دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز توانا محەمەد نوری چالاکوانی سیاسی، سەبارەت بەهێرشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆسەر ئازادییەکان …

بۆپێشەوە: هێرشەکانی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی بۆسەر ئازادییەکان، چەندە پەیوەندی بەبەرین بوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە؟

توانا محەمەد نوری: سەرەتا سوپاستان ئەکەم بۆ ئەم دەرفەتە.

 بۆ ئەوەی لە هێرشی دەسەڵاتی پارتی بۆسەر ئازادی و ئازادیخوازان تێبگەین، ئەبێ کەمێک بگەڕێینەوە دواوە.  پێش هەموو شتێک ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر هەیە ئەویش پارتی هێزی باڵادەستە لە کوردستان و هێزە ڕکابەرەکانیشی تەنها بۆ دابەشکردنی سامان و داهات، دژایەتی پارتی ئەکەن. پێموایە دەستپێکی هێرشەکانی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی پێشتر و لەبانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٨، پارتی بە ئاشکرا باسی ‘کوردستانێکی بەهێزی’ ئەکرد و مەبەستی لەمەش، پەلاماری ئازادیخوازان و هێرشکردنە سەر ئازادییەکان بوو. لە لایەکی تریش وەڵامی پارتی بۆ ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە. ناڕەزایەتی نەک تەنها ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، بەڵکو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیشی گرتۆتەوە. هەموو ئاگادارین ماوەیەک لەمەوبەر خۆپیشاندان لە زاخۆ ئەنجامدرا و ئەمە بۆ پارتی جێگەی شۆک بوو. ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیش تا دێت فراوانتر ئەبێت و حکومەتەکەی پارتیش نەک ناتوانێ وەڵامی کێشە قوڵەکانی خەڵک بداتەوە و خەڵک ڕازی بکات، تەنانەت ناتوانێت هاوڕێکانی خۆی لە حکومەتی هەرێم ڕازی بکات. کەواتە ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵگە ڕەنگی داوەتەوە گەیشتۆتە نێو حکومەتەکەشیان. ناکۆکی نێو حکومەت و هەروەها نێوان ئەندامانی خێزانی کوردایەتی خۆی ئەنجامی قەیرانێکی ئابووری-سیاسی حکومەت و حیزبە کوردی و ئیسلامییەکان توشی بوون. هۆی بنەڕەتی ئەم قەیرانەش جگە لەوەی قەیرانێکە حکومەت و وڵاتانی دەروپشتیشی گرتۆتەوە، بەڵام ئەم قەیرانە لە عێراق و کوردستاندا زۆر قوڵترە، چونکە حکومەتی ناوەند و هەولێر خەریکی بەتاڵانبردنی سامان و داهاتی وڵاتن بە شێوەیەک کە ڕەنگە وێنەی نەبێ لە مێژوودا.

مەبەستی پارتی لە ‘کوردستانێکی بەهێز’ خزمەتگوزاری گشتی پلە یەک نەبوو کە تیایدا کارەبا، سوتەمەنی. غاز و ئاو ٢٤ سەعات بۆ هەموو ماڵێکی هەرێم بچێت، مەبەستیشی بەرزكردنەوەی ئاستی کەرتی تەندروستی و خوێندن لە فێرگە و زانكۆكان نەبوو، مەبەستیشی هێزێکی سەربازی پڕچەك بە چەکی نوێ و سەردەمییانە بۆ ڕێگریکردن لە لەشکرکێشی وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی ئارامی ناو هەرێم نەبوو، مەبەستیشی ئابورییەکی بەهێزیش نەبوو کە تیایدا هەلی کاری یەکسان و مافی کرێکار و فەرمانبەر دەستەبەر بکرێت و بە یاسا بیپارێزرێت، مەبەستیشی سەروەری یاسا نەبوو، مەبەستیشی زیادكردنی موچەی خانەنشینان بەپێی گرانی كاڵاو شمەك و ھەڵاوسانی ئابووری نەبوو، مەبەستیشی ئەوە نەبوو موچە بێ كەمكردن و لە كاتی خۆیدا بدرێت و بەرە بەرەش موچە پاشكەوتكراوەكانیش بدەنەوە بە موچەخۆرانی ھەرێم، مەبەستیشی بنبڕكردنی گەندەڵی و چاكسازی ڕیشەییش نەبوو، ھەروەھا مەبەستیشی گەڕاندنەوەی پارە و پولی دزراو بۆ خەزینەی حكومەت نەبوو؛ بەڵکو مەبەستی دامەزراندنی حکومەتێکی تاک حیزبی بوو بۆ ئەوەی پارتی و مەسرور بارزانی بێ لێپرسینەوە و بە ئارەزوی خۆیان هەژمونییان بەسەر دەڤەری سەوزیشا بسەپێنن کە تیایدا وەکو زۆنی زەرد سەرکوتی هەموو ناڕەزایەتییەک و پێشێلی مافی هاوڵاتیانی ھەردوو دەڤەرەکە بکەن.

مەسرور بارزانی لە ناو بینایەی پەرلەمان بە ئاشکرا وتی “بۆیە ڕێگە بە تاڵانی و گەندەڵی ئەدەین یا بنبڕی ناكەین بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دووبارە نەبێتەوە.” ئینجا وتیشی نێوان خراپ و خراپترین، خراپ ھەڵئەبژێرین. خراپ دزین و گەندەڵییە و خراپترینیش دوو ئیدارەییە!  ئەمەشی بە حوكمێکی ڕەشید وەسف کرد.

 بۆپێشەوە: بلۆکی باڵی ڕاستی بۆرژوازی هەموویان خەریکی هێرشن بۆ سەر ئازادی و ئازادییەکان، لە ژێر ناوی پاراستنی بەها نیشتیمانی و نەتەوەییی و دینی…تاد، چۆن دەڕواننە ئەو بەهایانە؟ مەبەست لەو بەهایانە چییە؟

توانا محەمەد نوری: هەڵبەتە کاتێک دەسەڵاتدارنی هەرێم ئەکەونە ژێر فشاری جیددی خەڵک، بیانوی پاراستنی بەها نیشتمانی و نەتەوەیی و دینییەکان ئەهێننە ئاراوە. پێموایە ئەم بەهایانە وەهم و خەیاڵاتن، هێزەکانی کوردایەتی و ئیسلامییەکان بۆ گێلکردنی خەڵک دروستیان کردوە. هەڵبەتە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ تەشهیر و ناوزڕاندنی کەس نیم، بەڵام مەبەستی سەرەکی لە پەنابردن بۆ ئەم جۆرە تاکتیکانە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی خەڵکە. لە ژیر ناوی پیرۆزی ئایینی و نەتەوەیی ئەیانەوێ هێرش بکەنە سەر ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵی خەڵک. هێزەکانی کوردایەتی بۆ هێشتنەوەی وەزعی مەوجود خۆیان هەموو بەهایەکی نیشتمانی پێشێل ئەکەن، بەڵام کاتێک خەڵک داوای مافی خۆی ئەکات یاخود خەبات بۆ باشترکردنی ژیانی خۆی ئەکات، بە هەموو شێوەیەک و بە بەهانەی شکاندن یا پێشێلکردنی بەهاکان هەوڵی بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان ئەدەن. بۆ نمونە خۆیان پێش لەشکری سوپای وڵاتانی دراوسێ ئەکەن کەچی خەڵک تۆمەتبار ئەکەن بەوەی بەهای نیشتمانی ئەشکێنن. خۆیان نیشتمانیان کردۆتە دۆزەخ بۆ خەڵکی کوردستان کەچی خەڵک تۆمەتبار ئەکەن بەوەی بەهای نەتەوەیی پێشێل ئەکەن.  پێموایە پەنابردن بۆ پاراستنی بەها نیشتمانی و نەتەوەیی  ئایینی مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە. هەمیشە ئەو بەهایانە وەکو مۆتەکەیەک هێڵراوەتەوە بەسەر سەری خەڵکەوە بۆ سستکردنی خەڵک.   

هەموو ئاگادارین ماوەیەک لەمەوبەر هەندێ پەرلەمانتاری یەکێتی و لەژێر فشاری خەڵک هەوڵێکیان بۆ دەرکردنی یاسایەک سەری نەگرت. دوای ئەمە هەندێك پەرلەمانتاری پارتیش هەوڵێکی تریاندا بۆ دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمان بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی بەرانبەر سیاسەتەکانی پارتی، بەڵام کەمپەینی خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆست توانیان فشار بکەن و هەوڵەکەی پارتی لە شوێنی خۆیدا بوەستێنن.

 بۆپێشەوە: هەموو حزبە سیاسییەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی لافی دیموکراتی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بەرگری لە ئازادی لێدەدەن، کەچی بەکردەوە پێچەوانەی ئەم بانگەشانە ڕەفتار دەکەن، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

توانا محەمەد نوری: کەسێکی ناوداری خێزانی کوردایەتی کاتی خۆی ئەیوت ‘کردار شەرتە’. منیش ئەڵێم کردار گرنگترە لە قسە. دیموکراسییەکەی کوردستان تەنها بۆ هێشتنەوەی خۆیانە لەسەر دەسەڵات. دزی کردن و تالانکردنی داهات و سامانی کوردستان، دوو حیزبی چەکداری زۆر دەوڵەمەندی دروستکردوە، ئینجا کاتی هەڵبژاردنەکان، بە هەموو شێوەیەک و لەڕێگای، درۆ، بەرتیل، ترساندن، هەڕەشە و تەزویر، دێنەوە سەر دەسەڵات.   ئەگەر ڕێز لە مافی مرۆڤ ئەگرن ئەی بۆچی خۆپیشاندەر ئەدەنە بەر شەق؟ بەرگری لە ئازادی ئەکەن، بەڵام لە هەولێر و دهۆک کەس ناتوانێ خۆپیشاندانێک ڕێک بخات. وەزعی سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی جیاوازە. جیاوازییەکەشی ئەوەیە یەکێتی لە نێوخۆیا و لەگەڵ ڕکابەرەکانیشیا ناتەبایە. لەناوخۆیا سەرقاڵی دابەشکردنی سامانن و نایانپەرژێتە سەر سەرکوتکردنی خەڵک ئەگەرچی درێغیشیان نەکردوە. لە کۆتاییا ئەڵێم حیزبەکانی کوردایەتی ناتوانن دیموکرات بن، چونکە پارێزگاری لە وەزعێک ئەکەن بە دیموکراسی بۆیان ناکرێ ئەوکارە بکەن. بەڵێ پەرلەمان و هەڵبژاردن هەیە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ گێلکردنی خەڵکە. پێش هەڵبژاردن بەڵێن ئەدەن و شتێک ئەڵێن و دوای ئەوە نە بەڵێن جێبەجێ ئەکەن و خەریکی شتێکی تر ئەبن.  

مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ پەرلەمان وتی “هەڵبژاردنێک کرا، خەڵک ئێمەی بینی و ئێوەشی بینی! دەنگی بە ئێمەداو و بە ئێوەی نەدا. کەواتە زۆرینەی خەڵک ئێمەی ویست و ئێوەی نەویست”.

بەڵام سەرۆکی لیستی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن وتی پاشەکەوتی موچە نامێنێت، بەڵام نەیووت موچە بە ٦٠ رۆژ بە لێبڕینەوە دابەش ئەکرێت. نەشی وت ٢٧ ملیار دۆلار قەرزەکە زیاد ئەکەین بۆ ٢٨ و نیو. نەشیووت لە ماوەی ساڵێکا ٣٠٥ چالاکوان دەستگیر ئەکەین و ئازادییەکان بەرتەسک ئەکەینەوە. نەشیووت وەکو بەعس هێزی چەکداری دەمامکار ئەنێرینە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و لەبەرچاوی هاوژین و منداڵیان دەستگیریان ئەکەین و بە بێ دادگاییکردن بە ئارەزووی خۆمان لە زیندان گلیان ئەدەینەوە، و ناڕەزایەتی خەڵکیش پشتگوێ ئەخەین. نەیوت مافی مرۆڤ پێشێل ئەکەین و ڕێگە بە خۆپیشاندانیش نادەین. نەشیوت بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە دەڤەری زەردی هەرێم زیاد ئەکرێ. هەروەها نەشیوت بەپێ لە ئۆفیسەکەی خۆمەوە بۆ پەرلەمان ئەچم و ئەشبێ فەرشی سوورم بۆ ڕابخرێ.

کاتی هەڵبژاردن، سەرۆکی لیستی پارتی، نەیووت ئەگەر بانگێشت بکرێم بۆ ناو بینایەی پەرلەمان، نابێ بوتڵی ئاو و چا و قاوەی تیا ببێت، نەوەک پەرلەمانتارێک توڕە ببێ و تێمبگرێت. نەشیوت من بەرپرس نیم بەرانبەر هەڵە و کەموکورتی حکومەتەکانی پێشوو. هەروەها نەشیوت بە حیمایەیەکی زۆرەوە تەنها بۆ سەعات و نیوێک بۆ سلێمانی ئەچم.

سەرۆکی لیستی پارتی وتی “بەرەو کوردستانێکی بەهێز” بەڵام نەیوت ئەمە لەسەر حیسابی لاوازکردن و پەرتەوازەکردنی خەڵکی کوردستان ئەنجام ئەدەین. نەشیوت خەڵک هەژارتر و خۆمان و هاوڕێکانمان لە حکومەتی هەرێم دەوڵەمەندتر ئەکەین. نەشیوت ئێمە و هاوپەیمانەکانمان لەسەر دزین و تاڵانکردنی داهات و سامانی کوردستان بەردەوام ئەبین. هەروەها نەشیوت کارەبا ئەدەین بە کەرتی تایبەت و تەندروستی و خوێندنی گشتیش تا بتوانین لاوازتری ئەکەین، و ڕێگا بۆ سەرمایەداران خۆش ئەکەین بۆ ئەوەی زانکۆ و فێرگە و خەستەخانەی تایبەت بکەنەوە.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چەپ وکۆمۆنیستەکان لە بەرگری لە ئازادی و ئازادییەکان چۆنە؟ تا چەندە توانیویانە ببنە بڵندگۆی بەرگری لە ئازادییەکان؟

توانا محەمەد نوری: کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە و دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان هەموو ڕێگایەک ئەگرنە بەر بۆ هێشتنەوەی نایەکسانی و نابەرابەری نێو کۆمەڵگە. بۆ هێشتنەوەی وەزعی مەوجود.  لەواقیعدا دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان تەنها یەک کاریان هەیە ئەویش وەزعی مەوجود ڕابگرن و هەر بۆ ئەمەش و بە تەوافقی هێزە ناوچەیی و ڕۆژئاواییەکان دەسەڵاتیان تەسلیمکردون. یەک ڕێگای پاراستنی وەزعی مەوجود هیڕشکردنە سەر ئازادی و ئازادییەکان؛ ئینجا لێرەوە ڕۆڵی خەڵکی چەپ و کۆمۆنیستەکان بەو ئیعتبارەی تەنها لایەنن باوەڕیان بە ئازادی بێ قەید و مەرجی سیاسی هەیە، دەست پێئەکات. هەر لە دەست بەکاربوونی حکومەتی کوردایەتی، کۆمۆنیست و چەپەکان و لە قۆناغی جیاوازدا توانیویانە، ئەگەرچی سنووردار بووە، خەباتی خۆیان ببنە پێشەوە و ببنە پێشەوای خەبات بۆ ئازادی ژنان و ئازادی ڕەخنەگرتن لە هەموو بیرورایەک بەبی ئەوەی ڕەخنەگر بکەوێتە بەر مەترسی و هەڕەشەکردن. هەڵبەتە ئەمە ڕێگایەکی درێژە و کۆمۆنیستەکان کەمیان ئەنجام داوە و زۆر ئیش ماوە بیکەن.  خەڵکی کوردستان ڕووبەڕوی دەسەڵاتێکی ستەمکار و زۆردار بونەتەوە. دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆیان ناکرێ کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکەن، چونکە ململانێ و کێشمەکێشی نێو خێزانی کوردایەتی و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر دابەشکردنی داهات و سامانی کوردستان ڕێگە بۆ ئەو کۆنترۆڵ کردنە خۆش ناکات، و خۆشیان ئەو توانایەیان نییە. بە دڵنیاییشەوە هەوڵیشیان داوە و سەردەشت عوسمان، ودات حسێن و کاوە گەرمیانییان کوشت؛ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک سەرکوت ئەکەن لە پێناوی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە. هەرچەندە پارتی لە قەلەمڕەوی خۆی ئەو کارەی تا ئاستێکی زۆر ئەنجامداوە. بێگومان ئارەزوو ئەکەن کۆمەڵگە بەرەو شمولییەت و تۆتالیتاریزم ببەن، بەڵام تواناییان نییە ئینجا ڕەخنەی هاوڵاتییەک بەکارئەهێنن بۆ ئەوەی ڕەخنەی هەمووان سنوردار بکەن و هەمووان بێدەنگ بکەن.

کاتێکیش، لە ئەنجامی تەوافوقی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، دەسەڵاتی کوردستانیان خستە ژێردەستی ئەم دوو حیزبە سیاسییە چەکدارەوە، تەنها بۆ ئەوە بوو کە وەزعی کوردستان ڕابگرن و ڕێگە لە شۆڕش و هەڵسانی جەماوەری بگرن.

درۆیەکی شاخدارە کاتێکیش ئەڵێن ئازادیمان ڕەخساندوە چونکە ئازادی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئازادیخوازەوە فەراهم دەبێت، و ئەم دوو حیزبە سیاسییە چەکدارە نە لە بەرنامەیان و نە لە کارنامەی سیاسیشیان ئازادیخواز نیین، ئیتر چۆن دەتوانن ئازادی بهێننە ئاراوە. کەسێک بڵێ ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەوانی و تەنانەت ئازادی تاکیش سنووری هەیە مانای ئەوەیە خۆی ستەمکار و ئازادیخواز نییە. دەسەڵاتی ئازادیخواز تەقە لە خۆپیشاندەران ناکات. دروشمی چوارساڵی ئارامی گۆڕان و کوردستانیکی ئارامی یەکێتی و حکومەتێکی بەهێزی پارتی هەرهەمووی هەوڵدانی جۆراجۆرە بۆ بەدەستهێنانی ئەو کۆنترۆڵکردنە.لە کۆتاییدا ئەڵێم کۆمۆنیستەکان و خەڵکی چەپ بۆیە پشتیوانی ئازادی و ئازادییەکان ئەکەن چونکە ئەیانەوێت لەم ڕێگایەوە خەڵک هانبدەن بێنە ناو کایەی سیاسی و خۆیان جڵەوی گۆڕین و باشترکردنی چۆنایەتی ژیانی خۆیان بەدەستەوە بگرن.

بۆپێشەوە: کەمپەینێک بۆ ئازادکردنی گیراوە سیاسیەکانی کوردستان دەستپێکراوە، ئەم کەمپەینە بە کوێ گەیشتووەو کارگەرییەکەی چۆن  دەبێت؟

 توانا محەمەد نوری: پێموایە کەمپەینەکە هەنگاوی باشی بڕیوە بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد و سەوز بۆئەوەی دەستبەسەر و دەستگیراوەکان ئازاد بکرێن. ئەگەرچی تا ئێستا دەسەڵاتداران هەوڵی خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆستی دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی پشتگوێ خستوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو هەوڵانە بوەستێنیرێت، بەڵکو ئەبێت درێژەی پێبدرێت هەتا مەبەستی کەمپەینەکە جێبەجێ ئەبێت. پەیوەندیکردن بە دەزگا ناودارەکانی ڕۆژئاوا، وەکو ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەندیکا و نیقابە کرێکارییەکان بۆ ئەوەی نامە بنووسن و تەناتە داوایان لێبکرێت لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێم کۆببنەوە بۆ ئەوەی بە ڕاستەوخۆ داوایان لێبکرێت پەیامیان بە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم بگەێنن بۆ ئازادکردنی دەستگیراوەکان و راگرتنی ڕەشبگیری لە کوردستان.  

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨٧ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *