لێنینیزم و بەلشەفیزم

قسەوباس لە سمیناری کۆرشی مودەڕەسی لەبارەی ئەزمونی سۆڤیەتەوە

ئەنجومەنی مارکس لەندەن_شەممە ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١

مەنسور حکمەت:

وەرگێڕانی خەسرەو سایە

نۆرەی یەکەم:

مەنسور حکمەت: من لەبارەی مێژوی شۆڕشی بەلشەفیکیەوە پرسیار ناکەم. باسی من پەیوەندی بە ئێستاوە هەیە. باسەکەت (قسەکە ڕووی لە کۆرشی مودرەسیە، وەک خاوەنی باس_وەرگێڕ) سەبارەت بە لێنین و تێزەکانی نیسان و چۆن ئەم یان ئەو قسەیەی کردووە، کاتێک مانا پەیدادەکات کە ئێمە هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنیمان دەربارەی ئەو ڕوداوەی ڕویداوە، هەبێت. بۆ نمونە سپارتاکۆس، لەوانەیە هیچ گرنگیەکی نەبێت کە بڕیاریدا ڕاپەڕینێک بکات و دواتر شکستی خوارد. بەڵام کاتێک سپارتاکۆس شکستی خوارد، دەبێ ئەوە ڕونبکەینەوە کە ئەم دیاردەیەی ڕاپەڕینی سپارتاکۆس بۆچی گرنگە؟

ئەزمونی یەکیەتی سۆڤیەت ئیتر لەئارادا نییە تا بڵێین شکستی خواردووە، گەرچی دێوێک لەئارادابوو، بەڵام ئەم دێوە ئیتر نەماوە. تەنانەت ئەگەر قەبوڵیشی نەکەین و لەڕاستیدا گومان لەبونی ئەم دێوە بکەین. ئیستا ئیتر ئەم عەزەمەتە بونی نییە. کەسایەتی لێنین خەریکە دەبێ بە هاوشێوەی سپارتاکۆس، واتە کەسێک کە لە ڕۆژێکدا ڕاپەڕینێکی بەڕێکخست، بەڵام لە کۆتاییدا شکستی خوارد. دیسانەوە دەیڵێمەوە و جه‌خت دەکەمەوە کە ئەو پرسیارانەی دەیانخەمەڕوو، لە بارەی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە نییە.

پرسیارەکانیش ئەمانەن: ئەگەر لێنین تێزەکانی نیسانی نەهێنایە و ئەڵمانیا لە جەنگدا شکستی بخواردایە و ڕوسیاش جێگاوڕێگایەکی هاوشێوەی ئیتاڵیای بەدەستبهێنایە، بۆچی ئەم پڕۆسە مێژویەی کە بەفەرز وەری دەگرین، لەچاو ئەو پڕۆسەیەدا کەڕوویدا، باشتر نییە؟ واتە ئەگەر لێنین تێزەکانی نیسانی نەهێنابایە و مۆڵەتی بدایە کە لەو وڵاتەدا (مەبەست ڕوسیایە-وەرگێڕ) پڕۆسەی شۆڕشی بۆرژوا دیموکراتیکی خۆی تێپەڕ بکردایە و لەئەکامیشدا ڕوسیا دەبوو بە وڵاتێکی هاوشێوەی ئیتاڵیا و دونیاش جۆرێکی تر دەبوو. کەوایە بۆچی کەسایەتیەک پڕۆژەیەکی هێناوە و لەکۆتایشدا شکستی خواردوە، بەڵام دەبێ بە گرنگیەوە یادی لێبکرێ؟ لەکاتێکدا لەوانەیە هەڵەی کردبێت.

محمەدی فەتاحی (مەبەست لەیەکێک لەئامادەبوانی سمینارەکەیە کەلەکادرانی بەرجەستەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە _وەرگێر) دەڵێت ئەم باسە لەوانەیە لەسەر چەپ کارێگەریەکی زۆر دابنێت (مەبەست باسەکەی کۆڕشی مودەرەسیە کە لە سمینارێکدا بەناوی لێنینیزم و بەلشەفیزم پێشکەشی کردوە-وەرگێڕ). بەبڕوای من بەو شێوەیە نییە! ئەمەش لەبەر ئەوەی کە لێنین لە دیدگا و بۆچونی چەپی جیهاندا، ئیتر گرنگی نەماوە، بەڵام مارکس گرنگی هەیە. چونکە ئەزمونێک کە لێنینی پێ دەناسرێتەوە، شۆڕشی ئۆکتۆبەرە، نەک یەک گرایش و ڕەوتی نوێی کۆمۆنیستی کە ڕەنگە زیندوو ببێتەوە. ئەزمونی شۆڕشی ڕوسیا شکستی خوارد. وە ئەگەر بتانەوێت لێنین لەسەر بنەمەی شۆڕشی ڕوسیا بۆ ئەوانی تر باسبکەن، ئەوا لەکۆتایدا پێتان دەڵێن سەرەنجام چی بوو؟ دەردەکەوێت کە ئەو هەڵە بووە! وەیا لەوانەیە بڵێن مارتۆف لەسەر هەق بووە، وەیا خود بڵێن هێواش هێواش بۆپێشه‌وە بڕۆین، چونکە لەم ڕێگایەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕوسیا ببێتە هاوشێوەی فینلاندا، وەیا هاوشێوەی چین. ئیتر چۆن دەکرێ ئەم ئەزمونە هێشتا گرنگ بێت لەکاتێکدا دەبینین لەڕوانگەی مێژوییەوە کۆتایی پێهاتوە؟

دووەم: ئەگەر دەستکەوتەکانی لێنین، دەستکەوتگەلێکی مێژویین، ئێستا ئیتر ڕۆڵی خۆیان لەدەستداوە، کەوایە چ شتێک لە پاش ئەزمونی سۆڤیتەوە هەیە تا بەهۆیەوە لە ئێستدا بڵێین کەلێنین هێشتا گرنگە؟ من پێم وانییە لەنێوان ڕێکخراوە چەپەکاندا، لێنین بەو ڕادەیە گرنگ مابێت کە بۆ لێنین و بۆچونەکانی شیرینی بگێڕن. پرسیاری دواتری من ئەمەیە: ڕێگام بدەن تا بەم جۆرە بیخەمەڕوو، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە ڕووینەدابایە ( مەبەست لەوەیە ئەگەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەڕوسیا ڕووی نەدایە_وەرگێر)، مێژوی سەدەی بیست لەوانەیە به‌ چ جۆرێکی تر بوایە؟ بۆچی هێشتا ئێمە وابیر دەکەینەوە کە تێزەکانی نیسان لەڕوانگەی مێژوییەوە ڕاست بوون، ئەمەش نەک تەنها لە ڕوانگەی بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشێکی دیاریکراوەوە؟ لەوانەیە کەسانێک بڵێن کە ڕوسیا ئامادە نەبووە، بەڵام لێنین بە تیزەکانی نیسانەوە هات و ئەو دۆخەی داسەپاندووە؟ چۆن دەکرێ لە تێزەکانی نیسان و لێنین بەرگری بکرێ، وەختێک کە ئەزمونە مێژوویەکەی شکستی خواردوە؟

نۆرەی دووەم:

مەنسور حکمەت: بە بڕوای من پرسیارێک کە لە ڕوسیا ڕووبەڕووی لێنێن بۆتەوە، بەهەمان شێوەش لە ئێران ڕووبەڕووی ئێمەیە. دیاردەیەکی مەلموسی وەک کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی و حکومەتێکی ئیستبدای کە لەبەرامبەر ئێمەدایە و ئینسان ناتوانێت لەژێر سایەیدا بژی، بۆ ئێمە وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، کە دەڵێین دەبێ بڕوا و لەبەرامبەریدا کۆماری سۆشیالیستی و شتی لەم جۆرە.. ده‌خه‌ینه‌ڕوو، بەڵام لەم نێوەدا کەسانێک پێمان دەڵێن مەگەر ئێوە “کۆسۆڤۆ” تان نەدیوە؟ ئاخر لێتان دەدەن و وێرانتان دەکەن! دەڵێن ئابوری ئێران توانای کۆماری سۆشیالیستی و ڕێگا چارەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نییە، دەڵێن ئێوە دەتانەوێت ڕێگای خۆتان بسەپێنن، دەڵین ڕێگای باشتر ئەوەیە کە هاوپەیمانێتیەکی بۆرژوازی، یان ڕێگایەکی دیموکراتیک و سکولاریست و هەرشتێکی هاوشێوەی ئەمانە بگرنەبەر و بەشێنەیی هەنگاو بەهەنگاو بڕۆنەپێشەوە. واتە هەمان ئەو باسانەی سەردەمی لێنین بە جۆرێکی تر لەبەرامبەر ئێمەدا قوت بۆته‌وه‌.

ئەزمونی مێژویی شۆڕشی بەلشەفیکی ئەگەر بکرێ شتێک نیشان بدات، ئەوەیە کە کارەکە بەدەستبردن بۆ ڕاپەڕین و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات تەواو نابێت. تەنانەت لەم ئاستەدا هێشتا مەسەلەکە دەستی پێنە کردووە. ئەگەر بمانەوێت لە لێنینیزم دەرس وەربگرین، واتە مەبەستم لەوە نییە کە باس لە پێشینەی مێژووی ئەوەی کەچۆن دەسەڵات بەدەسەتەوە گیرا بکەم، بەڵکە مەبەستم لە دەستکەوتێکە کە لە میتۆدۆلۆژی لێنیندایە. بێگومان لەو سەردەمەدا بەبۆچونی من کاری (بەلشەفیەکان) زۆر ئاسان تر بوە: نە – CIA – سی ئای ئەیەک بوونی هەبوە، نە جەنگی سارد و نە جەمسەرگیریە نێونەتەوەییه‌ دژی کۆمۆنیستیەکان بوونیان هەبووە و نە هوشیاری بۆرژوازی لەبارەی کۆمۆنیزمەوە، بەو ڕادەیە گەیشتوە کە لە ئێستدا وەک “دیاردەیەکی مەترسیدار” دەیناسێنێ. ئەو سەردەمە وایان دەزانی کە ژمارەیەک کۆمۆنیست لە شوێنێکدا دەسەڵاتیان گرتوە و ئەوەش یەکەمجارە کە کۆمۆنیزم وەک هێزێکی سیاسی سەر بەرزدەکاتەوە، لە کاتێکدا کە جیهانی بۆرژوازی ئامادەیی بۆ ڕوبەروبونەوەی نەبووە.. تەنانەت ئەو مەسەلەیەی کە “دەبێ دەسەڵات بەدەستەوە بگیرێت” ئیتر دەرسێکی زۆرمان پی نابەخشێ، ئێستا ئیتر لەمێژە کە کۆمۆنیستەکان باسی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیان خستۆتەڕوو، واتە ئەوەی کە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات قۆناغێک نییە و دەبێ دەسەڵات بگیرێت، کێشەیەکی چارەسەر کراوە. ئێمە دەمانەوێت دەسەڵات بگرین، بەڵام ئەوان ڕێگامان پێنادەن!

لە چوارچێوەی مێژووی ئێستادا ئەم باسە، واتە باسی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ سەردەمی ١٩٠٣ تا ١٩٠٥ی ڕوسیادا دێتەوە تا ساڵانی دواتر، چونکە پاش ئەم ساڵانە ئیتر ئێمە لەگەڵ سەردەمی سەرهەڵدانی سۆڤیەت بەرەوڕوو دەبینەوە، کە ئێمە قەبوڵمان نییە. سەرەنجام ئەگەر بمانەوێت باسەکە لە ئاستێکی گشتیدا بۆ خەڵکی ڕۆشنبکەینەوە، بەتایبەت بۆ خەڵکانێک کە بەشیوەیەکی گشتی نەچونەتە سۆراغی هەڵویستی کۆمۆنیستەکانەوە، ئەوا بابەتەکە بەرادەیەک جیاوازە، ئەمەش بەو مانایەی کە لە نێوخۆی دەستەو گروپە کۆمۆنیستەکاندا ئەو مەسەلەیەی کە لێنین گرنگە، بە فەرز وەرگیراوە.

ئێمە لە کۆبونەوەی گشتی خەڵکدا دەبێ ئەوە ڕۆشن بکەینەوە، کە سەرکەوتنی کرێکاری ڕوسیا، لەگەڵ ئەوەدا شکستی خوارد، بۆچی گرنگە. چونکە هەروەک تۆ دەڵییت (مەبەستی کۆرشی مودەڕسیە_وەرگێڕ) مۆری خۆی بەدونیاوە ناوە. وە هەر ئەم شۆڕشە بوە مایەی ئەوەی دونیا بەئاڕاستەیەکی ئەرێنی بگۆڕدرێ. ئەم لایەنە بە بۆچونی من کاری زیاتری دەوێت. واتە بەرگری لە لێنین و داکۆکی کردن لە شۆڕشێک کە شکستی خواردووە و ئەوەی کە شۆڕشکردن لە نەکردنی باشترە، بابەتێکە کە دەبێ کاری لەسەر بکرێ.

خاڵی دووەم لەبارەی ئێرانەوەیە. بەبۆچونی من ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومانە، کە بە ئێمە دەڵێن ئێوە جارێکی تر دێن بە هێزی شۆڕش و فشاری خەباتی خەڵک لەسەردەمانێکی هەڵچون و داچوندا، وەک شۆڕشگێڕترین هێز دەسەڵات دەگرنە دەست. وە پێمان دەڵێن، تەنانەت ئەم جۆرە پرسیارانە هەر ئێستا لێرەولەوی چاپ و بلاوکراونەتەوە-، ئایا ئێوە بەبیرتاندا نەهاتوە کە ئەمریکا یەکسەر و هەر لەجێوە جەنگتان لەدژ بەرپادەکات و گەمارۆی ئابوریتان لەسەر دادەنێت. هەروەها پێمان دەڵێن هەر بۆ خۆتان ناچاردەبن کە موخالیفانی خۆتان دەستگیربکەن، تا نەتانخەنە نێو  پشێوی و نا ئارامیەوە و ڕەشبگیریی وەڕێدەخەن. دواجار پێمان دەڵێن هەر لە ئێستاوە مەودای بیرۆکراسی پەرەپێدەدەن و ئیستبداد دادەمەزرێنن و هەمان ئەزمونی سۆڤیەت دووبارە دەکەنەوە. لەڕوانگەی ئێمەوە ئەتوانرێ کام دیاردەیە لەم پڕۆسەیەدا وەک ئامادەییەکانی بۆرژوازی، کە لەبەرامبەر بە کۆمۆنیستەکاندا هەیەتی، بەوجۆرەی کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، پێویستە لەلایەن ئێمەوە بە وردیەوە سەرنجی بخەیەنە سەر؟ وا دێتە بەرچاو ئەزمونی شۆڕشی بەلشەفیکی لەئێستادا لەڕوانگەی سیاسیەوە بەزیانی ئێمە تەواو بووە. واتە پێمان دەڵێن کە ئیتر سەلماوە ئێوە، واتە کۆمۆنیستەکان، ناتوانن هیچ کارێک بکەن. چۆن دەکرێ کۆمۆنیستەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەزانن ئەزمونی لێنین و یەکیەتی سۆڤیەتیان پشتسەر ناوە، لەم ئەزمونە و لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرگریبکەن؟

نۆرەی سێهەم:

مەنسور حکمەت: من لەپەیوەند بە دوو خاڵەوە دەمەوێت قسەبکەم، یەکەمیان لەبارەی باسەکەی فاتحی شێخەوە و ئەوی تریشیان لەبارەی ئەوەی کە دەوترێت ئیمە لە لێنینیزم لەپێشترەوەین.

سەیرکەن ئیستا ئەگەر تیپی تۆپی پێی کارەبای شیراز و تیپی مانچستر یونایتدی ساڵی ١٩٥٦ یاری بکەن پێنج گۆڵ بەرامبەر بە هیچ دەردەچن، لەمەدا گومان نییە، هەر بۆیە ئەگەر ئێمە لەئێستادا لەبەلشەفیکەکان لەپێشترەوە بین، خۆبەخۆ لەدونیای ئەمڕۆدا شتێک لەبارەی جێگاوڕێگای ئێمەوە نیشان نادات. چونکە لایەنی بەرامبەر سەد پلە لەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، بەهێزترن. سەرەنجام لێنین و هاوڕێکانی چانسێکیان هەبووە، ئەویش لەوەدا کەجیهانێک بەرامبەریان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمۆنیزمدا، ئامادە نەبووە، لەم حاڵەشدا فرسەتێکی مێژوییان بەدەستهێنا و دەسەڵاتیان گرت. دواتر چینییەکان(صین) کە ویستیان هەمان کار ئەنجامبدەن، کارەکەیان بەچەندین پلە دژوارتر بوو. ئێمە لەوانەیە زۆر ڕۆشنتر و باشتر مەسەلەکان ببینین، ئەزمونی مێژووییمان هەیە، لەڕوانگەی ڕیکخراوەییەوە لە بەلشەفیکەکانی ساڵی ١٩١٧ بەهێزترین، لەئێراندا، لەچاو بەلشەفیکەکان لەناوخۆی ڕوسیادا، ناسراوترین، چونکە باسی بەلشەفیکەکان لە دوو پایتەختدا سنورداربووە، سان بەترسبۆگ ومۆسکۆ، وە ئیتر کەسێک له‌بارەی نفوزیانەوە، بۆ نمونە له‌ ئاستراخان (شارێکە نزیکە لەمۆسکۆوە لەسەر روباری وێلگایە-وەرگێر) قسەیەکی نەکردووە. سەرەنجام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بەهێزبوونی ئێستامان لەچاو بەلشەفیکەکاندا، لەچوارچێوە و لەسیاقی دونیایی ئەمڕۆدا لەکویدا کۆتایی دێت؟

بەبۆچونی من توانای بەلشەفیکەکان بۆ کاریگەری دانان لەسەر دەوروبەری خۆیان و دونیا زۆر زیاتر بووە، چونکە جیهان بۆ ڕاوەستانەوە بەرامبەریان ئەو ئامادەییەی نەبووە. سوپایەک بە تفەنگی کۆنەوە ڕووبەڕوویان بوو، بەبێ ڕێکخراوی جاسوسی، بەبێ میدیا و بەبێ ئەزمونی دیموکراسی پەرلەمانی کە بتوانرێ لەدژیان قسەبکات، بەبێ بۆرژوازیەک کە دژی کۆمۆنیست بوونی تا ئاستی هونەرێک پەرەپێداوە.. بەلشەفیکەکان بەبێ هەموو ئەمانە لێیاندا و دەسەڵاتیان گرت، ئەمەش لەڕەوتێکدا کە ڕەنگە شتێکی هاوشێوەی زاباتا بێت. واتە لایەنی بەرامبەر وا بۆی دەچوو کە لێنین و هاوڕێکانی شتێکە هاوشێوەی زاباتا لە مەکسیک. وە هه‌ر كه‌سه سه‌باره‌ت به‌ توانای به‌لشه‌فیكه‌كان‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌بوو، بەلای ئەو کەسانەوە کە دانیشتوی ئینگلستان بوون، شۆڕشی بەلشەفیکیان بە هاوشێوەی شۆڕشێکی دەستوری(مەشروتیەت) دەزانی، واتە بە شۆڕشێکی بۆرژوا دیموکراتیک، کە لەئێرانیش ڕویدا. لایەنی بەرامبەر بە بەلشەفیکەکان ئامادەیی نەبوو، بۆیە ئەوان لێیاندا و دەسەڵاتیان گرت. بەڵام له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌، جێگاوڕێگای ئێمە لەچاو بەلشەفیەکاندا زۆر لەخوارەوەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی لایەنی بەرامبەر، ئەوپەڕی ئامادە و ڕێکخراوە. لەپێش ئێمەوە وەڵامی هەیە و لەپێش ئێمەوە تەرحی هەیە دەزانێت کە چ کارێک بکات، کاتێک ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان دەسەڵات دەگرنە دەستە.

لەپەیوەندێکی ئاوادایە کە لێنینیزم مانای هەیە. واتە بەو شێوەیەی کەڕێبازی لێنین ناکەوێتە بەرامبەر بە بەلشەفیکەکانەوە. بەبۆچونی منیش بەلشەفیکەکان، لێنینیست نەبوون، ئەزمونەکەشیان کاتێک دەسەلمێ کە بەدیاریکراوی دەبینین ئەوە لێنین نییە کە لێکدانەوەکانی خۆی لەمەسەلەکاندا بەکردەوە دەرهێناوە، چ لە قۆناغی بەرلە شۆڕش لەنیوان فەبرایەر تا ئۆکتۆبەری ١٩١٧ وچ دواتریش لەسالێ ١٩٢٣ لەبارەی مەسەلە ئابوریەکانەوە. بەبۆچونی من بەلشەفیکەکان لەچوارچیوەی چەپی تەقلیدی زەمانی خۆیاندا کاریان کردوە کەبناغەکەی ئەمە بووە: مارکسیزم زانستە، بۆ بەلشەفیەکان مارکسیزم دەرککردنی یاساکانی کامڵبوونی کۆمەڵگابووە. کۆمەڵگا یاساگەلێکی هەیە و بەپێی ئەو یاسایانە بەرەوپێشەوە دەڕوات و تۆش دەبێ خۆتیان پێ بگەیەنی و کاریگەریان لەسەر دابنێیت. ئەمە ئەو دەربڕیانەیە کە لە مارکسیزم تا ئاوکاتە دراوە بەدەستەوە. بەتایبەتی ئەنتەرناسیوناڵی دووەم ئەم دەربڕینەی لە مارکسیزم هەبووە، کاوتسکی هەیبووە و بلیخانۆف ئەم دەربڕینەی هەبووە. ئەگەر ئێوە لە کۆمۆنیستیكی هاوسەردەمی لێنینتان بپرسیبایە کۆمەڵگا چیە؟ ئەو پێی دەووتن کۆمەڵگا لە کۆمۆنی سەرەتاییەوە بۆ کۆیلەیەتی و بۆ دەرەبەگایەتی و ئەو جا بۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری گەشە دەکات و دواتر دەگۆڕدرێ بۆ موڵکدارێتی سۆشیالیستی. بەپێی ئەم دیدگایە مێژوو لەسەر ڕێچکە ڕێگای خۆی دەڕوات و تۆش وەک مارکسیستێک ڕاوەستاویت و سەرنج دەدەیت وەیا لانی زۆر کۆمەک بەم پڕۆسە حەتمیە دەکەیت.

بەلام لێنین لێکدانەوەیەکی جیاوازی لە مارکسیزم هەیە، تا ئەو جێگەیەی من دەیزانم، تەنها کەسێکە کە ئەم لێکدانەوە جیاوازەی هەیە. لێکدانەوەیەک کە بناغەکەی لەتێزەکانی فۆرباخدایە وئەویش ئەوەیە کە ئینسان لەمێژوودا بونەوەرێکی زیندووە و دەبێ ئەم زیندووبونەی لەجیهاندا بسەلمـێنێ وئە‌وه‌ش كه‌ بڕیار ده‌دات كۆمه‌ڵگا به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات، له‌ ده‌ست تۆدایه. خودی کۆمەڵگا خۆی بەرەو ئەو جێگەیە ناڕوات، بەڵکو ئەوە تۆیت کە دەبێ بڕیاربدەیت، تۆ دەبێت باسی خۆت بخەیتەڕوو، وە مێژوو بۆ ئەو جێگەیە ببەیت کە خۆت دەتەوێت. ئەمە لێکدانەوەیەکە لە مارکسیزم.

هەلومەرجی بابەتی بۆ ئەم لێکدانەوەیە، زەمینەکانە. ئەگەر زەمینەکانی کارمان ئامادەبێت کارەکەمان دەکەین، ئەگەر زەمینە ئامادە نەبێت دەڵێین کارناکەین. لێنین بەهەمان شێوە ئەگەر زەمینەی کارەکەی ئامادەنەبێت، دەڵیت ناکرێت. تەواوی هەوڵی لێنین له‌ نێوان ١٩٠٥ تا ١٩١٧ بۆ ئەوە بووە تا بیسەلمێنێ زەمینەی مێژوویی بۆ شۆڕشێكی كرێكاری وجودی هەیە. ئەو دەڵێت، سەردەم سەردەمی شۆڕشی پرۆلیتێریە، ئیمپریالیزم دوا قۆناغی سەرمایەداریە و تەنانەت کۆنەپەرستی ستۆلیبینی بۆتە مایەی ئەوەی کە لە ڕوسیادا پەیوەندیە ئەرزیە کۆنەکان هەڵوەشیتەوە و.. و.. و سەرەنجام لێنین دەڵێت سەرکەوتنی ئێمە کارێکی عەمەلیە، بەسودە و بەدەرد دەخوات، کارێکی سەرەڕۆیی و لاسارانە نییە لەدژی ڕەوتی مێژوو، بگرە دەتوانین سەرکەوین ودەسەڵاتمان بپاڕێزین. ئیتر لێنین ناچارنەبووە ئەولای مەسەلەکە بخوێنێتەوە.

سەرەنجام ئەوەی کە بەڵشەفیەکان نەیان بینیوە ئەوەبوو کە لێکدانەوەیان لەسەر بنەمای دەرکە کۆنەکان و تا ئەوکاتە بەلایانەوە ئەوروپا سەنتەری کۆمۆنیزم بووە. ئەمەش بەو مانایەی کە دوای شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیادا، ئەڵمانیا و شوێنەکانی تر دەشڵەقێ و دواتر هەموویان پێکەوە فکرێکی بۆ دەکەنەوە. بەڵام ئەو پرسیارەی کە ئەگەر ئێوە لەیەک وڵاتدا سەرکەوتنتان بەدەستهێنا و دواتر لە وڵاتەکانی تر شۆڕش ڕوینەدا و پاشان ناچاربن کە کۆمەڵگا سازبدەن، چ کارێک دەکەن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامی پێنەدراوەتەوە. تەنانەت بەهیچ لایەنێکی ئەم بابەتە وەڵاممان نەبوە و لە ئاکامیشدا بەلشەفیەکانیان شکست پێدا.

ئەگەر لێنێنی ٥٦، ٥٧ ساڵە زیندوبوایە چی دەوت، هیچ گەرەنتیەک نییە.. لەوانەیە هەمان ئەو قسانەی بکردایە کە ستالین یا ترۆتسکی کردویانە، یا لەوانەیە قسەیەکی چوارەمی بکردایە. بەڵام دەکرێ بووترێت کە لینینیزم چی دەووت، لێنینیزم دەڕۆی ڕێگاکە بدۆزێتەوە. چونکە بە بۆچونی من تەواوی باسی میتۆدۆلۆژی ڕەگەی لێنینیستی ئەوەیە کە یەکەم بڕیاربدەیت کە چیت دەوێت و دواتر بچیتە سۆراغی مێژوەوە، لەحاڵەتێکدا و لەبەرامبەردا ڕوانگە و ڕێبازە مەنشەفیکیەکان، یەکەمجار دەڵین مێژوو بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوا ودواتر هەوڵدەدەن خۆیان وەک عونسورێکی ئەرێنی لەم ڕەوتەی مێژوودابن.

لێنین یەکەمجار دەڵێت دەمەوێت چی بکەم. سپارتاکۆسیش ویستی کۆیلەیەتی هەڵوەشیتەوە، کاتێک زەمینەی مێژوویی ئەم کارە ئامادە نەبێت، شکست دەخوات. بەڵام ئەم حاڵەتە و ئەم لایەنە سپارتاکۆسیەی لێنین لێرەدا گرنگە، ئەو هاوشێوەی کۆیلە دەچێتە نێو پڕۆسەی مێژوەوە، بەبێ ئەوەی چاودێری ئەم پڕۆسە مێژوییە بێت. دەڵێت من دەمەوێت کۆیلەداری بڕوخێت، ئەگەر کاتی ئەم کارەش نەهاتووە، ئەوا بۆمان ڕۆشن دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر کاتەکەی هاتووە سەردەکەوین. لێنین لە زۆربەی کتێبەکانیدا دەڵێت کاتی هەڵپێچانی کۆیلەیەتی هاتووە و هەقە هەڵبپێچرێت.

من وای بۆدەچم لێنینیزم بەو مانایەی کە ئێمە چیمان دەوێت و دەبێت بڕۆین بە کردەوە دەری بهێنین، ڕێبازێکی جیاوازە لە بەلشەفیزم. بە بۆچوونی من ڕێبازی بەلشەفیزم هەڵگری دیدگایەکی ئۆلیۆسۆنیستی، تەکامولگەراییانەیە و ڕەوتی بابەتیانەی مێژوویی (ئۆبجێکتڤیزم) بەسەریدا زاڵە. ئەم دیدگایە بەسەر خودی ترۆتسکیدا، لەوانیتر زاڵترە. وا دێتە بەرچاو کە ترۆتسکی کەسێکە دەڵێ دەکرێ بڕۆین و شۆڕش بکەین و دەسەڵات بگرین، بەڵام بەجۆرێک کە هاوشێوەی مەنشەفیکەکانە.

کاریگەری لێنین و لێنینیزم بەسەرکاری ئێمەوە خاڵێکی بڕیاردەرە. بەبۆچونی من جێگای مێژویی ئەزمونی لێنین خەریکە گرنگی خۆی لەدەستدەدات، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو ئەزمونە مێژوییەی کە لێنین دایمەزراند بەسەردەچێت. ئەزمونێک کە پەیڕەوی لە یاسایەک کرد کە ژنان مافی زیاتریان هەبێ و خۆشگوزەرانی و یەکسانی زیاتری تیا دەستەبەر کرابێت. ئەزمونێکی ئاواش پاش ماوەیەک لە بیرەوەری جیهاندا نامێنێ و دەڕوا.

بەبروای من ئەگەر بلۆکی سۆڤیەت نەبوایە، جێگای مێژویی لێنین لاواز دەبوو. بەڵام دەکرێت لێنینزم وەک ڕێبازێك ڕاستی و دروستیەکەی بەدەست بێتەوە. دەکرێ لێنین بەهەمان شێوە بەكەڵک بێت کە مارکس بەکەڵکە. تائێستا لینین بەیەک مانای تر بەکەڵک و موعتەبەرە، ئەویش ئەوەیە کە لەدوا ئەنجامدا بەشێک لە جیهانی گۆڕی بۆ بلۆکێکی کرێکاری. بەلام کاتێک ئەم دیاردەیە لەجیهاندا بوونی نامێنێ و وەک سپارتاکۆس دەبێتە ڕوداوێک کە ڕویداوە و تێپەڕیوە، ئیتر ئەو “ئیزم”ەی (واتە ڕیبازەکەی_وەرگیڕ) بۆ ئێمە دەمێنێتەوە. ئەمەش بەو مانایەی ئەو ڕیوایەتە لە کۆمۆنیزم، کە ئایا دەکرێ بەئیرادەی خۆمان و لەواقعدا بەو شێوەیەی کە وێنادراوە لە لێنینی ئیرادەگەرایی، کۆمەڵگا بەوجۆرەی دەمانەوێت سازبدەین و بەرەو ئەو لایە بیبەین کە دەمانەوێت؟ ئەمە هەمان ئەو باسەیە کە لە ئێرانیش خەریکە دووبارە دێتەوە کایە.  واتە ئەو باسەی کە لە نێوان ئێمە و دووی خوردادیەکاندا هه‌یه‌ (رەوتێکی ڕیفۆرمخوازە کە بەرابەری محمد خاتەمی لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی١٩٩٧ لە ئێران سەری هەڵدا_وەرگێڕ). مەبەستم لەو دووی خوردادیانەیە کە لەنێو چەپدان و کۆمۆنیستەکانی ئەم وڵاتەن. ئەو دویخوردادیانەی کە وای نابینن ئێمە فەرقمان کردووە و بیردەکەینەوە وئەوانیش زۆر دوورکەوتونەتەوە. بەبڕوای من هەروەک کاتی خۆی ئەمانە لەشۆڕشی ٥٧ دا (شۆڕشی ساڵی ٧٩ی ئێران کە شا تێیدا ڕووخا_وەرگێڕ) هەبوون، ئێستاش هەرواماون، سەرەتا مەنشەفیک بوون، ئیستاش هەر مەنشەفیکن و لەحوکمەتێک داکۆکی دەکەن کە تۆزێک باشتر بێت. ئەوە ئێمەین کە خۆوشیاریمان زیادی کردووە. کێشەکە لەنێوان کەسانێکدایە کە بە نوێنەرایەتی کەسانێک کە نایانەوێت کاریان بفرۆشن و ئەوەشی کە ئەم کەسانە ئایا مۆڵەتیان هەیە دەستبەرن بۆ دەسەڵات و دواتر هەوڵی پاراستنی بدەن، ئەم کارەش بەو هەموو بەربەستانەوە کە لەئارادایە، ئەمریکا و گەمارۆی ئابوری و شتی لەمجۆرە، ئایا مۆڵەتی مێژوویمان هەیە کە دەست بۆ دەسەڵات بەرین و بیپارێزین.. لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە دەڵێن نا و باوەڕیان بە ڕێبازی کامڵبوونی مێژووە. کێشەکە دووبارە دەستی پێکردۆتەوە. بەبڕوای من گرنگی باسەکەی کۆرش لەوەڵام دانەوە بەو پرسیارەدایە کە دەڵێت ئەگەر پرسیار لە بەلشەفیکەکان بکرێ دەڵێن ناکرێت بەڵام ئەگەر لە لینینیزم پرسیاربکرێ دەڵێت بەڵێ دەکرێت! ئەم جارەش دیسانەوە دەشێ هەمان بەڵا کە بووە کارەسات بۆ بەلشەفیەکەکان بەسەر ئێمەشدا بێت. واتە فشارێک کە لە کۆمەڵگادایە، لەوانەیە تۆش هاوڕەنگی خۆی بکا و بتباتە پای رێفۆرم. چونکە ڕیفۆرم ئاسانترە. پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەتوانین لە چوارچێوەی  ڕێبازی لینینیزمدا کارەکانمان ببەینە پێشەوە؟ بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی فاتیحەوە (فاتیحی شێخ، یەکێک لەئامادەبوانی سیمینارەکە. ئەو یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەو کاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران_وه‌رگێڕ) بەبڕوای من هەرئێستا ئەکرێت ئەم پرسیارە مەترەح بێت. پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا بەدوای ئەوەدا کە ئەزمونی سۆڤیەت گرنگی لەدەست دەدا، ئیتر لێنینیزم وەک یەک ڕوانگە و تێگەیشتن لە مارکسیزم، نەک تەنها وەک ڕابەری شۆڕشێکی بەکردەوە، بەڵکو وەک یەک مەفهومی تیۆری سیاسی، یەک مفهومی تیۆری- میتۆدۆلۆژی.. ئایا لێنینیزم بە کەڵک دێت یان نا؟

ڕەنگە باشتربێت لە نۆرەی دواتراد کۆرش ئەم لایەنە لە باسەکەی زیاتر بکاتەوە.

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …