرایەتی ئەو سیاسەتە بکات؟!.

مەلابەختیار هەرچیەک لەسەرتاوانکاری سەرانی حزبەکەی و بەتایبەتی نەوشیروان مستەفا بڵێت ڕاست دەکات، چونکە ئەو دڕندەییەی سەرکردایەتی یەکێتی بەسەرپەرشتی و نەخشەی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر ئێمە کردی، لە مێژووی تاواندا کەم وێنەیە. تەماشاکەن. لەسەرەتاوە ئاو و کارەباو تەلەفۆنی بارەگاکانیان بڕی، ئینجا دەستیان کرد بە ڕەشبگیری، دەستیان لە منداڵ و پیریش نەدەپاراست، پاشان هێرشی سەربازیان کرد ولە چاوتروکانێکدا سەیارەیەکی حزب کە لەبازاڕ دەگەڕایەوە، خستیانە بۆسەیەکی لە پێشدا ئامادەکراوەوەو ٥ ئینسانی تێکۆشەریان خەڵتانی خوێن کرد، پاشان نەک هەروەک ڕژێمی بەعسیشیان پێ نەکرا تەرمی ساردو سڕی هاوڕێیانمان بدەنەوە بە کەسوکاریان تا دوا نیگایان بکەن و ماڵئاواییان لێ بکەن، بەڵکو تەنانەت چەکداریشیان لەسەر گۆڕستان جێگیر کردبوو نەکا ببێتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک. لە نێو یەکێتیداو لەدژی ئەم تاوانە تەنیا “شێرکۆ بێکەس” وچەند ئەدیب و ڕۆشنبیرێک بەیانی سەرکۆنەکردنی ئەو تاوانەیان بڵاوکردەوەو دواتر لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە سزا دران.

لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم ئەم پاشخانە دژی ئینسانیەی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد، جەوهەری ئەو بزووتنەوەیەیە لە بەشەکانی تری کوردستان، داری ژەقنەبووت تەنیا تەیری گول دەگرێ.

ئێستا ئیتر بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە، بۆچی دوای ٣٠ ساڵ حوکمڕانی ئەم بزووتنەوەیە خەبەرێک لە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان نییە. ئاو نییە، کارەبا نییە، کار نییە، ژیان نییە. چاوەڕوانی ئایندەی باشتر لەم مشتە ئینسان کوژە، جگە لە کزکز سوتانی مۆمی تەمەنی خۆمان و منداڵەکانمان، شتێکی تری لێ بەرهەم نایەت. ئەمانە دەبێ بە هێزی یەکگرتو و ڕێکخراوی کرێکاران و لاوان و مامۆستایان و لەشکری دەستەنگانی کۆمەڵگە لە دەسەڵات بکێشرێنە خوارەوەو ڕاپێچی دادگای جەماوەری و ئاشکرای خەڵک بکرێن.

٢٥ ی سێپتەمبەری٢٠٢٠

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨٤ ی ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا دا بڵاکراوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *