خۆپیشاندەران چی بکەن؟ …

موحسن کەیم

سەروتاری ژمارە یەکی ئۆکتۆبەری لە ١٠ی دیسەمبەردا دەرچووە

جارێکی دیکە شەپۆلی خۆپیشاندان دژی هەژاری و بێکاری و برسێتی بەشێکی بەرچاوی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. بەشداری گەنجان و تازەلاوان لەناو خۆپیشاندانەکاندا بەرچاوە. ئەوان رۆڵەی ئەو خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتانەن کە باوک و دایکیان یان بێکارن یان لەلایەن حکومەتەوە دەست بەسەر موچەو قوتی ژیانیاندا گیراوە یان خۆیان بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکی ژیان و گوزەرانیان نیەو حکومەتیش بەرامبەر بە ژیانیان هیچ بەرپرسیارێتیەك نیشان نادات کە یان کارێکیان بۆ پەیدا بکات یانیش بیمەیەکی بێکاریان بداتێ وەکو ئەوەی لەزۆرێك لە وڵاتانی دنیادا هەیە.

دەسەڵاتدارانی ناوچەی سەوز کە ئێستا خۆپیشاندانەکان تێدا سەری هەڵداوە بەگازی فرمیسك رێژو بیبەرو بەفیشەکی زیندوو وەڵامیان داونەتەوەو تا ئیستا دوو خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوەو دەیانیش بریندار بوون و چەندین کەسیش دەستگیرکراون.

لەناوچەی زۆنی زەرد حکومەتی سەربازی ڕاگەیەنراوەو هەموو جۆرە کۆبونەوەیەك قەدەغەیەو سەرکوت دەکرێت! ئەم خۆپیشاندانە بەشێکە لەو ناڕەزایەتیە گشتیەی کەچەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەکو بایکۆتی دەوامی  فەرمانگە حکومیەکان دەستی پێکردو سەری کێشاوە بۆ ناو باقی توێژە ناڕازیەکان و بەتایبەتی گەنجانی بێکارو رۆڵەی خێزانە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان.

لە ساڵانی ڕابردووشدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری، مانگرتن و بایکۆتی دەوامی خوێندنگاو دامەزراوە حکومیەکان وەکو چەکێکی دەستی خەڵك دژی بڕینی موچەو پاشەکەوتی زۆرەملێیی مووچەو ستەم و زۆرداریەکانی حکومەت دژی خەڵکی هەژارو چەوساوە دەستی بۆ براوە.

ئەم ناڕەزیەتیانە هەندێجار توانیویەتی پاشەکشەیەکی بچووک و کاتی بە حکومەت بکات و بۆماوەیەك موچە دابەش بکات، بەڵام دوبارە حکومەتی هەرێم دەستی کردۆتەوە بە توندکردنەوەی فشارەکانی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەمجۆرە وەک دەورانێک دوبارە بۆتەوە.

ئەوەی وایکردووە کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان نەتوانن پاشەکشەیەکی جدی بەحکومەتی هەرێم بکەن و ناچاری بکەن موچەی کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران بدات؛ بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەژیانی هاوڵاتیانی بێکار نیشان بدات؛ کار یان بیمەی بێکاریان بداتێ و خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانی وەکو  تەندروستی و شارەوانی و ئاوو کارەبایان بەخۆڕایی یانیش بە نرخێکی ڕەمزی و بەشێوەی گونجاوو ڕێک وبۆ هاوڵاتیان دابین بکات ئەوەیە کە :

یەکەم؛ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان نەیتوانیووە لەچوارچێوەی ئاسۆی سیاسی هێزەکانی بۆرژوازی ئۆپۆزیسیۆن تێپەڕبکات.

دووەمیش ناڕەزایەتیەکان بێبەشن لەرێکخراوبوونێکی جەماوەری پتەوو بەردەوام لەگەڕەك یان لەناوەندی کارکردنی وەک فەرمانگەو دامەرزاوەکان لەچەشنی کۆبونەوەی گشتی، ئەنجومەن یان شورا.

سێهەم ؛ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بێبەش بوون لە ڕابەریەکی شۆڕشگێر .و ڕادیکاڵ کە بتوانێت لەهەموو هەنگاوەکان و ساتەکانی خەباتی جەماوەریدا ئاسۆی داهاتووی دیاری بکات…

ئەم کەموکوڕیانە بێجگە لەوەی فرسەت لەبەردەم سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکاندا کەم و بەرتەسك دەکاتەوە، دەشیخاتە بەردەم مەترسی سەرکوتکردنەوە، بەهۆی ئەوەی جۆرێك لە کارو چالاکی پێشوەخت بەسەر ئەم خۆپیشاندانەدا دەسەپێنرێت کە لەگەل ئاستی بزوتنەوەی جەماوەریدا ناسازگارە، بەڵام لەگەڵ بەرژەوەندی سیاسی هێزە بۆرژواییە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا دێتەوە کە دەیانەوێت خەبات و تێکۆشانی خەڵك دژی دەسەڵات لەچوارچێوەی هەڵبژاردن و دەنگداندا قەتیس بکەن تا بیکەنە بەردەباز بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی و مادی بۆ خۆیان.

بەڵام بۆئەوەی خەبات و قوربانی خەڵك بە هەدەر نەڕوات و ماف و خواستەکانیان بەدی بهێنن دەبێت

١ جەماوەری ناڕازی لەژێر کاریگەری سیاسی ئەو لایەنانە بێنە دەرەوەو بە خواست و دروشمی ڕۆشنی خۆیانەوە بێنە مەیدانی خەبات و تێکۆشانەوە کە لێرەدا هەندێک دروشمی سەرەکی دەخەینەڕوو.

_ دانی مووچەی مووچەخۆران بەشێوەی مانگانەو بەبێ لێبڕین و گێڕانەوەی موچە تاڵانکراوەکان.

_ دابینکردنی کار بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بێکارو ئامادەی کارن ژنن یاخود  پیاو لەلایەن حکومەتەوە یان دانی بیمەی بێکاری کە ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات.

– نابێت لانی زۆری موچە لە موچەی کرێکارێکی شارەزا زیاتر بێت. دەبێت هەموو ئیمتیازاتە سیاسی و داراییەکانی کاربەدەستانی حکومەت هەڵوەشێتەوە.

– گێڕانەوەی داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەو تەرخانکردنی بۆ دابینکردنی ژیان و خزمەتگوزاریە گشتیەکان خەڵك.

_ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان.

_ دابینکردنی ئاوو کارەبای بەردەوام و خۆڕایی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان.

_ بەڕەسمی ناسینی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و مانگرتن و خۆپیشاندان و رادەربڕین .

٢/ ئەزمونی تائێستا ئەوەی نیشان داوە کە ماف و ئازادیەکانی خەڵك لەچوارچێوەی هەڵبژاردن و دەنگدان و سیاسەتی حزب و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژواییەکاندا بەدی نایەت. خەڵك بەکردەوە دەیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەم حزبانەی کوردایەتی بهێنێت، بۆیە ئەبێت ئاسۆی خەباتی جەماوەری ناڕازی چوارچێوەی سیاسەتی ئەو لایەنانە تێپەڕ بکات و هەنگاو بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی خۆیان لە خوارەوە بۆ سەرەوە بنێن.

٣/ تێپەڕکردن لە ئاسۆی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەندە بەوەی کە هاوکات خەڵکی ناڕازی لەشێوازی کاری بۆرژوازی دووربکەونەوە. بۆ ئەمەش ئەبێت جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش  کە زۆربەی هاوڵاتیانی ناڕازی و بێبەشکراوی کوردستان پێکدەهێنن خۆیان لەرێکخراوەی جەماوەری خۆیاندا لەناو گەڕەك و فەرمانگەو دامەزراوە حکومیەکان و لە کارگەکاندا رێك بخەن.

کۆبونەوەی گشتی خۆیان بەرپا بکەن و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان لەو کەسانە هەڵبژێرن کە ڕابەرایەتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەوان دەکەن. بەرە بەرە هەنگاو بەرەو دروستکردنی ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکان و شوراکانی خۆیان بنێن. سەرەنجام ئەبێت ئیدارەی ناوەندەکان و فەرمانگەکان و گەڕەك و شار بکەوێتە دەستی خەڵکی نارازی و شۆڕشگێرەوە.

ئەنجام ئەنجامدانی ئەم کارەش لە هەنگاوی یەکەمدا ئەرکی ئێمە کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخواز و هەموو ئەو تێکۆشەرە شۆڕشگێڕانەیە کە ئەمانەوێت کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ئایندەیەکی خۆشگوزەران و یەکسان و ئازاد هەنگاو بنێت.

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *