کاری زۆرتر و موچەی کەمتر …

لەم دوایانەدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بڕیاری درێژکرنەوەی سەعات کار و دەوامیان بۆ کارمەندانی کەرتی گشتی و حکومی!!، ڕاگەیاندا. ئەمە لە هەلومەرجێکدا کە موچە دوادەکەوێت. لە کاتێکدا کە موچە هەر مانگە بڕێکی زۆری لێدەبڕدرێت، وە لە دۆخێکدا کە مانگەکان درێژ دەکرێنەوە… لەهەموو ئەوانەش زیاتر لە بارو ڕەوشێکدا کە بێکاری بێداد دەکات و هەڵدەکشێ، گرانی زیاتر دەبێت و هەڕەشەی کۆرۆنا بۆتە مۆتەکەی سەر ژیانی گشتی کۆمەڵگە.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، هێندە عەنتیکەیە کە دەتوانین  بڵێین بێ وێنەیە و تەنها لەدەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی چاوەڕوان دەکرێت. لە کاتێکدا کە موچە دوادەخرێت، و لێی دەقرتێنرێت… بەهەموو پێوانەیەک دەبوو کاتی دەوام کردن و سەعات کار کەم بکرێتەوە، کەچی بە پێچەوانەوە، کاتی دەوام و سەعات کار درێژ دەکرێتەوە.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی هەرێم بە زیادکردنی دەوام، لە هەلومەرجێکدایە کە هێشتا ئایندەی موچە و زامن بوونی دیار نییە و دەسەڵاتی سیاسی چاولەدەستی بەغدایە. هەر کاتێک لە بەرپرسانی دەسەڵات بپرسی کە موچەی مانگی داهاتوو کەی دەدرێت؟ لەوەڵامدا دەڵێن ئەگەر بەغدا پارەی نارد!!. ئەم وەڵامەی دەسەڵاتی هەرێم کە هەڵگری هیچ حکمەتێک و ماندوبوونێک نییە، شانخاڵی کردنەوەی دەسەڵات لە بەرپرسیاریەتی دەخاتە ڕوو. هاوکات بێدەربەستی ئەو دەسەڵاتە لەبەرامبەر بە هاوڵاتیان و کارمەندان دەخاتە روو، کە بۆیان گرنگ نییە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان چۆنە…

هەر دەسەڵاتێک بانگەشەی فەرمانرەوایی و حکومەتداری بکات، ئەرکی هەرە سادەی بریتییە لە دابینکردنی موچەو خزمەتگوازرییەکان و بەرپرسیارەتی هەڵگرتن لە بەرامبەر مافەکانی هاوڵاتیاندا. شانخاڵی کردنەوەی دەسەڵات لەبەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەتایبەتیش بەرامبەر کارمەندان و موچەخۆران، نەک هیچ رەوایەتیەک بە مانەوەی دەسەڵات نادات، بەڵكو کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران دەکاتە خاوەن ئەرک کە لەبەرامبەر نەبوونی موچەدا، کار ڕابگرن و مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن. وە لەبەرامبەر کەمکردنەوەی موچەو لێقرتاندنیدا، کاریان کەم بکەنەوە و لە درێژکردنەوەی کاتی دەوام و زیادکردنی سەعات کاردا، پێویستە داوای زیادکردنی موچەو ئیمتیازەکانیان بکەن.

پاساوی نەبوونی داهات و پارە بۆ دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هێندە پوچە ناتوانێ کەس فریوبدات. هەموو کەسێکی چاوکراوە ئەوە دەزانێت کە بێ بەغداش، داهاتی هەرێم لە فرۆشی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان، بەزیادەوە بەشی موچەو دابینکردنی خزمەتگوازرییەکان دەکات.

زیادکردنی کاتی دەوام و درێژکردنەوەی سەعاتی کار، لە هەلومەرجی سەختی ئێستادا، کە موچە نادرێ و دوادەخرێ و  لێ دەبڕدرێت، هێرشێکی بێ پاساوە بۆ سەر سفرەی ئۆردوی موچەخۆران و کارمەندان.

ئەم هێرش و بێدەربەستیەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، پێویستی بە وەڵامی خێراو کاریگەری کارمەندان و موچەخۆران و تەواوی کۆمەڵگە هەیە. پێویستی بەدەستدانە مانگرتن و ڕاگرتنی کار هەیە، پێویستی بە ڕێکخراوبوون و یەکگرتووبوون هەیە.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، کە دەمێکە بۆتە زیادە و زەروو بۆسەر ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و کارمەندان، بە خواستی خۆی ئامادەی هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیارییەتیەک نییە و دەبێ یەخەی بگیرێت و بە زۆری هێز پلان و نەخشەکانی هەڵبوەشێنرێتەوەو ناچار بەوە بکرێت داهاتی کۆمەڵگە بۆ خودی هاوڵاتیانی بگێڕێتەوە.

لەهەلومەرجی ئێستادا کە خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات تا دێت بەرین دەبێتەوە، درێژکردنەوەی کاتی دەوام و زیادکردنی سەعات کار، دەتوانێت هێندەی تر شەپۆلی “نا” بۆ ئەم دەسەڵاتە و ویستی هەڵپێچانی خیراتر بکات.

رۆڵی رابەران و هەڵسوراوانی کرێکاری و کارمەندان و موچەخۆران لە هەموو ناوەندەکانی کار و دەوام کردندا، بۆ وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی دەسەڵات و یاساو بریارە چاوچنۆکەکانی، زۆر چارەنووسازە  وپێویستە بە رۆڵی شایستەی خۆیان هەڵسن و ڕیگا نەدەن ئەم دەسەڵاتەی لە لێواری قەبرە، بەهێرشی سیستماتیک پەلەقاژە بۆ رزگارکردنی مەرگی دوابخات.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *