ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی پەتای کۆڕۆنا بۆسەر ژنان …

مریەم عبدوالرحمن …

 ساڵی ٢٠٢٠ بەگشتی ساڵێکی سەخت بوو بۆ مرۆڤایەتی. چۆنیەتی ژیانی ناوماڵ و دەرەوە و سەرکار و خوێندنگا و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان، کاریگەریەکان  لە کەسێکەوە بۆ کەسێک و  لەژنەوە بۆ پیاو جیاوازی هەیە.

ساڵی ٢٠٢٠ بڕیار بوو ساڵێکی چارەنووسساز بێت لە بزووتنەوەی یەکسانی ژن و پیاو بەپێی بەرنامەی کاری پەکین* و بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتوەکانی ساڵی ٢٠٠٠، کە یەکەمین بەڵگەنامەی فەرمی یاسایی بوو لە ئەنجومەنی ئاسایش دەرچووبێت بۆ گەشەکردنی مافەکانی ژنان و پرسەکانی ئاسایش و ئارامی.  بەڵام کۆرۆنا دەستکەوتەکانی ئەو ٢٠ ساڵەی پێشووشی خستە مەترسیەوە.

پەتایەکانی پێشووی وەک ئایدز و سارس و ئەنفلەوەنزای بەراز و ئیبۆلاش دەریانخستووە کە  زۆرترین ئەوانەی بەرکەوتەی ئاکامەکانی ئەوبەڵایەن لە وڵات و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان ژنانن.

ترس لەوەدایە کە نایەکسانی نێوان نێرینە و مێینە لەکاتی پەتا و قەیرانە جۆراوجۆرەکاندا زیاد دەکات.

گرنگە ئاکامەکانی ئەو پەتایە بزانین  کە چین و چۆن لە بواری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابووری، بەپێی ستراتیجی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی؛ کاریگەری لەسەر یەکسانی نێوان ژن و پیاو لەسەر ئەم لایەنانە دادەنێت:

١- هەلومەرجی ئابووری و سەرچاوەکان (موارد).

٢- توانای تەندروستی و پەروەردە و فێربوون.

٣- پشتبەستن بە خۆ و سەربەخۆیی بوون ( استقلالیەت).

١- کاریگەریە ئابووریەکانی کۆڕۆنا:

  • لەسەرتاسەری دنیادا ژن و پیاو لە پیشەسازی جۆراوجۆر کاردەکەن. ئەو ژنانەی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری کاریان کردووە بەتوندی بەرکەوتوون. بەنموونە: کەرتی تەندروستی، فەرمانبەرانی پێشوازی، چاودێری ناوەخۆ و خزمەتگوزاری تەیارە ( مضیفات)، چێشتخانەکان، ساڵۆنی قژبڕین و ئارایشگاکان، کرێکاری ناوماڵ … تاد. لەهەندێک بواری پیشەسازی کە ژن لەبەرهەمێناندا ڕۆڵی زۆرتریان هەیە وەک: نیوەی ژنانی بەنگلادیش لەکەرتی چنین و پیشەسازی دروستکردنی جلوبەرگ کاردەکەن. بەملیۆنان لەو کرێکارانە کە ناردراونەتە ماڵەوە و بێکارکراون و زوربەیان ژنن و بەهۆی کۆرۆناوە بێ مووچەن. لە ئەمەریکا پتر لە ٤٠ ملیۆن کار لەدەستدراوە و ٦٠٪ یان ژنان کاریان تێدا کردووە (The Institute for Women’s Policy Research)
  • . لە بەریتانیا ڕێژەی ئەو کارانەی لەدەستدراون ژنان ١٧٪ی ئەو کارانەیان لەدەستداوە لەبەرامبەر ١٣٪ی پیاوان (ڕۆیتەر).
  • خاڵێکی تر کە پێویست دەکات ئاماژەی پێدرێت، بەتایبەت لەوڵاتە هەژارەکان کە بەوڵاتە داهات کەمەکان ناوزەد دەکرێت. ژمارەیەکی زۆری ژنان کاری نافەرمی (ناڕەسمی) دەکەن. لەئەنجامدا نەخشەی پارێزبەندی کۆمەڵایەتی( الحمایة الاجتماعیة) لە شێوەی بیمەی بێکاری نایان گرێتەوە، بەنموونە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا ڕێژەی ٦١.٨٪ ژنان بە نافەرمی کاردەکەن.
  • بەهۆکاری ئەوەی مردنی پیاوان زیاترە لەژنان بەهۆی کۆرۆناوە (٢.٨٪ پیاوان دەمرن، ١.٧٪ ژنان دەمرن). ژنانی ناچار کردووە هەوڵی زۆرتربدەن بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی خێزانەکانیان و داهاتێک بەدەست بێنن.
  • بەتایبەت لە وڵاتە عەرەبیەکاندا کە لەیاسادا وا دانراوە کە پیاوان سەرچاوەی داهاتن. بۆیە ئەو خێزانانەی کە ژنەکان سەرچاوەی داهاتن، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەژاری زیاتر ببنەوە.
  • ژنانی پەناهەندەی کرێکار وەک کاری خزمەتگوزاریەکانی ماڵان لە کاتی ئەو پەتایەدا هەلومەرجی سەفەر و کار و پارەناردنەوە بۆ خێزانەکانیان کێشەی گەورەی تێدەکەوێت و ئەوەش هەر بەسەر ژناندا دەشکێتەوە.
  • بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕەنگە وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی لەدەستدانی ملیۆنێک و ٧٠٠ فەرمانبەر ببنەوە کە ٧٠٠ هەزار وەزیفەیان ژنە. لەکاتێکدا بەشداری ژنان خۆی کەمە و بێکاریەکانی زۆر لەناو ژناندا هەیە کە لەساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە ١٩٪ و بۆ پیاوان گەیشتە ٨٪.

سەرەڕای ئەوەی پێش کۆرۆنا ژنان کەمتر بەشداری کاری دەرەوە و پەیداکردنی داهات بوون، هەروەها ڕێژەی کرێی ژنان لەچاو پیاوان کەمتر بوو، بەهۆی ئەم پەتایەوە ڕەنگە ئەو ژنانەی کاریان لەدەستداوە بەزەحمەتر لەپیاوان دووبارە بگەڕێنەوە سەر کاری پێشوویان.

٢- کاریگەریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی کۆرۆنا بۆ سەر ژنان:

 

پرسێکی دیکەی گرنگی پەتای کۆرۆنا ئەوە بوو کە توندوتیژی خێزانی زیادکرد بەهۆکاری نەچوونەدەرەوە و داخستنی شوێنەگشتیەکان ( کەرەنتینەوە). بەتایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان و وڵاتە هەژارەکان. سەرەڕای ئەوەی ژنان بەهۆکاری کەلتور و هەلومەرجی نالەباری ئابووری و جەنگ و نائارامی سیاسی پێش کۆرۆنا لەو وڵاتانە گیرۆدەی توندوتیژی دەبوونەوە. هەلومەرجی کۆرۆنا کەشوهەوایەکی نالەبارتری ڕەخساند لەوەی ئەو کەسانەی توندوتیژیان لەبەرامبەریان بەکاردەهێنا لە ماوەی مانەوە لەماڵ و نەچوونە سەر کار تەواوی شەو و ڕۆژ دەبوایە بەیەکەوەبن، بە دەروونێکی نائارامی زیاترەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی زیاتر دەبوونەوە. تەنانەت بەپێی ئامارەکان توندوتیژی ٢ بەرامبەر و زیاتر بۆتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەوڵاتە عەرەبیەکان ژمارەی پەیوەندیەکانی ژنان بە هێڵی تەلەفۆنی یارمەتی و گەرمەوە ٦٠٪ زیادی کردووە لە چاو ساڵی ٢٠١٩، تەنانەت پەیوەندیەکان تەنیا داوای کۆمەک و هاوکاری ناکەن، بەڵکو داوای بەهاناوە چوونیان دەکرێت لە هەڕەشەی کوشتنی خۆی و منداڵەکان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارینەکردنی حکومەتەکان لەلایەنی دارایی، کەئەمە فشاری زۆرتر دەخاتە سەر حاڵەتی دەروونی  پیاوان، بەنموونە لە تونس توندوتیژی ٥ بەرامبەر زیادی کردووە. لە عێراق تەنانەت ژنێک دوای توشبوونی بەکۆرۆنا و گەڕانەوەی لە نەخۆشخانە، هاوسەرەکەی ڕێگەی پێنەداوە بگەڕێتەوە ماڵەوە و لێی جیا بۆتەوە. تەنانەت هەندێک خێزان پێیان شەرمە ئەگەر کچەکانیان توشی ئەو ڤایرۆسە ببن، چونکە ئەوە کاردەکاتە سەر دواڕۆژی هاوسەرگیری، وەک پرسێکی شەرەف هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، بەوجۆرە ئەو کچانە دەکەونە حالەتی دەروونی زۆر خراپەوە. لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک فەرەنسا بەنموونە لە ماوەی هەفتەیەکی داخستنی شوێنە گشتیەکان توندوتیژی خێزانی بەرزبۆوە بۆ ٣٢٪.

لەلایەکی دیکەوە دابەشبوونی نایەکسان هەیە لە بەڕێوەبردنی خێزان لەنێوان ژن و پیاو لەکاتی ئاساییدا. ئەوەش بەهۆی دابونەریتی داوکەوتوانەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان، بەتایبەت بەهۆی داخستنی خوێندنگاکان و جیاکردنەوەی بەساڵاچوان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆش لە خێزانەکاندا، بەرپرسیارەتی ژنان زۆر زیاتر دەبێت. ئەم هەلومەرجەش مەسەلەیەکی ترسناکی دروستکردووە لە فشارخستنە سەر ژنان لەسەرتاسەری دنیا.

هەروەها زۆربەی کاری ناوماڵ کە بێبەرامبەرە، زۆرتر دەکەوێتە ئەستۆی  ژنان و کچان لە هەموو جیهان، بەجۆرێک ٧٦.٢٪ کار بەپێی ئاماری فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، واتە نزیک بە ٣ ئەوەندەی پیاوان، ئەم ژمارەیە لە وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانوسی ئارام بەرزدەبێتەوە بۆ ٨٠٪. بەمشێوەیە کە چاودێری نەخۆش لەماڵەوە دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، ئەمەش هۆکارە بە توشبوونی زیاتری ژنان. لە کاتێکدا ژنان لەو شوێنانەی لە هێڵی پێشەوە کاردەکەن وەک مامۆستا و کارگوزاری ناو تەیارەکان و شوێنە خزمەتگوزاریەکان …تاد ( لەسەر ئاستی دنیا ٨٨٪ی ژنان ئەو کارانەی هێڵی پێشەوە دەکەن، ٦٩٪ پسپۆری تەندروستین). بەنموونە ئەو ژنانەی لە ئیسپانیا لەکەرتی تەندروستی توشی نەخۆشیەکە بوون دەگاتە  ٨.٧١٪ بەرامبەر ٢.٢٨٪ پیاوان) و ئەو شوێنانەن کە زۆرتر نەخۆشیەکەی تێدا بڵاوە و توشی دەبن. لەماڵیشەوە دیسانەوە ژنان ئەرکی چاودێری زیاتریان لەئەستۆیە. کاتێکیش ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی داخستنی خوێندنگاکان و قەدەغەکردنی سەفەر و هاتوچۆ،  خزم و بەساڵاچوانیش توشی نەخۆشیەکە دەبن، دووبارە ئەرکی ژنان زیاد دەکات و دەبێت زیاتر ئەرک بکێشن. تەنانەت ئەو ژنانەی بەنموونە لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن کە دیارە زۆرێکیان ئەرکی چاودێری خێزان و منداڵی لەسەرە، لەترسی لەدەستدانی کارەکەی پەنادەبات بۆ پەیداکردنی دایەنگا  و شوێنێک کە منداڵەکانی لێبن لەکاتی داخستنی خوێندنگاکان.

لەکاتی بوونی هەر هەڕەشەیەکی وەک جەنگ و پەتا، ژنان زیاتر توشی دڵەڕاوکێ و ناجێگیری دەروونی دەبنەوە بەهۆی پەرۆشی زۆریان بۆ پاراستن و چاودێریکردنی خێزان و منداڵەکان بەتایبەت.

لەئەنجامی سەپاندن و قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، ژنان بەگشتی و ژنانی دووگیان دووچاری ئاستەنگی گەورەی تەندروستی دەبنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارە تەندروستیەکان و سنووردارکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و گواستنەوە و دەستگەیشتن بە نەخۆشخانە و شوێنی چارەسەر و چاودێری ژنانی دووگیان. هەروەها توشبوونی ژنانی دووگیان بە خەمۆکی زیاترە بەهۆی ئەو هەلومەرجەی ڤایرۆسەکە هێناویەتیە پێش، ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت بەسەر کۆرپەکە.

 لەکۆتاییدا ئەگەر بەگشتی سەیری وێنا گشتیەکەی ئاکامەکانی ئەم پەتایە بەسەر مرۆڤایەتی بەگشتی و بەسەر ژنان بەتایبەت بکرێت، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو پەتایە بزووتنەوەی ژنان بۆ گەیشتن بەمافەکانیان و یەکسانی لەماف لەگەڵ پیاوان، هێندەی دیکە ئەرکی گران کردوون و کۆرۆنا ئاستەنگەکان و کێشەکانی زیاتر و قووڵتر کردۆتەوە.

بەڵام ئەم پەتایە کۆمەڵگەی بەگشتی ڕاچڵەکاند و فشارێکی گەورەی هێنا بۆ زیاتر بیرکردنەوەی خەڵک بەگشتی بۆ ئەو نابەرابەری و کارە دژە ئینسانیە ڕۆژانەیەی سیستەمی سەرمایەداریی بەگشتی دەیکات و ئەو کەمتەرخەمیانەی مەیدانەکانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی بەتەواوی ڕیسوا کرد.

بۆیە لەوباوەڕەدام سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی ئەو پەتایە هێناویەتە پێشەوە، لەبەرامبەردا بزووتنەوە ئینسانی و یەکسانیخوازەکانیشی وشیارتر و بەئاگاتر هێناوەتەوە و شەرمەزاری و ڕیسوایی و ڕۆڵی وێرانکاری ئەم سیستەمەی بەتەواوی ئاشکراتر کردووە.

خشتەی ئاماری ژنان لەچاو پیاوان لەو شوێنانەی لە هێڵی پێشەوە کار دەکەن.

پیاوان ژنان جۆری کارەکان
١٢٪ ٨٨٪  کرێکارانی خزمەتگوزای کەسی ( شەخسی)
٢٤٪ ٧٦٪ پسپۆری یارمەتیدەر لەبواری تەندروستی
٢٦٪ ٧٤٪ کرێکارانی پاککردنەوە و یارمەتیدەر
٣١٪ ٦٩٪ پسپۆری تەندروستی
٤٠٪ ٦٠٪ ئامادەکردنی خۆراک و یارمەتیدەر
٤٩٪ ٥١٪ کرێکارانی فرۆشیار( Cashier)
٤٩٪ ٥١٪ پیشەسازی خواردن و خۆراک
٨٣٪ ١٧٪ پیشەسازی بیناسازی و گواستنەوە
٨٤٪ ١٦٪ کرێکارانی پاسەوانی
٩١٪ ٨-٩٪ هێزی چەکدار

* کۆبوونەوەی پەکین ( چین ) لە ئەیلولی ١٩٩٥، یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو، بەوبۆنەوە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە بەرنامەکارێک بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانی یەکسانی و گەشەپێدان و ئاسایش بۆ هەموو ژنان لەسەرتاسەری دنیا و بۆ بەرژەوەندی هەموو مرۆڤایەتی پێشکەش کراو لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو بە بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوەیەکگرتووەکان.

سەرچاوەکان:

١- ویکەپیدیا

٢- https://www.aljazeera.net/news/women/2020/5/2( سایتی الجزیرة)

٣- نەتەوەیەکگرتووەکان https://www.un.org/ar/un-coronavirus-communications-team/put-women-and-girls-centre-efforts-recover-covid-19

سەرەتای ئازاری ٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *