نەمتوانی هیچ بنووسم! …

بۆ ژیانئاوایی ناوادەی هاوڕێم مامۆستا شێرزاد فاتیح
عەبدوڵا مەحمود
هاوڕێم شێرزاد فاتیح چەند ڕۆژێکە بۆ هەمیشە چاوەکان لێکناوە، لێ نەمتوانی هیچ بنووسم… هەر کاتێک دەمویست چەند دێڕیک بنووسم ناگەهان، ئەوم دەبینی کە بەلێوی بە بزەوە، بەقیافەیەکی جوان و کەشخەوە، پرۆژەی تازەی پێیە و بە ئارامی سەرقاڵی کارێکە! دەم بینی مژوڵی کاری سەنتەری مناڵانە. دەمبینی دیموکراسی عیراق و بەغدای وێران کردووە، ئەویش لەگەڵ هاوڕیکانی خەریکی هاوکاری مناڵانی بێناز و بی سەرپەنای سەر شەقامەکان، ترافیک لایتەکان، کوچەکانە. دەمبینی وا کۆمەک کۆدەکاتەوە و پرۆژە بە ڕێكخراوە ئینسانی و خێرخوازەکان پیشکەش دەکات، تا بەهانای مناڵانی کوردستانەوە بچێت. دەمبینی تەلەفۆنەکە بە گوێچکەوەیەتی بە ئارامی رێنوێنی ئارام بەخش دەدات بە دۆستێکی نائارام کراوی!. دەمبینی واخەریکە لەگەڵ کیژۆڵەیەکی بەزۆر حجابکراو دەدوێت و بەڵینی باشتر بوونی دۆخی ژیانی پێدەدات! دەمبینی وا کاتی بینینی چەند مناڵێکی راکردوو لەدەست جەلادەکانی کابۆل و قەندەهار دیاری دەکات. دەمبینی وا لەریزی پیشەوەی خۆپیشاندەراندایە لەدژی راسیستەکان. دەمبینی قسەکەری نارەزایەتی جەماوەرییە بەدژی سیاسەتی دژی پەناهەندەیی. دەمبینی بۆ ئاهەنگێکی بچوکی بانگ هێشتکراو خەریکی کڕینی شیرینی بۆ مناڵان و چەپکە گوڵە بۆ ئەو ناسیاوانەی ماوەیەکە تامەزرۆی دیداریانە. دەمبینی خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ وتنەوەی وانەی سبەینێی قوتابخانە. دەمبینی بە خەمباری بۆ خەمی کەسێکی خەمباربووی، خەمبارە. دەمبینی دڵنەوایی ژنێکی دەدایەوە، کە ئازار درابوو. دەم بینی، نیگەرانی بریاری پەروەردەیە بۆ خوێندنی ساڵ. دەمبینی هێواش هێواش خەریکە هەندێک کەلوپەل بۆ سەفەرێکی کورت ئامادە دەکات. دەمبینی وا لە کۆبونەوەیەکدا دەیەوێت بواری بدەن، بەکارە ئینسانیەکانی ئاشنایان بکات و شانازیکردن بەکاری ئینسانیان، بۆ بخاتە ڕوو. دەمبینی لە کۆتا کۆبونەوەیەکدا، چەندین چەپکە گوڵی لێکچووی ڵیکجیاکراوەی بە دەستەوەیە و دەیەوێت وەکو دیاری بۆ هاندان و پیرۆزبایی بیبەخشیت بەکەسانێک، کە لە تەقەلادان و کارێکیان ئەنجام داوە. دەمبینی ئەو وەکو کەسایەتی شاری یەڤلەی ساڵ خەڵات دەکرێ و ئەو چەپی ناسراوی ناو شارێکی سویدە. دەمبینی دەستی لەناو دەستی تینا و لەنیادایە، بەرەوە شوێنی وەرزشکردن ڕی دەکەن. دەمبینی کە بۆ گەشتی هاوینەی لەگەڵ هاوڕێکانی تامەزرۆیەو پیشنیاری