ئەم شانۆگەریە پووچەی دادگاکەتان  ترسە لە راپەڕینی جەماوەر! …

به‌یاننامه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ….

ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێکەوتی‌ ١٦/٢/٢٠٢١ دادگای پارتی لەهەولێر بڕیاری سزای شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر پۆلێک لە کەسانی ڕۆژنامه‌نوس ‌و هەڵسوڕاوی سیاسی ناوچەی بادینان و هەولێر بەناوەکانی؛ ” شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم ‌و هاریوان عیسا، بەتۆمەتی ” تێکدانی ئاسایشی هەرێم” دەرکرد.

ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر، نەک هەر تەنها سزایەکی سیاسی و زوڵمێکی زەبروزەنگانەیە، بەرامبەر بەپۆلێک لەو ئینسانانەی کە ناڕازین بەدەسەڵاتی گەندەڵکاران، بەڵکو گۆشەیەکیتر لە سیاسەتی سەرکوتگەری بێپەردەو ملهوڕانەی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالستی کورد و سیستەمێک دەخاتەڕوو، کەسێ دەیەیە کارنامەیەکی سەراپا ڕەش و دژی ئازادی تۆمارکردووە. بەرزکردنەوەی چەقۆی قانون و سزای زیندانی بەرامبەر بە ئازادی ڕادەربڕین و نوسەران و ڕۆشنبیرانێک کە ڕەخنەگری موقەدەساتی قەومی و بنەماڵەیی ئەم حزبانە بوون تا تیرۆر و ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنی دەیان کەس لە ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانێکی سیاسی و کۆمۆنیست، تا کوشتن و تەقەکردن لە خۆپیشاندانی بەرهەقی خەڵکی بێکارو هەژارو برسی، تا شەقوەشاندنی چەقۆکێشانی سەر بەحزبەکانی دەسەڵات، لەنێو شەقام و بە بەرچاوی میدیاکانەوە، تا نانبڕین و وەدەرنانی کەسانێک لەسەرکارو دروستکردنی تۆمەت و فایلی ناڕاست بۆیان.. هەموو ئەمانە نموونەگەلێک لەزنجیرەی تاوان و دەستدرێژی لەم سیاسەتە سەرکوتگەریەی چینی بۆرژوازی کوردو دەسەڵاتەکەی بەرامبەر بەهاوڵاتیانی کوردستان و ژێرپێنانی مافی ئینسانی و ئازادیە فەردی و مەدەنیەکانیان دەخاتەڕوو کە بێگومان ئامانج لێی پاراستنی نیزامێکە کە لەسایەیدا سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان و بنەماڵەکانی دەسەڵات و دەست و پێوەندەکانیان،  بازاڕی تاڵانچێتی و دزینی ڕەنجی ملیونەها ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش دەچەرخێنن.      

بەڵام ئەوەی کەوا پارتی ناچارکردووە، بەبێ حسابکردن بۆ حزبە هاوپەیمانەکانی لەنێو حکومەتدا و تەنانەت بەبێ ئەوەی کەپێویستی بەبەڵگەی سەلمێندراو هەبێت، یەکسەر دەستبەرێت بۆ دادگای هەولێر و دادوەری گشتی لە شانۆگەریەکی پووچدا، ناچاربکات بەدەرکردنی سزای زیندانی بۆ ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی، ترسە لە خرۆشان و هاتنەمەیدانی ناڕەزایەتی جەماوەری، ئەمەش لەدۆخێکدایە کە حکومەت و دەسەڵاتەکەی پارتی لەقەیرانێکی قوڵ و هەمەلایەنەی ئابوری و سیاسیدا چەقیوە و بێچارە لە وەڵامەدانەوە بە موچەو خواستی کارو بژێوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا، دەستوپێ دەکوتێت. پارتی مەبەستیەتی بەم هەنگاوە سەرکوتگەریەی، ئەو جەماوەرە ناڕازیەی کە کەوتۆتە بەرامبەر بە حکومەتەکەیەوە، بترسێنێ و بەهەڵبڕێنی شمشێری ڕزیوی قانون و دادگا و سزای زیندانیکردن، جەماوەر بێدەنگ بکاو زمانی ئازایخوازان ببەستێ و سەرەنجام فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا توندکاتەوە، تا بەسەلامەتی ئەم قۆناغە تێپەڕکات.      

لەبەرامبەر ئەو تۆمەتەشدا کەدادگا بۆ ئەم کەیسەی هەڵبەستووە و گوایە ئاسایشی هەرێم تێکدراوە، ئەوا نەک هەر خەڵکی کوردستان بگرە خودی سەرانی پارتی خۆشیان دەزانن کە چەندە ئەم جۆرە پاساوانە پوچ و بێبنەمان، بەتایبەتی کە ئەوە نەک هەر ئاسایشی هەرێمە، بگرە خودی حورمەتی ئینسانی و کەرامەتی فەردی هاوڵاتیانە، کەڕۆژ نیە لەسایەی ئەم دەسەڵاتە و بەرپرسان و کوڕانی بنەماڵەوە، ژێرپێ نەنرێت. خەڵکی کوردستان باش دەزانن ئەوەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستانی تێکداوە، هەرئەم حزبانەن کە دەستیان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە تێکەڵکردووەو کوردستانیان کردۆتە مۆڵگەی چەندین دەزگای جاسوسی و بارەگای سەربازی دەوڵەتان و سەلامەتی کۆمەڵایەتی خەڵکیان لە نێو دیبلۆماسی نەهێنی و ڕێکەوتنی شاراوەدا ڕاگرتووە، کەوایە ئەوەی کە دەبێت دادگایی بکرێت و سزای تاوانەکانی وەربگرێت، خودی ئەم دەسەڵاتەو بەرپرسانیەتی.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم دادگایی و سەرکوتگەریەی پارتی و حکومەتەکەی ڕیسواو سەرکۆنەدەکات، هاوکات بانگەوازی ئازادیخوازان و جەماوەری ناڕازی کوردستان دەکات، کە بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەی دادگای هەولێرو ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکان، بەشێوەی گونجاوی خۆیان دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن و ڕێگا نەدەن ئەم سەرکوتگەری و دەستدرێژیەی چینی دەسەڵاتدار بەسەر کۆمەلگاوە درێژ بێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە درێژەی چالاکیەکانی خۆیدا بۆ ئازادکردنی گیراوەکان، هەوڵەکانی خۆی لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، بۆ بەشکستکێشانی ئەم سیاسەتە سەرکوتگەری و دژی ئازادیەی پارتی و دەسەڵاتەکەی چڕدەکاتەوە، پارتیش دەبێت ئەوە باشبزانێت کە دادگاییکردن و زیندانیکردنی هەڵسوڕاوان، ناتوانێت تاسەر بەر بەشەپۆلی ڕق و توڕەیی جەماوەری ناڕازی بگڕێت، بەڵکو درەنگ یا زوو ئەم بورکانە گڕدەگرێت و حسابی خۆی لەگەڵ گەندەڵکاران و تاوانباران و دەسەڵاتەکەیان یەکلادەکاتەوە.  

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٦/٢/٢٠٢١

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *