هەواڵە کرێکاریەکان لەجیهاندا …

کوردستان: ٢٤/١١ مامۆستایەک لەقەزای بەردەڕەش بەهۆی تەزووی کارەباوە لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا، ئەومامۆستایە لەپێناو دابینکردنی ژیانی لەم هەلومەرجە سەختەی گرانی و بێ موچەیەدا ناچار بووە لەپاڵ مامۆستایەتیەکەیدا کرێکاریی بکات.

هەروەها لە ٢٥ /١١ لە کەرکوک واتە ڕۆژێک دوای گیان لەدەستدانی ئەو مامۆستایە بەهەمان شێوە لە کەرکوک لاوێکی تری ٢٠ سالە بەناوی فازیل کاکە وەیس لەکاتی کارکردندا دیسان بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا، شایەنی باسە قوربانیەکە قوتابی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی بوو بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی خۆی و خێزانەکە خەریکی کاری کرێکاری بوو.

هندستان

مانگرتنی سەراسەری کرێکاران لە هندستان

نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن کرێکار لەسەر بانگەوازی زیاتر لە دەیان ناوەندی یەکێتیە کرێکاری و سەندیکا کرێکاریە گەورەکان و سەدان لەڕێکخراوەکانی جوتیاران لەهندستان لە رۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەردا دەستیان دایە مانگرتن.

لەبەرانبەر هەلومەرجی سەرکوت و هەژاریدا، لەبەرامبەر بێکاری و کەمی کرێی و بەتایبەتکردنی کەرتەکاندا چینی کرێکاری هندستان لەسەر بانگەوازی حزبە چەپەکان و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیان دایە مانگرتن کە لەزۆربەی شارەکانی هندستاندا کاریگەری گەورەی لەسەر هەلومەرجی هاتووچۆو شوێنی کارو ڕاوەستانی هێڵەکانی هاتووچۆو دوکان و بازاڕو کارگەو کارخانەکان داناوە.

ڕابەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان قسەیان لەوە کردووە کە دەسەڵات مەسەلەی کۆڤید ١٩ دەکاتە بەهانەیەک بۆ سەرکوت و ڕێگەگرتن لەکۆبوونەوەو پۆلیس بەعەمەلی ئەم کارەی کردوەو ڕێگری کردووە  تاسەدان هەزار کرێکار هەوڵی ئەوەیان داوە بەرەو دەلهی پایتەخت بڕۆن لەرۆژەکانی ٢٦ و ٢٧ دا بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هێمنانە پەیوەست بن بەخۆپیشاندانەکەوە بۆ خواستە سەراسەریەکانیان.

جێگای باسە لەمانگی سێپتێمبەری ئەمساڵدا لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاریەکانی کانەکان دەستیان دایە مانگرتن کە ئەم یەکێتیە کرێکاریە نوێنەرایەتی ٥٠٠،٠٠٠ کرێکاری کانەکان دەکات. بەجیا لەوانە کە بەردەوام لەبەرامبەر هەلومەرجی ژیان و کاری کرێکاراندا لەبەشە جیاجیاکاندا ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرێت.

بەریتانیا- دەرکردنی کرێکاران لەبەریتانیا بەردەوامە.

‘دێبنهام” ١٢٠٠٠ دوانزە هەزار کرێکار بێکار دەکات

بازاری گەورەو بەناوبانگی ”دێبنهام” لەبەریتانیا کە لەساڵی ١٧٧٨ەوە دامەزراوە ئێستا مایە پوچ بووەو بڕیارە ١٢٠٠٠ کرێکار لەسەرکار دەربکات.

دێبینهام لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوو کە کۆمپانیای ئاکاردیا بە کڕینەوەی لەم قەیران و مایە پوچییە ڕزگاری بکات، بەلام لەهەمان کاتدا کۆمپانیای ئاکاردیاش مایە پوچ دەرچوو ئەمیش١٣،٠٠٠ کرێکار بێکار ئەکات.

شایەنی باسە گروپی کۆمپانیای فاشنی ئاکاردیا لەساڵی ٢٠٠٢ دا لەلایەن فیلیپ گرینی سەرمایەدارەوە بە ٨٥٠ ملیۆن پاوەند کڕدراوە کۆمپانیاکە پێکهاتووە لەگروپێک لەبازاری فاشنی جلوبەرگی ژنانەو پیاوانە لەوانە: تۆپ شۆپ، دۆرۆثی پێرکن، مس سێڵفرج، وێڵس، ئیڤانس، بێرتن و ئاوتف.

 

وەختێک وتوێژ لەگەڵ فلیب گرینی سەرمایەداردا کرا لەیەختە ١٠٠ ملیۆن پاوەنیەکەیدا لەمۆناکۆی فەرەنسا دەربارەی بێکارکردنی کرێکارەکان؛ ڕیشەی کێشەکەی گەڕاندەوە بۆ پەتای کۆرۆنا.

 

شایەنی باسە بەقووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری لەساڵی ٢٠٠٨وەو بێدەربەستی ئەمساڵ لەکۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆناش شەپۆلی بێکاری لەبەریتانیا لەبەردەوامیدایە.

 

دیسان  بێکارکردنی کرێکاران لەبەریتانیا بەڕێژەیەکی فراوان 

تەنها لە مانگی حوزەیران بۆ سپتمبەر ١.٦٢ ملیۆن کرێکار بێکارکراون لە بەریتانیا

فەرمانگەی سەرژمێری نیشتمانی لەبەریتانیا ڕایگەیاند کە ١٠٤،٠٠٠ هێزی کار لەمانگی ٦ بۆ٩ لە لەندەن لەسەر کاردەرکراون کە دەکاتە زۆرترین ڕێژە لەبەراورد بە شارەکانیتر لەبەریتانیا.

بە پێێ فەرمانگەی سەرژمێری هۆکاری سەرەکی ئەم بێکارکردنە دەگەڕێتەوە بۆ پەتای کۆرۆناڤایرۆس ولەندەنی پایتەختیش زیاتر لەهەر شوێنێکی تر زەرەروزیانی پێگەیشتووە بەهۆی کاریگەری ”لۆک داون” یان سەپاندنی ڕێکاری توندوتۆڵ و داخستن و وەستانی خزمەتگوزاریە تۆریستی و بازاڕو شوێنەکانی حەوانەوە.

بەم پێیە ڕێژەی بێکاری لەشاری لەندەندا کە پایتەختی بریتانیایە بەرێژەیەکی زۆر بەرزبۆتەوە تەنها لەمانگی حوزەیران بۆ سەپتێمبەر %٤،٨ بۆ %٦. بەڵام ڕێژەی سەرتاسەری بێکاری بەتێکرا لەبەریتانیا لەسەدا ٤.٨ کە بەلەسەدا ٠.٧ زیادیکردوە.

دیسان بەریتانیاو بێکاری

بێکاری لە بەریتانیا بۆ کەسانی سەروو ٥٠ساڵ بەڕێژەی یەک لەسەر سێ بەرزدەبێتەوە.

لەئێستادا ٩١،٠٠٠ بێکاری زیاتر هەیە کە لەتەمەنی سەروو ٥٠ سالەوەن بە بەراورد بە ١٢ مانگی رابردوو.

بەپێی فەرمانگەی ئاماری سەراسەری لەبەریتانیا ژمارەی ئەوکەسانەی کە بێکارکراون لە ١٢ مانگی رابردوودا و  تەمەنیان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵەوەیە ١٠٤٠٠٠ سەدو چوار هەزار کەسە واتە بەڕێژەی لەسەدا ٢٥ زیادیکردوە لەبەراورد بەساڵی رابردوودا.

ئەوکەسانەی کە تەمەنیان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٤ ساڵدایە ٧٤٠٠٠ زیاترە لەساڵی رابردوو واتە بە رێژەی لەسەدا ٢٨ چۆتە سەرەوە.  هەروەها بۆ ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٩ ساڵدایە ٥١٠٠٠ کەس زیاتر بێکار کراون واتە بەرێژەی لەسەدا ١٩ زیادیکردوە بە بەراورد بە یەک ساڵی رابردوو.

هەروەها ”مەڵبەندی بەساڵاچووی باشترو پەیمانگەی فێربوون و کارکردن” پێشبینی ئەوە دەکەن کە  ٣٣٧٠٠٠ کرێکاری بەتەمەنی تر دەچنەڕیزی بێکارانەوە لە یەک ساڵی داهاتوودا.

بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی بێکاران لەبەریتانیا ڕوو لەهەڵکشانە بەتایبەت  بۆ کەسانێک ڕێژەکەی زۆر زیاترە کە تەمەنیان لەسەرووی ٥٠ ساڵەوەیە.

ئێران:

سەرەتای ئەم مانگە کرێکارێک کە خەڵکی کامیارانی کوردستانی ئیران بوو بەهۆی تەزوی کارەباوە لەشارۆچکەی تەوێڵەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا. ئەو کرێکارە کەتەمەنی ٥١ ساڵ بوو بەمەبەستی دابینکردنی ژیان و گوزەرانی بۆ کارکردن ڕوی لەکوردستانی عێراق کردبوو.

هەموو ئەمانە قوربانی نائەمنی شوێنی کارو نەبوونی پێداویستیەکانی کارکردنن، کە خاوەنکارو کۆمپانیاکان لێی بەرپرسیارن، دەسەڵاتی سیاسیش کە دەسەڵاتی پارێزەری سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکانە ئەو هەموو مەرگە ڕایان ناچڵەکێنێت و باکیان بەقوربانیانی شوێنی کار نیە کەساڵانە بەسەدان کرێکار بەهۆی نائەمنی شوێنی کارو نەبوونی پیداویستیەکانی شوێنی کارەوە گیان لەدەست دەدەن یان توشی کەم ئەندامی و نەخۆشی درێژ خایەن دەبن.

عێراق

خۆپیشاندان لەشاری ناسرییە دەستی پێکردەوە 

برسیتی و بێکاری، گرانی و دزی و ڕاوروتی ئاشکرا،  نەپرسینەوە لەبکوژی خۆپیشاندەرانی ساڵی رابردوو جارێکیتر بەشێک لەجەماوەری ناڕازی لەشارەکانی عێرقدا ناچار کردەوە بەدژی ئەم هەلومەرجە بێنەوە سەرشەقامەکان و دەست ببەنەوە بۆ خۆپیشاندان و نارەزایەتی.

شاری ناسریە یەکێکە لەو شارانەی کە جارێکیتر جەماوەری تورە لەدەسەڵات و دەسەڵاتی میلیشیایی لەپێناو خواستە رەواکانیاندا دەستیان داوەتەو خۆپیشاندان و رەوتی کۆنەپەرستی سەدریش وەکو هەمیشە هەندیکجار لەرێگای خۆهەڵواسین بەخواستی خۆپیشاندەرانەوەو هەندێک جاریش لەرێگای هێرشی بەڵتەجیەکانیەوە دەیانەوێت خۆپیشاندەکان بەلارێدا بەرن یان سەرکوت بکەن.  لەهەردوو حاڵەتەکەدا رەوتی سەدر لەپاڵ دەسەڵاتی سیاسییدا بەردەوامە لەوەستانەوە بەرووی خۆپیشاندەران و خواستەکانیاندا.

لەهیرشی ئەمجارەی پیاوانی رەوتی سەدردا بۆ سەر چادرەکانی خۆپیشاندەران بەدەیان خۆپیشاندەر کوژراون و بەسەدانیش بریندار بوون.

یۆنان

لەبەرامبەر کەمتەرخەمی حکومەتی یۆنانیدا لەئێستای کۆڤید ١٩ دا بۆ سەلامەتی کرێکاران و کارمەندانی ئەو وڵاتە لەشوێنەکانی کارکردندا، لەرۆژەکانی ٢٤ی نۆڤەمبەرەوە دەستدراوەتە ناڕەزایەتیەکی فراوان بەبەشداری کرێکاران و کارمەندان و لاوان و بەشێک لەرۆژنامەنوسان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەزۆرێک لەشوێنەکانی کارکردن کار بوەستێنرێت و خواستی وەڵامدانەوەی دەسەڵاتیان هەبوو بۆ ئەوەی سەلامەتی شوێنی کاریان لەپەتای کۆرۆنا پارێزراو بێت و دەسەڵات بێدەربەست نەبێت لەبەرامبەر بە ژیانیاندا.

 

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *