خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەشمەینەت ڕەوایە! …

جارێکیتر ناوەندی شاری سلێمانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆوەگرت. جەماوەرێک کە لەتاو هەژاری و بێکاری و بێموچەیی و نەبونی خزمەتگوزاری و دەردوبەڵای کۆرۆنا و لە دژی ئەو جیاکاریە چینایەتی و ناعەدالەتیەی ساڵەهای ساڵە بەرەوڕویان بۆتەوە، ڕژانە نێو شەقامەوەو توڕەیی و نەفرەتیان بەڕووی دەسەڵاتداراندا، باراند.

دەسەڵادارانێک کە نەک هەر تۆڕی کۆمپانیاکانی نەوت و بازرگانیان بۆ یەک چرکە لەکۆکردنەوەی قازانج و سەرمایە ڕانەوەستاندوە و لەقاچاغچێتی و بەتاڵانبردنی داهاتی کۆمەڵگا، تێریان نەخواردووە، کەچی دەستیان گرتووە بەسەر موچەو کرێی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستا و خانەنشیناندا.. هەر بۆیە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەی جەماوەری بەشمەینەت ڕەواو بەرهەقەو هەرجۆرە هەوڵێکی دەسەڵات بۆسەرکوتکردنی ڕیسواو مەحکومە.

ئەگەرچی ناڕەزایەتیەکانی ئەم ڕۆژانە لەدژی نەدان و دواکەوتنی موچە کەوتۆتەڕێ، بەڵام مەسەلەیەکی سەرەکی کەخەڵكی برسیکراوی کوردستانی لەگەڵ خۆی بەرەوڕوو کردۆتەوە، سیستەم و دەسەڵاتێکە کەلەسەر بنەمای دابەشبوونی چینایەتی و راگرتنی هەژاری و بێکاری و ستەمو چەوسانەوەی زۆرینەی کۆمەڵگاوە دامەزراوە و لەهەوڵیشدایە ئاکامەکانی قەیرانێکی خنکێنەری ئابوری و پەتایەکی کوشندەی وەک کۆرۆنا، کەبەرۆکی بەکۆمەڵگا گرتووە، بەناوی چاکسازیەوە بەسەر سەری خەڵكی هەژاردا بشکێنێتەوە و لەم ڕێگایەشەوە لەو بنبەست و شکستەی تێی کەوتووە خۆی هەڵسێنێتەوە.

خەڵکی ناڕازی کوردستان ئەگەر بیانەوێت نانو موچەو بژێوی بەدەست بهێنن، ئەگەر بیانەوێت لەم برسێتی و هەژاری و بێکاری و جیاوازیە چینایەتیە نەجاتیان بێت، ئەوا دەبێت ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بەپەرلەمان و حکومەت و ئابوریەکەیەوە سەروژێر بکەنەوە. ئەوەشی کە باڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی نێو پەرلەمان و ئەحزابێکی وەک نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان و  ناڕازیەکانی نێو حزبی گۆڕان و یەکیەتی نیشتمانی و ئەندام پەرلەمانەکانیان، کە دەم لە ئۆپۆزسیۆن دەکوتن و بانگەشە بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداو بەستنەوەی داهات و موچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەبەغداوە وەک بەدیلێک بۆ دۆخی ئیستا دەکەن، گوایە لەم ڕێگایەوە کێشەی هەژاری و بێموچەیی و ئەو قەیرانەی بەرۆکی بەخەڵکی کوردستان گرتووە چارەسەردەکەن،  جگەلەوەی باز بەسەر هەقیقەتی چینایەتی و ئەزمونێکی شکستخواردووی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورددا دەدەن، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە کەئەم دەسەڵات و سیستەمە کە سێ دەیەیە ژیانی خەڵکی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەهاڕێت لەخەتەری ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئەوان ڕزگار بکەن و خۆیان جێگەو ڕێگەیەکی لەبارتر بەدەستبهێنن. لەکاتێکدا خەڵكی خرۆشاوی کورستان بڕیار نییە لەدژی کۆمپانیاکانی یەکیەتی و پارتی بێنەمەیدانەوەو دواتر ژیانی خۆیان تەسلیم بە پڕۆژەو کۆمپانیاکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامی بکەن.

ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری و توڕه‌یی ئەمجارەی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شی كوردستان ملیناوه‌ بە دۆخێکەوە کەئیتر ناتوانێ لەڕێگای چاکسازی و هەموو ئەو ڕێگایانەی کە حزبە رەنگاوڕەنگەکانی بۆرژوازی کورد دەیخەنەڕوو، مەسەلەی نان و کارو ئازادی چارەسەر بکات، هەربۆیە ژیله‌مۆی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ لەوشوێنەوە ئه‌گه‌شێته‌وه کە ئیلهام لەئاسۆ و ئامجی کۆمۆنیستەکان و شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی وەردەگرێ ‌.

دەبێت خەبات و تێکۆشانە جەماوەریەکان بەسەر کەموکوڕی و ناتەواویەکانی خۆیادا سەرکەوێت و ڕیزی سەربەخۆی ئەوان لە سیاسەتو شێوازەکانی هەموو ئەو حزبانە جیابکرێتەوە، کەخەڵک لەنێوان ڕێگاچارەکانی هەولێرو بەغدادا رادەگرن و هەمان سیستەمی دەسەڵاتدارێتی بەشێوازێکی تر بەرهەمدێننەوە. نابێ یاری بەخەبات و تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی بکرێت وئەوان بۆ شێواز و ڕەوشتێک ڕاکێشرێن کەنەک خۆیان بەدەسەڵات ناگەیەنێت، بەڵکو بەهانە دەداتە دەست دەسەڵاتدارانەوە بەسادەیی سەرکوتی بکات. کەواتە دەبێت لەئێستاوە ئەم ناڕەزایەتیانە ڕێچکە بەرەو زانکۆ و گەڕەگ و کارگەو ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و دامەزراوەکان بگرێت و بکرێنە مەیدانی سازدانی کۆبوونەوە گشتیەکان و لەوێش ڕاستەوخۆ نوینەران هەڵبژێرن و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی کاسەلێسی دەسەڵات وەلابنێن. دەبێت ئیرادەی راستەوخۆی جەماوەری  بەکردەوە دامەزرێنن و کۆنترۆڵی بەرهەمهینان و داهات بگرنە دەست و بڕیاری نوێنەرانی جەماوەر لەم ناوەندانەدا بۆ دابینکردنی موچە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەکردەوە نیشان بدەن. دەبێت دەسەڵاتدارێتی جەماوەری لەشوراو ئەنجومەنەکاندا شوێنی ئەم دەسەڵات و سیستەمە بگرێتەوە و نان و کارو خزمەتگوزاری بکەوێتە دەست جەماوەی بەشمەینەتەوە.  

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

٤ ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢٠‌‌

 

 

 

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *