شۆڕشی ١٩٠٥ ی ڕوسیا و دوو هێڵی چینایەتی جیاواز! …

مستەفا باهیر …

لە ئۆکتۆبەری ژمارە (٣) دا بڵاوبۆتەوە

لەسەر هەڵگیرسان و شکستی شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ ی خەڵکی ڕوسیا دژی سیستەمی قەیسەری. ناکۆکیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا لە ناو سۆسیالیستەکاندا، بەتایبەتی لەبەینی مەنشەفی وبەلشەفیەکاندا. لینین پێیوابوو کە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ ی ڕوسیا شۆڕشێکی بۆرجوازی دیموکراتیە،وەک باقی شۆرشەکانی تری ئەوروپا،کە تەقینەوەیەکی جەماوەری بوو هەموو چین و توێژە ناڕازیە ستەملێکراوەکانی لەخۆ دەگرت. بێگومان لەناو ئەم چین و توێژە ستەملێکراو ناڕازیانەدا ووردە بۆرژوازی و کرێکاری تێدا دەبوو. بەبێ ئەم بەشداریەش خەباتی جەماوەری و شۆرش ئەستەم دەبوو. بێگومان ئەم چین و توێژە ووردەبۆرژوایانەش بیروباوەڕو هەوڵە کۆنەپەرستەکانیان دێننە ناو مەیدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانەوە. ئەرکی کرێکاری پێشڕە و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە ئەم هێزەلەژێر ڕابەری چینی کرێکاردا ڕێکخات وخۆی سەرپەرشتی شۆرشەکە بکات.

شۆرشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕوسیاش بەهەمانشێوە لەوجۆرە گروپ وهێزانە پێکدەهات کە هەریەکەیان نوینەرایەتی چینو توێژێکی دەکرد. بەشی زۆری خەڵکی بە کرێکارو جوتیارو بۆرژوازی  لیبراڵەوە دژی قەیسەر و سیستەمەکەی دەوستانەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە چینی کرێکار لەگەڵ کێدا هاوکاری دەکات. یەکێک لە کێشەکانی لینین لەگەڵ مەنشەفیەکاندا لە شۆرشی ساڵی ١٩٠٥ ئەوەبوو کە مەنشەفیەکان دەیانووت مادام ئەم شۆرشە شۆرشی دیموکراتی بۆرجوزیە کەواتە دەبیت ئێمە پشتی حزبە لیبراڵەکان بگرین، بەتایبەتی کادیت. بەڵام لینین دەیوت سەرمایەداری ڕوسی جگە لەوەی کە ڕوبەڕووی بزوتنەوەیەکی کرێکاری بووەتەوە،لە هەناوی خۆشیدا ڕوبەڕووی دووجۆر لە بزوتنەوەی بورژوازی بوەتەوە کە دژی قەیسەر خەبات دەکەن.یەکێک لەوانە بزوتنەوەی جوتیارانی شۆڕشگێڕە کە دەیانەوێت دەستبگرن بەسەر زەوی و زاری دەرەبەگەکانو بە شێوەیەکی شۆرشگێڕانە دابەشی بکەن بەسەر جوتیاراندا،هەروەها دەیانەوێت کۆتایی بە سیستمی دەرەبەگایەتی و ڕژێمی پاشایەتی قەیسەربێنن کە نوێنەرایەتی ئەو چینەدەکات. لەبری ئەودەسەڵاتێکی دیموکراتی کۆماری دامەزرێنن.

لە هەمانکاتدا بزوتنەوەیەکی تر هەیە کە لیبراڵە دیموکراتیخوازەکان ڕابەرایەتیی دەکەن، خوازیاری ئەوە بوون دەسەڵاتی قەیسەر وەک خۆی بمێنیتەوە، بە ڵام دەسەڵاتەکەی بەشێوەیەکی دەستوری دیاری بکرێت؛ واتە خوازیاری پاشایەتی دەستوری بوون. هەموو هەوڵێکیان بۆئەوەبوو دەسەڵات لەناوخۆیدا کۆمەڵێک چاکسازی بکات، نەک سەروژێرکردنەوەی هەموو سیستمەکە.هەر بۆیە لینین دەیوت نابێت ئەم دووهێزە وەک یەک سەیرکەین، چونکە لیبراڵەکان سازشکارن و لە ئەنجامدا خیانەت بە شۆرڕش دەکەن، بەڵام بزوتنەوەی جوتیاران هێزێکی شۆڕشگێڕ و کۆماریخوازن بۆیە دەبێت پشتیوانیان بکرێت.

لێرەوە ململانێی سیاسی سێ ڕەوتی کۆمەڵایەتی دەرکەوتن کەئەوانیش {بزوتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری، بزوتنەوەی دیموکراسی شۆڕشگێری جوتیاران و بزوتنەوەی  دیموکراسی لیبراڵەکان} بوو. ئەم ڕەوتانەش هەریەکە بۆخۆی حزبی خۆی هەبوو، ململانێی سیاسی لەبەینی ئەم حزبانەدا لەسەر ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی دەستی پێکرد. ئەم کێشمەکێشە سیاسیانە کە لەشۆڕشی ساڵی ١٩٠٥وە بەردەوام دەبیت تا هەردوو شۆرشی شوبات و ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧.

لینین هەر لەسەرەتاوە دەیوت کە بورژوازیە لیبراڵەکان جێگەو ڕێگەیەکی دژی شۆڕشیان هەیە لە شۆڕشی دیموکراتی ڕوسیادا، بۆیە پڕۆلیتاریا ناچارە ڕێکخەر و ڕابەری شۆرشی دیموکراتی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ڕابەرایەتی جوتیارە شۆرشگێڕەکان بکات و دژایەتی تەواوی بورژوا لیبرالەکان بکات. بەبێ ئەمەشۆڕش ناتوانێت بەئاکام بگات. بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوسیا لەم ڕێگەیەوە نەبێت ناتوانرێت بەو بارەدا وەرچەرخێنرێت کە شۆڕشی کرێکاری تیا سەرکەوێت.

هەر لێرەوە لینین داوای ئەوەی دەکرد کە دەبێت بلۆکێکی ڕادیکاڵ دروستبێت تا بتوانێت هاوپەیمانێتیەکی چینایەتی دروستبکات بۆ دامەزراندنی حکومەتی دیموکراسی شۆڕشگێڕی کرێکاران و جوتیاران. هەروەها لینین باسی لە کاری هاوبەشی حزبی سۆشیال-دیموکراتی ڕوسیا دەکات لەگەڵ گروپە سیاسی و حزبەکانی سەر بە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی جوتیاران، جا چ لە مەیدانی کاری شۆڕشگێرانە و پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشدا بێت وەیا هاوکاری وکاری هاوبەش بێت لەناو پەرلەماندا. بەڵام مەنشەفیەکان کە لەناو حزبی سۆسیال-دیموکراتی ڕوسیادا بوون، بە پێچەوانەوەی بەلشەفیەکانەوە دەیانوت مادام شۆڕش لە ڕوسیادا شۆڕشێکی دیموکراتیە و سۆسیالیستی نیە، کەواتە سەر بە بورژوازیە، بۆیە ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامە کە دەبێت ڕابەرایەتیەکەی بەجێبهێڵن بۆ بۆرژوالیبرالەکان کە لەوکاتەدا حزبی کادیت ڕابەرایەتی دەکرد. بەپێی ئەم بۆچونەش ڕابەرایەتی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ڕوسیا دەدرایە دەست لیبراڵەکان، جوتیاران و کرێکارانیش دەبونە داردەستی بورژوا لیبراڵەکان. لینین دژی ئەم بۆ چونەی مەنشەفیەکان بوو،هەمو هەوڵی خۆی دەدا تا نەبنە پاشکۆی لیبراڵەکان، چونکە ئەم سیاسەتە دەبووە هۆی بەهێز‌بونی لیبراڵەکان لەسەر حیسابی بزوتنەوەی سۆشیالیستی و پرۆلیتاری..

لەلایەکی ترەوە لینین خەباتی فکری وسیاسی خۆی دژی سۆسیالیزمی خەڵکی پۆپۆلیستە ناردۆنیەکان و حزبە سیاسیەکانیانی وەک (ترۆدۆفیك) و (سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان) دەکرد، تابتوانێت ڕێگر بێت لەوەی جوتیاران خۆشباوەڕبن بە لیبراڵەکان . کە دەیانویست بە چاکسازیەکی ناتەواو چارەسەری مەسەلەی جوتیاران و زەویوزار بکەن. لەو ڕێگەیەشەوە شۆڕش ناکام بکەنەوە. لینین هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە لەڕێگەی ڕەخنەگرتن لە لیبراڵەکان ، ڕاڕایی لەناو حزبی سۆشیالی دیموکرات و ڕەوتە سیاسیەکانی سەر بە بزوتنەوەی جوتیاران و خۆشباوەڕیان بە لیبراڵەکان نەهێڵێت و هاوپەیمانەتی سۆسیالیزم و دیموکراسیەتی شۆڕشگێرانە پتەوبکات. لێرەوە بەرەی شۆڕشی کرێکاران و جوتیاران بەهێز بکات دژی سەراپا سیستمی سیاسی و ئابوری ڕوسیا. سەرەنجام ئەزمونی واقعی مێژووی خەباتی چینایەتی ڕوسیا ڕاستی و دروستی بۆچوونەکان و لێکدانەوەکانی لینینی بە کردەوە دەرهێنا و چینی کرێکار و جوتیارانی هەژاری ڕوسیا توانییان لە شۆڕشی شوباتدا سەرکەوتن بەسەر قەیسەرو هەروەها دواتر بەسەر لیبراڵەکاندا بەدەست بێنن و هەنگاو بنێن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر.

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە.

١- لينين بناء الحزب. تأليف: توني كليف ترجمة: أشرف عمر الناشر: وحدة الترجمة – مركز الدراسات الاشتراكي

٢- لینین والثورة الروسیة: تأليف : ریشارد ابجینانزی اوسکارزاریت . ترجمة :  محیی الدین مزید. مراجعة واشراف و تقدیم : امام عبدالفتاح امام.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *