وتەی عامر سابیر لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە سیدنی …

لە 15/12/2020

ئامادەبووانی بەڕێز،

ئازادیخوازان و ئینسان دۆستانی نێو ڕەوەندی کوردی لە سیدنی،

سەرەتا بە ناوی کۆمیتەی بەرگری لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە سیدنی ئوسترالیا، بەخێرهاتنی گەرمتان ئەکەین بۆ بەشداریتان لەم ناڕەزایەتییەی ئەمڕۆ لێرە لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە.

ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ دوو مەبەست؛

یەکەم:

بۆ دەربڕینی هاوپشتییە لە گەڵ خەڵکی کوردستاندا. بۆ پشتیوانیکردنە لە چینی کرێکاری کوردستان. بۆ پشتیوانیکردنە لە داوا بەرحەقەکانی  خەڵکی کوردستان، کە نەمانی ئەم دەسەڵاتەیە بە خۆیان و کۆمپانیاکانیان و ئەو سیستەمە ئیقتیسادییەی کە سەپاندوویانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

ئێمە لێرەین بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردستان. بۆ پشتیوانی لە خانە نشینان و بەساڵاچوانی کوردستان. لێرەین بۆ پشتیوانی لە ژنان و مناڵانی کوردستان. لێرەین بۆ هاوپشتی لە گەڵ ئەو گەنجە دڵ پڕ لە هیوایانەی کە لە سایەی ئەم تاوانبارانەدا گیرفان بەتاڵ کراون.

لێرەین تا بە خەڵکی کوردستان بڵێین کە خواست و داواکارییەکانی ئێوە بەرحەقە. کە خۆپیشاندانی ئێوە بەرحەقە.

کە ناڕەزایەتییەکانی ئێوە بەرحەقە. کە نەفرەتی ئێوە لەمانە و هەموو پیرۆزییەکانیان بەرحەقە، کە خواستی ئێوە بۆ ڕوخان و نەمانی ئەمانە بەرحەقە.

ئێمە لە ئوسترالیا لە هەوڵداین کە دەنگی ناڕەزایەتی ئێوە و دڕندەیی دەسەڵاتداران  بگەیەنین بە ناوەندەکانی بڕیار لە ئوسترالیا، بگەیەنین بە ئەندامانی پەرلەمانی ئوسترالیا، بگەیەنین بە حیزبە جیاجیاکانی ئوسترالیا، بگەیەنین بە نەقابە کرێکارییەکانی ئوسترالیا.

 

مەبەستی دووەم کە لێرە کۆبووینەتەوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە لە دژی دەسەڵاتی ئەم گەندەڵکار و تاوانبارانەی کوردایەتی  کە کەوتوونەتە کوشتنی خۆپیشاندەرانی کوردستان. لێرەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد کە نوێنەرایەتی سەرمایەدارانی کوردستان ئەکەن.

ئەمانە لە ڕێگەی سەپاندنی سیاسەتەکانی نیۆلیبرالیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بانقی جیهانی و ئای ئێم ئێف، کوردستانیان واڵا کردووە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و کۆمپانیاکانی خۆیان کە ساڵانە بە دەیان بلیۆن دۆلار لە موقەدەراتی ئەو کۆمەڵگایە هەڵدەلوشن و سەرمایە کەڵەکە ئەکەن. لە کاتێکدا موچەی خەڵك نادەن و هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ خەڵک نییە.

ئەمانە بە سەپاندنی دەیان جۆر (باج)ی جۆراوجۆر بە سەر خەڵکی کوردستاندا، کەوتوونەتە بێئیرادەکردنی خەڵك. لە کاتێدا یەک دۆلار باج لەو هەموو کۆمپانیا زەبەلاحانە ناسەنن. ئەمانە، نەخۆشخانە گشتییەکانیان کردۆتە کەلاوە و لە بەرامبەردا نەخۆشخانەی ئەهلییان قوتکردۆتەوە، تا لەسەر نەخۆشی و تەندروستی نالەباری دانیشتوان سەرمایە کەڵەکە بکەن. ئەمانە قوتابخانە و زانکۆ گشتییەکانیان کردۆتە وێرانە و لە بەرانبەردا قوتابخانەی ئەهلی و زانکۆی ئەهلییان دامەزراندووە، بۆ ڕووتانەوەی زیاتری خەڵکی کوردستان. خەڵک داوای نەمانی ئێوە و سیستەمە هەژارهێنەر و برسیکەرەکەتان ئەکات. خەڵک داوای نەمانی ئێوە و سەرمایە و کۆمپانیاکانتان ئەکات. خەڵک هاتۆتە مەیدان تا ئیرادەی خۆی پیادە بکات.

دەسەڵاتی ئێوە کەمینە و نا شەرعییە. خەڵک باوەڕی بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پڕ تەزویرتان نەماوە. ئێوە ناکۆکن بە کۆمەڵگای کوردستان. ئێوە تەنها نوێنەری خۆتان و سەرمایەدارانی کوردستانن. سەرتاپای وجود و کارکردی ئێوە ناکۆکە لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا. خەڵك بە ڕێکخراوبوونی تۆکمە و بەهێزی لە شوێنی کار و لە شوێنی ژیانی ئەتوانێت دەسەڵاتدارێتی جەماوەری خۆی دابمەزرێنێ و سێبەری ئێوە لە سەر ژیانی بۆ هەمیشە وەلابنێ.

لەوەتەی کوردایەتی هەیە هەرگیز بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر خەڵکی کوردستاندا لە خۆیان پیشان نەداوە. تەنانەت لەم کاتەشدا کە دەیان بلیۆن دۆلاری داهاتی خەڵکی کوردستاننیان لە ژێر دەستدایە و هەڵیانلوشیوە، لە بەرانبەر ژیان و پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستاندا خۆیان بە مەسئول و لێپرسراو نازانن. لەوەتی کوردایەتی هەیە، تەنها یەکجار، بەڵێ تەنها یەکجار سەرکردەیەکیان مەسئولییەتی لە خۆی پیشاندا، ئەویش مەسعود بارزانی بوو کە وتی مەسئولییەتی ڕیفراندۆم من لە ئەستۆی ئەگرم. بەڵام لەو جارەشدا پەشیمان بۆوە و درۆی کرد. تەنها یەک هەفتە دوای ڕیفراندۆمەکەی 2017 وتی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی نەبووە، وە وتی ئێمە یەکپارچەیی خاکی عێراق مەبەستمانە و بە هەموو شێوەیەک ئەیپارێزین.

بزانن، ئەوە دوو هەفتەیە خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تر ڕاپەڕیوە و خۆپیشاندان ئەکەن و تا ئێستا 12 گەنچ بە گولەی میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی کوژراون و بە سەدان کەس لە هەردوو دەڤەری سەوز و زەرد زیندانی کراوە و بە دەیان کەس زۆر دڕندانە ئەشکەنجەدراوە.

بەڵام تا ئێستا ئەوەی بە خۆی ئەڵێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان فزەی لەدەم نەهاتۆتە دەرەوە و هیچ بەرپرسیارێتییەکی پیشاد نەداوە. مەسرور بارزانی کە بە خۆی ئەڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمیش هەفتەیەک دوای ڕاپەڕینی جەماوەر جا هاتە گۆ و ئەویش لە جیاتی ئەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێ، دوو جار شەکری شکاند و لە یەکەمیاندا وتی؛

ئەمانە دەستی دەرەکیان لە پشتە و خەڵکی (سوریا)ن خۆپیشاندان ئەکەن. ئەم قسە پووچە، زۆر ساویلکانە و منداڵانەیە و خەڵکی کوردستان بە فلسێکی قەڵب لێی وەرناگرێ. چونکە لە لای خەڵکی کوردستان ئەوە ڕۆشنە کە بزووتنەوەی کوردایەتی لەوەتەی هەیە، وە مەسرور و باوکی و باپیری لەوەتەی هەن ئەڵقە لە گوێی و بەکرێگیراوی دەزگای موخابەراتی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و زلهێزەکانی دنیا بوونە و لە دژی خەڵکی کوردستان کاریان کردووە و پیلانەکانی ئەوانیان جێبەجێکردووە. لەم کاتەدا کە قسە ئەکەین لە زۆنی زەرددا  ئاڵای تورکیا لە سەر 37 بنکەی سەربازی و مۆڵگەی میتی تورکیا ئەشەکێتەوە لە کوردستاندا.

وە لە جاری دووەمدا مەسرور بارزانی وتی، ئێمە پێش هەموو کەس لەبەرەی گەڵین. وتی ئێمە هەموو خەڵکی یەک وڵاتین و خوشک و برای یەکترین و قەدەرمان پێکەوە بەستراوە!

نا تۆ هەرگیز برای ئێمە نیت. تۆ دوژمنی چینی کرێکاری کوردستانی. تۆ کە مانگانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوت و بە سەدان ملیۆن دۆلار ئەدزی، چۆن ئەبیتە برای ئەو برسیانەی کە خۆپیشاندان ئەکەن و سنگیان بە گولە هەڵئەدڕی؟

تۆ کە بۆ دروستکردنی عەینەکێکی شەمسی ئەڕۆیتە بەریتانیا. تۆ کە بۆ عەمەلیاتێکی مایەسیری ئەڕۆی بۆ ئەمریکا.

تۆ کە بۆ دانپاککردنەوەیەک ئەڕۆی بۆ نەمسا. چۆن ئەبیت بە برای ئەوانەی کە لە ساڵێکدا تەنها چوار نیوە موچەت داونەتێ؟

تۆ و هاوشێوەکانت لە حیزبەکانی تر، تۆ و لاهور و پاڤێڵ،  تۆ و سەرمایەدارانی کوردستان، دوژمنی چینایەتی برسییەکانی کوردستانن.

 

15/12/2020

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *