لەسێهەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمدا …

عەبدوڵا مەحمود

٢٥ سیبتەمبەر سێ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا تێپەڕی. ریفراندۆێک کە زوربەی زۆری خەڵکی کوردستان بە گەرم و گوڕییەوە بەشداریان تیاکرد. خەڵکی کوردستان بۆیە لەم ریفراندۆمەدا بەحەماسەوە بەشداریان کرد، چونکە خوازیاری جیابوونەوەی کوردستان و تامەزرۆی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بوون و نەیاندەوست لەچوارچێوەی عیراق و ئەو دەوڵەتانەدا بمێنەوە کە خاوەنی پرانسیبی مافی هاوڵاتی یەکسان نییەو و هەمیشە لەسەر بنەمای روانینی کەمتر بۆ هاوڵاتیانی تر دامەزراوە.

لەگەڵ ئەوەدا کە ژمارەیەک دەنگی “نا” و “نەخێر” لەلایەن هەندێک حزب و هێزی سیاسی لە ململانێیەکی سیاسی ناوخۆییدا بەرزبوونەوە بەرووی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، بەڵام ئەمە نەیتوانی ببێتە هۆکارێک بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی کوردستان بۆ بەشداری لە ریفراندۆمدا.

پاساوەکانی رەوت و ڕەهەندی دژە ریفراندۆم، بریتی بوون لەوەی کە ریفراندۆم کاتی نییە و پشتیوانی وڵاتانی  لەگەڵ نییە، ئابوری و ژێرخانی ئابوری بەهێز نییە، هێزی نیشتیمانی سەربەخۆمان نییە، ناوماڵی کورد!! یەکڕیز نییە. لە کاتێکدا هیچ کام لەو پاساو بیانوانە، لەهیچ جێگاو گۆشەیەکی دنیادا نەبوونەتە مەبنای دەوڵەتسازی و ئەنجامدانی ریفراندۆم. هیچ کام لەوانە پیش مەرج بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی نین. بە پێچەوانەوە، هەرکام لەوانەو زامن بوونیان بەندە بەبوونی دەوڵەت و سەربەخۆیی سیاسی و حقوقیەوە. دیارە هەلومەرجی سیاسی کوردستان زۆر جیاوازە لە زۆربەی هەرزۆری ئەو پرۆسەی دەوڵەتسازییەی لە دنیادا ڕوویانداوە. کەم جغرافیای سیاسی لە دنیادا هەیە وەکو کێشەی کورد ئاڵۆز بێت و هێندەش پێویستی بەوە بێت کە وەڵام وەربگرێتەوە. کێشەی فەلەستین و کێشەی کورد دوو تاکە کێشەی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەراستن و ئارامی سیاسی بە بێ چارەسەری ئەو دووپرسە، لە وەهم زیاتر نییە…

کوردستانی عێراق بە جیا لە خەریتە و لایەنی فەرمی نێو دەوڵەتی، بەهەموو پێوانەیەکی تر هیشتا بەکردەوە لە عێراق جیایەو پەیوەندی هێزە سیاسیەکانی حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردیش، هێشتا لەگەڵ ئیران و تورکیا تۆکمە ترە تا لەگەڵ عێراق. خەڵکی کوردستانیش بەشێوەی گشتی خۆیان بە عێراقی نازانن و ناشیانەوێت بگەڕینەوە بۆ ناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق و کارایی هیچ سیاسەت و پرۆژەیەکی عێراق لە هەرێمدا ئامادەیی نییە. بۆیە دۆخی سیاسی کوردستان خاوەنی چەندین تایبەتمەندی خۆیەتی و جیابوونەوەشی لە عێراقێکدا کە دەسەڵاتێکی مۆدێرن ئامادەیی نییە، یەکێک لە هەرە بژاردە کاراو پێویستەکانە…

ئاکامی ریفراندۆم، دەستکەوتێکی گەورەی خەڵکی کوردستانە و دەتوانرێت و دەبێت وەکو بەڵگەنامەیەکی  خاوەن پشتیوانی و بریاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان بۆ جیابوونەوە پیکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدەستەوە بگیرێت. ئەوەی کە هێشتا رێگری لەوە دەکات کوردستانی عیراق، بەرەو ئاقاری سەربەخۆیدا هەنگاو بنێت و سەنەد و ئاکامی ریفراندۆمیش وەکو بەڵگەنامەیەکی پشتیوانی جەماوەری بەرز رابگرێت… هێزە سیاسیە بۆرژوازییەکانی کوردن.

ئەو راستییەی کە پارتی و بزوتنەوەی سیاسی بۆرژوازی کورد، ریفراندۆمیان بۆ مەبەستی تر و وەکو کارتی گوشار بۆسەر بەغدا بەدەستەوە گرت، نەک بۆ جیابوونەوەی کوردسان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەوەش هیندەی تر ئەو ڕاستیە دەخاتەوە ڕوو کە بۆ پارتی ریفراندۆم وەکو موچەی پاشەوکەوت بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغداو دنیای دەرەوە بەدەستەوە گیرا.

پێداگری سەرانی پارتی لەکاتی ریفراندۆمدا بەوەی کە ریفراندۆمیان بۆ جیابوونەوە و پێکهینانی وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، رێک لەگەڵ سیاسەتی ئێستایاندا کە سوێند بە یەکپارچەیی عێراق دەخۆن… تەباو کۆکە و ئەو راستییە پشتراست دەکاتەوە کە بۆرژوازی کورد، نەک تەنها هەڵگری چارەسەری پرسی خەڵکی کوردستان بەبریارو ئیرادەی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو خۆی کۆسپ و لەمپەرێکی سەرەکی چارەسەری پرسی کوردەو خێر و نیعمەت لە مانەوەی ئەو پرسەدا بەچارەسەر نەکراوی دەبینێتەوە.

ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەرێگای شۆرش و راپەرینیكی لەخوارەوەی جەماوەری وشۆرشگێرەوە بەجیا لەوەی دێوەزمەیەک لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنی خەڵکی کوردستان هەڵدەگرێت وسەروەت و سامانی دزراوی کوردستان دەگێرێتەوە و ئیرادە بۆ ئینسانی کورد دەکاتەوە مەبنا، ئاواش چارەسەری پرسی کورد دەخاتەوە ئەستۆی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان. ئاکامەکانی ریفراندۆمیش وەکو بەڵگەی حاشا هەڵنەگری پشتیوانی جەماوەری بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن ئیرادە، سەرمایەکی بە‌هێزە بۆ وەدەست هێنانی پشتیوانی ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بزوتنەوە ئازادیخوازو ئینسان دۆستەکان…

کۆتایی سێپتەمبەری ٢٠٢٠  

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *