جه‌مال موحسین
’’ئێمه سۆسیالیستین. ئه‌مه مانای وایه دوژمنی خاوه‌ن موڵكایه‌تی تایبه‌تین كه بووه‌ته هۆی ناكۆكی خه‌ڵك. ئه‌وان له دژی یه‌كتر چه‌كدار ده‌كا، ناكۆكی و ناته‌بایی له ئاشتی نه‌هاتوو پێكدێنێ و بۆ شاردنه‌وه و پینه‌كردنی ئه‌و ناته‌باییه‌ش درۆیان ده‌كا. خه‌ڵك فێری درۆ و دووڕوویی و دوژمنایه‌تی ده‌كا. ئێمه له‌سه ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كۆمه‌ڵێكی وا كه مرۆڤ ته‌نیا به ئامڕازی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون ده‌زانێ، كۆمه‌ڵێكی نائینسانییه… ئه‌و كۆمه‌ڵه دوژمنی ئێمه‌یه . ئێمه ناتوانین ڕه‌وشتی چه‌په‌ڵ و بێبه‌زه‌یی و سه‌گ ڕه‌وشتانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه سه‌باره‌ت به به‌رهه‌ڵسته‌كانی قبوڵ بكه‌ین. ئێمه ده‌مانه‌وێ دژی هه‌ر شێوه ڕه‌فتارێك كه ته‌نیا له ڕووی سود و ته‌ماعه‌وه خه‌ڵك له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه، دژی هه‌موو شێوه‌یه‌كی كۆیله‌تی به‌ده‌نی و مه‌عنه‌وی مرۆڤ كه ئه‌و كۆمه‌ڵه به‌كاردێنێ، خه‌بات بكه‌ین و خه‌بات ده‌كه‌ین. ئێمه‌ی كرێكار ئه‌و كه‌سانه‌ین كه له مه‌كینه زله‌كانه‌وه بیگره تا ده‌گاته بوكه شوشه‌ی منداڵان، هه‌موو شت به كاری ئێمه دروست ده‌كرێ. ئێمه له‌و حه‌قه‌ش بێبه‌شین كه بۆ ئابڕوی ئینسانی خۆمان خه‌بات بكه‌ین. هه‌موو كه‌س پێی ڕه‌وایه كه بۆ گه‌یشتن به ئامانجی خۆی ئێمه بكاته دارده‌ست. ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌وه‌نده‌مان ئازادی هه‌بێ به‌ره به‌ره بتوانین ده‌سه‌ڵات بگرینه ده‌ست، یانی ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته ده‌ستی گه‌ل، كار بۆ هه‌موو كه‌س هه‌بێ… ئێمه شۆڕشگێڕین و تا ئه‌و ده‌مه‌ی هێندێك زوڵم له هێندێكان ده‌كه‌ن هه‌ر شۆڕشگێڕ ده‌بین… ئێوه له‌باری مه‌عنه‌ویه‌وه به‌رهه‌مێكتان نییه، بیروباوه‌ڕی ئێمه ڕۆژ به‌ڕۆژ په‌ره ده‌گرێ، ده‌چێته نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و ئه‌وان بۆ خه‌بات، بۆ ئازادی، بۆ خه‌باتی شێلگیر و له ئاشتی نه‌هاتوو ڕێك ده‌خا. بێجگه له زۆرداری و دڕنده‌یی ناتوانن به هیچ شتێكی تر پێشی ئه‌و جوڵانه‌وه بگرن… هێزی ئێوه هێزێكی میكانیكیه كه به كۆكردنه‌وه‌ی زێڕ و زیو پێك هاتوووه… به‌ڵام هێزی ئێمه هێزێكی زیندووی هاوپه‌یوه‌ندیه كه هه‌موو ژێرده‌سته‌كان ده‌كا به یه‌ك. ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن هه‌مووی تاوانبارانه‌یه چونكه ته‌نیا له فیكری ئه‌وه‌دان مرۆڤ بكه‌ن به كۆیله. به‌ڵام تێكۆشانی ئێمه دنیا له شه‌ڕی دێوه‌زمه‌ی درۆ و ته‌ماع و قینی ئێوه ڕزگار ده‌كا. كرێكاران و وه‌رزێرانی ئێمه ڕێزگار ده‌بن و دنیایه‌كی ئازاد و یه‌كسان و له‌بن نه‌هاتوو پێك دێنن. ئه‌مه هه‌ر دێته دی.‘‘ (مه‌كسیم گۆركی، دایك، ل.٢٩٩)
ئه‌و ده ڕۆژه‌ی دنیای له‌رزاند، كه له نووسینی جۆن ڕید بوو كرابووه فیلم له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی ٨٠ ی سه‌ده‌ی ڕابردوو سه‌رنجی زۆربه‌مانی ڕاكێشابوو. پێشتر زۆر گوێم له وشه‌ی شۆڕش بوو بوو به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌وانه له‌م ’’ده ڕۆژه‘‘ نه‌ئه‌چوو. له پاڵ ئه‌مه‌دا وته و قسه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی ڕۆمانی دایكی ماكسیم گۆرگی و نینای ثابت ڕه‌حمان زه‌نگێكی هه‌میشه زرینگاوه‌ی ناو زه‌ینی من و به‌شێكی زۆر له هاوسه‌رده‌مانی من بوو. دیمه‌نی كۆڵانه چڵپاوی و پڕ دوكه‌ڵه‌كان و كرێكارانی شه‌كه‌تی گه‌ڕه‌كه‌كان و ڕێكخستنه‌كانی كرێكاران و چوونه ناو ڕیزه‌كانی حزبی كرێكاران و خۆئاماده‌كردن بۆ شۆڕش له ناو ڕۆمانی دایك دا و هه‌ستانی جه‌ماوه‌ری برسی له ناو نی‌نا دا و داڕمانی كۆشكی زستانه‌ی تزار ئه‌نگیزه و ئه‌ندێشه‌ی شۆڕشی لامان تۆختر كرد. هه‌ر به‌ڕاستی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌رسه‌لماندی كه ته‌نها چه‌ند ڕۆژێك نه‌بوو، ده‌روازه و سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئاڵوگۆڕێك له دنیای هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌داریدا. له‌لایه‌ك به‌خشینی ئومێد و باوه‌ڕ به كارگه‌ران كه بنیاتنانی سۆشیالیزم و كۆمه‌ڵگای كۆمۆنیستی له دنیای واقعدا ئیمكانی هه‌یه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌رزێكی بۆ سه‌رمایه‌داری جیهانی و ئیمپریالیزم بڕی كه تا ئێستاش تامێسكه‌كانی وشك هه‌ڵنه‌هاتوون. با له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ئاوڕێك له ڕۆڵ و گرنگی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و وانه‌كانی بده‌ینه‌وه.
پێشه‌كی ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم له كاتێكدا كوردستان به دۆخێكی ناله‌باردا تێئه‌په‌ڕێ و له كاتێكدا هه‌ندێك له چه‌په‌كان وێنایه‌كی دۆگمایی له شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به‌ده‌سته‌وه ئه‌ده‌ن، له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م شۆڕشی ناوبراو له ڕوانگه‌ی سۆشیالیستی ماركسیستیه‌وه بخه‌مه به‌رچاو. واته نه چه‌سپاندنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به سیاقی كات و شوێنی دیاریكراوه‌وه له‌م باسه‌دا جێگه‌یه‌كی هه‌یه و نه هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك هه‌یه له بره‌ودان به ئیده‌ی شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار و سه‌رئه‌نجام شۆڕشی كۆمۆنیستی. ئه‌م دۆخه‌ی كوردستانیش ئه‌بێ له هه‌ر كاتێك زیاتر ئه‌وه‌ی دووپات كردبێته‌وه كه ئاڵوگۆڕ له سیسته‌می حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن و ئابوری كۆمه‌ڵگای كوردستاندا نه له ڕێگه‌ی ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات و نه له ڕێی گوایه به دیموكراسیكردن و به نیشتمانیكردن و په‌رله‌مانتاریزم و نه به ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا ئه‌چێته پێشه‌وه. له هه‌ر كات زیاتر پێویستی’’شۆڕشی ئۆكتۆبه‌رێكی تر‘‘ هاتۆته پێشه‌وه، به‌ڵام شۆڕشێك به تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌م سه‌رده‌مه و پێداویستی و میكانیزمه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان وجیهانه‌وه و به‌سوود وه‌رگرتن له وانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ر كه خۆی له پراكتیزه‌كردنی شۆڕشی چینی كرێكاردا به‌رجه‌سته‌كرده‌وه.. ئیتر ئه‌وه‌ی كه دواتر چه‌ندێك ئه‌م شۆڕشه ئه‌توانێ له‌م بارودۆخه جیهانیه‌دا خۆی بگرێ و ئایا ئیمكانی سۆشیالیزم له وڵاتێدا چه‌ندێك واقعیه، باسێكی تره و كاری ئه‌م نووسینه نییه. به‌و هیوایه‌ی له هه‌لێكی تردا بێینه سه‌ری.
به‌سته‌رێكی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به شۆڕشی شوباته‌وه به‌ستراوه و به‌سته‌رێكیشی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شۆڕشی ١٩٠٥. بۆیه به كورتی دێمه سه‌ر ئه‌و پێشینانه تاكو بتوانم وێنایه‌كی مێژووی ئۆبژێكتیڤ به ده‌سته‌وه بده‌م. دوای شه‌ڕی نێوان ئیمپراتۆریه‌تی ڕووسی و یابانی له‌سه‌ر فراوانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به تایبه‌تی له نیمچه‌دورگه‌كانی كۆریا و مانچورادا كه به شكستی ڕووسیا ته‌واو بوو، وڵات ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی بێوێنه بۆوه. برسێتی و گرانی و قاتوقڕی به‌ربینی به جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش گرتبوو. له شاره پیشه‌سازیه‌كان شوراكانی كرێكاران یه‌كه‌مجار له شاری ئیڤانۆڤ و پترۆگراد دروست بوون و دواتریش له مۆسكۆ و شاره‌كانی تر. شورای پترۆگراد كه به‌هێزترین بوو له‌وكاته‌دا مه‌نشه‌ڤیكه‌كان و به‌ڵشه‌ڤیكه‌كانی تێدا بوون كه زۆرتر مه‌نشه‌ڤیكه‌كان باڵاده‌ست بوون. یه‌كێك له قسه‌كه‌ر و ڕابه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م شورایه لیۆن ترۆتسكی بوو (ئه‌و كات خۆی مه‌نشه‌ڤیك بوو). مانگرتنی گه‌وره گه‌وره و سه‌راسه‌ی به‌ڕێخرا له‌لایه‌ن شوراكانه‌وه و داوای ئازادی و باشبوونی ژیانیان ئه‌كرد. به‌ڵام تزار سیاسه‌تی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی گرته به‌ر و گوایه ئاڵوگۆڕ له جۆری سیستمدا ئه‌كات سه‌رۆك وه‌زیرانی دانا و به‌ڵێنی دا دۆخی ژیانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان باش بكات به‌ڵام نه به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ برایه سه‌ر و ه توانیشی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر دامركێنێته‌وه و هه‌تا ئه‌هات هه‌ر زیادی ئه‌كرد و سه‌راسه‌ری ئه‌بۆوه له ته‌واوی ڕووسیادا. تا مانگرتنی سه‌راسه‌ری له زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌كان ده‌ستی پێكرد. هاوكاتیش له مۆسكۆ خۆپیشاندان و مه‌ته‌رێز لێدان له‌لایه‌ن كرێكارانه‌وه ده‌ستی پێكرد. به‌ڵام تزار توانی له‌لایه‌ك به به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به ناوی (مانیفێستی ئۆكتۆبه‌ر) كه پێكهاتبوو له‌وه‌ی دۆما واته مه‌جلیسی ته‌شریعی به هه‌ڵبژاردن دائه‌مه‌زرێنێ و ئازادیه‌كان به‌تایبه‌تی ئازادی ڕاده‌ربڕین به ڕه‌سمی ئه‌ناسرێ دوودڵی و دووكه‌رت بوون بخاته ناو ڕیزی كرێكاران و ناڕازیانه‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به سه‌ركوت و خوێنڕشتن وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانی دایه‌وه و له مۆسكۆ سه‌دان كه‌سی خه‌ڵتانی خوێن كرد. به‌مجۆره و له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٠٦ دا شۆڕش به‌ته‌واوی سه‌ركوت و خه‌فه‌كرا. دواتر دێمه‌وه سه‌ر ڕۆڵی لینین له‌م شۆڕشه‌دا كه باوه‌ڕ و بۆچوونه‌كانی جیاواز بووه له مه‌نشه‌ڤیك و به‌ڵشه‌ڤیكه‌كانیش.
وڵاته زلهێزه‌كان له ئه‌وروپا ڕوویان له شه‌ڕ ئه‌نا، شه‌ڕێك له پێناو فراوانكردنه‌وه‌ی بازاڕ و دابه‌شكردنه‌وه‌ی جیهان و پاوانخوازی زیاتردا. وڵاتانێكی وه‌ك فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا له‌لایه‌ك به‌هۆی گه‌شه‌ی پیشه‌سازی و سه‌رمایه‌وه هێزێكی زیاتریان هه‌بوو وه له‌لایه‌كی تریشه‌وه چاویان له كردنه‌وه‌ی بازاڕی زیاتر بڕیبوو. ڕووسیاش هاوشان ملی به‌و گه‌شه‌یه‌وه نابوو وه ئه‌یویست ئه‌ویش به‌شێك له‌و بازاڕكردنه‌وه‌یه‌دا ببات بۆ خۆی. به‌هه‌رحاڵ ساڵی ١٩١٤ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ده‌ستی پێكرد، هه‌رچه‌نده زۆر له پێش ئه‌وه‌وه له باڵكان شه‌ڕ ده‌ستی پێكردبوو. هه‌ڵوێست و بۆچوونی لینین ئه‌وه بوو كه ئه‌بێ جه‌نگ بگۆڕدرێ بۆ جه‌نگی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و سه‌ربازان لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌ماندا بكه‌نه ڕووی بۆرژوازی محه‌لی وڵاته‌كه‌ی خۆیاندا، به واتایه‌كی دی شۆڕش له دژی بۆرژوازی ده‌ست پێبكات و خۆیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. لێره‌دا ئه‌بێ ئه‌وه بووترێ كه لینین له‌م بۆچوونه‌یدا ته‌نها بوو وه له ناو خودی به‌لشه‌ڤیكه‌كانیشدا كه‌مینه بوو.
له‌و كاتانه‌دا كه جه‌نگ ده‌ستی پێكردووه لینین ڕای وایه كه لوله‌ی تفه‌نگه‌كان بكرێته بۆرژوازی محه‌لی له كاتێكدا ته‌واوی به‌ڵشه‌ڤیكه‌كان و به‌شی چه‌پ له مه‌نشه‌فیكه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌ستانی جه‌نگدان. ئه‌م به‌شه‌ی دواییان له‌گه‌ڵ شتێكدان به ناوی ئاشتی بێ غه‌رامه‌وه. به‌ڵام كه‌سیان بیریان لای ئه‌وه نه‌بوو كه ئاخۆ ئه‌م ئاشتیه چۆن به‌ده‌ست دێ. له كاتێكدا ته‌نها لینین، وه‌ك كه‌مینه‌یه‌كیش، ڕای وایه كه چینی كرێكاری هه‌ر وڵاتێك شه‌ڕ له‌گه‌ڵ بۆرژوازی خۆیان هه‌ڵگیرسێنن و لێیان یاخی ببن و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بگرنه ده‌ست. له ساڵی ١٩١٥ دا كه لینین له وڵاتی سویسرایه ئیعاز ئه‌دات كه هانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی وڵاته‌كان بدرێت ده‌ستیان نه‌چێته هاوچیه‌نكانی خۆیان له وڵاتانی تر و له جیاتی ئه‌وه له‌گه‌ڵ بۆرژوازی وڵاته‌كانی خۆیان بجه‌نگن. هاوكاتیش له هه‌موو وڵاته‌كان ده‌ست ببرێت بۆ پێكهێنانی شانه نهێنیه‌كان له‌ناو سوپاكاندا. وه كه‌مپینێكی ته‌بلیغاتی بێڕه‌حمانه له دژی سیاسه‌تی شۆڤینیستی و ناسیۆنالیزمی هه‌موو وڵاته‌كان به بێ جیاوازی ده‌ست پێبكرێت. كاریگه‌ری جه‌نگ له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك تا بێت قورس‌تر ئه‌بێت و هاوكاتیش به‌رپرسانی ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تزار تابێت ده‌وڵه‌مه‌ندتر و خاوه‌نی سه‌روه‌تی زیاتر ئه‌بن. ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌ست پێئه‌كه‌نه‌وه، له ناو سوپاوه چه‌ندین سه‌رباز هه‌ڵدێن. تزار حوكمی تاقانه‌ی خۆی پیاده ئه‌كات و به‌شێكی زۆر له پیاوه‌كانی له‌گه‌ڵیدا نامێنن. به‌ڵام له سه‌روبه‌ندی ئه‌م ڕووداوانه و شۆڕشی شوباتدا، به‌شێكی زۆر له ڕابه‌رانی به‌ڵشه‌ڤیكه‌كان یان دوورخراونه‌ته‌وه یان زیندانی كراون. حزبی به‌ڵشه‌ڤیك لاوازتر بووه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ شوێن كۆمیته‌كانی له ده‌ستداوه. جگه له كۆمیته‌یه‌كی به‌هێز له پیشه‌سازیترین ناوچه‌ی شاری پترۆگراد، هیچی وای به ده‌سته‌وه نه‌ماوه.
نان زۆر گران ئه‌بێ هه‌رچه‌ند له مه‌خزه‌نه‌كاندا پڕن به‌ڵام ئه‌وه‌نده گرانه له توانای كرێكاران و خه‌ڵكی هه‌ژاردا نییه بیكڕن. هاوكاتیش جه‌ماوه‌ر بێدادیه‌تی له ده‌ست جه‌نگ. بۆیه كاتێك له ٢٣ ی شوبات (به‌پێی ڕۆژژمێری كۆن، كه له ڕۆژژمێری نوێ‌دا ئه‌كاته ڕۆژی ٨ ی مارس) ساڵی ١٩١٧ جه‌ماوه‌ر دێنه سه‌رجاده هه‌رچی بۆ ڕیزی نانیش وه‌ستاوه پێیانه‌وه په‌یوه‌ست ئه‌بن. له‌و كاته‌دایه كه دروشمی نان و ئاشتی زه‌مینه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یدا ئه‌كات. هاوكاتی خۆپیشاندانه‌كان، كرێكاران له هێڵی ئاسن و میترۆكانی پترۆگراد مان ئه‌گرن و هاتوچۆ و بازراگانی و هه‌موو جموجۆڵێك فه‌له‌ج ئه‌كه‌ن. به‌مجۆره ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی تزار ئه‌گرن كه بتوانێ سوپا و قۆقازی زیاتر بنێرێت. دوای چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌رده‌وام بوون له خۆپیشاندان و مانگرتن سوپا، كه به زۆری له جوتیاران پێكهاتوون، ڕازی نابن سه‌ركوت بكه‌ن و ته‌قه له جه‌ماوه‌ر بكه‌ن. بۆیه تزار په‌نا بۆ قۆقاز و پۆلیس و گاردی تایبه‌تی ئه‌بات. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام فه‌رمانده‌كانی سوپا زۆربه‌یان دێنه پاڵ جه‌ماوه‌ر و له دژی پۆلیس و قۆقازه‌كان ئه‌وه‌ستنه‌وه. دوای چه‌ند ڕۆژێك پترۆگراد ئه‌كه‌وێته ده‌ست شوراكان كه له نوێنه‌رانی كرێكاران و سه‌ربازان پێكهاتووه. به‌ڵام له‌م كاتانه‌دا مه‌نشه‌ڤیكه‌كان كه له ناو ئه‌و كۆمیته و لیژنانه‌دا هه‌ن و له دژی ئه‌وه‌ن كه شوراكان ئامڕازی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بێ و ئه‌یانه‌وێ زۆرتر وه‌ك چاودێریكه‌ر به‌سه‌ر كاره‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه بێ، هه‌وڵی خۆیان ئه‌ده‌ن له‌و ڕه‌وتی شۆڕش و هه‌ستانه و ئیراده‌كردن و ده‌خاڵه‌ت نواندنه‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار و جوتیاران و سه‌ربازاندا ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ باڵه‌كانی تری بۆرژوازیدا بكه‌ن. لێره‌دا پێیوسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه تزار له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگه‌وه خۆشه‌ویستی و مه‌رغوبیه‌تی له‌ناو بۆرژوا_لیبراڵ و ده‌ستورخوازه‌كاندا (كادێته‌كان) له ده‌ست دابوو. له‌م كاته‌دا كه تزاری گه‌وره شكستی هێنا و نه‌یتوانی بمێنێته‌وه و تزاری دوای ئه‌ویش نه‌یتوانی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێ. به‌جۆرێك كه‌س ئاماده نه‌بوو وه قبوڵیش نه‌ئه‌كرا كه‌س ببێته تزار. ڕاپه‌ڕین و شۆرشی كرێكاران بووه هۆی سه‌رنگونكردنی حوكمی تزار. به‌ڵام مه‌نشه‌ڤیكه‌كان توانیان حكومه‌تی ناوچه‌یی به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ باڵه‌كانی بۆرژوازیدا پێكبهێنن. هه‌ربۆیه شوراكان نه‌یانتوانی خۆیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی شورایی دابمه‌زرێ. هه‌یه‌جان و هه‌ستان و ڕه‌وتی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشی ناڕازی لێره‌دا و له‌م بڕگه‌یه‌دا كرا به بۆته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی بۆرژوازی و ورده‌بۆرژوازیدا و نه‌یانهێشت كرێكاران بگه‌نه ده‌سه‌ڵات. به‌مجۆره هه‌روه‌ك لینین وه‌سفی ئه‌كات ئه‌وه شۆڕشی دیموكراتیكی بۆرژوازی بوو، سه‌ركه‌وتن بوو بۆ باڵه‌كانی بۆرژوازی، لیبڕاله‌كان، كادێته‌كان و ئێس ئاڕه‌كان (سۆشیالیسته شۆڕشگێڕه‌كان).
هه‌ر لێره‌دا ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بووترێ كه غیابی لینین له كاتی شۆڕشی شوباتدا بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه خه‌تی فیكری و مه‌یلی سیاسی و به‌رنامه‌یی و به‌ڵشه‌ڤیزم نه‌یتوانیبوو خۆی له مه‌نشه‌ڤیزم جیابكاته‌وه به ته‌واوه‌تی چونكه ئه‌مانیش ئه‌یانووت كه شۆڕش قۆناغ به‌ندی ئه‌كرێ و ئه‌بێ جارێ به قۆناغی پێگه‌شتن و ته‌كامولیی سه‌رمایداریدا تێبپه‌ڕین ئنجا شۆڕشی پرۆلیتاری بكه‌ین. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه ئیتر به هاتنه‌وه‌ی لینین ئه‌گۆڕێ. ته‌واوی مه‌سه‌له‌كه بۆ لینین ئه‌وه‌بوو كه پرۆلیتاریا جڵه‌وی شۆڕش بگرێته ده‌ست و به‌مجۆره‌ش ده‌سه‌ڵات له ده‌ست خۆی بگرێ. ڕاسته له شۆڕشی شوباتدا ئه‌و بیریڕایه‌ی مه‌نشه‌فیكه‌كان كه زاڵ بوو وه ئه‌یویست ته‌نها كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش له سه‌ڕیزی سه‌ندیكالیستیدا بهێڵێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوراكان به شێوه‌یه‌كی فراوان له زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌كان دروست بوون، شورا و كۆمیته‌كانی ناوه‌نده‌كانی كار و گه‌ڕه‌كه‌كان شورای سه‌ربازان و كۆمیته‌كانیان پێكهاتن و ته‌نانه‌ت ئه‌مانه‌ی دوایی هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كیان به‌بێ پرس و فه‌رمانی شوراكان نه‌ئه‌برده پێشه‌وه. شتێكی گرنگ لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بكرێ ئه‌وه‌یه كه هه‌رچه‌نده له‌ولاوه ده‌وڵه‌ت هه‌بوو و ئۆرگانه‌كانی دروست كردبوو به‌ڵام له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی شوراكان باڵاده‌ست بوون فه‌رمان به هی ئه‌وان بوو. ئه‌مه‌یه كه له ئه‌ده‌بیاتی كۆمۆنیستیدا پێی ئه‌ووترێ ’’ده‌سه‌ڵاتی دووانه‌یی یان دوولایه‌نی‘‘، واته هێشتا ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی له‌ناونه‌چووه به‌ڵام به‌شێكی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشدایه و نه‌ك گوێ بۆ فه‌رمان و بڕیاری ده‌وڵه‌ت ناگرن بگره خۆیان ده‌سه‌ڵات به ده‌ست و بڕیاربه‌ده‌ستن. هه‌روه‌ك به‌وجۆره ده‌وڵه‌ت زۆرتر قاوغێك بوو ده‌نا زۆربه‌ی مه‌سه‌له سیاسی و ئابوری و سه‌ربازیه‌كان به ده‌ست شوراكانه‌وه بوو (به پێویست خوێنه‌ر ئه‌بێ لێره‌دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ باسی لینین ’ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دووانه‌یی‘).
له چوارچێوه‌ی دۆخێكی وادا كه هه‌ژاری و برسێتی و قاتوقڕی، كێشه‌ی زه‌وی جوتیاران، قه‌یرانی جه‌نگ مه‌سه‌له‌ی ئاشتی و هه‌بوونی دوو حكومت یان دوو ده‌سه‌ڵات كه هیچیان به‌كرده‌وه ناتوانن وه‌ڵام به پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگا بده‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت كه هێشتا شوراكانیش توانای وه‌ڵامیان نییه به هۆی ئه‌و خه‌ته فیكریه‌ی به‌سه‌ر ڕابه‌رایه‌تیه‌كه‌یدا زاڵه، ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشیش هه‌ر له‌زیادبووندایه. له‌م كاته ناسكه‌دا لینین، واته له مانگی نیساندا، ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕوسیا و ئه‌كه‌وێ به‌سه‌ر ئه‌م دۆخه و بێوه‌ڵامی به‌ڵشه‌ڤیكه‌كانیشدا. بۆیه تێزه‌كانی نیسانی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی مه‌نشه‌ڤیك و به‌ڵشه‌ڤیكه‌كاندا پێشكه‌ش ئه‌كات و دواتریش بڵاوی ئه‌كاته‌وه (لێره‌شدا ئه‌بێ سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ گرنگی ئه‌م تێزانه ڕابكێشین، كه له‌م ژماره‌یه‌ی دیدگای سۆشیالیستیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه). ناوه‌ڕۆكی ئه‌م تێزانه ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ئه‌بێ بچێته ده‌ست كرێكاران له‌ڕێگای شوراكانه‌وه، جه‌نگ بگۆڕدرێ بۆ جه‌نگی پرۆلیتاریا له‌گه‌ڵ بۆرژوازی محه‌لی و شۆرش به‌سه‌رئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه و ئه‌بێ به‌رده‌وام بێ تا سه‌ركه‌وتنی و پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنه‌كان. هاوكاتیش له هه‌رجۆره خۆشخه‌یاڵیه‌كی كرێكاران به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی كاتی ئه‌دات و ئه‌یه‌وێت بیڕه‌وێنێته‌وه و هوشیاری چینایه‌تیان بباته سه‌ره‌وه. لینین به دوای شۆڕشی سۆشیالیستیه‌وه بوو. بۆیه ئه‌یزانی هه‌نگاو به هانگاو ئه‌بێ و پێویسته چی بكرێ. هه‌ر له ڕێكخستنه‌وه‌ی ته‌شكیلاته‌كانی حزبه‌وه بگره تاكو پێدانی خه‌تی فیكری و تاكو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری چینایه‌تی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و تاكو كردنی ئه‌م خه‌ته‌ی خۆی به خه‌تی گشتی له ڕێكخستنه‌كانی حزب و شوراكاندا. بۆیه له ئه‌نجامی كێشمه‌كێش و سووربوونی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م كارانه و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی (گشت ده‌سه‌ڵاتێك بۆ شوراكان) ئه‌بێ دروشمی گشت حزب. به‌ڵام چونكه هێشتا كێشمه‌كێشی حكومه‌تی كاتی و بۆرژوازی و مه‌نشه‌ڤیكه‌كان له‌لایه‌ك و ئیده‌ی موغامه‌ره‌كردن به شۆڕش و هه‌ستان له‌لایه‌ن چه‌ندانی تره‌وه له‌ناو به‌ڵشه‌ڤیكه‌كاندا هه‌بوو لینین ناچار بوو كه هێشتا ئه‌یبینی ئه‌وان زۆرینه نین له‌ناوشوراكاندا و هێشتا كرێكاران نه‌گه‌یشتوون به‌و ڕاستیه كه ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی برۆژوازی بسه‌ندرێ چونكه خۆیان ده‌ستبه‌رداری نابن، به خۆڕاگریه‌كی زۆره‌وه له هه‌وڵی زیادكردنی نفوز و به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری چینایه‌تی بوو. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆر گرنگه به بڕوای من چونكه لینین ئه‌یزانی كه جه‌ماوه‌ری توڕه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و ناگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌شتوانن په‌لامار بده‌ن، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتبوون به‌و ڕاستیه‌ی كه به ته‌واوه‌تی ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی كرێكاراندا بێ. بۆیه لینین په‌له‌په‌لی نه‌ئه‌كرد و هیچ كار و دروشمێكی بێ لێكدانه‌وه نه‌ئه‌برده پێشه‌وه. هه‌روه‌ك خۆشی له تێزه‌كانی نیساندا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌كرده‌وه.
حكومه‌تی كاتی چه‌ندین جار گۆڕانی به‌سه‌ر خۆی هێنا و هاوكاتیش كه‌وته سه‌ركوتكردنی به‌ڵشه‌ڤیكه‌كان و له نفوزی ئه‌وانی دا و بڕیاری ده‌ستگیركردنی لینین و ڕابه‌رانی دا و دوباره لینین ناچاری دووركه‌وتنه‌وه بۆ فینلاند كرا. به‌ڵام كاركردن له‌ناو شوراكانی كرێكاران و سه‌ربازان و به‌هێزكردنی ئیده‌ی به‌ڵشه‌ڤیكه‌كان و به‌تایبه‌تی هی لینین تیایاندا زیاتر به‌هێزی ئه‌كردن و دژی كیرنسكی و داروده‌سته‌كه‌ی ئه‌وه‌ستانه‌وه و به فه‌رمانی ئه‌ویان نه‌ئه‌كرد. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه نه هه‌ژاری و برسێتی وه‌ڵامی درابۆوه و نه ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ جه‌نگ دۆزرابۆوه و نه كێشه‌ی زه‌وی چاره‌سه‌ر كرابوو هه‌روه‌ك ئێس ئاڕه‌كان به‌ڵێنیان دابوو، وه هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه جوتیاران پشتیان لێ كردن، لینین توانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بهێنێته پشت بڕیاریه‌كه‌ی خۆی كه ئیتر كاتی شۆڕشه. نه‌خشه‌مه‌ندانه میحوه‌ره‌كانی كۆنترۆڵكردنیان بۆ سوپای سوور دیاركرد و ئه‌وه بوو له ڕۆژی ٢٥ ی ئۆكتۆبه‌ر (به پێی ڕۆژژمێری كۆن و ٧ ی نۆڤێمبه‌ری ڕۆژژمێری نوێ) گارده‌كانی سوپای سوور ده‌ستیان به‌سه‌ر شوێنه سه‌ره‌كیه‌كانی پیترۆگراددا گرت و حكومه‌تی كاتی هه‌ره‌سه‌ی هێنا. هه‌ر ئه‌و كاته و له كۆنگره‌ی سه‌راسه‌ری شوراكاندا بڕیاری گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌لات له‌لایه‌ن شوراكانه‌وه درا. به‌مجۆره ئه‌م شۆڕشه مه‌زنه به ڕابه‌ری لینین و كه‌مترین خوێنڕشتن سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێنا. جۆن ڕید له وه‌سفێكیدا ئه‌ڵێ: ‘’’ڕوسیای فراوان له توانه‌وه‌دا بوو. ئه‌و پرۆسه‌یه له ساڵی ١٩٠٥ ه‌وه ده‌ست پێكردبوو وه شۆڕشی شوبات خێراتری كرد و له هه‌ناوی پێشبینی نه‌زمێیكی نوێ‌دا به‌وه گه‌یشت كه سیستمی كۆن ته‌نها وه‌ك قاوغێكی بۆش بتوانێ درێژه به ته‌مه‌نی بدات. به‌ڵام ئێستا وا به‌ڵشه‌ڤیكه‌كان، ته‌نها له یه‌ك شه‌ودا هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێك دوكه‌ڵێك ئه‌باته‌لاوه، ئاوها ئه‌م قاوغه‌یان نه‌هێشت. ئیتر ڕووسیای كۆن نه‌ما، كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له گه‌رمیه‌كی سه‌ره‌تاییدا نوقم بوو وه له‌ده‌ریای گڕ و كڵپه‌وه خه‌باتی چینایه‌تی، خه‌باتێكی توند و دڵڕه‌قانه، و هه‌روه‌ها توێژاڵی ناسكی هێواش سارده‌وه‌بووی هه‌ساره‌یه‌كی نوێ سه‌ریده‌رهێنا…‘‘ (جۆن ڕید، به‌ندی ٩).
هه‌ر ڕۆژێك دوای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی شوراكان، مه‌رسومه‌كانی ئاشتی و زه‌وی ده‌ركران وه‌ك یاسای وڵات. به‌مجۆره ئاشتی واته كشانه‌وه‌ی ڕوسیا له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی به‌رقه‌رار كرا و بڕیاری خستنه ژێر ڕكێفی زه‌ویه‌كان بۆ شوراكانی نوێنه‌رانی جوتیاران زه‌ویش بوو به یاسا. له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی شوراكانه‌وه یاساكان به قازانجی كۆمه‌ڵگا و كاركردووانی ده‌ركرا. دواتریش له ده‌ستوردا و به یاسا هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی كه مافی سه‌ره‌تایی مرۆڤن جێگیركران. جیاوازی نێوان ژن و پیاو به یاسا قه‌ده‌غه كرا، كاری مناڵان قه‌ده‌غه‌كرا … و چه‌ند بڕگه‌ی ده‌ستوری و یاسایی تر، كه لێردا كاتی نییه، بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان دانران. هه‌رئه‌مه‌ش بوو كه دواتر و وه‌ك هه‌ژموونی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر كاریگه‌ری ئه‌وه‌ی دانا كه وڵاتانی بۆرژوازی په‌یماننامه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنان و مناڵان و په‌نابه‌ران و ئازادیه‌كان و… هتد بخه‌نه یاساكانیانه‌وه. به‌شێكی له ترسی ته‌شه‌نه‌كردنی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی بۆ وڵاته‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی وڵاته‌كه‌یانه‌وه، وه به‌شێكیشی تاكو به ڕتوشكردن و دانی هه‌ندێ مافی دیموكراتیك پێش به هه‌ر شۆڕش و هه‌ستانێكی جه‌ماوه‌ری بگرن. بۆیه كاریگه‌ری شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ك بومه‌له‌رزه‌یه‌ك بوو كه ژێر پێی سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌رزاند، گڕكانێك بوو كه سیستمی كاری به‌كرێ و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ی دا‌غ كرد. وه له‌و كاته‌وه و هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ كاریگه‌ری ئه‌م شۆڕشه به‌سه‌ر جیهانی سه‌رمایه‌داریه‌وه ماوه‌ته‌وه. كاراكته‌ری شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و لینین وره و تینی شۆڕشگێڕانه‌ی به ته‌واوی ئۆردووی برسیان و ژێرده‌ستانی سه‌رمایه‌داری دا و تارمایی ئه‌و كۆمۆنیزمه‌ی ماركس و ئه‌نگڵس له مانیفێستی حزبی كۆمۆنیستدا باسیان لێوه‌كرد بوو به واقع و شه‌پۆلی شۆرشی سوور و ده‌سه‌ڵاتی چینی كرێكار بووه مژده‌به‌خشی ڕزگاری.
به‌ڵام شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، شۆڕشی سۆشیالیستی چینی كرێكار هه‌رچه‌نده له باری سیاسیه‌وه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام به شكستكێشرا و نه‌یتوانی به‌رنامه‌یه‌كی ئابوری سۆشیالیستی پیاده بكات. من لێره‌دا نامه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌م باسه، واته شكستی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر باسێكی ئه‌وتۆ بكه‌م چونكه لانی كه‌م باسێكی پایه‌یی كۆمۆنیزمی كرێكاری و مه‌نسور حكمه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له زۆر به ڕۆشنی و له ڕوانگه‌ی ماركسیستیه‌وه لێكدانه‌وه‌ی بۆ كردووه. ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه جارێكی تر سه‌رنجی كرێكارانی كۆمۆنیست و سۆشیالیست و هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری بۆ خوێندنه‌وه‌ی باسی (هێڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕه‌خنه‌ی سۆشیالیستی له ئه‌زمونی شۆڕشی كرێكاری له سۆڤیه‌ت) ڕائه‌كێشم.
لێره‌دا به باشی ئهز‌انم به ئیزافه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له تیۆری و لێكدانه‌وه ماركسیستیانه‌یه‌ی مه‌نسور حكمه‌ت، به‌شێك له قسه‌ی كۆرشی موده‌ریسی له‌م په‌یوه‌نده بهێنمه‌وه:
’’هه‌ندێ ڕه‌خنه‌ی باو ئه‌وه‌یه كه گوایه چونكه سۆڤیه‌ت دیموكراسی نه‌بووه و ستالین خه‌ڵكی كوتشتووه، چونكه بیروكراسیه‌ت هاته‌سه‌ر حوكم، شكستی خوارد به‌ڵام ئه‌مه له ئاستی میتۆدۆلۆژیه‌وه هه‌ڵه و نازانستیه چونكه ئایدۆلۆژیه و له‌سه‌ری ئه‌خلاقه‌وه مامه‌ڵه‌ی ئه‌كات. به‌شێكی زۆر له‌چه‌په‌كانی ئه‌وروپاش وابیرئه‌كه‌نه‌و ه‌به‌وانه‌شه‌وه كه تروتسكیستن. ئه‌مه له‌لایه‌كی تریشه‌وه ماتریالیستی نییه چونكه وا بڕیاره‌سه‌رخانی كۆمه‌ڵگا ژێرخانی كۆمه‌ڵگا دییاریبكات. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێویستی به‌سه‌ركوت و ئیستبداد هه‌بێ مانای وایه ژێرخانه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی پێویسته. ناتوانی سۆشیالیزم به ئیستبداد بهێنه‌ته سه‌ر حوكم. سۆشیالیزم یانی ئازادی و خۆشبه‌ختی مرۆڤه‌كان، یانی ده‌خاڵه‌تیان له ژیان و چاره‌نوسی خۆیاندا، یانی به‌هره‌مه‌ند بوون له‌خۆشیه‌كانی كۆمه‌ڵگا.. ئیتر خۆ تۆ ناتوانی دژی ئه‌وه بهێنی. كه‌سێك كه بیه‌وێ دژی ئه‌وه‌بهێنێ واته ئه‌بێ شتێكی دژی ئه‌م جۆره ژیانه‌ش بهێنێ. ئه‌مه ئیتر باسی ماتریالیزمی مێژووییه…. هه‌ر ئه‌وه‌ی كه مه‌نسور حكه‌مت ئه‌یڵێ كه كۆمه‌ڵگای ڕووسیا بنه‌مایه‌كی سۆشیالیستی نه‌بوو، به‌رنامه‌ی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری و به پیشه‌سازی كردنی ڕوسیا بوو. ئه‌مه‌هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌وه‌وه نه‌بوو كه ستالین دیكتاتۆره و فڵان و فیسار به‌دئه‌خلاقن.. مه‌سه‌له‌یه‌كی جدی كه له به‌رامبه‌ر به چینی كرێكار و كۆمه‌ڵگادا وه‌ستابوو به‌رنامه‌ی سۆشیالیستی بوو به‌ڵام ئه‌و كاره نه‌كرا.. كه‌س ته‌سه‌وری نه‌ئه‌كرد كۆمه‌ڵگایه‌ك كه له‌سه‌دا ٩٠ ی جوتیار بوو به‌و خێراییه و له‌ماوه‌ی ٢٠ ساڵدا ئه‌و گه‌شه فراوانه‌ی ئابوری و پیشه‌سازی بكات و ته‌نانه‌ت موشه‌كیش دروست بكات. به‌ڵام ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به سۆشیالیزمه‌وه نه‌بوو. ئه‌یانتویست گه‌شه به سه‌رمایه بده‌ن، به‌رهه‌م زیاد بكه‌ن وڵات به‌ره‌وپێش به‌رن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ش بكه‌ن ئه‌بوایه كرێكار بچه‌وسێننه‌وه و وه‌ك كۆیله ڕایبگرن. خۆ تۆ ناتوانی له‌هه‌موو كاتێكدا كرێكار ناچار به هه‌موو كارێك بكه‌ی. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره بكه‌ن و وه‌ك كۆیله‌یان لێ بكه‌ن پێویستیان به ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتگه‌ر هه‌بوو. ئه‌بوایه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان سه‌ركوت بكه‌ن، ئه‌بوایه نه‌هێڵرێ كرێكار خۆی ڕێكبخا، حزبی ئۆپۆزسیۆن دروست بكا و له‌دژی ده‌سه‌ڵات ته‌بلیغ بكات.‘‘ (كۆرش، به‌شی سێ)
سه‌رئه‌نجام شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر مۆری خۆی له مێژووی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی داوه. چ به سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی و چ به دانی ئه‌و ئه‌زمون و وانه‌یه‌ی كه كاتێك له‌لایه‌نی سیاسیه‌وه شۆڕشی كرێكاران سه‌رئه‌گرێت، ئه‌بێ له‌لایه‌نی ئابوریشه‌وه سه‌ربگرێ و ئابوری سۆشیالیستی دابمه‌زرێ تاكو به‌ره‌و قۆناغی باڵا، واته كۆمۆنیزم كه تیایدا ده‌وڵه‌ت و چینه‌كانیش هه‌ڵئه‌وه‌شێننه‌وه بچێته پێشه‌وه. هه‌روه‌ك ماركس له تێبینی سه‌باره‌ت به كۆمۆنه‌ی پاریس و دواتر لینینیش سه‌باره‌ت به شۆڕشی ١٩٠٥ و شوباتی ١٩١٧ دا جه‌ختی لێكرده‌وه، مه‌نسور حكمه‌تیش به هه‌مان میتۆده‌وه له ڕه‌خنه له ئه‌زمونی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت پێداگری له‌سه‌ر كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه چینی كرێكار ناتوانێ ده‌ست به هه‌مان ماشێنی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازیه‌وه بگرێ، ماشێنێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای كاری به‌كرێ دامه‌زراوه. بگره ئه‌زمونێك كه بۆ پرۆلیتاریا هه‌یه ئه‌وه‌یه له قۆناغی سۆشیالیزم‌دا ده‌وڵه‌تێك دابمه‌زرێنێ تا وه‌ك ئامڕازێك زه‌مینه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كاری به‌كرێ به ته‌واوی مه‌یسه‌ر بكات.
ئێستا و دوای ١٠٠ ساڵ له ئه‌زمونی شۆرشی ئۆكتۆبه‌ری مه‌زن كه چ جیهان و چ ناوچه‌كه و كوردستانیش به هه‌لومه‌رجێكی ناله‌باری ئابوری و پڕ چه‌وسانه‌وه‌ی كاری به‌كرێدا تێئه‌په‌ڕێ، له هه‌ر كات زیاتر دنیا پێویستی به شۆڕشێكی تری پرۆلیتاری هه‌یه تا ته‌واوی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ڕزگار بكات. به‌ڵام ئه‌م كار و ئامانجه گه‌وره‌یه پێش هه‌ر شتێك پێویستی به بوونی ڕێكخستنی كۆمۆنیستی هه‌یه، به به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری چینایه‌تی و بوونی حزبی سیاسی پێشڕه‌و و ڕێنوێنیكه‌ر و ڕابه‌ریكه‌ر و ڕابه‌رێكی سه‌رسه‌خت و جه‌سوری وا هه‌یه كه باوه‌ڕی قوڵی به هاتنه‌دی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی پرۆلیتاریا هه‌بێ. له جه‌رگه‌ی دۆزه‌خێك كه بۆرژوازی سازی كردووه، بوونی چینێكی وا كه ئه‌و جۆره ڕێكخستن و حزب و ڕابه‌ره بهێنێته ده‌ره‌وه واقعیه‌تی هه‌یه. واقعیه‌تێك كه لای چینی چه‌وساوه مایه‌ی ئومێد و وزه‌به‌خشینه و بۆ چه‌وسێنه‌رانیش مۆته‌كه‌یه.
ئه‌م سه‌رچاوانه سوودیان لێ وه‌رگیراوه:
١. مه‌نسور حكمه‌ت، هێڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕه‌خنه‌ی سۆشیالیست له ئه‌زمونی شۆڕشی كرێكاری له سۆڤیه‌ت. له كتێبی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له نووسراوه‌كانی مه‌نسور حكمه‌ت، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی یه‌كه‌م ٢٠٠٨ (ل. ٤٠٥ بۆ ٤٥٨) كه له ئاماده‌كردنی سالار ڕه‌شیده.
٢. كۆرشی موده‌ریسی، مه‌نشه‌ڤیزم و به‌ڵشه‌ڤیزم و لینینیزم، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی شیكاری بۆ شۆڕشی ڕووسیا، له سێ به‌شدا كه له ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ دا پێشكه‌شكراون
http://www.koorosh-modaresi.com/Farsi/RR.html
٣. ماكسیم گۆركی، دایك. وه‌رگێڕانی كه‌ریمی حسامی، چاپی سێهه‌م، ٢٠٠٨.
٤. جۆن ڕید، ئه‌و ده ڕۆژه‌ی جیهانی له‌رزاند (به ئینگلیزی و سوود له ڤێرژنی سایتی ماركسیسه‌ته‌كان وه‌رگیراوه). https://www.marxists.org/…/1919/10days/10days/index.htm
٥. ڤلادیمیر لینین، تێزه‌كانی نیسان. ڤێرژنی ئینگلیزی له سایتی ماركسیسته‌كان https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1917/apr/04.htm
له یادی ١٠٠ ساڵه‌ی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا
دیسێمبه‌ری ٢٠١٧
تێبینی: هاوڕێیان، ئه‌م بابه‌ته جارێكی تر دائه‌گرمه‌وه كه له یادی ١٠٠ ساڵه‌ی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا نووسیبووم و له ژماره ٨ ی دیدگای سۆشیالیستیدا، له جاینوه‌ری ٢٠١٨ دا بڵاوبووبۆوه… به هیوای سوود بینین.