شوێن و وڵات و ناوچەی گەشتیاری دەکات. دەمبینی، کە بۆ دابەشکردنی خۆشیەکانی لەگەڵ خانەوادەو هاوڕێکانی چەندە پەرۆشە و چەندەش لە ناخۆشی و ناسۆری هەر هاوڕێ و ناسیاو دۆست و هاوکار و هاوپیشەیەکیدا نیگەران و خەم لێ نیشتووە. دەمبینی و دەمبینی و دەمبینی بۆ ژیانێکی جوانترو بۆ دنیایەکی باشتر بە ئارامی و پەیگیریەکی زۆرەوە لە تەقەلایەکی بەردەوام دایە… هێشتا هەر لە خەیاڵ و بیری ئەو بینینانەدا بووم، کە هەردوو جگەر گۆشەکەی “تینا و لەنیا” وتیان… بەڵام بابە زۆر باش بوو، بابە زۆر ئەکتیڤ بوو، زۆر تێدەکۆشا لە پێناو ئینسانیەتدا… بەڵێ، ئەوان لەناو خەمی قوڵی بی کۆتایی خۆیاندا، منی خەمگرتوویان بەئاگا هێنایەوە کە ئیتر مامۆستا شێرزاد، بە چاوەکانی نادوێت و لێوەکانی نابزوێن و دەستەکانی گەرم نین و خۆیشی ئیتر لەناوماندا نییە.
مامۆستا شێرزاد، ئینسانێکی تا بڵێی خەمخۆر، کۆمۆنیستێکی ئارام و هەمیشە پەیگیر بوو… نزیک بە سێ دەهە، بێ وەستان لە پێناو دنیایەکی باشتردا تێکۆشا. لەناو خەم و گرفتە هەزارسەرەکانی دنیای زاڵمانەی سەرمایەداریدا، خەمی مناڵان و پەروەردە، خەمی هەرە گەورەی بوو. تێکۆشانی بەردەوامی ئەو چ وەکو کۆمۆنیست و مامۆستا و چ وەکو هەڵسوڕاوێکی ماندوو نەناس و پشودرێژی دنیای ستەم لێچووی مناڵان، ئەوی کردە سیمایەکی یەکجار خۆشەویست و جێگا متمانە. هەر کەسێک بۆ یەکجار و بۆیەک ساتیش ئەوی بینینبی وناسیبێ، تێکۆشەر بوون و ماندونەناسی ئەوی بۆ رزگاری ئینسان لە جەورو ستەم و بەتایبەتی تریش تەقەلای بێ دریغی ئەوی بۆ مافەکانی مناڵان، هەست پێکردووەو دیووە. ناو هێنانی مامۆستا شێرزاد، دەمێکە تێکەڵ بووە لەگەڵ خەباتی کۆمۆنیستی بۆ دنیایەکی خاڵی لەستەم و نابەرابەری و چەوساندنەوەو تێکۆشان لە پێناو رزگاری مناڵاندا.
ماڵئاوایی ناوادەی مامۆستا شێرزاد، خەسارەتێکی ئێکجار گەورەیە، بۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ئینسان دۆستی، بۆ یەکسان دۆستی و ژیان دۆستی، بۆ جوڵانەوەی بەرگری لە مناڵان و مافەکانیان، بۆ پەروەردەیەکی شیاوی ئینسانی مۆدێرن و بۆ خانەوادەو هاوڕێ و دۆست و ئاشنایانی…
تا دنیای نابەرابەرو سەرەو خواری چینایەتی بمێنێ، مامۆستا شێرزاد، وەکو سمبولی خەبات بەدژی ئەم دنیا سەرەو خوارەو، وەکو رەمزی بەرگری لە ئینسان و مناڵان و مافەکانیان، بەزیندویی دەمێنێتەوە…
بەرزو بەرێزبێت یادی خەباتکارانەی مامۆستا شێرزاد…
٢٥/١٢/٢٠٢٠

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *