پێتان وا نەبێت بە کوشتن و زیندانی کردن ئەم ئاگرە ئەکوژێتەوە! …

سەردار عەبدوڵا حەمە

سەرانی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی لە ماوەی سی ساڵی تەمەنیان ساڵ نەبووە ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان و خۆپيشاندەرانیان نەکوشتبێ یا زیندانیان نەکردبێت. بەڵام ئایا توانیویانە ئاگری توڕەیی و ناڕەزایتیەکان بە دژی سیستەمە نا عادلەکەیان خامۆش بکەن؟ ئەگەر بۆ ماوەیەکیش ئەو ئاگرەیان کز کردبێت بەڵام دواتر وەک بورکان لەسەرشەقامەکان سەری هەڵداوەتەوە. هیچ ڕژێمێک و دەسەڵاتێکی ستەمگەر نەیتوانیوە بە کوشتن و زیندانیکردن بەر بە بورکانی ڕق و تووڕەیی خەڵک بگرێت. خەڵک بە شۆڕش و ڕاپەڕینی خۆی لە ناوی بردووە، ئەوەشی توانیویەتی تەمەنێکی زیاتری هەبێت پێی وا نەبێت تا ئەزەل بێ هەر لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە. خەڵک هەوڵ دەدا باشتر بێتە مەیدان و ڕێگای باشتر پەیدا بکات بۆ ڕاماڵین و ڕووخانی دەسەڵاتی ستەمگەرو سەرکوتگەرەکەیان. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارو شارۆچکەکانی ناوچەی زۆنی سەوز و نیللیدا ڕووی دا وئەوەی لە چەند مانگی پێشوو لە ناوچەی زۆنی زەرد ڕووی دا، بێ بەزەییانە خەڵک لەسەر مافی ئینسانی خۆی خەڵتانی خۆێن کرا یان بەرەو زیندانەکان ڕاپێچ کراون، بەدرێژایی تەمەنی ئەم حیزبانەی کوردایەتی ئەمە هەر ڕووی داوە وە پێشتریش لە سەردەمی بەعسی فاشیدا ڕووی داوە. بەڵام نەتوانراوە ئەم بۆرکانی ڕق وقینەی خەڵک بە دژی ناعەدالەتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خامۆش بکات. دووبارە و چەند بارە خەڵک دەستیان بردوەتەوە بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕین. تا ئەم بارودۆخە نالەبارە هەبێت تا ناعەدالاتی هەبێت تا برسی کردن و بێکارکردن و هەژارکردنی خەڵک هەبێت، تا سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی ئازادی هەبێت هیچ هێزێک ناتوانێت خەڵک سارد بکاتەوە وخامۆشی بکات. بەڵام بۆچی نەتوانراوە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە کۆتایی بەم دەسەڵاتە دژی ئینسانیە بێنێ؟ ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بە رێکخراوی و بەسەربەخۆیی نەهاتوەتە مەیدان، خەڵک بۆخۆی هێشتا نەیتوانیوە خۆی جیا بکاتەوە لە حیزبەکانی دەسەڵات و ئەو حیزبانەی کە بە سوار بوونی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک سەهمیان بۆ خۆیان لە دەسەڵاتی دزو مافیا دا بەدەست هێناوە یاخود هێشتا بەدەستیان نەهێناوە. خەڵک دەبێت لەوانە خۆی جیا بکاتەوە، بەڕێکخراوی خۆیەوە بێتە مەیدان، بەبێ ئەمە دیسان بەری ڕەنج و خەباتیان بە فیڕۆ دەڕوات. ئەوە دەزانم حیزبەکانی دەسەڵات بە بن دیوارو بڕینەوەی چەند مووچەیەک بۆ دارودەستەکانیان و ماستاوچیەکان ڕێگر بوون لە بەردەم خەڵکدا، بەڵام باشترە ئەوانیش بانگەواز بکرێن بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزی سەربەخۆی خەڵک وە پێیان ڕابگەیەنرێ ئەگەر خەڵک دەسەڵاتی هەبێت، سامانی کۆمەڵگە ئەوەندە زۆرە بەیەکسانی دابەشی دەکا ژیانی ئەوانیش باشتر دەکات و زۆر زیاتر لەو مووچە بندیواریەیان بە نسیب دەبێت جگە لەوە ژیانێکی شەرافەت مەندانەیان دەست دەکەوێت.

 کەوایە ئەگەر کلیلی ڕزگار بوون، ڕێکخراوی سەربەخۆی خەڵک بێت با هەر لە ئێستاوە دەست بکەین بە دروستکردنی، زۆر ئاسان دەتوانین لە گەڕەک و کارگەو ئیدارەکان کۆبوونەوەی گشتی ڕابگەیەنین بە ناوی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە بەشێوەکی زۆر دیموکراسیانە ڕێگا بدرێت خەڵک قسەی خۆی بکات و ئینجا نوێنەرانێک هەڵبژێرن بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان و بڕیار دان لەسەر ئەوەی چی دەبێت بکرێت و چی ئیمکانی هەیە بۆ سەندنەوەی مافەکان. دەکرێت بە دەنگدانی کۆبوونەوە گشتیەکانی گەڕەک و شوێنی کار ڕێکخراوی سەربەخۆی خەڵک دامەزرێت و ناوێکیشی لێ بنێن دەکرێت ناوی بنێن شورا یا ئەنجومەن یا کۆمیتە شۆڕشگێرەکان یا کۆمەڵە هەرەوەزیەکان. بەبێ ئەم کارە کە دەبێت بیکەین، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانمان ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت و ڕەنج بە فيڕۆ ئەبین هەر قوربانی ئەدەین و ئەمانکوژن و زیندانیمان ئەکەن وبارودۆخی ناعەدالەتی و هەژاری و دزی وگەندەڵی دەسەڵاتدارانیش بەردەوام دەبێت. بە ئومێدی دەست بەکاربوونمان بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆمان بەبێ لە بەرچاوگرتنی ئایین و عەقیدەو بیروباوەڕ بەبێ لەبەرچاو گرتنی ژن بوون یان پیاوبوون، با تەنها لە دەوری ئامانجی بەدی هێنانی دونیایەکی باشتر و ژیانێکی باشتر ناڕەزایەتیەکانمان بەرەو سەرکەوتن ببەین.

٧/١٢/٢٠٢٠

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *