لێدوان و تۆمەتە پوچەکان! …

عەبدوڵا مەحمود

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەدا، چەندین لێدوان لەلایەن بەرپرسانی دەسەڵاتی حزبی و کرێگرتەکانیان دراون کە بەڕاستی هەر شایستەی ئەو دەسەڵاتەن.

دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە، دەستی دەرەکی لە پشتە. دەڵێن دەستی ڕەشی ئەم لاو لا هاتۆتە ناو خۆپیشاندەران، دەڵێن پەکەکەو ئێران و حەشدی شەعبی هانیان داون. دەلێن ئەوانەی خۆپێشاندان دەکەن، خەڵکی دەرەوەی کوردستانن. دەڵێن خۆپیشاندان لە دژی قەوارەی هەرێمە. دەڵێن ئیمەش لەگەڵ خۆپیشاندانین و لە بەرەی گەلین….تاد.

دیارە لە هەلومەرجی سیاسی کوردستاندا، هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی جەماوەری ڕووبدات، هەرچی حزب و لایەنی سیاسی و دەوڵەت و دەزگاکانیان هەیە لە ناوچەکە هەوڵی بەشداری و دەستێوەردان دەکەن. لەوەش زیاتر هەوڵ دەدەن ئەجندا و تەماحی سیاسی خۆیان بەسەر ویست و داخوازییەکانی جەماوەریدا بسەپێنن، ئەوەش کە وای کردووە ئاوا دەرگا بۆ دەستێوەردان لە هەرێمی کوردستاندا ئاوەڵابێت، بە دەستوەردان لە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرهەقی جەماوەریش، دەسەڵاتی نۆکەر پیشەی تاڵانچی و مافیایی هەرێمە.

دەڵین دەستی دەرەکی لە پشت توڕەیی و خۆپیشاندانی جەماوەرییە، تا لەژێر ناوی بڕینی دەستی دەرەکیدا، دەستە ماندووەکان و بەرهەمهێنەرەکان و دەستی کریکاران و کارمەندان و ئازادیخوازانی ناوخۆ، ببەستن و لەڕیگای سەرکوت و داپڵۆسینەوە، رەوایەتی بە بێدەنگکردنی بدەن و خەڵتانی خوێن و سەرکوتی بکەن. لە کاتێکدا، هەموو کەسێکی ویژدان زیندو دەزانێت، خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری کوردستان، ریشەی لە بێدادی ئابوری، لە نەبوونی موچەو دواخستنی و برسێتی و گرانی و دزی و تاڵانی و سەرکوتگەری دەسەڵاتدایە. خەڵکی هوشیاری کوردستان دەزانن ئەوە حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی و بەتایبەتیش حزبەکانی دەسەڵاتن، کە هیچ دەستێکی دەرەکی نییە پەلکێشی سەر خەڵکی کوردستانیان نەکردبێت، خزمەتکاری بۆیان نەبووبێە پیشەیان و پێش لەشکریان بۆ نەکردبن. رێگەی ئازادانەی تەراتێنی سوپاو دەزگا جاسوسیەکانیان نەدابێت و دەستیان بۆ کوشتن و رفاندنی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان ئاوەڵا نەکردبێت، وە رێگەی کردنەوەی دەیان بنکەو بارەگای ئاشکرا و نهینیان بۆ کردونەتەوە.  باسی ئێران دەکەن، مەگەر ئەو زۆنەی ئێستا خۆپێشاندانی جەماوەری تیادا دەکرێت، زۆنی سەوز نەک دەستێوەردانی ئیران لەباری سیاسییەوە، بەڵکو دەستێوەردان لەتەلاری ڕێکخراوەیی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانیدا، واقعیەتێکی حاشاهەڵنەگر نییە… دەستێوردانی ئێران هێندە رۆشنە کە کاریگەری سەرەکی لەسەر بڕیاری سیاسی ئەو حزبانەدا هەیە. ئەگەر بڕیار بێت ئیران دەستێوەردانێک لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا بکات، چاوساغەکەی دەسەڵاتی زۆنی سەوزە، نەک جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەران. خۆ ئەگەر لە زۆنی زەردیشدا دەست تێوەردانی دەرەکی بکرێت کە زۆرتر زۆن و ژینگەی دەست تێوەردانی تورکیایە، ئەوا پارتی چاوساغی بۆ دەکات، نەک موچەخۆران و خەڵکی برسیکراوو تێکۆشەر. رێکان بارزانی دەڵێت: دەستی رەشی ئەم لاوئەو لا هاتۆتە ناوخۆپیشاندەران، دەبێت بپرسین ئەو دەستە دەرەکیانە کێن و کێن ئەوانەی نزیک بە ٣٠ ساڵە ئەو دەستانە پیرۆز دەکەن و ژینگەیان بۆ ساز دەکەن؟

دەڵێن ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن، لەدەرەوەی کوردستان هاتوون! عەجایەب، لەسەدان زیندانی و سەدان بریندار و هەشت قوربانی کە بەرهەمی توندوتیژی دەسەڵاتن، سەدان ڕاوەدوونراو هەموویان خەڵکی کوردستان و شاروشارۆچکەکانن و هەمووشیان تازە لاوی برسی و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و بێکارن… سەر بە ئوردی بێبەشان و برسیەکانن، بۆیە ئەم تۆمەتانە، زۆر لەوە پوچترن بتوانێت کەس فریوبدات…

دەڵێن حەشدی شەعبی لەپشتی خۆپیشاندەرانن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە، هەموو هەوڵی ئەوەیە لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە ڕێک بکەوێت کە حەشدی شەعبیان سازداوە، وە ئەوە حزبەکانی دەسەڵاتن هەمیشە داوای هاوکاری و هەم ئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی وەکو هیزێکی تایفی و کۆنەپەرست و دژە ئازادی دەکەن… حەشدی شەعبی لە چاوی خەڵکی کوردستان و هەر هێز و لایەنێکی ئازادیخوازەوە، هێزێکی میلیشاییە بێزراوە، وەکو هەموو هیزە میلیشیاییەکانی تر کە خزمەتکاری پاراستنی دزو تاڵانی ومانەوەی دەسەڵاتن… بەو تۆمەتانە توڕەیی جەماوەری زیاتر دەکەن.

دەڵێن خۆپیشاندان لەدژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە… بیگومان قەوارەی هەریمی کوردستان وەکو ئەزموون دەسەڵاتی سیاسی، قابیلی راماڵین و داروخاندنەو هیچ پیرۆزییەکی نییە، ئەزموون و قەوارەیەک، نان  و موچە و ئازادی و ماف و ئازادی و شکۆی ئینسانی تیا نەبێت، دەبێت هەرچی زووە رابماڵرێت… بەڵام هەرێمی کوردستان وەکو جغرافیایەک و شوێنی ژیانی واقعی هاوڵاتیان، خاوەنەکەی جەماوەری بەرهەمهێن و چینی کریکار و زەحمەتکێشەکانن، نەک تاڵانچیان و سەرمایەدار و بازرگانەکان. ئەوەی تا ئێستاش ئەو جغرافیایەی هێشتۆتەوە، هەر هاوڵاتیانی تەسلیم نەبوو بەدەسەڵاتی ڕەشی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حکومەتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکەن… ئەوەی بەکردەوە تاڵانی داهاتەکەی دەکات، هەرزان فرۆشی سامانەکەی دەکات،  خوێنی هاوڵاتیانی دەمژێ یان دەڕێژێ، نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکەی کردۆتە پیشە، پایماڵی ئازادی و مافەکانی ئینسان دەکات، دەسەڵاتی سیاسییەو هەر ئەویش دژی قەوارەی جغرافیایی هەرێمە. بۆ پاراستنی ئەو هەرێمە و شکۆی هاوڵاتیانی دەبێ دەسەڵاتی سیاسی ئێستا لە ڕەگەوە دەربکێشرێت و سیستەم و ئەزمونێکی نوێ لەلایەن خاوەنانی ئەسڵی کۆمەڵگە، چینی کریکار و بێبەشان و ئازادیخوازانیەوە جێگەی بگرێتەوە.

مەسرور بارزانی دەڵێت ئیمە لەگەڵ داخوازی خۆپێشاندەرانین و لەبەرەی گەلین… کەواتە دەبێت بپرسین ئەگەر وایە کێ دەستی گرتوون وەڵام بەداخوازییە ڕەواکانی جەماوەری برسیکراوی کوردستان بدەنەوە، کێ دەستی گرتوون خزمەتگوازرییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان زامن بکەن؟ کێ هانی داون شارو شارۆچکەکان لەبەرامبەر خەڵکیدا میلیتاریزە بکەن و هەڵسوڕاوان و بەشداربووانی خۆپێشاندەران دەستگیر بکەن و لە کونجی زیندانیەکانیان توند بکەن… “برا گەورە” کوا ئەو هەموو بەڵێنانەی لە پیکهێنانی کابینەی نۆهەمدا راتگەیاندن؟ بۆچی دەیان زیندانی سیاسی تەنها بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان یان پشتگیریان لە خۆپیشاندانەکانی هەولێر و بادینان زیاتر لە ٣ مانگە لەزیندان راگیراون؟ ئەزبەنی ئێوە لەبەرەی گەل نین، ئیوە تێر و گەل برسی، ئێوە ڕۆژ بەرۆژ ژیان لە هاوڵاتیان و گەل تاڵتر دەکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ سەرکوت و ترساندن زۆرتر دەکەن، رۆژ بەرۆژ مافە زۆر سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان و ئازادییەکان، لەوانەش ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندانەکان دڵرەقانەتر سەرکوت دەکەن، ئێوە لە شوێنیک و لە کەشێکی تایبەت و بەو پەڕی تەسەل و خۆشگوزەرانییەوە دەژین، جەماوەر و گەلیش، مەمرەو مەژی ژیان دەکەن. هەر ئەو جیاوازییە چینایەتیە قوڵەشە لە نێوان ئێوەی کەمایەتی خاوەن هەموو سەروەت و سامانێک و زوربەی هەرەزۆری جەماوەری برسی و نەداردا، ڕیشەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیش لەو نابەرابەرییە چینایەتیەدایە…

جەماوەری ئازادیخوازو ڕابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان دەزانن ئەو تۆمەتانەی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان بۆیان دەهۆننەوە، تەنها بۆ ئەوەیە ڕەوایەتی بە سەرکوت و توندوتیژییە هەوسار پچڕاوەکانیان بدەن… بەڵام سەرکوت و داپڵۆسین بەشوێنێک ناگات و توڕەیی جەماوەری لەدەسەڵات و کارنامەکەی زیاتر دەکات.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *