دەسەڵاتی میلیشیا و ئاسایشی خەڵك! …

موحسین کەریم …
لەسلێمانی لەماوەی هەفتەیەکدا دوو ڕووداوی تەقەکردن و پەلاماری چەکداری ڕوویاندا لەلایەن چەکدارانی دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە کە یەکەمیان تەقەکردن و بریندارکردنی ئەفسەرێکی پۆلیس و ئەوی دیکەیان پەلاماردانی بازگەی ئاسایشی تاسڵوجە و کوشتنی کارمەندێکی ئاسایش و بریندارکردنی چەند کەسی دیکە بوو. لە هەولێریش بەهەمانشێوە کەسێك لەسەر فول لایت دەکوژرێ و کۆمەڵێکی دیکە لەبەرئەوەی سەروپێ نەماوە، تەقە لە چێشتخانەیەك دەکەن و .. یان گروپێك کە سەر بە بەرپرسێکی حزبن کچێك لاقە دەکەن و هەڕەشەی کوشتنیش لەباوکی دەکەن و …تاد. ئەگەر ئەمانە بخەینە پاڵ دەیان ڕوداوی دیکەی کوشتن و رفاندن و زیندانیکردن، یاخود لیستی درێژی کوشتنی ژنان و ناچارکردنیان بە خۆ کوشتن کە هەموویان یان ڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ ئەم دوو حزبەو بەرپرسانی ئەو دوو حزبەی لەپشتەوەیە، لەگەڵ ئەو ئاسانکاریەی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ هێزەکان و دەزگا جاسوسی و تیرۆریستەکانی هەردوو دەوڵەتی فاشیست و دژەمرۆیی تورکیا و ئێران کردویانە، هەموویان پێکەوە دیمەنێکی ترسناك لە بارودۆخی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیانی کوردستان نیشان دەدەن.
هۆکاری بنەڕەتی ئەم دۆخە دەسەڵاتی میلیشیایە، کە هەر حزبێك کۆمەڵێك بەرپرسی سەربازی و چەکداری لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوەو سەرچاوەی هێزو توانای خۆی لەناو گۆڕەپانی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی ئێستای کوردستاندا تێدادەبینێتەوە. بایەخی چەك و هێزی چەکدارو فەرماندەو بەرپرسی سەربازی یان سیاسی کە کۆمەڵێك چەکداریان بە شوێنەوەیە، لەم چوارچێوەیەدا مانا پەیدا دەکات. لەم سیستەمدا ئیتر مەسەلەی سەروەربوونی یاسا کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، دەبێتە قسەی پووچ و بێناوەرۆك. بەرپرسانی حزبی چەکدار و دەسەڵاتدار خۆیان لەسەروو یاساکانی خۆشیانەوەن. دادگا و سیستەمی دادوەری تەنها بوونێکی کارتۆنی هەیە کە بەپێی پێویست پارێزگاری لە دەسەڵاتە میلیشاییەکەی ئەوان دەکات.
لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیادا تەنانەت یاسا لەبەرامبەر کێشە کۆمەڵایەتیەکانیشدا دەستەوەستان و سەرەنجام یان هێزی عەشائیری یان سوڵح عەشایری کیشەکە یەکلایی دەکاتەوە. هاوڵاتی ئاسایی کوردستان هیچ پۆششێکی یاسایی نیەو هەمیشە لەبەردەم مەترسی پێشێلکردنی مافە شەخسیەکان و بگرە شکاندنی شکۆو کەسایەتیشیدایە نەك هەر لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکان و بەرپرسەکان و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیان، بەڵکو لەلایەن عەشیرەت و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانیشەوە.
گومان لەوەدا نیە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە هەر فۆرمێکدا بێت، سەرکوتگەرو مایەی ستەم و بێمافیە دژبە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هاوڵاتیانی کەمدەرامەت. گومان لەوەدا نیە کە لە دەسەڵاتێکی مۆدێرنی بۆرژوایشدا، دەسەڵاتی پارە دەسەڵاتی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیەو حوکم دەکات، بەڵام بەروارد ناکرێ بە دەسەڵاتێکی میلیشیایی و ئەحزابی چەکداری بۆرژوازی کە مەترسیەکانی بۆسەر کۆمەڵگاو بۆ سەر ئارامی و ئاسایش و سەلامەتی و شکۆی هاوڵاتیان و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش هیچ سنورێکی نیە. تەنانەت لە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری بۆرژوازیدا یاسایەك هەیە کە بەپێی ئەو یاسایە تاوانەکانی خۆیان پاکانە دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی میلیشایی ئەم پاکانەو پاساوەشی ناوێ!
هەروەکو چۆن دابینبوونی نان و ئازادی بەندە بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ملیشیایی کوردستانەوە و ئەزمونی ژیان و تێکۆشانی چەندین ساڵەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مامۆستا و کارمەند و سەرجەم توێژە بێبەشکراو هەژارکراوەکانی کوردستان سەلماندویەتی، بەهەمانشێوە، دابینبوونی ئارامی و ئاسایش و بگرە دەسەڵاتی یاساش، نەك تەنانەت یاسایەکی ئینسانی، بەندە بە کۆتاییهاتنی ئەم دەسەڵاتە میلیشاییەوە. ئەمەش لەوڕێگایەوە دەبێت کە خەڵک خۆیان بەهەمانشێوەی بەرگری و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان، بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی خۆیان تێبکۆشن. ئەمەش لەو ڕێگایەوە دەبێت کە خەڵك لە خوارەوە خۆیان سازو رێکخراو بکەن. لەخوارەوە خۆیان بنەماکان و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری دابمەزارێنن. هەنگاو بەهەنگاو دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری گشتی بگرنە دەستی خۆیان و لەلایەن کەسانی دڵسۆزەوە بەڕێوەببرێت کە لە شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێرەکاندا خۆیان رێکخستوەو کاروباری شوینەکانی خۆیان و شارو شارۆچکەکان بەڕێوەدەبەن. هاوکات هەر ئەو شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێرانە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان لە ئەستۆ دەگرن.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *