جەنابی شێخ لاهور ئاوا بەئاسانی ناتوانن گەردنی خۆتان لە کوشتنی خۆپیشاندەران بێبەری بکەن! …

دەشتی جەمال …

 ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی دیسەمبەر لاهوری شیخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی یەکێتی سەردانی کفری و دەربەندیخان و دواتریش چەمچەماڵ و تەکیەیان کرد، گوایە باوك و کەسوکاری ئەو قوربانییانەی بەسەر کردەوە کە لەخۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا ژیانیان لەژێر سایەی دەسەڵاتی زۆنی سەوز و نیللی و هاوسەرۆکەکانی یەکێتیدا لێسەندرایەوە. ئەم جموجۆڵ و سەردانانەی وەفدی یەکێتی بەدوای پیادەکردنی سیاسەتی سەرکوت و لەخوێن هەڵکێشانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەنجان و خەڵکی زەحمتکێشی شارەکانی کوردستاندا دێت کە لەماوەی چەند ڕۆژدا بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، هاتنە مەیدان و جارێکی تر “نا”یان بەم دەسەڵاتە سەرکوتگەر و تاڵانچیە وت. سیاسەتی سەرکوت و کوشتن و تۆقاندن لەبەرامبەر داخوازی هاوڵاتیاندا، بەشوێنێك ناگات. سیاسەتێك کە بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و توڕەیی و خرۆشانی ناڕەزایەتی جەماوەری ١٠ گەنج ولاوی بێباکانە کردە قوربانی خۆی، ناتوانرێت بە وەڕێخستنی شانۆگەرییەکی سەراپا درۆ و ڕیاکارانەدا گەردنی خۆی و حزبەکەی لە تاوانێك پاك بکاتەوە کە هێشتا خوێنەکەی وشك نەبۆتەوە.

جەنابی شێخ کە خۆی لە لوتکەی بڕیاری سیاسی و ئەمنیدایە و سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرە و بڕیاری کوشتنی گەنجانی ناڕازی بەدەستە، هەر ئەویش حوکمی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ڕاگەیاندووە، کەچی ئێستا بێشەرمانە دەیەوێت لەڕێگای سەردانی کەسوکاری کوژراوەکانەوە ڕووی دزێو و ئینسانکوژانەی خۆی و حزبەکەی بشارێتەوە.

جەنابی شێخ لاهور پۆز بە دۆستایەتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان لێدەدا، خەریکە پاساوی سیاسەتی سەرکوتگەریی حزبەکەی بەوە دەکات کە “گوایە کەس و لایەنی بەرژەوەندیخواز خۆپیشاندانیان بەلاڕێدا بردوە”. چ ئیدعایەکی پوچ و بێ بناغەیە خۆپیشاندانی ڕەوای خەڵکی کوردستان لەکەدار بکەیت، ئەو هێزە چەکدارانەی بە فەرمانی ئێوە دەستیان خستە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان و ناوچەوانی لاوانی کوردستانیان کردە نیشانە تا لەبەردەم شاڵاوی جەماوەری ناڕازیدا ئێوە و حزب و بارەگاکانیان بپارێزن، بەڵام ئەم هەوڵەی ئەم جارەشتان زۆر ساویلکانەیە پێتان وابێت بەزەبری چەك و کوشتن بەسەر جەماوەری ناڕازیدا زاڵ ببن، بەم کردەوەیەتان زیاتر برینی خەڵکی کوردستانتان قووڵ کردەوە و زیاتر و زیاتر ناوەرۆکی سەرکوتگەری و فاشییانەی ئێوەی دەرخست بەرامبەر بە ژیان و ئایندەی خەڵکی کوردستان.

ئەگەر جەنابی شێخ لاهور بەڕاستی خۆی بە خەمخۆری کەسوکاری کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان دەزانێ، ئایا کەس دەستی گرتبوو بەرلەوەی گۆمی خوێن و مەیدانی شەڕ لە دژی خەڵکی هەژار و برسی هەڵگیرسێنێ، تەنانەت بەرلەوەی غازی فرمێسكڕێژ بەسەر هاوڵاتیاندا بڕژێنێ و هێزەکانی ئاسایش بنێرێتەسەر ماڵان، خۆی و حزبەکەی و حکومەتەکەی لەو سەروەت و سامانەی کۆمەڵگا کە لە بەقاچاغ بردنی نەوت و پاشەکەوتی مامۆستایان و فەرمانبەران و داهاتی زەبەلاحی سەر سنوورەکان ڕۆژانە کۆتانکردۆتەوە کۆمپانیا و حزبەکەتان پێ قەڵەو کردوە داواکاری برسێتی و هەژاری و مافەکانی خەڵکتان بدایەوە، نەك پەنا بۆ تفەنگەکانتان ببەن و ناڕەزایەتی ڕەوای خەڵك بۆ پاروە نانی ڕۆژانەیان خەڵتانی خۆێن بکەن؟ لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەر بەرپرسیارانی حزبەکەی ئێوە نەبوو خەریکی هۆنینەوەی تومەت هەڵبەستن بوون کە گوایە دەستی دەرەکی لەپشتی خۆپیشاندانەکانەوەیە، تا وەك هەمیشە ڕێگای قیزەوەنی سەرکوتگەری و لەخوێن هەڵکێشانی خۆپیشاندانەکان بەدەستی هێزە میلیشیا چەکدارەکانتان شەرعییەت پێبدەن؟ ئایا بەڕاستی هێزە چەکدار و دەزگا ئەمنییەکانی ژێر ڕکێفی ئێوە دەتوانن بەبێ فەرمانی ئێوە تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن؟ دەیان کەس ڕاپێچی زیندانەکان بکەن؟ بەڵێننامەیان پێ پڕ بکەنەوە؟ ئایا بە ڕاستی هیچ شتێك ماوە بە فلتەری ئێوەدا تێ نەپەڕێت؟ جەنابی عالی زۆر دەمێکە جامی ڕق و توڕەیی خەڵك بەرامبەرتان پڕ بووە و لێی دەڕژێت، ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت لەبەردەم شاڵاوی جەماوەی ناڕازیدا بەهانای خۆتان و ئایندەتانەوە بچن، پێویستە حساباتی هەڵە بۆ هێزی جەماوەر نەکەن، پێویستە ئێوە و حزبەکەتان دەست هەڵگرن لە گرتن و هەڕەشەکردنی هەڵسووڕاوان و دەستبەجێ گیراوەکان ئازاد بکەن و ئەوانەی دەستیان بووە لە تەقەکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران دەستبەجێ بهێنرێنە بەردەم دادگا و بەئامادەیی کەسوکاری قوربانییەکان بەسزای خۆیان بگەیەنرێن، وە کەسوکاری قوربانییەکان قەرەبوو بکەنەوە. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە لەوانەیە گەردنتان لە بەشێك لە تاوانەکان و نەنگی دەسەڵاتەکەتان بە ناوچاوانتانەوە کەم بکاتەوە.

٢١/١٢/٢٠٢٠

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *