فیلمە نیشان نەدراوەکان… فیلم نییە، مەرگەساتی ڕۆژانەیە! …

عەبدوڵا مەحمود

لەم دوایانەدا زنجیرە درامای “تەوەکول” لەکەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی ئیرانی بڵاوبۆوە. لەم درامایەدا باسی هیرشی داعش و رۆڵی قاسمی سلێمانی بۆ پاراستنی هەولێر دەکات، ئەمەش پارتی هەراسان کردووە. میدیاکانی پارتی و سەرانیان گێرانەوەی روداوەکان لەو فیلمانەدا بە شکاندنی شکۆی نەتەوەی کورد!! و سوکایەتی بەبارزانی نیشانی دەدەن. پارتی شکستی خۆی و هێزەکانی بە شکستی نەتەوەو خەڵکی کوردستان دەقەبڵێنێ و بارزانیش بە کاریزمای قبوڵکراوی نەتەوەیی… لە کاتێکدا شکستی پارتی شکستی خەڵکی کوردستان نییەو بارزانیش، نەک تەنها خەڵکی کوردستان، بەڵکو هێزە هاوپەیمانەکانیشی وەکو رەمزی نەتەوەیی تەماشای ناکەن.

سەیرە!! هێرشی دڕندانەی داعش و بودەڵەیی دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەرگری، هێندە کۆن نییە، تا لە بیر کەس چوبێتەوە. راکردن لە شەنگال و رادەستکردنی سەدان هەزار ئینسانی بێ تاوان بە چەکدارەکانی داعش، هێرشی داعش بۆسەر مەخمور و راکردنی خەڵک لە هەولێر و ناوچەکانی لە ترسان، پەنابردنی بارزانی بۆ گەورە تیرۆریستی ئیران و ناوچەکە قاسمی سلێمانی بۆ هاناوە چوون… هێشتا بە زیندویی لە بیری هەموو کەسێکی ویژدان زیندو و ئاگادار لە رووداوەکاندا ماوە، کەچی پارتی دەیەوێت شکست بەسەرکەوتن و راکردن بە پێشرەوی و خۆشخزمەتی بە هاوکاری و پاڕانەوە لە گەورە تیرۆریستان، بە هاریکاری هاوبەش، نیشان بدات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە گیڕانەوە و نیشاندانی گۆشەیەک لەم روداوانە لە دراماو فیلمەکاندا، هێشتا ناتوانێت راستی رووداوەکان و لێکەوتەکانی بەتایبەتیش مەرگەساتی واقعی ئەو رۆژانە، وێنا بکات…

لەنیو ئەو کارەسات و جینۆسایدەی داعشی ئیسلامی لە موسڵ و پاشان لە شەنگال و شوێنەکانی تردا ئەنجامیدا، پارتی و سەرانی و میدیا بودەڵەکەیان، خەمی شکۆی بارزانی و ئەو هیزە پێشمەرگەیەن، کە نە لەشەنگال و نە لەهیچ جێگایەکی تری کوردستاندا، نەیانتوانی کەمترین بەرگری بکەن و ژیانی هەزارەها ئینسان بپارێزن، لەوەش واوەتر ئامادەنەبوون، راکردن و پاشەکشەی خۆیان بە جەماوەری ئەو شوێنانە بڵێن تا خەڵک بیر لە رێگای خۆیان و بکەنەوە و خۆیان دەرباز بکەن، بەتایبەتیش لە شەنگال دا…

ئەو کاتەش داعش بەرەو مەخمور هات و ترس کەوتە، سەر هەولێر و دهۆک، لە جیاتی پشت بەستن بەرگری و وەستانەوە بەرووی هیزەکانی داعشدا، دەستەو دامانی دنیا و لەوانەش قاسم سلێمانی بوون، ئەمەش بە دانپیانانی خودی سەرانی پارتی کە قاسم سلێمانی رۆڵی گەورە!!ی گیڕاوە، کەچی کاتێک گۆشەیەک لەو راستیانە لەلایەن میدیاکان، هونەرمەندان، و فیلم سازەکانەوە، دەخرێتە ڕوو گڕ دەگرن… سەیرە!! بۆ گیانی دەیان هەزار ئینسانی قەسابی کراو جینوسایدکراو، بۆ هەزاران ژنی ئیغتیساب کراو، بۆ کرێن و فرۆشتن و مامەڵە بە ژنانەوە لە بازاری “عوکاسی” سەردەمدا…وە بۆ سەدان هەزار ئاوارە، نیگەرانییەکیان نییە و لەوەش زیاتر خەریکن سات و سەودای پێوە دەکەن، کەچی لەبەرامبەر گێڕانەوەیەکی کورتدا، هەراسان دەبن و غەرەبی ناتوانایی و پشت کردنە خەڵکی قەسابی کراو… گڕ بەردەداتە بەرژەوەندییەکانی ئەو کات و ئێستایان.

ئەم جەنابانەی بە نیشاندانی گۆشەیەک لە درامای تەوەکولی لەسەر مەخمور، ئاوا هەراسانن، ئامانجیان ئەوەیە ژیانی پڕ دراماو تراژیدی بێ وینەی خەڵکی بیبەشی ئێستای کوردستان، بشارنەوە و پەردە بدەن بەسەر تاوانەکانیاندا. دەیانەوێت دنیای شارستانی و چاوی کامیرا و فیلم سازان دەستیان بە درامای واقعی پڕ زوڵم و تاوانی رۆژانەی ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی نەکەوێت…

ئاخر نیشاندانی ئەوەی کە کریکاران و کارمەندان، کار دەکەن و موچەیان پێنادرێت، لەدرێژەی هەمان تاوانی رادەستکردنی خەڵکی شەنگالدا نییە بەداعش؟ ئاخر دانانی باج و رسومات لەسەر هەموو کایەکانی ژیانی هاوڵاتیان و وێرانکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە دریژەی هەمان تاوانکاریدا نییە، کە هانا بۆ گەورە تیرۆریستی وەکو قاسم سولەیمانی ببەیت ببێتە فریاد رەس؟

دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەگەر هێشتا فیلمێکی دەرنەهێنرا و نیشان نەدراو و بە دراما نەکراوە، لە ئاستی دنیادا، بەڵام لە دنیای واقعیدا و بۆ خەڵکی کوردستان، فیلم نییە، مەرگەساتی رۆژانەیە.

چۆن ئەوانەی بەشێکن لەتاوانی کوشتاری دەیان هەزار کەسی دەستی داعش کراوە بە فیلم و دراما، ئاواش ئەوەی سام و ترسی داعشی تێکشکاند کراوە بە دراما و فیلم، بەلام لەم دراما و فیلمەدا، ئەکتەرەکانی ژنان و پیاوانی کۆبانێن… خۆبەخشەکانن، نە پارتی و نە قاسم سلێمانی، نە ئەمریکا و نە غەرب… نە ئەوانەی سیڵڤیان دەگرت!!

تەنها کاتێک دەتوانرێت تاوانی تەواوی دەسەڵاتی رەشی بزوتنەوەی بکرێتە فیلمێکی واقعی، کە ئەم دەسەڵاتە بەتەواوەتی رابماڵرێت… ئەو کاتەش بە دەیان هەزار ئەکتەر و بە هەزاران فیلم ناتوانن ئەو زنجیرە تاوانانە نیشان بدەن، کە رۆژانە ئەو دەسەلاتە بەکردەوە ئەنجامی دەدەن، لەوانەیە فیلمی گەورە راماڵینی ئەو دەسەڵاتە بێت.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *